یەكێتى لە نەبونیدا بەعسیەكى عەیارە (24) بیست وچوارى كردە بەڕێوەبەرى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى.!!
Saturday, 25/09/2010, 12:00
لەوەتەى شارى سلێمانى هەیە ئەوەندەى ئێستا لە تەنازولدا نەبووە، ئەوەندەى ئێستاش ملشۆڕى بۆ كەسى دزو جەردەو هەلپەرست نەكردوە. بەدرێژایى مێژووى ئەم شارە ساتێ بێهەڵوێستى بەم شێوەیەى لە بەرانبەر ئەو هەموو خەڵكە ناپاكەدا نەبووە. نموونەش بۆ باسەكەمان یەكێ لە هەرە دەزگا گرنگەكانى پاراستنى ژیان و سەروماڵى هاوڵاتیانى ئەم شارەیە كە ئەویش بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى پارێزگاكەیەتى كە راستەوخۆ كاریگەرى لەسەر ژیانى هاوڵاتیانى ئەم شارە دروست دەكات.
بۆیە لەوەتەى بەڕێوەبەرێتى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى دروست بووە هێندەى ئێستا بەڕێوەبەرێتى سووك و چروك و بێ ئاستى لەمجۆرەى بەخۆوە نەدیوە.
پاش ئەوەى (عمید نجم الدین كوڕى شێخ قادر) وەك (شێخ ئاراس و رزگار)ەكەى پێش خۆى درێخى نەكرد لە چنینەوەى خەروارى (وەنەوشە، باخ، بەنزینخانە، سەفتە دۆلار، جانتا دینار...هتد) ئێستاش بە بیانوى نەخۆشیەوە رۆژى هەینى رێكەوتى (10-9-2010) یەكەم رۆژى جەژن لە فڕۆكەخانەى سلێمانیەوە كاتژمێر (11) یانزەى پێش نیوەڕۆ، فڕى بۆ وڵاتى (نەمسا و ئەڵمانیا) و بەشێك لەو پارانەى كە كۆی كردونەتەوە و مەزەندە دەكرێت بە (پێنج) ملیۆن دۆلار دەگوازێتەوە بۆ بانقەكانى ئەوروپا.
لە هەموو ئەمانەش كارەساتبارتر بۆ شارى سلێمانى و خەڵكە رەش و رووتەكەى ئەوەیە كە یەكێتى حاكمى ئیدارى و باڵادەستى ئەم شارە كەسى بەدەستەوە نەماوە، دواى ئەوەى هەرچى خەڵكى دڵسۆزو شۆڕشگێڕى شارى سلێمانى هەیە پشتیان تێكرد، بۆیە لەناوجەرگەى مێژووەكەى خۆیدا ئێستا كەسێكى شیاوى دەست ناكەوێت بیكات بە بەڕێوەبەرى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى بۆیە پەناى بۆ كۆنە بەعسی و فایلدار و جاشەكان بردۆتەوە.
حاڵى حازر بە فەرمانى وەزارەتى ناوخۆ بە نوسراویان ژمارە (19442 لە 11-8-2010) و بە ئیمزاى (كەریم سەنجارى)و بە ئاگاداریى گەورە دزى وەزارەتى ناوخۆ (مامۆستا جلال) (عەمید ئەكرەمى رەشە قەراخى) خستۆتە شوێنى (شێخى شێخان). ئەوەى خەڵكى شارى سلێمانى بێت باش دەزانێت (رەشە قەرەداخى) پۆلیس كێیە، ئەم پیاوە هەتا یەك سەموونى پێ قووت ئەدرا پیاوى رژێمى عێراق و موخلیس عالولعال بوو.
بێگومان ئەكرەم كوڕى ئەو پیاوەیە و وەك كوردەوارى وتویانە (گیا لەسەر بنجى خۆى دەڕوێ) ئەمیش لەوەتەى چاوى كردۆتەوە خزمەتكارو عەمیل و بەكرێگیراوى دەزگا داپڵۆسێنەرەكانى دژ بەكورد بووە. ئەم (عەمید ئەكرەمە) هەتا 7-3-1991 یەكەم پیاوى دڵسۆزى بەعسیەكانى شارى سلێمانى بووە هەر لە (شێخ چۆپیەوە هەتاوەكو رعد و وەعد و كاكل و قەحتان و عەدنان...هتد) و دەیان كەسى دڵسۆزو شۆڕشیگێڕى ئەم شارە لەسەر دەستى ئەم ناپاكە راپێچى زیندانەكانى بەعس كراوەو ناوى ناپاكى ئەم زاتە لە دۆسیەو فایلە پارێزراوەكانى بەڕێز (محەمەدى حاجى مەحمود)دا هەیەو دڵنیاین كە دەخرێتە روو. بژى (ى.ن .ك) بۆ خۆت و گۆڕانكاریت، تۆیەك لە ساڵى (1991)دا ئەوەندە پشتت بە میللەت قایم بوو بێزت نەدەهات تەنانەت جاشێك وەربگریت، بەڵام ئێستا دەیان و سەدان خەڵكى دڵسۆزى ئەم شارەت پەراوێزخستووەو كەست بەدەستەوە نەماوە، پەنا بۆ كەسێكى وەك (ئاراس و نجم الدین و ئەكرەمى رەشە قەرەداخى) دەبەیت... دەیان تێكۆشەرو خەڵكى پاكت لەخۆت كردو هەزارەها لایەنگرى بەئەمەكى ئەو شارەت لەخۆت زویر كرد و لەجیاتى ئەوەى بگەڕێیتەوە بۆلاى ئەو خەڵكانەو داواى لێبوردن بكەیت كەچى پەنا بۆ كەسێكى بەعسى عەیارە (24)ى وەك ئەكرەمى رەشە پۆلیسى قەرەداخى ئەبەیت.
دەك لێت پیرۆز بێت (ى.ن.ك) دەیان و سەدانى وەك (ئەكرەم) ئەو ئەكرەمەى سەرجەم كارمەندو ئەفسەرەكانى ئەم بەڕێوەبەرایەتیە ئەزانن كە ئیدارەى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى كردۆتە شوێنى (فەسادى ئەخلاقى و ئیدارى و مەلها). بۆ چەندین جار بە كارى بەدڕەوشتییەوە لە ژوورەكەى خۆیدا و لەژێر وێنەكەى (جلال و مەسعود)دا كارى سێكسى كردووە. .بێگومان (نجم الدین) ناوێرێ موحاسەبەى ئەكرەم بكات چونكە دەستى هەردوولایان لاى یەكترى كەشفە.
ئەوەى ماوە بیخەمەڕوو ئەوەیە كە ئەم بەڕێوەبەرە نوێیەى پۆلیس كچەكەى خۆى بە ناوى (بان ئەكرەم رەشید)ە دوو ساڵە كردوویەتى بەپۆلیس لەسەر حراسات و بە مفتى هەموو مانگێك مووچەكەى لوشدەدات و كچەكەش خویندكارى زانكۆیە. بێئەوەى نە مۆڵەت بێت و نە دەوام بكات.
لە كۆتاییدا داواكارین لە كوردستان پۆستى بەڕێز دۆسیەیەكى تایبەت بە پۆلیسى سلێمانى و وەزارەتى ناوخۆى بكاتەوە چونكە راستەخۆ ژیان و ئازادى هەموولایەكمان لەژێر هەڕەشەدایە.
لێرەشەوە پیرۆزبایى خۆمان ئاراستەى خانمى یەكەمى مەڵبەندى سلێمانى و ئەندامى مەكتەبى سیاسى و سەرپەرشتیارى گۆڕانكارى و حاكمى موتڵەقى شارى سلێمانى كە دەورى جارانى (على حسن المجید) ئەگێڕێ ئەكەین بۆ ئەو نموونە جوانەى كە بەدیارى پێشكەش بە شارى سلێمانى كردووە..هیوادارین تا رۆژتان دێت هەردەم نموونەى لەم جۆرانە پێشكەش بكەن.
ئێمەش لە ڕێگاى كوردستان پۆستەوە دۆسیەكانتان بە ئەرشیف دەكەین و رۆژێك دەبێت راپێچى دادگاى غەدرلێكراوى ئەم شارەتان بكەین.
كارمەندێكى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى سلێمانى
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست