لە ڕاپه‌ڕینەوە تا کۆڕەو - بەشی پێنجەم
Wednesday, 20/03/2013, 12:00
بەشی پێنجەم - دیاردەی سەرنجڕاکێش و ئامانجەکانی ڕاپەڕین :-
یەکێک لە سامناکترین دیاردەکانی ساڵی 1991 بریتی بوو لە دیاردەی کۆڕەو ، ئەو دیاردەیەی کە بە ملیۆنان مرۆڤی کورد دوچاری ئاوارەیی هاتن لە ژێر لێزمەی باران و بەفردا ، لەو کۆڕەوەدا زۆربەی نەخۆش و منداڵ لەناوچوون و بەشێکی زۆری خەڵکیش بە پێی پەتی سنووری مینڕێژکراویان بڕی ، ئەگەرچی ئەم دیاردانە هەمووی دڵتەزێن و سەرنجڕاکێش بوون بەڵام هیچ شتێک هێندەی دوو کردەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق سەرنجی منی ڕانەکێشا کە بریتی بوون لە :-
1- لە کاتی کۆڕەوەکەدا بەرپرسانی پارتی دەهاتنە لای خەڵکە ئاوارەکە و دەیانگوت (ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق هیچ ئاگادارییەکمان لە ڕاپەڕین نەبووە و بە هیچ شێوەیەک بەشداریشمان نەکردووە لەو ڕاپەڕینەدا ، لەبەرئەوە ئۆباڵی ئەو ئاوارەبوونەش ناکەوێتە ئەستۆی ئێمە) .
کەچی سەرسوڕمان ئەوەیە هەر ئەو پارتییەی کە دوێنی ئاگاداری ڕاپەڕین نەبوو ، ئیمڕۆ لە ڕاگەیاندنەکانیدا بەجۆرێک باس لە ڕاپەڕین دەکات و دەیکاتە بەرهەمی خۆی کە ئەگەر کەسێک سەردەمی ڕاپەڕینەکەی لە بیر نەبێت و بۆشی باس نەکرابێت وادەزانێت هەرچی ڕاپەڕین و دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینە بەرهەمی ماڵی بارزانی‌یە.
2- هێشتا خوێنی سەدان هەزار ئەنفالکراوی کورد وشک نەببوویەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق باوەشی بۆ هەموو ئەنفالکەران کردەوە و وەکو شۆڕشگێڕ پێناسەی کردن بەبێ ئەوەی حساب بۆ دەریایەک خوێنی میلەت بکات ، کەچی لە بەرامبەردا تەنها یەک کەسیان بە تاوانبار زانی بە ناوی "سالە خەیات" و گوللەبارانیان کرد ، لەبەرئەوەی سالە خەیات لە ڕابردوودا ئاغایەکی سەر بە پارتی تەسلیم بە حکومەتی عێراق کردبوو .
کاتێک پرسیار لە پارتیەکان دەکرا :- بۆچی سالە خەیاتتان کوشت ؟ ، یەکسەر وەڵامیان دەدایەوە و دەیانگوت (لەبەرئەوەی ئاغایەکی سەر بە پارتی ڕادەستی میری کردۆتەوە) .
هەر لە هەمان کاتدا ئەو پرسیارەیان لێ دەکرا :- ئەی بۆچی ئەو هەموو سەرۆک جاش و ئەنفالکەرەتان لە خۆ گرتووە کە سەدان هەزار مرۆڤی کوردیان ڕادەستی میری کردۆتەوە ؟ ، بەبێ وەستان وەڵامیان دەدایەوە و دەیانگوت (لەبەرئەوەی لێبوردنی گشتی دەرکراوە و هەموو تاوانبارێک دەبەخشرێت) .
لە ڕاپەڕیندا چ ئامانجێکمان بە دەست هێنا؟
ئامانج لە ڕاپەڕین بریتی بوو له ویستی گه‌ل ، ویستی گه‌لیش ئاشكرایه کە خۆی له ئازادی و سەرفرازی تاکەکانیدا دەبینێتەوە ، وه‌ك له ساڵی 2003 و له هه‌ڵبژاردندا 98.7%ی گه‌ل ده‌نگیان بە ئازادی و خۆ دەربازکردن لە داوی داگیرکەری عێراقی داوە، بەڵام دەسەڵاتداران نەک هەر ویستی گەلیان بە هەند وەرنەگرت بەڵکو ئێران و تورکیاشیان هێنایە نێو کایەکە و هەر لایەنە و خۆی گرێدا بە یەکێک لەو داگیرکەرانەوە .
ئامانجی کوردەکان بریتی بوو له چارەسەرکردنی گرفتەکان و کۆتایهێنان بە دیاردەی قێزەونی تەعریب ، نەک لە پێناو هاوبەشیکردن لە دەسەڵاتدا مادە ژەهراویەکانی 58 و 140ی بۆ بەرهەم بێت و گرفتەکانیش بەبێ چارەسەری بمێننەوە.
هەڵبەت کەم نین ئەو کوردانەی کە لە ڕابردووش‌دا هاوبەشییان کردووە لە دەسەڵاتی داگیرکەراندا ، بەڵام ئەنجامەکەی هیچ دەستکەوتێکی باشی نەبووە و بۆتە هۆی ئەوەی کە کوردان فریو بخۆن و زیاتریش دەستی داگیرکەران ئاوەڵا بێت بۆ قەڵاچۆکردنی نەتەوەکەمان .
فریوخواردنی کوردان بە هاوبەشیکردن لە دەسەڵاتدا ، بۆتە باشترین ئەزموون بۆ داگیرکەران و هەمیشە ئەو دیاردە قێزەونەیان دووبارە کرۆتەوە بۆ بێدەنگ کردنی کوردان تا ئەو کاتەی پێگەی خۆیان بەهێز کردۆتەوە ، دەنا لە خۆڕا نەبوو کە ئیخوان‌الموسلمینی سوریاش بەکرێگیراوێکی وەک "عبدالباست سەیدا"یان کردە سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا بۆ لە خشتەبردنی کوردان . بەڵام خۆشبەختانە پارتی یەکێتی دیموکراتی"پەیەدە" نەکەوتە نێو ئەو داوە و هەر زوو کوردانی لەو پیلانە ئاگادار کردەوە ، ئەنجامی لە دا‌و نەکەوتنی کوردانیش بە هەتیو مانەوەی عبدالباست سەیدا و فڕێدرانە دەرەوەی بوو لە هاوکێشەکەدا.
ئامانجی كورده‌كان بریتی نه‌بوو له خۆ خستنە نێو گرفتی نێوان شیعه و سوننه‌ی عێراق وەک ئیمڕۆ بەدی دەکرێت ، به‌ڵكو ئامانجی كورده‌كان بریتی بوو له پاراستنی گیانی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری و دابینكردنی ژیانێكی سه‌رفراز بۆ ڕۆڵه‌كانی.
ئامانجی کورده‌کان بریتی نه‌بوو له پاراستنی سنووری داگیرکه‌ران و ڕه‌وایه‌تیدان به داگیرکاری ، به‌ڵکو ئامانجی کورده‌کان بریتی بوو له ڕیسواکردنی عه‌قڵیه‌تی ناوچه‌گه‌ری و نه‌هێشتنی سنووری ده‌ستکرد و بنیاتنانی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی .
ئامانجی نه‌ته‌وه‌که‌مان بریتی نەبوو له به‌برا زانینی داگیرکه‌ران و به‌نامۆ بینینی کوردی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ، به‌ڵکو ئامانجی نه‌ته‌وه‌که‌مان بریتی بوو له هاوکاریکردنی کوردی هه‌موو بەشه‌کانی کوردستان و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن به‌رامبه‌ر به‌و هه‌موو تاوانه‌ی که دوژمنان پیاده‌ی ده‌که‌ن له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌که‌مان .
ئامانجی کوردەکان ئەوە نەبوو کە گرفتی حیزبایەتی بگاتە ئەو ئاستەی کە ڕه‌حم به شه‌هیده‌كانیش نه‌كرێت و گوریس له ملی په‌یكه‌ره‌كانیان بنرێت و به‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا كێش بكرێن ، وه‌ك ڕاكێشانی په‌یكه‌ری " شه‌هید ئارام" به‌دوای ئوتۆمبێلدا له‌پێش چاوی هه‌زاران خه‌ڵكی شاری سلێمانی ، به‌ڵام ئه‌و به‌عسیانه‌ی كه ده‌ستیان به خوێنی سه‌دان ڕۆڵه‌ی كورد سوور بوو نه‌ك هه‌ر په‌یكه‌ره‌كانیان نه‌ڕووخاندن به‌ڵكو ده‌یان پێشمه‌رگه‌شیان بۆ پاسه‌وانیكردنیان دانا وەک پاسه‌وانیکردنی په‌یکه‌ری "نازم ته‌بقچلی" خۆفرۆش له شاری كه‌ركوک ، ئه‌مه‌و هه‌زاران کردەوەی نابەجێی دیكه.
درێژەی هەیە ......
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست