پەیامەکەی ئۆجەلان چیمان پێ دەڵێت ؟
Sunday, 24/03/2013, 12:00
بەر لەوەی بێمە سەر ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ، خراپ نییە ئەگەر کەمێک بگەڕێینەوە دواوە بۆ ڕێکەوتنی ئۆجەلان و ئۆزال لە ساڵی 1993 دا بە دەستپێشخەری تاڵەبانی . کاتێک باس لە ڕێکەوتنی 1993 کرا ، بەشێک لە هەوادارانی پکک توشی شۆک هاتن ، تا کار گەیشتە ئەوەی ژمارەیەک لە کوردانی ڕۆژئاوا کە هەموویان لە خانەوادەی شەهیدان بوون ملی ڕێیان گرتە بەر بۆ لای بەڕێز ئۆجەلان ، لە کەمپی شەهید "مەعسوم قورقماز" .
ئەو خانەوادە بەڕێزانە پێشنیارێکیان خستە بەر دەم بەڕێز ئۆجەلان و گوتیان :- {چ هۆکارێک هانی داون کە هەوڵی ڕێکەوتن بدەن لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا ؟ ئەگەر هۆکارەکەی کەمی ژمارەی گەریلایە ئەوا ئێمە ئامادەین هەموو منداڵەکانی دیکەشمان بخەینە نێو ڕیزی گەریلاوە . ئەگەر هۆکاری ئابووریە ئەوا ئێمە ئامادەین پارووی دەمی منداڵەکانمان پێشکەشی شۆڕشی بکەین} .
بەڕێز ئۆجەلانیش وەڵامی دانەوە و گوتی :- {هۆکارەکەی نە کەمی گەریلایە و نە لاوازی ئابووری ، بەڵکو هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئێمە سێ قۆناغ "پێڤاژۆ"ی خەباتمان لەبەر دەمدایە، "1- خەباتی شاخ، 2- خەباتی شار، 3- خەباتی سیاسی" . ئەو خەباتەی تا ئێستا کردومانە "خەباتی شاخە" ، لەم خەباتەدا ئێمە سەرکەوتووین و دوژمن هیچ کاتێک نەیتوانیوە لە خەباتی چەکداریدا تێکمان بشکێنێت ، ئیتر سەرەتای قۆناغی دووەمە "واتە خەباتی شار" تاکو بیکەینە پشتیوانی خەباتی شاخ . لەبەرئەوە با کەس وا تێنەگات کە ئێمە لاوازین و وازمان لە خەبات هێناوە بەڵکو ئەمە سەرەتای قۆناغێکی نوێیە و دەبێت لەم قۆنەغەشدا سەرکەوین } .
لە دوای ئەو پەیامەی بەڕێز ئۆجەلانەوە ، خەباتی شار شێوازێکی دیکەی بە خۆیەوە بینی ، ئەو شێوازەش بەرفراوان بوونی خۆپیشاندانە جەماوەری و ڕێپێوانەکان بوو ، لە سەدان کەسیەوە دەربازی هەزاران و سەدان هەزار کەس بوو تا گەیشتە ملیۆنان ، (خۆپیشاندانەکانی ئامەد نموونەی ئەو ڕاستییەیە) ، خەباتی شار بە جۆرێک پێشکەوت کە لە زۆر بواردا پێش خەباتی شاخیش کەوتەوە . تەنها لایەنێکی کوردی کە توانیبێتی زۆر بە سەرکەوتوویی خەباتی شار پێشبخات و بیکاتە بناغەی سەرکەوتن پکک بووە ، ئەو خەباتەش بە ڕێنمایی بەڕێز ئۆجەلان بوو .
لە ڕۆژی نەورۆزی ئەم ساڵیشدا"21-3-2013" بەڕێز ئۆجەلان پەیامێکی دیکەی ئاڕاستەی گەل و گەریلا کرد ، وەک لە پەیامەکەی بەڕێزیاندا ئاماژەی پێدراوە "ئەمە کۆتایی هاتنی خەبات نییە بەڵکو سەرەتای خەباتێکی نوێیە" . ئەو خەباتەش قۆناغی سێهەمە واتە "خەباتی سیاسی" .
ئەم پەیامە دەنگدانەوەیەکی زۆری بە دواوە بوو هەم لە ڕووی نێو دەوڵەتی و هەم لە ڕووی هەرێمیەوە ، هەم لە ڕووی دەرەکی و هەم لە ڕووی ناوخۆییەوە ، هەندێک بە پۆزەتیف و هەندێک بە نێگەتیف لێکیان دایەوە .
هەرچی ناوەندە نێو دەوڵەتیەکانە لە ئەمریکاوە تا دەگاتە یەکێتی ئەوروپا ، لە سەرۆکایەتی کۆنسەی ئەوروپاوە تا دەگاتە پەڕلەمانی ئەوروپا ، لە ڕوسیاوە تا دەگاتە ئیسرائیل ، لە حکومەتی هەرێمەوە تا دەگاتە حیزبەکان ئەم پەیامەیان بە پۆزەتیف پێناسە کرد . لە بەرامبەردا دەوڵەتە هەرێمیەکانی وەک ئێران و سوریا بە نیگەرانیەکی زۆرەوە دەڕواننە ئەم پەیامە و بە نێگەتیف پێناسەی دەکەن ، تەنانەت بەعسیە گۆڕکراوەکانیش لە سەر زاری "عێزەت الدوری"یەوە نیگەرانی خۆیان لەم پەیامە نەشاردەوە . هەڵبەت بە نێگەتیف پێناسەکردنی ئەم پەیامە لە لایەن داگیرکەرانەوە خۆی لە خۆیدا گەورەترین سەرکەوتنە بۆ کوردان . بیوانە ئەم لینکە :-
http://rudaw.net/sorani/middleeast/22032013
هەندێک بەرپرسی باشووری کوردستانیش لە سەرەتادا کەوتنە ژێر کاریگەری ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەو پەیامەی بەڕێز ئۆجەلانیان بە نێگەتیف پێناسە کرد بەڵام لە کورتترین ماوەدا لە گوتەکانیان پاشگەز بوونەوە ، واتە کاتێک هەستیان کرد کۆماری ئیسلامی ئێران لە نیازپاکیەوە باس لەو پەیامە ناکات . بڕوانە ئەم لینکانەی خوارەوە :-
http://www.lvinpress.com/newdesign/Dreje.aspx?jimare=15357
http://www.kurdiu.org/hawal/index.php?pageid=121676
لە لایەکی دیکەوە ژمارەیەک لە نووسەر و سیاسەتمەداران ئەم پەیامەیان زۆر بە گرنگ و پۆزەتیف پێناسە کرد ، بەشێک لەم نووسەر و سیاسەتمەدارانە هەواداری پەکەکەن و بەشێکیش لە دیدی خۆیانەوە شڕۆڤەیان بۆ ئەم پەیامە کردووە . منیش هیچ گوتەیەکم بۆ ئەم نووسەر و سیاسەتمەدارانە نییە .
ژمارەیەکی دیکە لە نووسەر و سیاسەتمەداران زۆر بە نێگەتیفی لەم پەیامە دەڕوانن ، ئەم جۆرەش نووسەرانەش دەکرێن بە چوار بەشەوە :-
1- نوسەرانێک کە لە دڵسۆزیەوە دەڕواننە مەسەلەکە :- ئەم جۆرە کەسانە زیاتر بیر لە ڕێکەوتنی لایەنەکانی دیکە دەکەنەوە و دەیکەنە پێوانە بۆ پکک . هەندێکیان دەڵێن یەکێتی و پارتی ڕێکەوتنیان کرد و ئەنجامەکەی ئاشبەتاڵی 1975 و کارەساتی 1988 بوو ، هەندێکی دیکە دەڵێن دیموکرات ڕێکەوتنی کرد و ئەنجامەکەی تیرۆری دکتۆر قاسملو و ئۆردوگانشینی حیزبە کلاسیکەکان بوو .
ئیتر بەبێ ئەوەی ئەو بەڕێزانە بیر لەوە بکەنەوە کە نە پکک هاوشێوەی یەکێتی و پارتی و دیموکراتە ، نە بەڕێز ئۆجەلانیش هاوشێوەی ئەو سەرکردانەیە کە هەمیشە فەڕشی سوریان بۆ ڕادەخرا لەلایەن داگیرکەرانەوە . دەبوو ئەو بەڕێزانە بیریان لەوە بکردایەتەوە کە زیاتر لە یەک مانگە بەڕێز ئۆجەلان ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکەی ئاڕاستەی قەندیل و ئامەد و برۆکسل و تەنانەت هەولێر و سلێمانیش کردووە و هیچ شتێکی بە شاراوەیی نەهێشتۆتەوە ، سیاسەتمەدارانی کورد و کادرانی پکک زۆر بە باشی ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکەیان شرۆڤە کردووە و وەڵامیشیان بۆ بەڕێز ئۆجەلان ناردۆتەوە و پاشان ئەو پایامە دراوە .
2- نوسەرانێک کە زیاتر لە ژێر کاریگەری بەرپرسە حیزبیەکاندان :- ئەم جۆرە نوسەرانەش لە دڵسۆزیەوە دەڕواننە مەسەلەکە و دەڵێن "ئاپۆ لە زینداندایە و لە ژێر فشاردا ئەم لێدوانانە دەدات" بەڵام گرفتاریەکە لەوەدایە ئەم جۆرە نووسەرانە کەوتوونەتە ژێر کاریگەری بەرپرسە حیزبیەکان و لە چاوی ئەوانیشەوە دەڕواننە مەسەلەکە نەک بە بیرکردنەوەی خۆیان شڕۆڤەی ڕووداوەکان بکەن . بەرپرسە حیزبیەکانیش زۆر بە زانابوونەوە ئەم پڕوپاگەندانە بڵاو دەکەنەوە ، چونکە بەشێک لەو بەرپرسانە گرێدراوی داگیرکەرانن و بەشێکی دیکەشیان خاوەن بەرژەوەندییەکی زۆرن لەگەڵ داگیرکەراندا ، ئەم بەرپرسانە هەمیشە ترسیان لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد هەبووە لە باکووری کوردستاندا ، چونکە دەزانن چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە باکووردا کاریگەری دەکاتە سەر پارچەکانی دیکەی کوردستان و ئەو کات کۆتایی بە بەرژەوەندیەکانیان بێت .
3- نوسەرانێک کە تەواو کەوتونەتە دژایەتیکردنی پکک و بڕیاریشیان داوە کە تا لە ژیاندابن هەر دژایەتی ئەو حیزبە دەکەن :- ئەم نووسەرانەش نوخبەیەکن لەو حیزبانەی کە سەردەمانێک هێزیان هەبووە و ئیمڕۆ لە هێز و لە گەل دابڕاون ، ئەم حیزبانە لە ڕیی ئەو جۆرە نووسەرانەوە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ زڕاندن و ناشیرینکردنی ناوی پکک و بەهێزبوونەوەی خۆیان لە لاوازبوونی پەکەکەدا دەبیننەوە ، بۆ نموونە یەکێک لەو نوسەرانە کە تا ڕۆژگاری ئیمڕۆش کەسی یەکەمی یەکێک لەو حیزبانەیە ، لە چوار کاتی جیاوازدا چوار لێدوانی جیاواز دەدات بەم جۆرە :-
* لە ساڵی 2010دا کاتێک کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشی کردە سەر قەندیل و لە بەرامبەردا پژاک بەرخۆدانێکی کەم وێنەی کرد . ئەو نووسەرە گوتی (سیاسەتەکانی پژاک هەمووی لە خزمەتی داگیرکەردایە چونکە بەم بەرگریکردنە هەم کوردستان دەشێوێت و هەم زیاتر میلیتاریزە دەبێت ، لەبەرئەوە با پژاک شەڕ نەکات و باوی شەڕی چەکداری نەماوە) .
* لە ساڵی 2011دا کاتێک ڕاپەڕین سوریا و ڕۆژئاوای کوردستانی گرتەوە ، "پەیەدە" لەسەر ڕێنمایی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان سیاسەتێکی سەربەخۆی گرتەبەر و کوردی لە شەڕی نێوان بەعس و ئیخوانالموسلمین پاراست ، ئەو کات هەمان نووسەر گوتی (سبحاناللە پەیەدە کە بەرچاوتەنگ و پیسە ، تۆ وەرە تەماشاکە هەموو میلەتی سوریا کەوتۆتە شەڕەوە کەچی پەیەدە دەڵێت ئێمە شەڕ نەکەین و بە ئاشتی کێشەی کورد چارەسەر دەکەین ، ئاخر ئەگەر تۆ شەڕ نەکەیت چۆن بەشار ئەسەد دەڕوخێت ؟) .
* لە ساڵی 2012دا کاتێک پکک دەوڵەتی تورکی تێکشکاند و زۆربەی ناوچەکانی شەمزینانی پاک کردەوە ، ئەو کات هەمان نووسەر گوتی (بە ڕاستی پکک کارێکی خراپ دەکات ئەم شەڕەی هەڵگیرساندووە ، چونکە تورکیا دیموکراتترین وڵاتە لە ناوچەکەدا و مەجالی بە کوردان داوە کە سیاسەت بکەن ، خۆ ئەگەر ئێران بە نیوەی تورکیا مەجالی بە ئێمە بدایە ئەوا هەرگیز شەڕمان نەدەکرد) .
* ئێستاش کە ساڵی 2013یە هەمان نووسەر دەڵێت (ئۆجەلان لە زینداندایە و لە ژێر فشاری دەوڵەتی تورکدا ئەو پەیامەی داوە و پێویستە پکک گۆێ بە ئۆجەلانی نەدات و شەڕی خۆی درێژە پێ بدات) .
با خوێنەر سەرنج بداتە لێدوانی ئەم نوسەرە و پاشان بڕیار بدات ، چونکە ئەم نوسەرە نە شەڕی قبوڵە و نە ئاشتی ، نە ڕووبەڕوو بوونەوەی قبوڵە و نە ڕێکەوتن . (کاتێک پژاک بەرخۆدانی دەکرد دەیگوت باوی چەک نەماوە و دەبێت بە ئاشتی کێشەی کورد چارەسەر بکرێت ، کاتێک پەیەدە بە ئاشتی دەچێتە پێش دەڵێت کاتی ئاشتی نییە و دەبێت شەڕ بکرێت ، کاتێک پکک شەڕی دەکرد دەیگوت لە تورکیا دیموکراتی هەیە و پێویست بە بەکارهێنانی چەک ناکات ، کاتێک پکک باس لە ڕێکەوتن دەکات دەڵێت با پکک شەڕ بکات) .
4- نوسەرانێک کە لە ڕابردودا دەمڕاستی حیزبی شیوعی عێراق بوون :- ئەم جۆرە نوسەرانەش هیچ کاتێک ئامادە نەبوون ددان بە هەڵەکانی خۆیاندا بنێن و هەمیشە خۆیان بە ڕاست زانیووە ، دەبوو ئەم جۆرە نوسەرانە کەمێک باسیان لە دەستکەوتەکانی خۆیان بکردایە و پاشان هەمان داواکاریان ئاڕاستەی پکک بکردایە . لە ڕابردوودا حیزبی شیوعی لەسەر گوتەی ئەم جۆرە نوسەرانە ڕۆیشت بۆیە هەمیشە بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە و لە پاش 80 ساڵ تەمەن بۆتە کارمەندی دەسەڵاتدارانی باشوور .
لەگەڵ ڕێزێکی زۆرم بۆ حیزبە شیوعیەکانی جیهان کە خاوەنی زۆر دەستکەوتی گرنگن ، بەڵام شیوعیەکانی عێراق لە ڕاستیدا پەڵەی شەرمەزاری بوون بۆ شیوعیە جیهانیەکانیش ، ئەم حیزبە جگە لە فیتنەگەرایی هەمیشە سەنگەری کۆنەپەرستەکانی هەڵبژاردووە دژ بە پێشکەوتنخوازەکان ، بۆ نموونە لە بەرامبەر پارتیدا دەبوونە هاوپەیمانی بەعس ، لە بەرامبەر یەکێتیدا دەبوونە هاوپەیمانی پارتی ، لە بەرامبەر کۆمەڵەدا دەبوونە هاوپەیمانی دیموکرات ، لە بەرامبەر پەکەکەشدا ئامادەن ببنە هاوپەیمانی تورک و ئەمریکاش .
دیموکرات و حیزبی شیوعی لەسەر گوتەی ئەم جۆرە نووسەرانە دەڕۆیشتن بۆیە کاریان بەم ڕۆژە گەیشتووە ، خۆ ئەگەر بێتو پەکەکەش گوێبیستی ئەم جۆرە نوسەرانە ببێت ئەوا هەمان چارەنووس چاوەڕێی دەکات .
ڕێکەوتن لە بەرژەوەندی کێدایە ؟
ڕێکەوتن هەمیشە لە نێوان دوو لایەنی دژ بە یەکدا ئەنجام دەدرێت ، ڕێکەوتنیش هەمیشە لە بەرژەوەندی لایەنی سەرکوتوودایە . بۆ نموونە ساڵی ڕابردوو شەڕێکی سەخت لە نێوان پەیەدە و ئارتەشی ئازادی سوریادا ڕوویدا ، ئەنجامی ئەو شەڕە بە سەرکەوتنی پەیەدە کۆتایی هات ، پاشان ڕێکەوتنێکی 11 خاڵی ئەنجام درا و ڕێکەوتنەکەش هەمووی لە بەرژەوەندی پەیەدەدا بوو چونکە پەیەدە سەرکەوتووی شەڕەکە بوو . بڕوانە ئەم لینکە :-
http://www.helwist.com/Nuseran/Celal%20Chwartaii/2013/26%20%202%20%20rikewtin%20sorye.htm
ئێستاش پاش شەڕێکی سەخت ڕێکەوتن لە ئارادایە لە نێوان کورد و تورکدا ، بە باوەڕی من ئەم ڕێکەوتنەش هەمووی لە بەرژەوەندی لایەنی کوردیدا دەبێت ، چونکە لە ساڵی ڕابردوودا کورد لە هەموو بوارەکاندا سەرکەوتنی بە دەست هێنا ، کە ئەمە بەشێکە لەو سەرکەوتنانە :-
1- دوو جار مانگرتن لە خواردن ئەنجام درا ، جارێک بۆ ماوەی 48 ڕۆژ لە ستراسبۆرگی فەڕەنسا و جارێکیش لە زیندانەکانی تورکیا و باکوری کوردستاندا بۆ ماوەی 63 ڕۆژ . هەردوو جارەکەش تورکیا زۆر هەوڵی دا کۆتایی بەو مانگرتنانە بێنێت و هەموو هەوڵەکانیشی نەزۆک دەرچوون ، تا لە سەر داوای بەڕێز ئۆجەلان کۆتایی بە مانگرتنەکان هات و گەورەترین سەرکەوتن بۆ نەتەوەی کورد و بەڕێز ئۆجەلان تۆمار کرا .
2- لە ناوچەکانی شەمزینان شەڕێکی سەخت ئەنجام درا ، لەو شەڕەدا پکک سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆمار کرد و تەنانەت ئەو شاخەشیان خستە ژێر دەستی خۆیان کە جێگەی گەشتیاری ئەردۆغان بوو . دەوڵەتی تورک خۆشیان نکۆڵیان لەو سەرکەوتنە نەکرد و گوتیان " لە سی ساڵی ڕابردوودا دەوڵەتی تورک شەڕی هێندە سەختی بە خۆیەوە نەبینیووە " .
3- دەوڵەتی تورک هاوکارییەکی زۆری ئارتەشی ئازادی سوریای کرد تاکو بتوانێت ڕۆژئاوای کوردستان لە دەستی پەیەدە دەربخات و ئەنجام بە دەست بێنێت ، بەڵام لە بەرامبەردا هەم ئارتەشی ئازاد تێکشکا و هەم دەوڵەتی تورک مایەپووچ بوو . ئەم سەرکەوتنەش چەندە بۆ ئارتەشی ئازاد کوشندە بوو سەد هێندە بۆ دەوڵەتی تورک گورچکبڕ بوو .
4- دەوڵەتی تورک بە هاوکاری ناتۆ هەوڵی زۆریدا تاکو بتوانێت پکک بێ کاریگەر بکات ، بۆ ئەم مەبەستەش سێ ژنی تێکۆشەری کوردیان تیرۆر کرد لە پاریس ، بەڵام ئەنجامەکەی نەک پکک بێ کاریگەر نەکرا بەڵکو بە خۆپیشاندانی سەدان هەزاری هەموو پیلانەکانی تورک و ناتۆ پوچەڵ کرایەوە .
5- تورک و ناتۆ زۆر هەوڵیاندا دەست بەسەر ئابووری پەکەکەدا بگرن ، بۆ ئەم مەبەستەش سەدان چالاکوانی کوردیان لە ئەوروپا ڕاپێچی زیندانەکان کرد ، بەڵام لە بەرامبەردا لایەنی کوردی "ڕومێلان و گرزیرۆ"یان لە ڕۆژئاوای کوردستان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان کە زۆرترین نەوتی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستانی لێ بەرهەم دەهێنرێت . ئەم سەرکەوتنەش هەموو هەوڵێکی تورک و ئەوروپای کردە بڵقی سەر ئاو .
ئەم پێنج خاڵەی سەرەوە بەشێکی کەمن لەو سەرکەوتنانەی کە لایەنی کوردی تۆماری کردووە لە ساڵی ڕابردوودا و ئەنجامی ئەو سەرکەوتنانەش هەم تورکیا ملکەچی ڕێکەوتن بوو و هەم ناتۆش گەیشتە ئەو باوەڕە کە لە ناوچوونی پکک مەحاڵە و دەبێت چارەسەری ئانجام بدرێت .
سەرەتایترین دەستکەوتەکانی ئەم ڕێکەوتنەی نێوان پکک و دەوڵەتی تورک :-
هەرچەند تا ئێستا ڕێکەوتن لە سەرەتادایە و ئەنجامەکەی دیار نییە ، بەڵام لەگەڵ ئەو سەرەتایەشدا چەندین دەستکەوتی گرنگ بە دەست هاتن ، کە ئەمە بەشێکن لەو دەستکەوتانە :-
1- ئەمریکا و ئیسرائیل و یەکێتی ئەوروپا و پەڕلەمان و کۆنسەی سەرۆکایەتی ئەوروپا و بانکی مۆنی سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر بە گەرمی پێشوازیان لە پەیامی بەڕێز ئۆجەلان و ڕێکەوتنی نێوان پکک و دەوڵەتی تورک کرد .
ئەم پێشوازیکردنەش گەورەترین سەرکەوتنی خەباتی سیاسی کوردانە و سەرەتایەکە بۆ دەرخستنی پکک لە لیستی تیرۆری ئەمریکا و ئەوروپادا ، چونکە دانانی پکک لە لیستی تیرۆردا زۆر ئاستەنگی بۆ لایەنی کوردی ساز کردبوو و کوردان نەیاندەتوانی بە سەربەستی ئەو خەباتەی کە مەبەستیانە لە ئەوروپادا ئەنجامی بدەن ، ئەمە جگە لەوەی کە بە تیرۆر ناساندنی پکک زیاتر دەستی دەوڵەتی تورکی ئاوەڵا دەکرد بۆ سەرکوتکردنی کوردان .
2- بەر لەم ڕێکەوتنە 11 جاری دیکە پکک ئاگربەستی یەکلایەنەی ڕاگەیاندبوو ، هەر جارەش دەوڵەتی تورک بە تیرۆر و ئاگر و ئاسن وەڵامی بانگەوازیەکانی پەکەکەی دابوویەوە . بەڵام ئەم جارەیان سەرکەوتنەکانی کوردان گەیشتە ئاستێک کە دەوڵەتی تورک دەستپێشخەری کرد بۆ دانوسان لەگەڵ ئیمراڵی و پەکەکەدا .
هەوڵدانی دەوڵەتی تورک بۆ دانوستان لەگەڵ پەکەکەدا پوچەڵکردنەوەی سیاسەتی 90 ساڵەی کەمالیەکانە کە باسیان لە "یەک دەوڵەت و یەک زمان و یەک نەتەوە و یەک ئاڵا" دەکرد .
3- ئەم ڕێکەوتنە گورزێکی کوشندە بوو بۆ ئەو دوژمن و ناحەزانەی کە دەیانخواست دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان زیندە بەچاڵ بکەن . چونکە ئەم ڕێکەوتنە هەم پێگەی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستانی زیاتر بەهیز کرد و هەم کۆتایی بە تەواوی ئەو مەترسیانەش هێنا کە لە ڕێگەی سنور داخستنەوە ئەنجام دەدران .
4- ئەم ڕێکەوتنە گورزێکی کوشندەیە لە جەرگی تەواوی ئەو خیانەتکارانەی کە بازرگانیان بە کوردانەوە دەکرد و لەسەر حسابی کوردانی باکوور دەستێکەلاویان لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا دەکرد .
5- ئەم ڕێکەوتنە بوارێکی زیاتر بۆ پژاک دەڕەخسێنێت کە کادرێکی زیاتر بخاتە نێو ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەبات لە ڕۆژهەڵاتدا پێشکەوتنێکی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت .
بۆچی کشانەوەی گەریلا بۆ دەرەوەی سنوورەکانی باکووری کوردستان ؟
زۆربەی ڕەخنەی ئەو بەڕێزانەی کە بە نێگەتیفی لەم ڕێکەوتنە دەڕوانن بریتیە لە پاشەکشە پێکردنی گەریلا بۆ دەرەوەی سنوورەکانی باکووری کوردستان ، هەڵبەت ڕەخنەکەشیان لە جێی خۆیدایە و پێویستە ئەو ڕەخنەیەش بگرن ، چونکە دڕندەیی داگیرکەران بە هیچ کوردێک نامۆ نییە . بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستە پەکەکەش ئەو کارە بکات بۆ ئەوەی تۆپەکە بخرێتە گۆڕەپانی دوژمنەوە و هیچ هۆکارێک نەبێتە هۆی تێکدانی ڕێکەوتنەکە .
چونکە لە ساڵی 1993دا کاتێک بۆ یەکەمین جار بە دەستپێشخەری تاڵەبانی ئاگربڕ هاتە ئاراوە لە نێوان ئۆزال و بەڕێز ئۆجەلاندا ، ژمارەیەک لە ژەنەراڵەکانی تورک کەوتنەخۆ بۆ تێکدانی ڕێکەوتنەکە . ئەو ژەنەراڵانە داوایان لە بارزانی کرد کە هاوکاریان بێت بۆ تێکدانی ڕێکەوتنەکە ، بارزانیش یەکێک لە بەرپرسەکانی پەکەکەی فریودا کە ناوی "شەمدین ساکک" بوو و پێی ڕاگەیاند کە ئەگەر ئەو ڕێکەوتنە تێکبدات ئەوا پکک دەخاتە دەستی ئەو ، ژەنەراڵە تورکەکانیش 33 سەربازی بێ چەکیان بە ناوی مۆڵەتدانەوە خستە نێو پاسێک و لە ڕێگەیەکەوە ناردیانن کە شەمدین ساککی لێ بوو ، شەمدین ساککیش لەسەر داوای بارزانی هەموو ئەو سەربازانەی کوشت و ڕێکەوتنەکە هەڵوەشایەوە ، پاش ئەم ڕووداوە شەمدین ساکک هەڵهاتە لای پارتی ، بارزانیش پارتێکی کارتۆنی بۆ دامەزراند بە ناوی "پکک ڤەژیاندن" واتە "سەرلەنوێ دروستکردنەوەی پکک" ، بەڵام کاتێک بارزانی هەستی کرد ئەم پارتە لەگەڵ لە دایکبوونیدا لەباریش چووە ، ئەو کات بۆ ئەوەی پیلانەکەی ئاشکرا نەبێت شەمدین ساککی ڕادەستی تورکیا کردەوە لە ڕێگەی فڕۆکەیەکەوە لە نێوان دهۆک و ئەتروشدا .
ئێستاش بۆ ئەوەی ڕووداوی هاوشێوە ڕوو نەداتەوە پێویستە پەکەکە تەدابیری پێویست وەربگرێت ، کە بە باوەڕی من پاشەکشە پێکردنی گەریلا بۆ دەرەوەی سنوورەکانی باکووری کوردستان گەورەترین تەدابیر وەرگرتنە و من هیچ بە هەڵەشی نازانم . چونکە ئیمڕۆ لە باکووری کوردستاندا بە غەیری خەباتی چەکداری خەباتێکی جەماوەری زۆر بەهێزیش لە ئارادایە ، ڕۆڵی ئەو خەباتە جەماوەریەش لە ڕۆڵی خەباتی چەکداری کەمتر نییە و لە تەواوی خۆپیشاندانەکاندا ئەو جەماوەرە ڕاپەڕیوە دەڵێن "پکک گەلە و گەل لێرەیە" . واتە ئەگەر گەریلاش پاشەکشەی دەرەوەی سنوورەکانی باکووری کوردستان بکات ئەوا ئەو جەماوەرە ڕۆڵی گەریلا دەبینێت و ڕێگە نادات هیچ بۆشاییەک دروست ببێت .
لەبەرئەوەی هێشتا سەرەتای ڕێکەوتنی نێوان پکک و دەوڵەتی تورکە و بڕیاردان لەسەر ڕێکەوتنەکە زۆر ئاسان نییە کە هەندێک بە تەسلیمبوونی پێناسە دەکەن و هەندێکی دیکە بە ئاشبەتاڵ .
هەندێکیش کە لە هەموو ژیانیاندا بەشداری تەنها خۆپیشاندانێکیشیان نەکردووە و هەموو ژیانیان لە خزمەتی دەسەڵاتداراندا بووە و لە هیچ گوتەیەکی ناشایستەش ناسڵەمێنەوە و وەکو بڕیاردەرێکیش خۆیان پێناسە دەکەن و دەڵێن "با گەریلا گوێ لە ئۆجەلان نەگرێت!" ، هەڵبەت ئەم داواکاریە تەنها داواکاری ئەو جۆرە کەسانە نییە و بەردەوام دەوڵەتی تورکیش هەمان بانگەوازی بۆ کوردان دەکرد و دەیگوت"با کوردان گوێ لە ئۆجەلان نەگرن" .
ئەمەش لینکی ژمارەیەک لەو نووسەرانەیە کە بە گومانەوە دەڕواننە پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان و ڕێکەوتننامەکە :-
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=a801313e
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=fdda22e5
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=838a382f
http://www.kurdistannet.org/2013/index.php?option=com_content&view=article&id=630:2013-03-23-07-34-20&catid=11:2012-01-01-20-11-37&Itemid=21
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=69e19de0
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=fdf9528b
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=b320af27
http://www.penusakan.com/gshty/babaty-halbzharda/12671-2013-03-23-13-15-15.html
http://www.penusakan.com/didaw-terwanin/12640-2013-03-22-13-24-20.html
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=3545cd6e
ئەمەش لینکی پشتگیریکردنە لە لایەن دامودەزگا نێو نەتەوەیەکان و بەشێک لە حیزب و نووسەران :-
http://rudaw.net/sorani/kurdistan/220320133
http://so.firatnews.com/news/roejnae/sh-lhh-dyn-dh-myrtsh-lh-sh-r-nwh-roekhy-dydrh-khh-yn-lh-gh-l-y-oejln-lydwnykhy-grngy-d.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/y-h-hmh-d-twrkh-rygy-y-oejln-rygmnh.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/sh-lhh-dyn-dh-myrtsh-pshtgyry-pywjoey-y-shty-dh-khh-yn.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/hkhwwmh-t-hh-rym-khwrdstn-pshtgyr-lh-hh-wlh-khn-y-sht-lh-twrkhy-dh-kht.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/y-h-mrykh-pyshwzy-lh-ph-ymh-khh-y-y-oejln-khrd-w-bwyrnh-wh-sfy-khrd.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/sh-roekhy-mpke-w-skhrtyry-gshty-ke-pshtgyry-y-oejlnyn-khrd.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/swoeboedn-pyshwzy-bngh-wzy-y-oejln-dh-khh-n.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/ynk-chwaeryy-y-aew-roejaeyn-y-aerdoegn-w-y-oejaeln-laekhoeshkhy-paerlaemnd-yaekhtr-laey-myz-bgrn.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/y-aemyndry-gshty-yaekhgrtww-paeymaekhh-y-y-oejaeln-qoengykhy-nwyyae-boe-daesaelt-wshoershgyarny-paekhaekhae.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/fh-rh-ns-pyshwzy-ph-ymh-khh-y-y-oejlny-khrd.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/y-lmn-ph-ymy-y-oejln-hh-ngwykhy-gh-wrh-yh.htm
http://www.kurdistannet.org/2013/index.php?option=com_content&view=article&id=609:2013-03-21-08-05-34&catid=2:2012-01-01-16-09-18&Itemid=32
http://www.welati.info/nuce.php?ziman=ar&id=6304&niviskar=-1&cure=3&kijan=
http://so.firatnews.com/news/roejnae/hh-r-dww-hzby-zh-hmh-tkhyshn-w-soesylyst-pshtgyry-lh-ph-ymh-khh-y-y-oejln-dh-khh-n.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/khoemh-ly-y-yslmy-pshtywny-khoey-boe-ph-ymh-khh-y-y-oejln-rgh-ynd.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/dyr-gaeryb-paeymy-rybaer-y-oejln-ph-ymykhy-myjwwyyh.htm
http://www.penusakan.com/gshty/babaty-halbzharda/12649-2013-03-22-15-40-23.html
http://www.penusakan.com/gshty/babaty-halbzharda/12659-2013-03-22-18-37-40.html
http://www.penusakan.com/didaw-terwanin/12639-2013-03-22-13-15-07.html
http://www.penusakan.com/didaw-terwanin/12627-2013-03-22-01-29-00.html
http://so.firatnews.com/news/roejnae/pjak-bh-hh-mww-shywh-yh-kh-pshtgyry-lh-m-qoenkhh-dh-khh-yn.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/hzb-y-yndh-y-khwrdstn-pshtgyry-dh-stpyshkhh-ryyh-khh-y-y-oejln-dh-khh-yn.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/twrkh-brykhy-qwrs-dh-khh-wyth-sh-rshny-gh-ly-khwrd-w-sysh-tmh-drny-khwrd.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/kcd-y-mdh-yn-hh-mww-y-h-rkhykhy-sh-rshnmn-jy-bh-jy-bkhh-yn.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/hh-r-dww-hzby-zh-hmh-tkhyshn-w-soesylyst-pshtgyry-lh-ph-ymh-khh-y-y-oejln-dh-khh-n.htm
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=f6d54292
ئەمەش لینکی پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلانە :-
http://so.firatnews.com/news/roejnae/y-oejln-y-h-mh-khoetyy-nyyh-bh-lkhw-dh-stpykhy-tykhoeshny-sysh-ty-dymwkhrtyyh.htm
ئەمەش لینکی دەنگدانەوەی پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلانە :-
http://so.firatnews.com/news/roejnae/y-oejln-y-h-mh-khoetyy-nyyh-bh-lkhw-dh-stpykhy-tykhoeshny-sysh-ty-dymwkhrtyyh.htm
جەلال چوارتایی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست