نارەزاییەكی بەپەلە بۆوەزیری پەروەردەی هەرێم
Wednesday, 25/11/2009, 12:00
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان تكایە ئاوڕێك لەبارودۆخی گوزەرانی مامۆستایانی پەروەردە بدەنەوە لەنزیكەوە ئاگاداری بارودۆخی گوزەرانیان بن ولەهەموو بۆنەیەكی لەناكاوا رەجاوی ئەو بارودۆخە بكەن و زوو موچەكەیان بۆ سەرف بكرێت, بەتایبەت مامۆستایانی پەروەردەی كەركوك و دەوروبەری.چونكە ئەم مامۆستایانە,لە وپەری نارەحەتی و نالەباری ژیاندا گوزەران ئەكەن و لەبۆنەكاندا وەك ئێستا كە چەند رۆژێكی زۆركەمی ماوە بۆ جەژنی قوربان تائیستا كە بەرواری24-11-2009 یە مووچەیان وەرنەگرتووە.بەمەش ئالۆزی و نارەحەتی ئەكەوێتە دەروونی مامۆستایان وكاریگەری خراپی لەناخی مامۆستایان ئەبێت و كار دەكاتە سەرخولقكاری مامۆستایان و بەمەش پرۆسەی خویندن گورزی توندی بەرئەكەویت؟!.
ئەگەرمامۆستایان لەبۆنەیەكی وەهادا بەرلەهەرچین و تویژێكی تر بەخۆیان و خانوادەیان پۆشتە و دڵخۆش نەكرێن چۆن ئەكرێت چاوەڕوانی ئەوەی لێبكرێت مامۆستا ببێتە مۆم و وڵات و دڵ و دەروونی گشت خویندكار و فیرخوازێك بەئەمەكەوە روناك بكات؟ مامۆستا ئەگەر خۆی و منداڵی كزۆڵەو جل شڕو دەستكورت و چاولەدەستی یارمەتی بێت چۆن ئەكرێت چاوەروانی ئەوەبین دەستی هاوكاری و فریاكەوتن بۆوڵات و خاكی نیشتمان وگوڵەكانی نیشتمان درێژبكات؟كەواتە بەرێز وەزیری پەروەردەی هەرێم داواكارین لەكاتی بۆنەگەورە و پیرۆزەكاندا بەرلەهەمووچین و توێژیك بەدەر لەمووچەی ئاسایی ئیكرامیە و رێزلینان ببەخشرێت بەمامۆستایان كە وەك هەموولایەك ئەڵێن مامۆستا چرایە و دەورو بەری خۆی روناك ئەكاتەوە؟.
بەدەر لەوەش تائێستا مامۆستایانی كەركوك بەچاوی مامۆستایانی هەرێم تەماشا ناكرێن و بێبەشن لەهەموو ئیمتیازاتێك كەهەموو مامۆستایانی هەرێم لیی سوودمەندن وەك پێنەدانی زەوی و قەرزی پێشینەی خانوو بەرە ئەگەر بەرێزتان جیاوازیەك لە ئاستیاندا بكەن ئیتر بۆچی ناڕەزایی لەئاست حكومەتی مەركەز دەرببڕین پێویستە بەهەمان چاوی مامۆستایانی هەرێم و بگرە زیاتریش ودڵسۆزانەتریش سەیری مامۆستایانی كەركوك بكرێت چونكە ئیستاش خەڵكی كەركوك باجی كوردایەتی و رەسەنایەتی نەتەوەیی خۆیان ئەدەن و لەزۆرشتی گرنگی ژیان بێبەشن و پێویستە كۆمەك و هاوكاری جددیان بۆبكرێت و لەوەزیاتر پشتگوی نەخرێن!
ئیستاش مامۆستایانی كەركوك باجی رۆژانەی خۆیان ئەدەن بەنەبوونی و كەم و كوڕیەكانی كەهەن لەنێو قوتابخانە و زانكۆو فیرگەكان و باخچەی ساوایاندا سەرباری ئەوەش درێژە بەپرۆسەی خوێندن ئەدەن و هیچ كۆسپێكی نەدوژمنانی كورد و نەدەست تێوەردانی نامەسئولانەی حیزبیش چۆكیان پێ دانادات و هەنگاوەكانیان بەرەو لوتكە و بەرەو ئاوات و ئامانجی گەل و نیشتمان بەتواناتر و خێراتر ئەكەن و هەر بۆیە پێویست ئەكات مامەلەی جیاوازی دڵسۆزانەتریان لەئاستدا بكرێت و ڕێز خۆشەویستیتان بۆ هەوڵەكانیان لەبەرەی جەنگی نێو شاری كەركوكدا دەرببڕن بەكردار نەوەك بەتەنیا چەند ووشەیەكی سەر كاغەز كەكاری پێنەكرێت, پێویستە نوێنەرتان بێنە كەركوك و لەنزیكەوە كێشە و ئازارەكانیان ببپرسن و هەوڵ و چارەسەری جددیان بۆبكەن لەپێناو سەركەوتن و پێشكەوتنی پرۆسەی خوێندن و پێگەیاندنی نەوەیەكی نیشتمان پەروەرو فیداكاری خاك و نیشتمان؟؟...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست