چەتەكانی داعش و چەتەكانی خۆمان
Tuesday, 18/11/2014, 12:00
دوابەدوای شاڵاوەكانی داعش بۆسەرخاكی عێراق وخاكی هەریمی كوردستان و مەترسی فراوان بونی و هەستانەوەی شانە نووستوەكانی ناو هەرێمی كوردستان تا گەیشتنی چەتەكانی داعش بەرۆخی شاری هەولێر, ئەمانە ترس و دڵەراوكێی مەزنی لەناو ناخی مرۆڤی كورددا دروستكرد. بەتاڵان بردنی ماڵو موڵكی براكانمان لەشەنگاڵو ئەنفالكردنی ژن و كچانی ئێزیدی و فرۆشتنی هەندێكیان لەبازارٍەكانی رٍەقەی وڵاتی شامو سەر برٍینی بەرهەڵستكارانیان نمونەیەكی بچوكن لەتاوانەكانی چەتەكانی داعش, بەڵام تاوانەكانی ئەوانە مەزنترن كەهاوكاری داعشیان كردوەو بازرگانیان لەگەلدا كردوە و خیانەتیان لەمیللەت كردووە.
هەموو شۆرٍشەكانی كورد لەپێناو ئازادی و سەرفرازی خاك و نیشتمان هەمیشە هەر میللەت سوتەمەنی ئەو شۆرشانە بوون و كۆمەڵێكیش لە بازرگان و بەرژەوەندی پەرست لەناو ئەو شۆرشانەدا وەكو گەنە لەسەر خوینی ئەو میللەتە ژیاون و بەوەشەوە نەوەستاون بگرە بوونەتە بەربەست لەسەركەوتنی شۆرشەكانداو دوچاری شكستی كردوون.
ئێستا كە گەلەكەمان رٍووبەرٍووی گەورەترین چەتەی تیرۆریستی جیهانی(داعش) بۆتەوەو شەرٍێك دەكات لەجیاتی هەموو مرۆڤایەتی ئەم گرووپە بەناوی (داعش)بەهەزاران ژنو كچی كورد لەبازارەكانی رٍەقەی وڵاتی شامدا وەكو كالا فرۆشتووەو هەزاران لاوو پیشمەرگەمان لەبەرەكانی شەردا خوێنیان تێكەڵی ئەم خاكەكردووە لەشەرٍی بەرگری و بەرخۆدانی مەردانە و بەرٍوومەتدا,كەچی كۆمەڵێك بازرگانی لەگەل ئەو گرووپە تیرۆریستیەدا دەكەن كەخوێنی براكانیانیان حەڵاڵ كردوەو ژنو خوشكەكانیان هەراج دەكات وەكو كاڵا,ئەمانە لەپێناو پارەو ساماندا خوێنی میللەتی خۆیان دەفرۆشن نامووس دەفرۆشن نیشتمان دەفرۆشن.
ئەو كاتەی داعش شپرزە بوە و پێویستی بەسوتەمەنی هەیە و بەكەل و بەل و ئۆتۆمبێل هەیە بۆ درێژە پێدانی خوێنرٍشتن و هەتك كردنی نیشتمان ئەم گروپەی ناو نیشتمان كە وەكو شانەی نوستوو چالاكانە بەبەردەوامی پێداویستیەكانی تیرۆریستانیان دابین كردووەو بۆیانیان ئاودیو كردوەو بەڵگەش لەسەر ئەو بازرگانیكردنە زۆرە كە دوا لایەن كەلەسەری هاتە دەنگ حكومەتی ئەمریكا بوو هەر ئەمەش فشاری خستە سەر حكومەتی هەرێم هەتا بەدواداچوون بكات بۆ ئەو تاوانە.بەڵام تا ئیستاكە هیچ زانیاریەك لەبارەی ناوی ئەو كەس و لایەنانە ئاشكرا نەكراوە كەتێوەگلاون بەم تاوانە.
ئەگەر داعش جارێك تیرۆریست بێت و تاوانبار بێت بەئەنجامدانی تاوانی دژە مرۆڤایەتی ئەوا ئەو كەس و لایەنو بەشداربوانەی نێو پشتگیریكردن و هاوكاریكردنی داعش بە سوتەمەنی و ئۆتۆمبێل وگازو غازو كەل و پەلی تر هیچ جیاوازیان نیە لەتاوانەكانی داعش و لەرووی یاساییشەوە ئەكەر قورسی تاوانەكانیان گەورەتر نەبێت ئەوا بچوكتر نیە بەهەمان شیوەش ئەگەر هاتوو ئەم تاوانە لەلایەنیكەوە بۆیان پەردەپۆش بكریت. بەم شێوەیە لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت چەتەكانی خۆمان كەهاوكاری باشی داعش بوون بۆ درێژە پێدانی تاوانەكانیان هیچ جیاوازیەكان نیە لەگەل چەتەكانی داعش.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست