کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داود ئۆغڵو چ پەیامێکی پێیە بۆ کوردان ؟

Sunday, 05/08/2012, 12:00







زۆر شێوازی داگیرکاری بەکار هێنراوە بۆ سەرکوتکردنی کوردان ، بەڵام هیچ شێوازێک هێندەی شێوازی (پەرتکە و زاڵ بە) مەترسیدار نەبووە . هەر کاتێک داگیرکەران دووچاری بێچارەیی هاتبێتن ئەوا شێوازی پارجەکردن و تێکدانی یەکڕیزی کوردانیان بە بنچینە گرتووە . جێگەی داخە کە جێبەجێکەری هەموو پیلانە شومەکانی داگیرکەرانیش خودی سەرکردایەتی باشووری کوردستان و بە تایبەت سەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بووە .
لە هیچ کەسێک شاراوە نییە کە ساتوسەودا و دەستێکەڵاویەکانی سەرانی پارتی و داگیرکەران گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە هیچ هێڵێکی سوری لەبەردەم خۆیدا نەهێشتۆتەوە . ئەگەر دەسەڵاتدارانی پارتی لە توانای خۆیاندا بووبێت ئەوا ڕاستەوخۆ کەوتوونەتە خزمەتی داگیرکەران و شەڕی سەروماڵیان لەگەڵ کوردی هەموو پارچەکانی کوردستاندا کردووە ، خۆ ئەگەر لە توانای خۆشیاندا نەبووبێت ئەوا هانایان بردۆتە بەر دەستوپێوەندەکانیان لە پارچەکانی دیکەدا بۆ تێکدانی یەکڕیزی کوردان .
گەمەیەکی سەرسوڕهێنەر :-
لەگەڵ پێشکەوتنەکانی نەتەوەکەمان لە ڕۆژئاوی کوردستاندا ، دەسەڵاتدارانی پارتیش کەوتنە خۆ بۆ ڕێگەگرتن لەو پێشکەوتنانە . ساتێک لە ڕێگەی پەیوەستکردنی موچەخۆرەکانیان بە ئەنجومەنی نیشتمانی سوریای دروستکراوی تورکیا و ساتێک لە ڕێگەی گەورەکردنی کۆنە بەعسیەکانی هاوشێوەی سەلاح بەدرەدین و ناردنیان بۆ تورکیا ، ساتێک لە ڕێگەی لێکدابڕانی کوردان لە ژێر ناوی (کۆنفرانس بۆ کوردانی سوریا) و ساتێک لە ڕێگەی ناردنی هێزی پێشمەرگە بە ناوی (پاراستنی کوردانی سوریا) بەڵام لە ڕاستیدا بۆ ڕێگەگرتن لە ئازادیخوازانی نەتەوەکەمان ، ساتێک لە ڕێگەی گەشتە یەک لە دوای یەکەکانی بارزانی بۆ ئەنقەرە و ساتێکیش بە بانگێشتکردنی دژەکوردێکی وەکو بورهان غەلیون و خۆفرۆشێکی وەکوعبد الباست سەیدا بۆ هەولێر .
دواین سیناریۆش هاتنی وەزیری دەرەوەی تورکیا " ئەحمەد داود ئۆغڵو " بوو بۆ هەولێر و پێشوازیکردنی گەرموگوڕی بەرپرسان لەو دژە کوردە و هاوسۆزینیشاندانیان بۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک . جگە لەوەی داود ئۆغڵو لە ئامێز گیرا لە هەمان کاتدا ئەم سۆز و پەیمانەشیان پێدا :-
(هەردوولا نیگەرانی زۆری خۆیان لەبارەی ناسەقامگیری و فەوزا لە سوریا دەربڕی و جەختیان لەوە كردەوە، كە هەر هەووڵێك بۆ قواستنەوەی بۆشایی دەسەڵات لەلایەن هەر گرووپ و رێكخراوێكی توندوتیژەوە بەهەڕەشەی هاوبەش دادەنرێ و پێویستە بەهاوبەشی چارەسەر بكرێ . پێویستە سوریای نوێ لە هەر گرووپ یا رێكخراوێكی توندڕەو و تیرۆریست خاڵی بێت و هەردوولا رێككەوتن لەسەر بەردەوامی راوێژكردن و هاریكاری بەشێوەیەك لە بەرژەوەندی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەكە دابێت) .
شەرمە زاری مێژوو ئەو کەسانەن کە ڕاستیەکان دەشێوێنن ، ئایا دەبێت کێ توندڕەو و توندئاژۆ بێت و کێش هەوڵی ناسەقامگیری بدات ؟
گومان لەوەدا نییە کە هیچ داگیرکەرێک هێندەی دەوڵەتی تورک دوژمنی سەرسەختی کوردان نەبوە و هیچ لایەنێکیش هێندەی ئەو لایەنانە توندئاژو و توندڕەو نەبوون کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە گۆش دەکرێن ، نموونەی هەرە بەرچاویشیان ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا و سوپای بەناو ئازادە کە دەیان کۆمەڵکوژیان لەم ساڵ و نیوەدا ئەنجام داوە و شەڕیان خستۆتە نێو هەموو ماڵێکی زەحمەتکێشانی سوریاوە و بوونەتە هۆی کوشتنی دەیان‌هەزار سڤیل و ئاوارەکردنی سەدان‌هەزاری دیکە و مەزنترین مەترسیشن بۆ دواڕۆژی نەتەوەکەمان ، دڕندایەتی ئیخوان الموسلمین و سوپا بەناو ئازادەکەیان ئەگەر لە دڕندایەتی بەعسیەکان زیاتر نەبێت ئەوا کەمتر نییە . بڕوانە ئەم لینکانەی خوارەوە :-
http://www.chatrpress.com/Detail.aspx?id=9280&LinkID=8
http://rudaw.net/kurdish/index.php/rojava/15960.html
لە هەمان کاتدا هیچ لایەنێک هێندەی " پەیەدە " ئاشتیخواز نەبووە و بە شێوەیەکی سەردەمیانە و دوور لە توند و تیژی هەنگاوی هەڵ نەهێناوە بۆ چارەکردنی هەموو گرفتەکان ، ئەوە پەیەدە بوو کە ڕۆژئاوای کوردستانی لە کۆمەڵکوژی پاراست و سەدان ناوەندی جەماوەری و ڕۆشنبیری دامەزراند ، ئەوە پەیەدە بوو کە ژنان و پیاوانی بەشدار لە خۆپیشاندانەکاندا کرد و دوور لە توند و تیژی زۆربەی شار و گوندەکانی لە دەست داگیرکەر دەرهێنا . کەچی سەرسوڕمان ئەوەیە کە بارزانی پەنجەی توندڕەوی بۆ پەیەدە درێژ دەکات و ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا و سوپا بەناو ئازادەکەیان بە شۆڕشگێران پێناسە دەکات .
تا ئێستا پەیەدە دەستی بۆ چەک نەبردووە کەچی لەلایەن بارزانیەوە بە توند ڕەو ناو دەبرێن ، ماوەیەک بەر لە ئێستاش لەلایەن مەلا عەبدوڵای حەسەنزادەوە چەندەها تۆمەتی وەک " بەرچاوتەنگ " ئاڕاستەی پەیەدە کرا بە بیانووی ئەوەی کە کردەوەی چەکداری ئەنجام نادات و کوردان لە گێژاو نانێت . بڕوانە ئەم لینکە :-
http://rojnews.org/index.php?option=com_k2&view=item&id=328:kewane&Itemid=206
ئەی دەبێت چارە چی بێت ؟ کاتێک لە ڕێگەی خەباتی جەماوەریەوە داخوازیەکانت دێنیتە زمان بە بەرچاوتەنگت پێناسە دەکەن و کاتێکیش هەوڵی پاکسازی شار و گوندەکان دەدەیت بە توندڕەوت تۆمەتبار دەکەن !؟
لێرەدا چەندین پرسیار ڕووبەڕووی سەرۆکی هەرێم دەبێتەوە :-
١- ئاشکرایە کە سەردانی داود ئۆغڵو بۆ تێکدانی یەکڕیزی کوردانە ، ئەگەر ئێوەش هەمان ویستی داود ئۆغڵوتان هەیە ئەی بۆچی لە ١١ی تەموزدا هەوڵی لێکنزیک کردنەوەی هەردوو ئەمجومەنی (گەلی ڕۆژئاوا و نیشتمانی کوردی سوریا)تان دا ؟ بڕوانە ئەم لینکە :-
http://www.chatrpress.com/Detail.aspx?id=9181&LinkID=3
٢- هەر خودی بارزانی دەیگوت (باوی شەڕی چەکداری نەماوە و پێویستە چەکەکان خامۆش بکرێن) ، ئەی هەوڵدان بۆ ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان چ مەرامێکی لە پشتە ؟ بڕوانە ئەم لینکە :-
http://www.chatrpress.com/Detail.aspx?id=9167&LinkID=7
٣- ڕۆژانە ناوچەکانی جەلەولا و سەعدیە دووچاری کۆمەڵکوژی دەبن و پاراستنیشیان لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمدایە ، ئەی بۆچی هێزی پێشمەرگە نانێرنە ئەو ناوچانە ؟ بڕوانە ئەم لینکە :-
http://www.chatrpress.com/Detail.aspx?id=9318&LinkID=3

سیاسەتی دوو فاقی :-
پیسترین دیاردەی لایەنە کلاسیکیەکان سیاسەتی دوو فاقی بووە ، لەو سیاسەتەدا هەموو شتێک دەکرێتە قوربانی لە پێناوی بە دەسەڵات گەیشتن‌دا ، بۆ نموونە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە لایەکەوە هاودەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو لە حکومەت و پەڕلەماندا لە لایەکیشەوە لە پێناوی باڵا دەستیدا گەورەترین هاوکاری داگیرکەران و بە تایبەت بەعسیەکان بوو بۆ لاوازکردنی هاوخوێنەکەنی . حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەکەوە هاوئامانجی کۆمەڵە بوو لە لایەکی دیکەشەوە بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتی ڕەها جاڕی شەڕی سەرتاسەری دژ بە کۆمەڵە و دانیشتنی نهێنیشی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا ئەنجام دەدا . ئێستاش ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریا "کە زادەی چواردە حیزبی کلاسیکە" لە لایەکەوە پەیمانی ستراتیژی لەگەڵ ئەنجومەنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان واژۆ دەکات و لە لایەکی دیکەشەوە بۆ بە دەستهێنانی هەندێک دەسەڵاتی حیزبایەتی دانیشتنی نهێنی لەگەڵ سەرسەختترین دوژمنی نەتەوەکەماندا "واتە تورکیا" ئەنجام دەدات . ئەمە لە کاتێکدایە کە هێشتا مەرەکەنی واژۆکردنی ڕێکەوتننامەکەی هەولێریان وشک نەبۆتەوە . بڕوانە ئەم لینکانەی خوارەوە :-
http://rudaw.net/kurdish/index.php/rojava/16080.html
http://rudaw.net/kurdish/index.php/rojava/16081.html
ئایا ئەم هەڵوێستە نەشیاوەی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریا ئەوە ناگەیەنێت کە تەنها بۆ دەسەڵاتداری بوونەتە هاوپەیمانی ئەنجومەنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان و بۆ خزمەتکردنیش هاوکاری داگیرکەرانن ؟ یان ئەوەتا نیازیان لەم هاوپەیمانیە تەنها ئەوە بووە تاوەکو لەو ڕێگەیەوە خۆیان لە تورکیا نزیک بکەنەوە و پەیامێکیش بە ئیخوان الموسلمین بدەن و بڵێن (ئەگەر لە دەسەڵاتدارێتی دوای بەعسیەکاندا چەند پۆستێکی کارتۆنیمان پێ نەبڕێت ئەوا هانا دەبەینە بەر پەیەدە بۆ خزمەتکردنی کوردان) واتە دووبارەکردنەوەی هەمان ئاکار و کردەوە چەپەڵەکانی ڕابردووی یەکێتی و پارتی کە پشکی شێریان بەرکەوت لە بنیاد نانەوەی داگیرکەری نوێی عێراق و زیاتر ئاڵۆزکردنی ناوچە دابڕاوەکان لە پێناو بە دەستهێنانی چەند پۆستێکی بەغدادا .
لە نێوان هەولێر و کەرکوک‌دا :-
هاتنی داود ئۆغڵو بۆ شاری هەولێر بۆ قەیران دروستکردنە لە نێوان لایەنە کوردیەکان و تێکدانی یەکڕیزیانە ، ئەمەش ڕاستەوخۆ لەو پەیامە دوو قۆڵییەی بارزانی و ئۆغڵودا بە دەر کەوت کە دەڵێن (هەردوولا نیگەرانی زۆری خۆیان لەبارەی ناسەقامگیری و فەوزا لە سوریا دەربڕی و جەختیان لەوە كردەوە، كە هەر هەووڵێك بۆ قواستنەوەی بۆشایی دەسەڵات لەلایەن هەر گرووپ و رێكخراوێكی توندوتیژەوە بەهەڕەشەی هاوبەش دادەنرێ و پێویستە بەهاوبەشی چارەسەر بكرێ) . ئەمە جگە لە هەڕەشە بێ ناوەڕۆکەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کوردانی ڕۆژئاوا . بڕوانە ئەم لینکانە :-

http://www.hawlati.co/babetekan/23757
http://rudaw.net/kurdish/index.php/rojava/16123-PYD.html

چوونی داود ئۆغڵو بۆ کەرکوکیش ئەگەر پەیامێکی کوشندەتری پێ نەبێت لەوەی هەولێر ئەوا چاکتری لێ چاوەڕی ناکرێت ، چونکە لە لایەکەوە قەیرانی نێوان هەرێم و عێراق زیاتر دەکات ، لە لایەکی دیکەشەوە هەڕەشەیەکە لە کوردانی دەکات و پێیان دەڵێت کە کەرکوک هیچ پەیوەندییەکی بە کوردستانەوە نییە و تەنانەت وەکو شارێکی تورکیش هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکات . بڕوانە ئەم لینکە :-

http://www.pcdk.org/kurdi/page.php?sid=12988#TOP

دووبارە بوونەوەی مێژوو :-
دەبێت دەسەڵاتدارانی پارتی دەرس لە ساڵی ١٩٧٥ وەربگرن و هەوڵ نەدەن ئەو مێژووە پیسە دووبارە بکەنەوە ، چونکە لەو ساڵەدا تەواو خۆیان خستە ژێر فەرمانی شای ئێران و لەو پێناوەشدا سەرکوتی هەموو ئازادیخوازانی ڕۆژهەڵاتیان کرد ، کەچی ئەنجامەکەی بەو ئاشبەتاڵە کۆتایی هات کە لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا هەموو شتێک تەواو بوو .
ئەگەر ئیمڕۆ بخوازن هەمان دیرۆکی شومی ١٩٧٥ دووبارە بکەنەوە و ئێران بە تورکیا بگۆڕنەوە ئەوا ئەو ڕاستیە هەیە کە ئەردۆغان لە شا فاشستترە و تورکیاش لە ئێران سەرسەختترە . ئەگەر لە ئاشبەتاڵەکەی ١٩٧٥دا جێگەیەکیان لە کەرەج و تاران بۆ دابین کرا ئەوا لە ئاشبەتاڵیکی دیکەدا بە غەیری زبڵدانی مێژوو هیچ جێگەیەکیان بۆ نامێنێتەوە .




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە