کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پیلانە شاراوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق

Saturday, 29/03/2014, 12:00



پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق گرێدراوترین لایەنی کوردیە بە داگیرکەرانی کوردستانەوە ، ئەم لایەنە تا ئەو کاتەی لە توانایدا بێت ڕاستەوخۆ کەوتۆتە خزمەتی داگیرکەران بۆ تیرۆرکردنی شۆڕشگێڕان و لەم بوارەدا نموونە هێجگار زۆرە و پێویست بە وردەکاری ناکات .
هەر کاتێکیش لە توانایدا نەبووبێت فەرمانی داگیرکەران بەجێ بگەیەنێت ئەو کات هانای بردۆتە بەر دەزگا بەد کردەوەکەی پاراستن بۆ شێواندنی ڕاستیەکان و لە خشتەبردنی کۆمەڵگا . پێش ئەوەی بێمە سەر ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ، خراپ نیە ئەگەر دوو نموونە بهێنینەوە :-

1- پاش هەڵهاتنی شای ئێران ، ڕەوشێکی هاوشێوەی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان هاتە ئاراوە بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات ، ئەوکات کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی شەڕی داسەپاوی عێراق و دابڕانی لە جیهان لە توانایدا نەبوو ڕۆژهەڵات خەڵتانی خوێن بکات ، هەر بۆیەش ئەو ئەرکەیان سپاردە قیادە مۆقەتە (پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقی ئێستا) ، پارتیش بەهۆی ڕوودانی ئاشبەتاڵ و دابڕانیان لە کۆمەڵگا لە توانایدا نەبوو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هاوشێوەی ساڵەکانی 1967 و 1968 بکەوێتە دژایەتیکردنی کوردانی ڕۆژهەڵات و سەرکوتیان بکات ، بۆ ئەم مەبەستەش دەبوو بیانوویەک بدۆزێتەوە بۆ سەرکوتکردنیان ، باشترین بیانووش دەرهێنانی تەرمی مەلا مستەفا بوو لە ڕێگەی دەزگای پاراستنەوە .
دوا بە دوای دەرهێنانی تەرمەکە ڕاستەوخۆ کەوتە خۆ بۆ سەرکوتکردنی کوردان و تەواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان دایەوە دەست کۆماری ئیسلامی ئێران و ئاشبەتاڵێکی هاوشێوەی ئاشبەتاڵەکەی 1975یان بە دیموکرات و کۆمەڵە کرد ، ئەمەش جێبەجێ کردنی گوتە با نەوبانگەکەی ئیدریس بارزانی بوو کە دەیگوت "ئەگەر شۆڕشمان پێ نەکرێت ، شۆڕشمان پێ تێک دەدرێت " ، واتە ئەوەی تەرمی مەلا مستەفای دەرهێنا خودی سەرانی پارتی و دەزگای پاراستن بۆ خۆیان بوون ، بەڵام ئەوەی تاوانبار کرا بەو ڕووداوە کوردانی ڕۆژهەڵات بوون ، ئەمەش بوویە هۆی ئەوەی کە لە پێناوی مردوویەکدا گەلێکی زیندوو بکوژرێت .

2- پاش بەرپابوونی شەڕی نێوان یەکێتی و پارتی(دوای ڕاپەڕین) ، ناوچەی "دەرکار عەجەم"ی سەر بە شاری زاخۆ کەوتە دەست هێزەکانی یەکێتی ، ئەم ناوچەیەش زۆر نزیک بوو لە خاڵی گومرگی برایم خەلیل و لە هەر کاتێکدا یەکێتی دەیتوانی ئاستەنگی بۆ پارتی ساز بکات ، پارتی چەندین جار هەموو هێزی خۆی تاقیکردەوە بەڵام نەیتوانی ئەو ناوچەیە لە دەست هێزەکانی یەکێتی دەربێنێت ، لەبەرئەوەی سەرپەرشتیاری هێزەکانی یەکێتی پێشمەرگەیەکی زۆر تێکۆشەر بوو بە ناوی "سەعید عەبدوڵا " و سەر بە عەشیرەتی سندی بوو ، ئەو عەشیرەتەش وەک دژبەرێکی سەرسەختی پارتی دەهاتنە ئەژمار لە ناوچەی زاخۆ .
پارتی بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو مەترسیە لەسەر خۆی لاببات دەبوو پیلانێکی شاراوە ئەنجام بدات و چەندین نیشانە بە گولەیەک بپێکێت ، بۆ ئەم مەبەستەش لە ڕێگەی دەزگای پاراستنەوە تەقینەوە جەرگبڕەکەی زاخۆیان ئەنجامدا کە زیاتر لە 100 سڤیلی تێدا کوژرا ، تەقینەوەکە لە بازاڕێکی شاری زاخۆ ئەنجام درا کە تەواوی خەڵکی ئەو بازاڕە سەر بە عەشیرەتی سندی بوون ، ڕاستەوخۆ پارتی ئەو تاوانەی خستە ئەستۆی یەکێتی و لە ڕاگەیاندنەکانەوە ڕایگەیاند کە کۆسرەت ڕەسوڵ لە ڕێگەی سەعید عەبدوڵاوە ئەم تەقینەوەیەی ئەنجام داوە ، واتە (ئەوەی لەو تەقینەوەیەدا کوژرا سندی بوون کە دژ بە پارتی بوون ، ئەوەی کە تاوانباریش کرا بەو کردەوەیە سەعید عەبدوڵا بوو کە لە کەسە ناودارەکانی عەشیرەتی سندی بوو) . پاش ڕووداوەکە بیانوویەکی باش کەوتە دەست پارتی کە هێرش بکاتە سەر ناوچەی "دەرکار عەجەم" بە هاوکاری دەوڵەتی تورک و سەدان بێتاوانی دیکەی سندی لە ناوچەکە بکوژێت و ناوچەکەش بخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆی .
دووبارە بوونەوەی تاوانەکان :-
ئێستا شۆڕشێکی هاوچەرخ لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرپا بووە ، شۆڕشێک کە سەرنجی هەموو جیهانی بە لای خۆیدا ڕاکێشاوە و کوردی هەموو جیهان بە چاوێکی پڕ لە ئومێدەوە لێی دەڕوانن ، ئەم شۆڕشە جگە لەوەی کە هەموو ڕۆژئاوای کوردستانی بە کەمترین زیانەوە لە دەست بەعسیەکان ئازاد کرد ، لە هەمان کاتدا ڕێگری کرد لە هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی و توانیان چۆک بە سیاسەتی دەوڵەتی تورک و تەواوی ئەو هێزە کۆنەپەرستانەش بێنن کە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە پشتیوانیان لێ دەکرا وەک " داعش و جەبهە النوسرە و ئارتەشی ئازاد " .
هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە ، پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق کەوتە ئاژاوەگێڕی بۆ سەرکوتکردنی شۆڕش لەو پارچەیەدا ، ساتێک لە ڕێگەی دووبەرەکی سازکردن و ساتێک لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ دووبارەکردنەوەی سیاسەتی خیانەتکارانەی "فیفتی فیفتی" ، ساتێک لە ڕێگەی هاندانی ئەو پارتە بەکرێگیراوانەی کە لە ئوتێلە پێنج ئەستێرەیەکانی شاری هەولێر دانیشتوون و ساتێک لە ڕێگەی سازکردنی کەتیبەی چەکداری بەکرێگیراو ، ساتێک لە ڕێگەی درۆ سازکردن بۆ ناشیرین کردنی شۆڕشگێڕان و ساتێک لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ شکاندنی بەڕێز ساڵح موسلمی هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی"پەیەدە" ، ساتێک لە ڕێگەی هاوکاریکردنی جەبهە النوسرە و ئارتەشی ئازاد بۆ هێرش کردنە سەر دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و ساتێک لە ڕێگەی داخستنی سنوور و داڕشتنی پیلانی ژەهراوی لەگەڵ دەوڵەتی تورک دژ بەو شۆڕشە .
پاش ئەوەی هەموو هەوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق نەزۆک دەرچوون ، ئەو کات خودی مەسعود بارزانی ئەوەی لە دڵیدا حەشاری دابوو بەسەر ڕۆژئاوادا هەڵی ڕشت و گوتی (لە ڕۆژئاوای کوردستان شتێک نییە بە ناوی شۆڕش) . هەڵبەت ئەم گوتەیە جگە لە شەرمەزاری بۆ مەسعود بارزانی هیچ شتێکی دیکەی لێ شین نەبوو ، چونکە ئەوەی لە ڕۆژئاوا ڕوو دەدات لە ڕاستیدا " شۆڕشێکە لە نێو شۆڕش "دا و نەک تەنها کوردان بەڵکو تەواوی چاودێر و سیاسەتمەدارانی جیهانیش ددان بەو ڕاستیەدا دەنێن و دەڵێن (لە سوریادا تەنها کوردەکان توانیویانە شۆڕش وەک خۆی بهێڵنەوە و برایەتی گەلان بپارێزن) .
کاتێک تەواوی پیلانەکانی پارتی و بارزانی دژ بە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بوونە بڵقی سەر ئاو ئەو کات دەخوازن لە ڕێگەی دەزگای پاراستنەوە کەسایەتی کوردی ڕۆژئاوا بشکێنن لە ئۆروگاکانی باشووری کوردستاندا ، دانیشتوانی ئەو ئۆردوگایانەش دەکرێن بە دوو بەشەوە :-
بەشێکیان بریتین لەو کوردانەی کە دانیشتووی شارەکانی دێمەشق و حەلەب بوون و بەهۆی شەڕەوە هەموو شتێکیان لە دەست داوە و هانایان بردۆتە بەر باشووری کوردستان ، بەشێکیشیان بریتین لەو کوردانەی کە فریوی گوتە بریقەدارەکانی بارزانیان خوارد ، چونکە ماوەی دوو ساڵە پیلانێکی نهێنی لە نێوان بارزانی و دەوڵەتی تورکدا واژۆ کراوە بۆ کۆچبەرکردنی کوردانی ڕۆژئاوا .
دەزگای پاراستنیش کەوتۆتە ناو زڕاندنی ئەو کوردە ئاوارانە و ڕۆژانە گوتەی سوک و ناشیرین ئاڕاستەی کچ و ژنەکانیان دەکەن ، نوێترین کردەوەی دەزگای پاراستنیش بریتییە لە بڕینی خۆراک لەسەر ئۆردوگاکان و مەرجی دەزگای پاراستن ئەوەیە کە دەبێت تەنها کچەکان بچن بۆ وەرگرتنی بەشە خۆراک دەنا خواردن بە هیچ خانەوادەیەک نادرێت (هەڵبەت ئاشکرایە مەبەست لەم مەرجە چییە!!!).
ئەم کردەوە چەپەڵەی پارتی و پاراستن بۆ دوو مەبەستە :- مەبەستێکیان ئەوەیە کە کەسایەتی کوردانی ڕۆژئاوا بشکێنن و مەبەستەکەی دیکەشیان ئەوەیە کە سەرنجی کوردانی باشوور لەسەر شۆڕشی ڕۆژئاوا لابدەن و کوردانی باشوور بە چاوێکی سوکەوە هەم لە کوردانی ڕۆژئاوا و هەم لە شۆڕشەکەیان بڕوانن .
بیرهێنانەوەیەکی دڵ تەزێن :-
ئۆردوگای قوشتەپە پەیوەست بوو بەو بارزانیانەوە کە ڕژێمی بەعسی فاشی گوندەکانی ڕوخاندبوون ، پاش ئانفالکردنی پیاوەکانیان بە غەیری ژن و منداڵ هیچ کەسێکی دیکە لەو ئۆردوگایەدا نەمابوو و چواردەوری ئۆردوگاکەش بە سەربازگە تەنرابوو ، بەعسیەکان ڕۆژانە سەربازی ئەو سەربازگانەیان دەنارد بۆ دەستدرێژی کردنە سەر ئەو ژن و کچە بەڕێزانەی کە پیاوەکانیان ئەنفال کرابوون و دەست درێژیەکی دوور لە هەموو بەهایەکی ئینسانیشیان دەکردە سەر هەموو ئەو خانمە بەڕێزانە ، هەڵبەت ئەم کردەوەیەی بەعسیەکان بۆ شکاندنی کەسایەتی کورد بوو بەڵام لە ڕاستیدا جگە لە وەحشیگەری بەعسیەکان و ماهیەتی فاشیانەی دارودەستەی سەدام حسێن زیاتر هیچ شتێکی دیکەی نە دەسەلماند .
ئەوەی دوێنێ بەعسیەکان دژ بە تەواوی کوردانی باشوور و بە تایبەتیش دژ بە ژن و کچانی بارزانی ئەنجامیان دەدا کەچی ئیمڕۆ پارتی و بارزانی هەمان کردەوە دژ بە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان لە ئۆردوگاکاندا ئەنجام دەدەن ، هەڵبەت ئەم کردەوە چەپەڵەی دەزگای پاراستن نابێتە هۆی ناشیرین کردنی کوردانی ڕۆژئاوا بەڵکو ڕاستینەی زهنیەتی بۆگەنی سەرانی پارتی و دەزگای پاراستن نیشان دەدات ، چونکە بۆ هەموو کەسێک ئاشکرایە کە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان نیشانەی خۆڕاگری و بە شکۆ هێشتنەوەی کۆمەڵگای کوردەواری بوون و تەنانەت بستێکی خاکی کوردستانی گەورە نەماوە کە بە خوێنی کچان و کوڕانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕەنگین نەکرابێت .

لێرەدا چەندین پرسیار خۆی قوت دەکاتەوە :-
1- تەنها یەک کەس نەماوە لە باشووری کوردستاندا کە دووچاری ئاوارەیی نەبووبێت ، هەمووشمان دەزانین کە کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان بە چ شێوەیەک دەرگای ماڵەکانیان بۆ خستینە سەر پشت و پارووی دەمی منداڵەکانی خۆیان دەرخواردی ئێمە دەدا ، ئایا لە کوێیە ویژدانی زیندوو کە ئاوها کوردانی باشوور بێ هەڵوێستن لە بەرامبەر ئەم کردەوە قێزەونانەی دەزگای پاراستن و سەرانی پارتی‌ بەرامبەر بە کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان و بە تایبەتیش بەرامبەر بە ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ؟
2- لەبەر چاوماندایە کە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان چ شۆڕشگێڕێکن و بە تایبەتیش کچانی شۆڕشگێڕ کە شان بە شانی پیاوان هەموو گۆڕەپانەکانی خەباتیان پڕ کردۆتەوە و دژ بە هەموو داگیرکەرانی کوردستان وەستاونەتەوە . ئایا بە چ شێوەیەک ڕێگە دەدرێت سەرانی پارتی ئاوها بێ حورمەتی بەو کەسانە بکەن لە کاتێکدا لە هیچ کەسێک شاراوە نییە کە سەرانی پارتی پەلکێشکەری هەموو داگیرکەرانی کوردستان بوون ؟
3- ئایا بە چ شێوەیەک ئەو ئاوارە بەڕێزانەی ڕۆژئاوای کوردستان قبووڵی دەکەن کە ئاوها بێ حورمەتیان پێ بکرێت لە لایەن سەرانی پارتیەوە ؟ کە بە باوەڕی من ئەگەر بە برسێتی بمرن لە ڕۆژئاوادا زۆر شکۆمەندترە وەک لەوەی لە ژێر دەسەڵاتی پارتی و بارزانیدا بە تێری بژین .



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە