کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یەكێتی نیشتمانی كوردستان مەحكومە بە بنەماگرتنی 3 هەنگاوی سەرەكی.

Sunday, 27/10/2024, 17:43


پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
گوتەی من لەسەر چۆنیەتی پرۆسەكە و دەستێوەردانی دەرەكی و دروشم و گوتەی چەواشەكاری لایەنەكانیش نییە.
گوتەی من پەیوەستە بە هەڵسوكەوتی لەمەودوای یەكێتی نیشتمانی كوردستان و چۆنێتی ساتوسەودا و مامەڵەكردنی لەگەڵ ڕەوشی باشووری كوردستان و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان بە گشتی و پارچەكانی دیكەی كوردستانیش بە تایبەتی.
لەبەرئەوەی پرۆسەی هەلبژاردن بە هەر شێوەیەك بووبێت، قسەی كۆتایی هی كۆمسێۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانە نەك پرتەوبۆڵەی لایەنەكان.
قسەی كۆتایی كۆمسێۆنیش ئەوەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستانی عێرق(پارتەكەی بنەماڵەی بارزانی) دەنگی یەكەمی بە دەستهێناوە و یەكێتی نیشتمانی كوردستان(پارتەكەی تاڵەبانی) دەنگی دووەمی بە دەستهێناوە و نەوەی نوێش دەنگی سێهەم.
ئەوەی بەلای باشووری كوردستان و عێراق و جیهانیشەوە گرنگە یەكەم و دووەم و سێهەمە و باقی لایەنەكانی دیكە گرنگی كەمتریان هەیە.
بە وردبوونەوە لە 33 ساڵی حوكمڕانی یەكێتی و پارتیش هیچ شتێكی ئەرێنی ئەوتۆ بەدی ناكرێت كە شایانی باسكردن بێت و هەر یەكێك لەو دوو لایەنەش هۆكاری تێكڕای خراپەكاریەكان دەخاتە ئەستۆی لایەنی بەرامبەری.
بەڵام هەمووی لەلایەك و خیانەتی نەتەوەیش لەلایەكی دیكەیە كە هیچ كام لەو دوو لایەنە لێی بێبەش نین و لەو خیانەتی نەتەوەیەشدا پشكی شێر بەر پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق و زۆر بە تایبەتیش بەر بنەماڵەی بارزانی و خودی مەسعود بارزانی دەكەوێت.
خۆ ئەگەر یەكێتی ئێستا واتا(یەكێتی دوای جەلال تاڵەبانی) بیەوێت خۆی لە خیانەتی نەتەوەیی بێبەری بكات و تا ڕادەیەكی زۆریش ببێتە بەربەست لە بەدەم خیانەتەكانی بنەماڵەی بارزانیدا و وزەیەكی نوێش بە خۆی ببەخشێتەوە، ئەوا مەحكومە بە ئەنجامدانی ئەم سێ خاڵەی خوارەوە كە من وەك برای شەهید لە نێو ڕیزەكانی یەكێتیدا پێشنیاری دەكەم:-
١- نزیكبوونەوە لە نەوەی نوێ و چاوخشاندنەوەشی بەو پەیوەندیە نادروستانەی ڕابردوویدا لەگەڵ بەرەی گەل و بزوتنەوەی گۆڕاندا و بۆ ئەو مەبەستەش كۆتایهێنان بە ناوزڕاندنیان و هاوكات پێكهێنانی كوتلەیەكی هاوبەشیی تۆكمە لەگەڵیاندا كە بەو شێوەیەش تا ڕادەیەكی زۆر سنوور بۆ خیانەتەكانی بنەماڵەی بارزانی دادەنرێت.
٢- پتەوكردنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ پارچەكردنی دیكەی كوردستان بە گشتی و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاش بە تایبەتی، بۆ ئەو مەبەستەش دەستبەرداری فشارهێنان بۆسەر حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵەكان ببێت و چیدیكەش نەبێتە ڕێگەخۆشكەر بۆ تیرۆركردنی كەسانی وڵاتپارێز و كادرانی پەكەكە و پژاك و پەیەدە.
٣- هەوڵدان بۆ ئاوەدانكردنەوەی باشووری كوردستان و خزمەتكردنی هاوڵاتیان كە تاكو ئێستاش زۆربەی هەرە زۆری ڕێگاوبانەكانی ژێر كۆنترۆلی یەكێتی هی سەردەمی بەعس و ساڵانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردووە و هاوكات  پتەوكردنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ پێكهاتەی ئێزدیدا و كۆمەككردنی سیاسی و مادی و مەعنەوی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال.

بە بنەماگرتن و جێبەجێكردنی ئەم. سێ خاڵە هەم ڕەوشی باشووری كوردستان بەرەو پێش دەبات و هەم سنورێكی پۆڵاین بۆ خیانەت دادەنرێت و هەم یەكێتییەكی بەهێزیش دێتە مەیدان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە