کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


قوتابخانەیەك لەبیابانی عەرعەر

Saturday, 28/02/2009, 12:00


پەروەردە و فێركردن دوو زاراوەن ناكرێ بەهیچ كلۆجێك لێك جیابكرێنەوە تەنیا بۆتێگەیشتن لە واتاكەی نەبێت. لەشارە مێژوویی و رەسەنە هەرە پەراوێزخراوەكەی بەناو كەركوكی قیبلە و دڵەكەی كوردستان هێشتا تەمبووری نیشتمان پەروەری و دەهۆڵ و زووڕنای كوردایەتی ڕووكەشی و شكلیانە دەكوترێت و لەباری واقیعدا پەروەردە كراوە بەجۆرێك لەكاڵاو بازرگان ومافیاكان بازرگانی تەنیا بەمولك و سامان و داهاتی ئەم شارەوە ناكەن بەلكە بازرگانی بەپیرۆزترین بواری ژیان و ئایندەی چراكانی دوارۆژی كوردەوە دەكەن؟..
دوای تێپەڕبوونی نزیكەی 6ساڵ لە پرۆسەی بەناو ئازادی, پەروەردە و فێركردن لەم شارەدا تائێستاش بەگوێرەی ویست و خواستی حیزب و دەست و پێوەندەكانیانەوە دەچێتەڕێوە. بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەكان بەپێی كەفائەت و خزمەت دانامەزرێت و هەركەسێك باخاوەن خزمەت و ئەزموونی زۆریش بێت تاحیزب رازی نەبێت ناكرێتە بەرێِوەبەر, لەگەڵ ئەوەشدا سەدان فەریكە بەرێوەبەریان قووت كردۆتەوە لەنێو قوتابخانەكاندا كەتەنیا بۆئەوەباشن بكرێنە ئەفسەری سەربازی یاخود بۆ ئەو زانكۆیانەی كەپێی ئەوترێت زانكۆی ئیشق تالەوی درێژە بەرێچكەی ئیشق و ئیشق بازی خۆیان بدەن و مناڵانی كورد نەبنە سووتەمەنی خواست و خولیاكانیان.یاخود هەندێكیان تەنیا بۆئەوە باشن لە مەزاتخانەكان قۆڵی خەڵكی ببڕن. چونكە هەموو ئاواتێكیان تەنیا پەیداكردنی پوول و پارەیە و هیچیتر.
كاتێك گەشتێك دەكەیت بەنێو هەندێ قوتابخانەی نێوشاری كەركوك بەراستی تەنیا هەست مردووەكان هەستیان لەئاستیا نابزوێت وەلێ ئەوەی خۆی بەمرۆڤ بزانێت گریانی بو ئەو منداڵە بێناز و پشتگوێ خراوانە دێت كەچۆن دەنوانن درێژە بەخوێندن بدەن لەكەش و هەوایەكی وانالەبارو پڕكەم و كوڕیدا, هەمان شت سەبارەت بەسەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كەركوك بەشی خوێندنی كوردی كەبەڕاستی بۆتە جێگای قسە و باس لەنێو خەڵكیدا و كەس باشی پێنا بێژێت, كێ بینیویەتی سەرپەرشتیار دەستەڵاتێكی نەبێت؟.
لێرەدا ئەمەوێ باسی نموونەیەك لەو قوتابخانانە بهێنمەوە وەك ئەڵێن مشتێك نموونەی خەرمانێكە,لەكۆتایی ساڵی 2007قوتابخانەی (ئەلەند)ی سەرەتایی تێكەڵ دامەزرا ئەویش دوای مشت و مڕێكی زۆر لەسەر ناونانی قوتابخانەكە وڕێككەوتن لەسەر ئەوناوە لەلایەن هەردووپارتەكەوە ,دواتریش مشت وو مڕێكی زۆركرالەسەرئەوەی كە كە كامیان ببنە بەڕێوەبەر و كامیان ببنە جێگر؟
بەهەرحاڵ قوتابخانە كرایەوە قوتابخانەیەكی شەش پۆلی بچووك بەبێ ئاوی خواردنەوە و بێ دیواری حەوش و بێ گۆڕەپان و بێ ئاودەست(سەرئاو),تائێستاكەش كەم و كوڕیەكانی دابین نەكراوە.لەدووحكومەتی ناوەندی و هەرێم نەیانتوانیوە ئاوی خواردنەوە ی بۆ دابین بكەن دوای تێپەڕبوونی دووساڵ بەسەركردنەوەی ئەم قوتابخانەیە هێشتا گۆڕەپانێكی تێدانیە كەقوتابیان بەخۆشی و سەلامەتی بەسەریدا گوزەربكەن گۆڕەپانەكەی لەدۆڵ دەچێت سەبارە ت بەدیواری دەرەوەی قوتابخانەكەش بەڕێگەی پارانەوە لەكەسایەتی و هەروەها لەڕێگەی عیلاقات و تەشەبووسكردن بە هەندیك كەس دیواری قوتابخانەیان دروستكرد, بۆسەرئاویش بەهەمان شێوە كەسانی خێر خواز چوارسەرئاویان لەسەرحیسابی خویان درووستكرد. بۆ دووسەد قوتابی چوارسەرئاوهەیە بەڵام بەبێ ئاو؟؟!.
ئەوەی مەبەستمە لێرە ئایا لەبەر نەبوونی بوودجەیە؟ یاخوود كەرەستە و كەل و پەلە؟ كە زۆربەی قوتابخانەكانی ناوشار بەم شێوەیەیە؟ ئەگەر وایە ئەی گەڕانەوەی بڕێكی زۆری بودجەی ساڵی 2008بۆحكومەتی ناوەندی مانای چیە وبۆچی؟ ئەگەر بەرپرسانی شاری كەركوك ئاگادارنەبن لەڕەوشی ژینگەی نێوقوتابخانەكانی شار ئەوا دەكرێت مرۆڤ هەڵوێستەیەك لەئاستیانا بكات و بەڕێزەوە لەم مەسەلەیە بڕوانێت و پاساویان بۆبهێنێتەوە, لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هەرپاساو هەڵناگرن چونكە پاساو بۆیەكێكی بیانی ئەبێ نەك كەسانێك كەخۆیان بەنوێنەری ئەم شارە بزانن و ئاگاداری هیچ وەزعێكیان نەبن بەڵام ئەگەر ئاگاداربن و هیچ هەوڵێكی چارەسەری بۆنەدەن وخۆلەئاستیا بێدەنگ كەن مانای چیە؟ من دڵنیام سەرەتا بەڕێوەبەری بەشی كوردی پەروەدەی كەركوك و ئەجومەنی پارێزگاو شارەوانی كەركوك و بەرێوەبەرایەتی ئاوی كەركوك بەفەرمی و بەڕێگای عیلاقاتیش چەندین جار لەم كێشانەی ئەم قوتابخانەیە(ئەلەند)ی سەرەتایی تێكەڵ كەلەتەنیشت گۆڕستانی رەحیماوایە ئاگاداركراونەتەوە بەڵام كاتێك كەهیچ هەوڵ وتەقەلایەك نادرێت بۆچارەسەركردنی ئەوە شتێكی تر دەگەیەنێت كە زۆرشەرمە من لێرە بیهێنمە زمان, ئێوەی خوێنەرخۆتان بەدوای واتا و هۆكارەكەیدا بگەڕێن پێموایە بەئاسانی دەتوانن پەی پێبەرن؟!.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە