کێ سەر ئێشەی بۆ گەلی کورد دروست کردووە ؟ بەشی سێهەم و کۆتایی
Saturday, 07/07/2012, 12:00
با بەڵگەنامەکان بۆخۆیان بدوێن
پاشان ماڵپەڕی "پەیامنێر" دەڵێت [لە ناوچەکانی عەفرین دەستکرا بە دروستکردنی سەربازگە بۆ راھێنانی لاوان ، ھەروەھا (پ. ی. د) رێگری لەھەموو جۆرە خۆپیشاندانێک کرد کە لاوان و ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریا ھەوڵیان بۆ دەدا , ئەمەش بە پاڵپشتی دەزگا ئەمنییەکانی بەشار ئەسەد لەسەرەتای شوباتی ٢٠١٢ کاتێک کۆمەڵێک چەکدار بەنێوی (جەنگاوەرانی شەھید خەبات) ھێرشیان کردە خۆپیشاندەران و رێگەیان لێگرتن ] .
هەڵبەت (سەربازگە نییە و بازگەیە ، بەڵام پەیامنێر دەبێت درۆیەک ڕێکخات بۆ چەواشەکاری) . ئەو بازگانەش هۆکاری پاراستنی کوردان بووە و تاکو ئێستا چەندین کردەوەی چەپەڵی دەزگا ئەمنیەکانی سوریا و دەوڵەتی تورک و ئیخوانەکانیان پوچەڵ کردۆتەوە ، خودی وڵاتپارێزانی گەلیش ئەو سەربازگانەیان داناوە بە هاوکاری پەیەدە نەک پەیەدە خۆبەسەر ئەو کارەی کردبێت . یەکێک لەو کردەوە چەپەڵانەش کە پوچەڵکرایەوە ئەوە بوو کە ئیخوانەکان بە هاوکاری میتی تورک کەوتنە بەرزکردنەوەی ئاڵای تورکیا لە ناوچەکانی عەفرین بۆ ترساندنی کوردان ، بەڵام کوردان نەک هەر نەترسان لەم کردەوە چەپەڵە بەڵکو ئاڵای تورکیان سوتاند و ژێر پێیان نا ، کەچی ماڵپەڕی "پەیامنێر" ئەم کردەوەیەی بەلاوە نەشیاوە و دەخوازێت وەکو چۆن لە کاتی هاتنی ئەردۆغان بۆ هەولێر سەرتاسەری شارەکە نوقمی ئاڵای تورکیا کرا بە هەمان شێوە عەفرینیش بکرێتە ئۆردوگایەکی کەمالیستەکان . دەنا لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە دەبینرێت کە لە ڕۆژانی هەینیدا خۆپیشاندانی لایەنەکانی دیکە "بە هەمان دروشمی ئیخوان الموسلمینەوە" بەرپا دەبێت لە شاری قامشلۆ بەبێ ئەوەی پەیەدە هیچ ئاستەنگییەکیان بۆ دروست بکات .
ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا کێیە ؟
ئەو ئەنجومەنە بریتییە لە ئیخوان الموسلمین و بۆ پڕوپاگەندەی زیاتر هەندێک لایەنی بچوکیشیان لە خۆیان کۆکردۆتەوە و ناوی ئەنجومەنی نیشتمانی سوریایان لێناوە ، ئەو لایەنە بچوکانە لەگەڵ ئەوەی هیچ قورساییەکیان نییە تەنانەت مافی ئەوەشیان نییە ڕەخنەیەک لە کردەوەکانی ئیخوان الموسلمین بگرن . ئیخوان الموسلمینیش لە پێناوی بە دەسەڵات گەیشتندا لە هیچ کردەوەیەکی چەپەڵ و قێزەون نەسڵەمیوەتە و هەمیشە بانگەوازی دەکات بۆ دەستێوەردانی دەرەکی . یەکێکی دیکە لە کردەوەکانی ئیخوان الموسلمین بریتییە لە شەڕ خستنە ناو ماڵی کەسە سڤیلەکان و ڕێگەگرتن لە دەربازبوونی منداڵان تاکو هەم بە هۆی منداڵانەوە خۆیان بپارێزن و هەم کوشتنی منداڵانیش بکەنە بیانوویەک بۆ دەستێوەردانی دەرەکی .
ئایا دەبێت چ جوانیەک لەوەدا بەدی بکرێت کە بۆ مەرامی بە دەسەڵات گەیشتن دوژمن بێنیتە سەر خاک و هاوخوێنی خۆت ؟ دەبێت بە بارمتەگرتنی ژن و منداڵ و بە سەنگەرکردنی ماڵەکانیان چ شۆڕشگێڕێتیەک بێت کە ئیخوانەکان پیادەی دەکەن ؟ سەرەتای خۆپیشاندانەکانی سوریا بە وێنەی شۆڕشگێڕانی وەک گیڤارا دەستی پێکرد کەچی لە کاتی ئێستاشدا ماڵی زەحمەتکێشان پڕ بووە لە ڕیشدارەکانی ئیخوان الموسلمین ، کردەوەی ناشیرینی ئیخوان الموسلمین نەک هەر خۆپیشاندانە جەماوەریەکانی بە لاڕێدا برد بەڵکو هۆکارێک بوون بۆ ئاوارەبوونی ملیۆنان سڤیل و کوشتنی دەیان هەزاری دیکەش .
ئەگەر ئەم کردەوانە دڵۆپێک لە دەریای تاوانەکانی ئیخوان الموسلمین بێت ئیتر بە چ ئەقڵ و مەنتقێک پەیەدە ڕێگەیان پێبدات کە ڕۆژئاوای کوردستان دوچاری ئەنفال بکەن ؟ دەبوو بەڕێوەبەرانی "پەیامنێر" ئاوڕێکیان لە پەلکێشکردنی سوپای پاسداران بدابایەوە بۆ ناوچەکانی حاجی هۆمەران و هەڵەبجە و کەرکوک کە ئەنجامەکەی بە کوشتنی ٨٠٠٠ سڤیلی بارزانی و کیمیاباران و پرۆسەی ئەنفال کۆتایی هات پاشان قەزاوەتیان بدایە .
ماڵپەڕی "پەیامنێر" لە چەواشەکاری ناکەوێت و دەڵێت [دواتر چەندین بەربەستیان دامەزراند بۆ پشکنینی خەڵک لە ناوچەکانی عەفرین و حەلەب و خانویەکیان لە رێگەی فرۆکەخانە حەلەب بەکار دەھێنا وەک بەندیخانە , ھەروەھا دەستیان کرد بە دەستگیرکردنی خەڵک , بێ ئەوەی دەزگا ئەمنییەکانی سوریا ھیچ کاردانەوەیەکیان لەبەرامبەر ئەو کارانە ھەبێت ] .
بریا کاتێک ماڵپەڕی "پەیامنێر" درۆ و چەواشەکاری دەکرد لە چوارچێوەی پڕەنسیپدا بوایە ، چونکە لە ناوچەکانی حەلەب عەشیرەتێکی عەرەبی گرێدراوی دەوڵەت بە ناوی (عەشیرەتی بەگارە) بە هاوکاری دەزگا ئەمنیەکانی سوریا کەوتنە پەلاماردانی کوردان و چەندین کەسیان کوشت ، بەڵام پەیەدە خاوەنداری لە کوردەکان کرد و کۆتایی بەو هێرشانەی دەزگا ئەمنیەکانی سوریا و ئەو عەشیرەتە هێنا . کەچی "پەیامنێر" هێندە دور لە پڕەنسیپ چەواشەکاری دەکات کە دەبێت هەزار ڕەحمەت بۆ دوژمنان بنێرین . ئەی ئەگەر پەیەدە خاوەنداری لە کوردان نەکردایە و سنورێکی بۆ هێرشەکانی عەشیرەتی بەگارە دانەنایە ئایا هەر خودی ماڵپەڕی ناوبراو پەیەدەی نە دەخستە ژێر پرسیارەوە و بە هاوکاری دەزگا ئەمنیەکانی سوریای تاوانبار نەدەکردن ؟
ویستی لایەنە کلاسیکیەکان ئەوە نییە کە ڕاستیەکان ببینن بەڵکو ویستی ئەو لایەنانە ئەوەیە کە لە چ ڕێگەیەکەوە دژایەتی پکک و پەیەدە بکەن و بیانخەنە ژێر پرسیارەوە ! بۆ سەلماندنی ئەم گوتەیەم :-
کاتێک پکک شەڕی دەکرد لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا ئەوا هەم خودی ئەم ماڵپەڕی پایامنێر و هەم دەسەڵاتدارانی باشوور دەیانگوت باوی شەڕی چەکداری نەماوە و پێویستە خەباتی مەدەنی بکرێت . پارساڵیش کاتێک کۆماری ئیسلامی هێرشی هێنایە سەر قەندیل و لەگەڵ بەرەنگاری "پژاک"دا ڕووبەڕوو بوویەوە هەمان لێدوانیان دەدایەوە و دەیانگوت باوی شەڕی چەکداری نەماوە ، تەنانەت مەلا عەبدوڵای حەسەنزادە زۆر بێشەرمانە دەیگوت بەم تەق و تۆقە زیاتر کوردستان دەشێوێت و ئەمنیەت نامێنێت ، کەچی ئێستا کە پەیەدە خەباتی مەدەنی دەکات و ڕێگەی لە کۆمەڵکوژی کوردان گرتووە هەم خودی مەلا عەبدوڵا دەڵێت پێویستە شەڕ بکرێت و هەم گوێبیستی ئەم لێدوانانەی دەسەڵاتدارانی باشووریش دەبین لە ماڵپەڕی پەیامنێرەوە .
دەبێت چ ئەخلاقێک ڕێگە بەوە بدات کە کردەوەی داگیرکەرانیش بەسەر لایەنێکی کوردیدا بهێنرێت ؟ چونکە بەڕێوەبەرانی "پەیامنێر" چەندین تیرۆر دەخەنە ئەستۆی پەیەدە کە یان لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی سوریاوە ڕوویان داوە یاخود ڕاستەوخۆ لەلایەن تورکیاوە ئەنجام دراوە ، ئەوانەی لەلایەن سوریاوە ئەنجام دراوە لە هیچ کەسێک شاراوە نەبووە و کوردان بە گشتی و پەیەدە بە تایبەتی وەڵامدەرەوەی بوون ، بەڵام ئەو تیرۆرانەی کە تورکیا ئەنجامی داوە ئەگەر لە سەرەتاشدا ئاشکرا نەبووبێت ئەوا لە دوایدا ئاشکرا بوون و واشنگتۆنپۆستی ئەمریکیش ئەو ڕاستیانەی باس کرد وەک (تیرۆرکردنی مەشعەل تەمۆ و نەسرەدین برهک) ، کەچی کارمەندانی "پەیامنێر" ئەو ڕووداوانەش دەخەنە ئەستۆی کوردان ، ئەم چەواشەکاریانەش بۆ دوو مەبەستە :-
١- هەوڵدان بۆ شاردنەوەی کردەوە دزێوەکانی داگیرکەران و بێتاوان نیشاندانیان لە ڕەشەکوژی کورداندا ، واتە بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بدەن بەو دەستێکەڵاوییەی نێوان لایەنە کلاسیکیەکان و داگیرکەران .
٢- بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بدەن بەو ڕەشەکوژیانەی کە یەکێتی و پارتی دژ بە کوردی پارچەکانی دیکە پیادەیان کردووە و خوێنی سلێمانی موعینیەکان و سەعید ئاڵچیەکانی پێ بشارنەوە .
دواین گوتەی "پەیامنێر" هەم بریتییە لە وابەستەیی و هەم بریتییە لە چەواشەکارییەکی دوور لە ئەخلاق و دەڵێت [ لەلایەنی سیاسیش (پ. ی. د) دژایەتی سوپای سوریای ئازاد و ئەنجوومەنی نیشتمانی سوری دەکەن و تۆمەتباریان دەکەن بە کارکردن بۆ تورکیا , ئەمەش بە لێدوانێکی ساڵح موسلم بەدەرکەوت کاتێک رایگەیاند, ئامادەین رووبەرووی ھەر کردەوەیەکی سەربازی ببینەوە لە دژی سوریا بەتایبەتی لەلایەن تورکیا یا ھەر ھێزێکی دیکە ] .
لە هیچ کەسێک شاراوە نییە کە ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا یان ڕاستتر " ئیخوان الموسلمین " لە تورکیاوە گەورە دەکرێت و بنکەی سەرەکیان ئەستەمبوڵ و ئەنقەرە و ئەدەنەیە ، ئەم ئەنجومەنە هەمیشە کوردیان بە بێگانە و موهاجر پێناسە کردووە و جێگەیەکیشیان بە ناوی کوردستانەوە نەناسیووە و ئامادەش نەبوون کە کورد وەکو نەتەوەی دووەم بناسن لە سوریادا ، کەچی بەڕێوەبەرانی "پەیامنێر" ئەم کردەوانەی ئەنجومەنی نیشتمانی سوری بە باش دەزانن و تۆمەتباری "پەیەدە"ش بەوە دەکەن کە نەبۆتە داردەستی ئەو ئەنجومەنە و دەروێشی بۆ داگیرکەران ناکات .
پاشان پەیامنێر زۆر بە زانابوونەوە گوتەکانی بەڕێز ساڵح موسلم دەشێوێنێت و ڕاستیەکان ئاوەژوو دەکاتەوە ، چونکە ساڵح موسلم گوتی [ئامادەین رووبەرووی ھەر کردەوەیەکی سەربازی ببینەوە لە دژی ڕۆژئاوای کوردستان ، بەتایبەتی لەلایەن تورکیا یا ھەر ھێزێکی دیکە] ، کەچی کارمەندانی "پەیامنێر" ڕۆژئاوای کوردستانیان گۆڕیوە بۆ سوریا بۆ ئەوەی خوێنەر بە لاڕێدا بەرن .
لە کۆتایدا ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم ئەوەیە کە پیلانێکی هەمە لایەنە دژ بە کوردان بە گشتی و ڕۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی پیادە دەکرێت لەلایەن داگیرکەرانەوە ، دەوڵەتی تورکیش ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لەم پیلانەدا و بۆ سەرخستنی پیلانەکەش هەندێک لایەن و کەسایەتی کوردی گرێدراوی خۆیان بەکار دەهێنن ، ئەو لایەنە کوردیانەش لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە دەخوازن کاریگەرترین لایەنی ڕۆژئاوای کوردستان واتە "پەیەدە" ڕەش و ناشیرین بکەن لە نێو کۆمەڵگادا ، ئەو ڕاگەیاندنانەش ڕاستەوخۆ ئەو پڕوپاگەندانە بڵاودەکەنەوە کە میتی تورک داڕێژەرێتی و لەم ڕووەشەوە ماڵپەڕی "پەیامنێر" سەرقافڵە بووە . بۆ بینینی پیلانە ژەهراویەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان کرتە لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە :-
http://www.chatrpress.com/Detail.aspx?id=8984&LinkID=3 بۆ خوێندنەوەی بابەتەکەی "پەیامنێر"یش کرتە لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە و پاشان بەراوردی بکە لەگەڵ ناوەڕۆکی پیلانەکەی دەوڵەتی تورکدا :-
http://www.peyamner.com/PNAnews.aspx?ID=279605 بۆ بینینی هەندێک ڕاگەیەندراوی دیکەی داگیرکەران و پاشان وەرگێڕانی بۆ کوردی لەلایەن ماڵپەڕی "سبەی"وە کرتە لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە :-
http://www.sbeiy.com/Detail.aspx?id=3956&LinkID=60
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست