وەزیرى تەندروستى لەجیاتى شێخ جەعفەر هات بۆ ڕانیە و حزبىی بوونى خۆى سەلماند .
Tuesday, 01/05/2012, 12:00
زۆرن ئەو بەرپرس و كاربەدەستانەى كەخەڵك هیواو ئومێدێكى پێیانە بەڵام بەداخەوە هەر كەگەیشتنە سەر كورسى ئیدى هەر زوو دەكەونە داوى پۆست و پارەو بەرژەوەندی حزبى یان جومگەكانى حزب و حكومەت تێكەڵى یەكتر دەكەن بەسەدان نەشتەرگەری و لیژنەى چاكسازیش لێكجیانابنەوە ، ئەو وەزیرو كاربەدەستانە فاوڵ و هەڵەى وادەكەن غەیرى ڕەشبینى نەبێت هیچى ترمان نیشان نادەن .
ڕۆژى پێنجەشەمەى ڕابردوو 26 / 4 / 2012 بەڕێز دكتۆر ڕێكەوت وەزیرى نوێیى تەندروستى كابینەى شەش و نیو هات بۆ ڕانیە ، بەڵام چۆن سەردانێك و چۆن بەدواداچوونێك مەگەر تەنها خۆیان بزانن و شیكارى بۆ بكەن ، بەیانیەكەى خەڵكیان لەناو دیوانى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە بەزۆر برد بۆ پێشوازى جەنابى وەزیر كەنەدەبوو بەڕێز دكتۆر ڕێكەوت ئەمە بەهیچ شێوەیەك قبوڵ بكات ، چۆن بەیانیەكەى جەنابى بەڕێوبەرى گشتى تەندروستى ڕانیە تەلەفۆنى بۆ كرد ووتى حزب و مەڵبەند ئاگادار بكەم ؟ وەڵامى دكتۆر ڕێكەوت جێگاى خۆشحاڵى هەموولایەك بوو ووتى نەخێر ، دەبوو ئاواش قبوڵى نەكردایە كارمەندانى بەڕێوبەرایەتى بەزۆر بەرن بۆ دەروازەى چوارقوڕنە بۆ پێشوازی ، چونكە ئەمە مۆدێلێكى بەسەرچووى زۆر ناشیرینى ئێكسپایەر بووە ، نالەبەر ئەوەى جەنابى شایەنى ئەو پێشوازیە نەبێت ، لەبەر ئەوەى ئەمە هەمان زرووف و سەردەمى بەعس و حوكمڕانى دیكتاتۆرمان بیردەخاتەوە .
ئەمە ئەوپەڕى عەیبەو شورەیە لەدامەزراوە تەندروستیەكاندا ئەم مەڕاسیمە تەقلیدیە سەپێنراوانە هەبێت ئەم ڕووداوە ناشیرینە وادەنگى داوەتەوە تێكڕایى كارمەندانى تەندروستى سنوورەكە نەفرەت لەم كارە دەكەن و دەڵێن عەیبە ئەم ماستاوكردن و مامەحەمەیە ئەمە كارى لق و مەڵبەندو ئۆڕگانە حزبیەكانە نەوەك كارى دامەزراوەیەكى خزمەتگوزارى تەندروستى ، هەر بۆ بیرخستنەوەى جەنابى وەزیر من ئەمە دەبەستمەوە بەبابەتێكى تر دەڵێم جەنابى وەزیر خۆزگە ئەو مودیر عامە ڕۆژانە لەناو بەڕێوبەرایەتیش ئاوا پێشوازى لەخەڵك و دكتۆر و كارمەندانى تەندروستى دەكرد ؟ ڕۆژانە نەك كەس بۆى نیە نزیكى پرسگەكەى و ژوورەكەى بكەوێت تەنانەت دەرگاى هۆڵەكەش دادەخەن ،خەڵك و موراجیعەكانى بەڕێوبەرایەتى دەبێت وەك مێگەلى ...... لەناو هۆڵەكە و لەبەردەم پەنجەرەیەكى بچووك بوەستن تائیمزایەك بەسەعاتێك لەژوورى جەنابى مودیرعام دێتە دەرەوە ، لەولاشەوە بەبەرچاوى ئەو هەموو كارمەند و موراجیعەوە پیاوەكانى خۆیان ڕێك دەچنە ژوورەوە بۆ ئیش و كاروبارى خۆیان خەڵكیش لەدوڵى شاورێ یان لەباوزێ و هەڵشۆ و خدران و مەرگە و سەروچاوەو شوێنەكانى تر دێن دەبێ زەقەزەقى چاویان بێت بەرامبەریان .
جەنابى وەزیر ڕۆژێك لەناكاو وەرە خۆت بكە بەبەڕێوبەرایەتى و بزانە چ باسە ؟ لەدواى ڕاپەڕینەوە ئەمە خراپترین مۆدێلى حوكمڕانى و ئیدارەدان بووە كەپێشتر وەزیرو كاربەدەستان دەڵێن وادێین بۆ فڵان ناحیەو قەزاو ناوچەو فەرمانگە واتا جادەو ڕێگاوبان بشۆن پاسەوان دابەش بكەن ڕێگا بگرن خەڵك بەزۆر بێنن بۆ پێشوازی دوایى بیست و یەك ساڵ تازە بەتازە عیمادئەحمەدى ئێرانى خەریكە ئەمە لەسلێمانى پەیڕەو بكات و لەناكاو خۆى بكات بەفەرمانگەیەكدا .
بەڕێز جەنابى دكتۆر ڕێكەوت تۆ لەناكاو وەرە خۆت بكە بەفەرمانگە و نەخۆشخانەكاندا بزانە چ باسە و چ دەگوزەرێ لەم سنوورەو بمێنەوە ئاخر بەڕێز وەزیرى تەندروستى سنوورێكى بەرفراوانى وەك پشدەرو بیتوێن كە دەیان نەخۆشخانەو دەیان مەڵبەندى تەندروستى و سەدان بنكەى تەندروستى لێیە بەچەند سەعاتێك چۆن دەزانى كێشەو موعاناتى چیە ؟ دەزانى لەهەمووشى ناخۆشتر ئەوەبوو كاتێك سەردانى نەخۆشخانەى شۆڕشى چوارقوڕنەت كردو ڕۆڵى وەزیرى پێشمەرگەت بینى ؟ ئاخر تۆ بە چ سیفەتێك سەردانى ئەم نەخۆشخانەیە دەكەى جەنابى وەزیر ؟ چووى تابیناى نەخۆشخانەكەو شوقەكانیان پێ چۆڵ بكەى كەموڵكى وەزارەتى تەندروستین و حزب داگیرى كردوون یان دەستخۆشیان لێ بكەى كەئێستاش مانگانە ئابوونەى حزبى بەزۆر لەكارمەندەكان وەردەگرن ؟ جەنابت نازانى ئەم نەخۆشخانەیە سەر بەفەرماندەیى گشتیە ؟ نازانى بەناوەرۆك حزبیە بەناویش سەربە یەكەى هێزەكانى حەفتایەو سەر بەوەزارەتى پێشمەرگەیە ؟ ئەگەر بەسیفەتى سەرۆكى دەزگاى تەندروستى پێشمەرگەش چووبێتى هەر نابێت ، چونكە تۆ ئێستا وەزیرى تەندروستى ؟ دەزانى بەمە هیچ تروسكایى و ئومێدێكت نەهێشتەوە ؟ دەزانى هێندەى تر سەلماندت نەك هەر حزبى بەڵكو نوێنەرایەتى پیاوێكى جەلادى وەك شێخ جەعفەر دەكەى كەكوشتنى گەنجان و لاوانى ئەم وڵاتەى بەشانازى دەزانى ، خۆزگە ئەوندەى دەچوویە ئەم نەخۆشخانە حزبیە سەردانى فریاگوزارى نەخۆشخانەى ڕانیەت دەكرد یان سەردانى ئەشیعەى ئێم ئاڕ ئات دەكرد بزانە سەرە بۆ كەى دانراوەو چەند ڕۆژیش دەوام دەكەن ؟ .
جەنابى وەزیر بەهەڵە حاڵى مەبە هاتووم وەك كارمەندێكى تەندروستى پێت بڵێم لەناكاو وەرە بۆ ئەم سنوورە ، وەرە گوێ لەخەڵك و كارمەندانى تەندروستى بگرە لەنزیكەوە بزانە چیت بۆ باس دەكەن و چى دەگوزەرێ لەم بەڕێوبەرایەتیە ؟ بەدرۆكانى مودیرعام و دارودەستە حزبیەكەى باوەڕ مەكە بەهەڵەت دەبن خۆزگە جەنابى وەزیر ئەو ڕۆژەى لەڕانیە بووى پرسیارى ئەوەت دەكرد بەڕێوبەرى كاگێڕى نەخۆشخانەى ڕانیە بۆ لادراوە ؟ ئەى ئەوەى دانراوە لەسەر چ ئەساسێك دانراوە ؟ مەعقولە بێ پرس و ڕاى سەدان كارمەند بەیەك تەلەفۆنى مەڵبەند كەسێك بەزۆر بكەى بەئیدارەى نەخۆشخانە ؟ تۆ دەزانى جەنابى وەزیر ئەوەى یەك ڕۆژ مەرحەبایى و چاك و چۆنى لەگەڵ بەڕێوبەرى پێشوو دكتۆر ئومێد كاكەسوارە كردبێت ئەمڕۆ قەرەقۆشیانە سسزاى دەدەن ؟ دەیان حاڵەت و نمونەى زیندوو هەیە لەمبارەوە كەمن دڵنیام لەئایندە كاردانەوەى زۆر خراپى بەدوادا دێت ، چونكە ئەمڕۆ كەخەڵك قسە ناكات و بێ دەنگە لەترسنۆكى نیە بەڕێز جەنابى وەزیر لەبەر خراپى سیستەمى حكومڕانى ئەم ووڵاتەیە كەحزب و ئاسایش و دەزگاى زانیارى و دژە تیرۆر حوكم دەكەن ؟ ئەو خەڵك و كارمەندانە قسە ناخۆشەكانى جەنابى مودیر عام نابیستنەوە ؟ ئەو هەموو سوكایەتیەیى جەنابى مودیر عام دەیكات كارمەندان نازانن ؟ خەڵك قسە ناكات و بێ دەنگە لەترسنۆكى نیە بەڕێز جەنابى وەزیر لەبەر خراپى سیستەمى حكومڕانى ئەم ووڵاتەیە ؟ وەرە پرسیار بكە بزانە ڕۆژانە چ سوكایەتى و جنێوێك بەوەزیرەكانى پێشوو دەدات ؟ .
بەڕێز جەنابى وەزیر بەناوى گەڕانەوەى پارەو بنبڕكردنى گەندەڵى بۆ یەك بەلوعەى ئاوى بنكەیەكى تەندروستى كەبایى دوو هەزاردینارە لیژنەى كەشفى ناردووە ئینجا دوایى بكرێتە نووسراو چاكى بكەن گوایە پێشتر پارەیەكى زۆر دزراوە بەناوى چاكردنەوەى ئاو و ئاوەڕۆى نەخۆشخانە و مەڵبەندو بنكە تەندروستیەكان بەڵام كارمەند هەیە دوو مانگە بەڕێوبەرایەتى نەدیوە ، پانزە ڕۆژیش مۆڵەتى هەبووە كەچى پاداشت كراوە بەسەدوپەنجا هەزار دینار ، لێپسراوى پلاندانان پاداشت كراوە بە سەدوپەنجا هەزار دینار ووتوویەتى لەكوردستانپۆست لەسەریان نووسیوە شعووریان برینداركردووە ، مەبەستم چیە لەو دوو نمونەیە جەنابى وەزیر ڕۆژانە ئاوا لەنەفس و شعوورى خەڵك دەدات بۆ بەلوعەیەكى ئاو لیژنەو سەیارەو كۆمەڵێك خەڵك دەنێرێ كەچى كابرا مۆڵەتى هەیە بۆ خۆت دەزانى لەكاتى مۆڵەت هیچ پاداشتێك نادرێ تەنات موچەكەشى لەو ماوەیە درماڵە و جوگرافى دەبڕن ، ئەمە نمونەیەكى زۆر سادەیە بەڕێز جەنابى وەزیر وەرە لیژنە بنێرە تابەدواداچوونى بۆ بكەن بزانە وایە یان نا ؟ باسى كۆمپانیایى نمەك و كڕینى دەرمان و كەلوپەل و ئەوانە هەر ناكەم ؟ دیاردەیەكى زۆر ناشیرینتر هەیە جەنابى وەزیر كاتێك سكاڵا یان كێشەیەكت هەیە ئەو مودیرعامە ئامادەنیە گوێ بگرێ ؟ كەقسەیەكیش دەكەى ترسنۆكە خۆى قسە ناكات یەكسەر دەتداتە بەشى یاساو دەڵێ بیدەن بەدادگا دوایى دەبێت دەستى خەڵك ماچ بكەى و بچى داواى لێ بوردنى لێ بكەى ڕۆژانە ئەمە ڕوودەدات و دووبارە دەبێتەوە ؟ .
جەنابى وەزیر پاشاگەردانى و ڕقى شەخسى و بنەماڵەیى و دەست تێوەردانى حزبى بەناوى گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن گەیشتۆتە ئاستێك كارمەند لەڕانیەوە دەبن بۆ قەڵادزێ بۆ دەوام ؟ لەقەڵادزێوە كارمەند دێنن بۆ ڕانیەو بەڕێوبەرایەتى بۆ دەوام ؟ شوفێر لەژاراوەوە دێنن بۆ ڕانیە ؟ ئەمانە هەمووى هەن جەنابى وەزیر هیوادارم بەپەلە بێیتە سەرخەت و بڕیارێك بدەى و ئەو خەڵگە بگەڕێنیەوە شوێنەكانى خۆیان ؟ جەنابى مودیر عام هەموو ئەمانەى پێ یاسایە بەڵام تۆ وەرە لیژنەیەك بنێرە بزانە كچى چایەچیەكەى خۆى كەكارەباچیە دەوامى بۆ بردۆتە كوێ ؟ لەكاتێكدا خۆت باش باش دەزانى جەنابى وەزیر ڕێگاى قەڵادزێ و ڕانیە بەڕێگاى مەرگ ناسراوە ڕۆژانە چەندین كارەساتى هاتوچۆ لەم ڕێگایەدا ڕوودەدات هەر كارمەندێك شتێكى لێبێت ڕاستەوخۆ ئێوە بەرپرسیارن لەگیانى ؟ ئەمە بێ پلانى و بێ بەرنامەیە ئەمە چاكسازى نیە جەنابى وەزیر ؟ خۆزگە چواركارمەندى تەندروستی دڵسۆزت بانگ دەكرد نەوەك ئەوانەى كوڕى حزبن و لەسەندیكان ئەمانە تەنها درۆ دەزانن تەنها دەزانن قسەى زلزل بكەن تاجەنابى مودیر عام لەژێر عەینەكەوە زەردەى بێتێ ، جەنابى وەزیر ئەمانەى كەدێن بەناو نوێنەرایەتى سەندیكا و كارمەندان قسەت بۆ دەكەن هیچیان ڕاست ناكەن هەرچى بەرژەوەندى دەرمانخانەو كۆگاو نەخۆشخانەى ئەهلى و عیادە هەیە لەو بازاڕە ئى ئەوانە دەستیان بەسەر هەمووى داگرتووە جەنابى وەزیر وەرە لیژنە بنێرە لێپسراوى بەشى یاسایى بەڕێوبەرایەتى دەرمانخانەى هەیە لەناو بازاڕ بەلۆگۆى كۆگا ؟ جەنابى وەزیر من لەتۆ دەپرسم كۆگا بووە ڕووبەرەكەى دوو مەتر بە مەتر و نیو بێت ؟ كاتى خۆى معاون توبى بووە یاسایى ئێوارانى تەواو كردووە بەپارە بۆتە هەڵگرى بكالۆریۆس و یاسایى و ئێستا یاسایە كەچى دەڵێ لەبەر ئەوەى من كاتى خۆى معاون توبى بووم ئاسایە ئێستا دەرمانخانەو كۆگام هەبێت ؟ وەرە جەنابى وەزیر لیژنە بۆ ئەمە پێك بهێنە ئەگەر وانەبوو من هەزار جار ئامادەم داواى لێ بوردنت لێ بكەم ؟ تەنها مەبەستمە بەهەڵەت نەبن ئەمانە درۆ دەكەن و ڕاست ناكەن بەجەنابى مودیر عامیشەوە ؟ ئەمانە سیستەمى تەندروستیان شێواندووە بۆیە ئەستمە تۆكمە بوونى جەنابى وەزیر .
جەنابى وەزیر هەر بۆ بیرخستنەوەى جەنابتان دەزانى ئەو نیوەڕۆیەیى جەنابتان لە ڕیستۆرانت و خواردنگە و كافتریایى ڕانیە مۆڵى خەزوورى جەنابى مودیرعام دانیشت بوون خواردن و نانى سەیرو سەمەرتان دەخوارد چەندین نەخۆش و كارمەندى تەندروستى سەنتەرى گورچیلەى دەستكردى ڕانیە خەونیان بەلەفەیەكى فەلافلەوە دەبینى ؟ دەزانى بۆ جەنابى وەزیر ؟ پرسیارت كردووە ؟ بۆ ئەو ڕۆژە كەلەقەڵادزێ گەڕایتەوە نەتفەرموو جەنابى مودیر عام بۆ سەرێك لەم سەنتەرە بدەین و بزانین چ باسە ؟ خۆ لەسەر ڕێگاى خۆتان بوو ؟ دەزانى جەنابى وەزیر ئەم سەنتەرە ئابڵوقەى ئابوورى و ئیدارى خراوەتە سەر ؟ بەبیانووى ئەوەى سەرجەم دەروێش و موریدانى بەڕێوبەرى پێشووى تەندروستى ڕانیە لەوێن ؟ تەنانەت نان و خواردنى نەخۆش و كارمەندەكانیشى بڕیوە ئەوەندە دیكتاتۆرو نەفس .... ئەو مودیر عامە ، هیوادارم بەپەلە جەنابت بڕیارێك بدەى بەگەڕانەوەى خواردن بۆ نەخۆش و كارمەندانى ئەم سەنتەرە ، چونكە جەنابى مودیر عام سەرى ....... لەئاست كارمەندانى ئەم سەنتەرە ؟ .
جەنابى وەزیر بۆ ناپرسى لەمودیرعام بڵێ بۆ ئامێرى ئەشیعەى سەنتەرى گورچیلە دەگوازنەوە بۆ چوارقوڕنە ؟ بۆ دكتۆرەكەى سۆنەرتان نەگەڕاندەوە بۆ ئەم سەنتەرە ؟ بۆ ڤیالى ئەپیراكس دابین ناكەن بۆ ئەم سەنتەرە ؟ خێرە جەنابى مودیرعام پێچەوانەى وەزارەتى تەندروستى عێراقى و فەرمانگەى تەندروستى سلێمانى داواى كڕینى ئامێرى شوشتنەوەى گورچیلە دەكا لەوەزارەتى تەندروستى بۆ ئەم سەنتەرە ؟ لەكاتێكدا خۆت باش دەزانى وابڕیارە وەزارەتى تەندروستى عێراقى ئامێرو كەلوپەل بۆ هەموو ئەو سەنتەرانە دابین بكات ؟ لەگەڵ دەیان و سەدان كارى نایاسایى تر هیوادارم جەنابت خۆت لیژنەیەك پێك بهێنى و بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتانە بكەى ، هەروەها دەبوو جەنابت هەر چۆنێك بێت سەردانى بەردى بناغەى نەخۆشخانە چەند سەد قەرەوێڵەیەكەى ڕانیەشت بكردایە كەبۆ یەكەم جار سایتى كوردستانپۆست وێنەكەى نیشانى هەموو لایەكداو ئێستا سەرجەم پەیجەكانى فەیسبووك ئەو وێنەیان بڵاوكردۆتەوە تەنانت بڕى پارەكەشیان نووسیوە كە سیانزە ملیارو نیوە ، دەزانى جەنابى وەزیر سێ سەد قەرەوێڵەیش نیە دوو سەد قەرەوێڵەیە ؟ تۆشیان بەهەڵە برد لەكۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەكەدا ؟ ئەمە باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەى كەئەو مودیر عام و پلاندنانە هیچ زانیاریەكیان نیە لەبارەى ئەم پڕۆژەیە .... .... ئاخیرى خێربێت جەنابى وەزیر .
ئەم نەخۆشخانەیە 300 قەرەوێڵەیى نیە جەنابى وەزیر ئەمە 200 قەرەوێڵەیە ، لەبودجەى ئەمساڵ پارەى بۆ تەرخان نەكراوە بەڵكو لەبودجەى 2010 پارەى بۆ تەرخان كراوە ، تۆ و جەنابى مودیرعام و لێپسراوى پلاندانانیش بڕى پارەكەتان نەزانى بەڵام من بەدەقیقى پێتان دەڵێم (سیانزە ملیارو پێنج سەد ملیۆن دینارە) .
ئەم نەخۆشخانەیە 300 قەرەوێڵەیى نیە جەنابى وەزیر ئەمە 200 قەرەوێڵەیە ، لەبودجەى ئەمساڵ پارەى بۆ تەرخان نەكراوە بەڵكو لەبودجەى 2010 پارەى بۆ تەرخان كراوە ، تۆ و جەنابى مودیرعام و لێپسراوى پلاندانانیش بڕى پارەكەتان نەزانى بەڵام من بەدەقیقى پێتان دەڵێم (سیانزە ملیارو پێنج سەد ملیۆن دینارە) .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست