کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داگیرکەر نابێتە ڕزگارکەر بەڵکو دەبێتە کۆیلەکەر

Tuesday, 20/10/2015, 13:28


هێندەی هەندێک لایەنی بەناو کوردی لە هەوڵی جوانکردنی ڕوخسارە دزێوەکەی ئاکەپەدا بوون ، نیو هێندە تورکە شۆڤێنیەکان لەو هەوڵەدا نەبوون ، ئەوەی زۆرترین لێدوانی لەو بارەیەشەوە دەدا و ئەردۆغانیان وەک فریاد ڕەسی کوردان پێناسە دەکرد بە پلەی یەکەم یەکگرتووی ئیسلامی و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و هەردوو حیزبی دیموکراتی ئۆردوگانشینکراو بوون .
تەنانەت کار گەیشتبوویە ئەو ڕادەیەی کە یەکگرتووی ئیسلامی خۆیان بە ئاکەپە پێناسە دەکرد و دەیانگوت (ئێمە ئاکەپەین لە کوردستانی عێراقدا) ، دەربارەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقیش  پێویست بە نموونە هێنانەوە ناکات ، لەبەرئەوەی کار گەیشتە ئەوەی کە لە هەڵبژاردنەکانی تورکیاشدا بارزانی ڕۆڵی بانگەشەکەرێک بۆ ئەردۆغان ببینێ و ئەردۆغانی وەک ئەنجامدەری پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکەری گرفتی کوردان پێناسە دەکرد و گرێبەستی پەنجا ساڵەی لەگەڵدا بەست ، کە بەهۆی ئەو گرێبەستەوە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بە نرخێکی زۆر هەرزان دەدرێتە تورکیا و دەیان کۆمپانیای تاڵانکەر هێنرانە باشووری کوردستان کە ئەنجامەکەی قەرزداریەکی زۆری بۆ هەرێم بە دواوە بوو ، بڕوانە ئەم لینکە :
جێی سەرسوڕمانە کە ئەوەی زۆرترین پڕوپاگەندەی بۆ دیموکراتبوونی تورکیا و ئەردۆغان دەکرد هەردوو لەتە حیزبەکەی دیموکرات بوون و لەسەر زاری بەرپرسی یەکەمیانەوە ئەو لێدوانانە دەدرا ، کە لەو بوارەشدا خالید عەزیزی پێش یەکگرتووی ئیسلامیش کەوتبوویەوە .
شۆڤێنیەتی ئەردۆغان دژ بە کوردان بە گشتی و ڕۆژاوای کوردستان هیچ سنورێکی نەهێشتەوە ، تا وای لێهات کە خودی ئەردۆغان نەتوانێت چیدیکە ئەو شۆڤێنێتیە بشارێتەوە ، لە هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی ئیسلام(داعش)دا بە غەیری ئەوەی زۆرترین کۆمەکی بە چەتەکان کرد بەڵکو بە لێدوانیش گوتی (کۆبانێ کەوتووە و دەبێت بکەوێت) .
ئەنجامی کۆبانێ ئاشکرایە کە چ سەرکەوتنێکی کوردان و نابودبوونی چەتەکانی بە دواوە بوو ، کەچی هەم سەرۆکی هەرێم و هەم سەرۆکی حکومەتی هەرێم سوپاسگوزاریان بۆ ئەردۆغان و حکومەتەکەی دەنارد و تورکیایان بە ڕزگارکەری کۆبانێ ناوبرد .
ئیمڕۆش لەگەڵ دڕندانەترین هێرش بۆسەر باکوری کوردستان و کۆمەڵکوژکردنی کوردان لە ئەنقەرە ، بۆ جارێکی دیکە  لەسەر زاری سەرۆک وەزیرانی تورکەوە کینە و دڵڕەشی بەرامبەر بە ڕۆژاوای کوردستان داباری . بڕوانە ئەم لینکە :  
لە ڕاستیدا داکۆکیکردن لە ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک پەیوەست نەبوو بە دڵفراوانی ئەردۆغان و دیموکراتی حکومەتەکەی بەڵکو پەیوەست بوو بە گرێدراوی ئەو لایەنانە بە تورکیاوە ، لە بەرامبەر ئەم گرێدراویەش بە تورکیاوە هەمیشە لە ڕاگەیاندنەوە خۆیان وەک نەیار و پەکەکەشیان بە هاوکاری کۆماری ئیسلامی ئێران ناو دەبرد .
بەڵام کات هات و چوو ، نە ئەوان ئەو نەیارەی کۆماری ئیسلامی بوون و نە پەکەکەش ئەو هاوکارە بوو کە ئەوان ناویان دەبرد ، بەڵکو زۆر بە ڕاشکاوی لەسەر زاری کاربەدەستانی ئێرانەوە هەم پەکەکە و پژاک وەک سەرسەختترین دوژمن ناوبران و هەم بارزانیش وەک منداڵی کۆماری ئیسلامی ناوی هێنرا . خۆ ڕووداوەکانیش لەو بارەیەوە شاراوە نین کە زۆرترین هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆسەر پەکەکە و پژاک بووە بەڵام لە بەرامبەردا ڕۆڵی ئێران بەرپەرچدانەوەی هێرشی چەتەکانی داعش بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بارزانی بوو . 
تەنانەت خودی بارزانیش ئەو ڕاستیەی بۆ نەشاردرایەوە و سوپاسگوزاری کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد و ڕایگەیاند (ئێران یەکەم لایەن بوو کە لە زووترین کاتدا فریامان کەوت و کۆمەکی کردن دژ بە داعش) .
ئەوەی جێی پرسیارە ئەوەیە کە لایەنە ئۆردوگانشینەکان بە جۆرێک کەوتوونەتە داکۆکیکردن لەم دەستێکەڵاویانە کە هەموو سنوورێکی تێپەڕاندووە، لە ڕابردوودا دەیانگوت ئەوان حکومەتن و پێویستان بەو دەستێکەڵاویانە هەیە ، ئیمڕۆش بۆ داکۆکیکردن لەو دەسەڵاتە دژ بە هەموو گەل وەستاونەتەوە ، بۆ نموونە لەم کاتەدا قوت و ژیانی خەڵک زەوت کراوە و جەماوەر دژ بەم هەموو ناعەدالەتیە خۆپیشاندان دەکات ، کەچی ئۆردوگانشینان هەموو گەل بە نۆکەری کۆماری ئیسلامی پێناسە دەکەن و دەڵێن ئەو خۆپیشاندانانە دەستی کۆماری ئیسلامی ئێرانە .
هەڵبەت پێچەوانەی ئەم گوتانە ڕاستە، چونکە کۆماری ئیسلامی نەک هەر پشتگیری لە داخوازی گەل و خۆپیشاندانەکان ناکات بەڵکو هەمیشە لە هەوڵی سەرکوتکردنی گەلی کورددا بووە لە ڕێگەی ئەو دەسەڵاتە وابەستەیەوە، کە باشترین نموونەش پێداگری کۆماری ئیسلامی ئێرانە لەسەر بە سەرۆکی هەرێم مانەوەی بارزانی . بڕوانە ئەم لینکە .
من لێرەدا نامەوێت زیاتر لەو بارەیەوە بدوێم ، چونکە ئاشکرایە کە دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان لە پێناو مانەوەیان لە دەسەڵاتدا ئامادەن هەموو میلەتی کورد بکەنە کۆچی قوربانی ، بەڵام دەبێت ئۆردوگانشینان بە چ جۆرێک بچنە مێژووەوە . بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە ئەم لینکە :  https://www.facebook.com/GanjaniDanmark/videos/1632066933719032/

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە