کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەلا مستەفا چی گوت؟ وەڵامێک بۆ کاک مەشخەڵ کەوڵۆسی – بەشی سێیەم

Saturday, 03/05/2014, 12:00


کاک مەشخەڵ هۆی هەڵکەندنی خەندەق دەگێڕێتەوە بۆ نا ئەمنی سنوورەکانی باشووری کوردستان!
من هیچ کاتێک بەم دوعایە ناڵێم ئامین چونکە تەنها لە دوو حاڵەتدا نا ئارامی لەو سنوورانەدا هەبووە و لە هیچ حاڵەتێکیشیاندا مەسعود بارزانی خەندەقی لێ نەدا ، ئەو دوو حاڵەتەش بریتیبوون لە :-
1- ساڵی 2003 تا 2011 ، کە بە هۆی داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە تەواوی عێراق و باشووری کوردستان کەوتبوویە بەر مەترسی ئەو ئیسلامیە تیرۆریستانەی کە لە ڕابردوودا بریتی بوون لە هەڵسوڕاوە دڵسۆزەکانی بەعس و زۆربەی ئەو تیرۆریستانەش لە سوریاوە دەگەڕانەوە خاکی عێراق .
2- ساڵی 2011 تا کۆتایی 2013 ، کە زۆربەی ئەو سنوورانە بە دەست هێزە تیرۆریستەکانی داعش و جەبهە‌ النوسرەوە بوون و ئەو دوو هێزەش وەک دوژمن لە کوردان دەڕوانن .
بەڵام لە کۆتایی 2013دا کوردانی ڕۆژئاوا توانیان بە خۆڕاگری خۆیان و گیانفیدایی یەکینەکانی پاراستنی گەل"یەپەگە" تەواوی ئەو سنوورانە لە تیرۆریستەکان پاک بکەنەوە و ئێستا ئارامیەکی تەواو باڵی بەسەر ئەو سنوورانەدا کێشاوە . کەچی لە کاتێکی وەک ئێستادا مەسعود بارزانی خەندەقی ناپاکی لێ دەدات کە تەواو ئارامی لەو ناوچانەدا هەیە .
ئەی چۆنە تا ئەو کاتەی ئەو سنوورانە لە ژێر دەسەڵاتی بەعسیەکان و پاشانیش داعش و جەبهە النوسرەدا بوون خەندەقێکی لەو جۆرە لێ نەدەدرا و باسیش لە نائارامی هەرێمی کوردستان نەدەکرا ، بەڵام کاتێک ئەو سنوورانە کەوتنە دەستی کوردان ئەو کات هەم خەندەقی خیانەت لێدرا و هەم باسی نائارامی هەرێمیش کەوتە سەر زاری بارزانی ؟
لە کۆتایدا کاک مەشخەڵ پارتی یەکێتی دیموکراتی "پەیەدە" بە تاک ڕەو پێناسە دەکات و کۆمەڵێک هوتێل نشینی کۆنە بەعسیش بە هێزە سیاسیەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان ناو دەبات . 
بریا هەموو کەسێک پێنوسی بە دەستەوە نەگرتایە یان ئەگەر پێنوسیان بە دەستەوە دەگرت ڕاستگۆیانە بەکاریان بێنایە و لانی کەم درۆیان لەگەڵ ویژدانی خۆیاندا نەکردبایە ، چونکە باوەڕ ناکەم لە هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا تاکڕەوێکی وەک پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق هەبێت و دیکتاتۆرێکی وەک مەسعود بارزانیش سەری هەڵدابێت ، ئایا لە لای کاک مەشخەڵ پێناسەی دیکتاتۆر و تاکڕەو چییە ؟
دیکتاتۆر بە کەسانێک دەگوترێت کە هەموو شتێک قۆرخ دەکەن بۆ خۆیان و تاکو بشتوانن قۆرخ کاریەکەیان باش مسۆگەر ببێت هەوڵی هێنانە پێشەوەی کەسە نزیکەکانی خۆیان دەدەن بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات بەبێ ئەوەی کە هیچ پێشینەیەکی ئەوتۆیان هەبێت ، کە تەواوی ئەم مەرجانەش لە مەسعود بارزانی‌دا کۆبۆتەوە بە داسەپاندنی تەواوی خزمەکانی خۆی ، وەک نمونەیەکی زۆر بچوکیش کە مشتێکە لە دەریایەک { مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی پارتی و له‌ هه‌مان کاتدا سه‌رۆکی هه‌رێمیشه‌ ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت و لە هەمان کاتدا جێگری سەرۆکی پارتیشە ، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆکی ده‌زگای پاراستن و لە هەمان کاتدا ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتیشە ، هەروەها هەر یەک لە سیداد بارزانی و یوسف بارزانی و سیروان سابیر بارزانی و ئه‌دهه‌م بارزانی و عبد المهیمن بارزانی و هۆشیار زێباری و نه‌زهه‌ت حالی بارزانی و ئاراس حه‌سۆمیرخان بارزانی و دڵشاد وه‌هاب بارزانی و چەندین کەسی دیکەش کە ناوەکەیانم لە بیر نییە هەموویان برا و برازا و خاڵ و ئامۆزای مەسعود بارزانین و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتین و چەندین بەرپرسیارێتی دیکەشیان هەیە و هەر یەکەشیان لە بوارێکدا سەرۆکێکە} هێشتاش مەسعود بارزانی ئەم دەسەڵاتانەی بنەماڵەکەی بە کەم دەزانێت و دەڵێت بنەماڵەی بارزانی زیاتر لە هەزار پیاون .
ئەم کەسە نزیکانەش تاکو بتوانن دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن سڵ لە هیچ کردەوەیەکی نابەجێ ناکەنەوە و جوان بە ناشیرین و ناشیرین بە جوان دەدەنە ناساندن ، وەک هەوڵدان بۆ جوان نیشاندانی ڕوخسارە ناشیرینەکەی داگیرکەرانی کوردستان و هەوڵدانیش بۆ ناشیرین نیشاندانی ئازادیخوازانی پارچەکانی دیکەی کوردستان ، دەنا کارەسات نییە کە مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لە مانگێکدا چوار جار سەردانی تورکیا بکەن و وەک دوو کارمەندی دەوڵەتی تورک پشتیوانی لە ئەردۆغانی داگیرکەر و دژە کورد بکەن لە هەڵبژاردنەکاندا دژ بە لایەنێکی شۆڕشگێڕی کورد ؟
بەڵام بە پێچەوانەی مەسعود بارزانیەوە هیچ کەسێک لە خزمەکانی ساڵح موسلیمی هاوسەرۆکی پەیەدە بەدی ناکرێت کە بەرپرسیارێتیان هەبێت و تەنانەت کوڕەکەشی وەک هەر جەنگاوەرێکی دیکەی پەیەدە لە پێشەوەی بەرەکانی شەڕدا خەباتی دەکرد و شەهیدیش کرا ، کەچی کاک مەشخەڵ دەخوازێت پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقمان لێ بکاتە دیموکرات و پارتێکی شۆڕشگێڕی وەک پارتی یەکێتی دیموکراتی(پەیەدە)ش بە تاکڕەو پێناسە بکات !
مەزنترین مەترسی لەسەر دەسەڵاتدارانی پارتی ئازاد بیرکردنەوەی مرۆڤەکانە ، ئایا هەر خودی کاک مەشخەڵ دەتوانێت لە شارێکی وەک هەولێردا باس لە خۆی بکات و بڵێت وەک مرۆڤ بوونم هەیە !؟
لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی‌دا هەموو دەنگێکی ئازادیخوازانی کورد خنکێنراوە و کەس ناتوانێت ئازادانە بیر بکاتەوە ، خۆ ئەگەر کەسێک کەمێک ئازادانە بیر بکاتەوە ئەوا چارەنووسی لە چارەنووسی زەردەشت عوسمان باشتر نابێت کە لەسەر خەو بینین تیرۆر کرا ، بەڵام لە هەمان کاتدا هەولێر بۆتە لانکەی قاسم ئاغاکان و تەواوی بەعسی و مستەشارە ئەنفالکەرەکانی دیکە و تەراتێنی میتی تورک و ئیتڵاعاتی ئێران و بەعسیە هوتێل نشینەکانی سوریاش لەو لاوە بوەستێت .
دکتۆر مەحمود عوسمان کە پەرلەمانتاری عێراقە و سەرتاپای ژیانیشی لەگەڵ بارزانی‌دا بەسەر بردووە ، نایشارێتەوە و دەڵێت لە پارتیدا سەرکردایەتیەکی تاکڕەو و فاشل دەسەڵاتی قۆرخ کردووە ، بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە :-

لێرەدا پێویستە لە کاک مەشخەڵ بپرسین و بڵێین :- ئەو هوتێل نشینانەی کە جەنابت بە شۆڕشگێڕانی ڕۆژئاوای کوردستانیان پێناسە دەکەیت ، چۆنە لە کاتی داگیرکراوی ڕۆژئاوا و دەسەڵاتدارێتی بەعسدا هەموویان سەربەستانە لە ڕۆژئاوای کوردستان تەراتێنیان دەکرد بەڵام بە ئازادبوونی ڕۆژئاوای کوردستان ملی هەولێریان گرتەبەر و نیوەی ڕێگەشیان بوویە ئەنقەرە ؟
بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر ئاشکرایە ، کە بە ئازادبوونی ڕۆژئاوای کوردستان بنەو بارگەی بەعسیەکانیش پێچرایەوە ، ئەوەی توانای هەڵهاتنی هەبوو خۆی گەیاندە دێمەشق و ئەوەی لە تواناشیدا نەبوو فەڕشی سووری بارزانی بۆ ڕاخرا ، کە ئەم دیاردەیەش نامۆ نییە لەلای کاک مەشخەڵ ، چونکە لە ڕاپەڕینەکەی 1991ی باشووری کوردستانیشدا بەعسیەکان گۆڕیان بزر کرد ، ئەوەی توانای هەڵهاتنی هەبوو خۆی گەیاندە بەغدا و ئەوەی تواناشی نەبوو فەڕشی سووری بارزانیان بۆ ڕاخرا و بوونە فەرماندە مەیدانیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق .
بۆ بیستنی تەواوەتی گوتەکانی دکتۆر مەحمود عوسمان کرتە لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە کە زۆر نهێنی شاراوە ئاشکرا دەکات :-
درێژەی هەیە ....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە