کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕاپه‌ڕین و ئامانجه‌کانی- چاوه‌ڕوانیمان چی بوو له‌ ڕاپه‌ڕین و چیمان به‌ده‌ست هێنا ؟

Monday, 06/04/2009, 12:00


به‌شی سێ‌یه‌م و کۆتایی
ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ چاوه‌ڕوانیمان ده‌کرد خه‌ونێکی له‌ مێژینه‌ بوو ، ئه‌و خه‌ونه‌ش ئازادی نه‌ته‌وایه‌تی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بوو . به‌ڵام گێلێتی ئێمه‌ له‌وه‌دا بوو که‌ چاره‌نووسی خۆمان دایه‌وه‌ ده‌ستی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ سه‌رتاپای ژیانی ڕابردوویان له‌ هه‌ڵهاتن و ئاشبه‌تاڵ و کوردکوژی و ژیانی چاوه‌ڕوانیدا به‌سه‌ر بردبوو ، چاره‌نووسی خۆمان دایه‌وه‌ ده‌ستی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ڕێگاخۆشکه‌ری کۆمه‌ڵکوژی بارزانیه‌کان و ئه‌نفال و کیمیاباران بوون ، چاره‌نووسی خۆمان دایه‌وه‌ ده‌ستی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ شۆڕشیان کرده‌ قوربانی فه‌رده‌ تمه‌نی ئێرانی و سه‌فته‌ دۆلاری ئه‌مریکی ، چاره‌نووسی خۆمان دایه‌وه‌ ده‌ستی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ شۆڕشیان پێنه‌ده‌کرا و شۆڕشیان پێتێکده‌درا ، چاره‌نووسی خۆمان دایه‌وه‌ ده‌ستی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ داگیرکه‌ری عه‌لوه‌که‌ی سلێمانی و تاڵانکردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید و بڕینی ده‌ست و په‌نجه‌ی ئافره‌ته‌ شه‌هیده‌کانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ بوون بۆ خشڵ و زێڕی ده‌ست و په‌نجه‌یان .

ئه‌وه‌ی که‌ چاره‌نووسی خۆمان پێی سپارد هه‌ر سه‌رکرده‌کانی ڕابردوو بوون که‌ ئه‌م کرده‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ مشتێکه‌ له‌ ده‌ریایه‌کی تاوانه‌کانیان ، ئه‌و سه‌رکردانه‌ش که‌ دروستکراو و په‌روه‌رده‌کراوی داگیرکه‌ران بووبن و ئامانجه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان بکه‌نه‌ خه‌ونی هۆنراوه‌کان و خۆیان به‌ نامۆ به‌ میلله‌ت بزانن ئه‌وا هه‌ر ئه‌وه‌یان لێ چاوه‌ڕی ده‌کرێت که‌ 18 ساڵه‌ به‌سه‌ر میلله‌تی کوردیاندا هێناوه‌ ، ئه‌وه‌ی که‌ به‌سه‌ر میلله‌تی کوردیشیاندا هێنا له‌م 18 ساڵه‌دا بریتی بوو له‌ شه‌ڕی ناوخۆیی ، کردنی باشووری کوردستان به‌ بنکه‌ی سیخوڕی ئێرانی و تورکی و جیهانی ، کوشتنی هه‌زاران ئازادیخوازی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ، تیرۆرکردنی ده‌یان هه‌زار ئافره‌تی باشووری ، تاڵانکردنی ته‌واوی داهاتی نه‌ته‌وایه‌تیمان و هه‌زاران کرده‌وه‌ی دیکه‌ .

ئه‌م سه‌رکردانه‌ هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌ تایبه‌تیه‌کانی خۆیاندا بوون و به‌رپرسانی هه‌ردوو لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتداریش زۆر به‌زیاده‌وه به ئامانجه تایبه‌تیه‌‌كانی خۆیان گه‌یشتن له گیرفان پڕكردن، دزی و تاڵانی و ڕاووڕوتیكردن ، بێسه‌روشوێنكردن و له‌نێوبردن و ده‌ربه‌ده‌ركردنی ئازادیخوازان و ڕۆشنبیران ، بوژاندنه‌وه‌ی عه‌قڵیه‌تی عه‌شایه‌رگه‌ری و ده‌ره‌به‌گایه‌تی و كۆنه‌په‌رستی ، گه‌شه‌پێدان و ده‌سه‌ڵاتداركردنی به‌عسی و جاش و فایلداره دژه كورده‌كان ، قه‌ڵاچۆكردنی شۆڕشگێڕانی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان به‌گشتی و باشوور به‌تایبه‌تی، ده‌ستتێكه‌ڵاوكردن و خۆبه‌ستنه‌وه‌یه‌كی زیاتر به داگیركه‌رانی كوردستان ، داگیركردنی مڵك و ماڵی كادرانی لایه‌نه‌كانی دیكه و دابه‌شكردنی به‌سه‌ر كه‌سانی لایه‌نگری خۆیاندا و سه‌رله‌نوێ بنیادنانه‌وه‌ی داگیرکه‌ری نوێی عێراقی ، ته‌نانه‌ت كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی كه ڕه‌حم به شه‌هیده‌كانیش نه‌كرێت و گوریس له ملی په‌یكه‌ره‌كانیان بنرێت و به‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا كێش بكرێن وه‌ك ڕاكێشانی په‌یكه‌ری "شه‌هید ئارام" به‌دوای ئوتۆمبێلدا له‌پێش چاوی هه‌زاران خه‌ڵكی شاری سلێمانی ؛ به‌ڵام ئه‌و به‌عسیانه‌ی كه ده‌ستیان به‌ خوێنی سه‌دان ڕۆڵه‌ی كورد سوور بوو نه‌ك هه‌ر په‌یكه‌ره‌كانیان نه‌ڕووخاندن به‌ڵكو ده‌یان پێشمه‌رگه‌شیان بۆ پاسه‌وانیكردنیان دانان که‌ باشترین نمونه‌ش پاسه‌وانیکردنی په‌یکه‌ری "نازم ته‌بقچلی" بوو له شاری كه‌ركوک‌دا ، ئه‌مه‌و هه‌زاران و هه‌زاران تاوانی دیكه كه نه‌ك هه‌ر له بابه‌تێكی وادا ته‌واو نابێت به‌ڵكو ده‌یان په‌رتوكی پێویسته و مێژوویش ڕه‌حم به هیچ كه‌سێك ناكات.

كورده‌كان له باشووردا به چ ئامانجێكیان گه‌یشتن؟
ئامانجی كورده‌كان بریتییه له ویستی گه‌ل نه‌ك ویستی سه‌ركرده‌كان ، ویستی گه‌لیش زۆر ڕوون و ئاشكرایه‌ و بریتییه له ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی وه‌ك له‌ ساڵی 2003زاینی و له هه‌ڵبژاردندا 98.7% واته نزیكه‌ی 99%ی گه‌ل ده‌نگیان پێداوه‌ و ئه‌وه‌ی كه ده‌نگیشی به سه‌ربه‌خۆیی كوردستان نه‌داوه به‌بێ هیچ گومانێك سه‌ركرده‌كانی هه‌ردوو لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدار بوون.

ئامانجی كورده‌كان بریتییه له به‌ده‌ستهێنانی ڕزگاری هه‌تاهه‌تایی نه‌ك به‌ده‌ستهێنانی سه‌رۆككۆماری و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتێكی عه‌ره‌بی . عیسمه‌ت ئه‌نینۆ و توركۆت ئۆزال هه‌ردووكیان كورد بوون و سه‌رۆككۆماری توركیا بوون ، نوری سه‌عید و ته‌ها محێدین مه‌عروف و ته‌ها یاسین ڕه‌مه‌زان هه‌رسێكیان كورد بوون و سه‌رۆكوه‌زیر و جێگری سه‌رۆككۆمار و جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقی بوون یه‌ك به‌دوای یه‌كدا ، دوكتۆر كه‌ریم سه‌نجاوی كورد بوو و وه‌زیری نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ش بوو له ئێران . ها ده‌ی ئه‌مانه جگه له خاكه‌ساری و ماڵوێرانی زیاتر بۆ كوردان چ سودێكیان هه‌بوو؟ بێگومان ئه‌وه‌ی سه‌رۆككۆمار و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مڕۆی عێراقیش به‌ده‌ستی ده‌هێنن نه‌ک هه‌ر هیچی له ئاكاره‌كانی ئه‌وان زیاتر نابێت به‌ڵکو زۆر مه‌ترسیدارتریش ده‌بن به‌و ناوی کوردایه‌تییه‌ی که‌ له‌ خۆیانیان ناوه له‌و جێگه‌یه‌دا ‌.

یه‌کێک له‌ هه‌ره‌ ڕۆژه‌ ناخۆشه‌کانی ژیانم بریتی بوو له‌و ڕۆژه‌ی که‌ گوێبیستی ئه‌وه‌ بووم که‌ تاڵه‌بانی بۆته‌ سه‌رۆککۆماری عێراق و جێگه‌که‌ی سه‌دامی گۆڕبه‌گۆڕی پێ به‌خشراوه‌ ، چونکه‌ چاوه‌ڕوانیه‌کانی من پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانیه‌کانی زۆربه‌ی هاوخوێنه‌کانم بوو که‌ ده‌یانگوت تاڵه‌بانی له‌ پێناوی ناوبانگی خۆیدا ئه‌م په‌له‌قاژه‌یه‌ ده‌کات . به‌ڵام من هه‌ر ئه‌و کات ده‌مگوت په‌له‌قاژیه‌کانی تاڵه‌بانی بۆ ناو و ناوبانگ نییه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌ به‌ هیچ شتێک ناوبانگی ده‌رنه‌کردبێت ئه‌وا به‌ کوردکوژیه‌کانی ناوبانگی ده‌رکردووه‌ . به‌ڵکو ئه‌م په‌له‌قاژیه‌یه‌ی تاڵه‌بانی ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌و جێگایه‌وه‌ بتوانێت هه‌موو ڕێسێکی کوردان بکاته‌وه‌ به‌ خوری و ئازادی و سه‌ربه‌خۆیش بکاته‌ خه‌ونی شاعیران ، چونکه‌ له‌و جێگه‌یه‌وه‌ ده‌یتوانی بڕیارده‌رانی جیهانی ببینێت و نه‌هێڵێت کورد هیچ سودێک له‌و هه‌له‌ وه‌ر‌بگرێت که‌ بریتی بوو له هه‌لی‌ داگیرکردنی عێراقی داگیرکه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌مریکا و ته‌فروتوناکردنی ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌ژادپه‌رسته‌که‌ی .

ده‌بێت سووده‌کانی ئه‌م سه‌رۆککۆماره‌ کورده‌ چی بووبێت بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان ؟ خۆ ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌می سه‌رۆككۆماره عه‌ره‌به‌كاندا ته‌نها كوردان له پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا و كه‌ركوک و دیاله ده‌رده‌كران و عه‌ره‌بیان له شوێن نیشته‌جێ ده‌کرا ئه‌وا له سه‌رده‌می سه‌رۆككۆمارێكی كورددا ده‌ربه‌ده‌ری كوردان هه‌موو پارێزگاكانی باشووری گرته‌وه‌ و ته‌عریبكردن هه‌موو باشووری كوردستانی ته‌نیه‌وه. ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌می سه‌رۆككۆماره عه‌ره‌به‌كاندا ته‌نها عه‌ره‌بی عێراق له باشووری كوردستاندا نیشته‌جێ ده‌كران ئه‌وا له سه‌رده‌می سه‌رۆككۆمارێكی كوردیدا نه‌ك هه‌ر عه‌ره‌بی عێراقی به‌ڵكو عه‌ره‌بی فه‌له‌ستینی و سووریش له كوردستان نیشته‌جێ ده‌كرێن .

ئامانجی كورده‌كان بریتی نییه له بنیادنانه‌وه‌ و به‌هێزكردنه‌وه‌ی وڵاتی داگیركه‌ری عێراق ، به‌ڵكو بریتییه له ده‌ربازبوون له كۆیله‌یه‌تی و دامه‌زراندنی وڵاتی سه‌ربه‌خۆی خۆیی و هه‌زار نه‌فره‌تیش له‌و برایه‌تییه‌ی كورد و عه‌ره‌ب بكات كه سه‌رانی هه‌ردوو لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتداری ی‌ن‌ک و پ‌دک به میراتی به‌ باڵای كوردیاندا دابڕیوه.

هیوادارم هیچ خوێنه‌رێک گوته‌ی سه‌ركرده‌كانی باشوور دوباره نه‌كه‌نه‌وه‌ و بڵێن ئێستا كاتی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردی نییه و بارودۆخه‌که‌ ڕێگه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی نادات ، چونكه ئه‌مه بیانووی مرۆڤی فاشل و هیچ له‌بارانه‌بووه نه‌ك كه‌سانی شۆڕشگێڕ و خه‌باتكار ، له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رکرده‌کانی باشووریش فاشلترین سه‌رکرده‌ بوون بۆ ڕزگاری نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌وا هه‌میشه‌ پاساویان بۆ فاشلبوونه‌کانی خۆیان هێناوه‌ته‌وه‌ و هیچ کاتێک ئاماده‌ نه‌بوون تاوانی ئه‌و فاشلبوونه‌ بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی خۆیان . من پێموایه چۆن بۆ گوتنی ڕاستی هه‌موو كاتێك گونجاوه ، ئه‌وا له‌گه‌ڵ هه‌ر لاوازبوونێكی داگیركه‌رانیشدا دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی گونجاوه . ئه‌گه‌ر له‌م لاوازییه و پاشاگه‌ردانیه‌ی ئه‌مڕۆی عێراقی داگیركه‌ردا دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی گونجاو نه‌بێت ئه‌ی ده‌بێت له چ كاتێكدا گونجاو بێت؟ تۆبڵێی کاتێک داگیرکه‌ری عێراقی ڕه‌وایه‌تی(شه‌رعیه‌تی) ته‌واوه‌تی نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ست ده‌هێنێته‌وه‌ و خۆی پڕ چه‌ک ده‌کاته‌وه‌ و به‌هێز ده‌بێته‌وه‌ ئه‌و کاته‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی گونجاوتر و ئاسانتر بێت له‌ ئێستای سه‌رلێشێواوییان ؟

ئامانجی كورده‌كان بریتی نه‌بوو له به‌كوشتدانی كوڕه‌كانی له دۆزه‌خی شه‌ڕی نێوان شیعه‌ و سوننه له به‌غدا و شاره‌كانی باشووری عێراقدا به‌ڵكو ئامانجی كورده‌كان بریتی بوو له پاراستنی گیانی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری و دابینكردنی ژیانێكی سه‌رفراز بۆ ڕۆڵه‌كانی. ئامانجی کورده‌کان بریتی نییه‌ له‌ پاراستنی سنووری داگیرکه‌ران و ڕه‌وایه‌تیدان به‌ داگیرکاری به‌ڵکو ئامانجی کورده‌کان بریتییه‌ له‌ ڕیسواکردنی عه‌قڵیه‌تی ناوچه‌گه‌ری و نه‌هێشتنی سنووری ده‌ستکرد و بنیادنانی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی .

ئامانجی نه‌ته‌وه‌که‌مان بریتی نییه‌ له‌ به‌برا زانینی داگیرکه‌ران و به‌نامۆ زانینی کوردی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ، به‌ڵکو ئامانجی نه‌ته‌وه‌که‌مان بریتییه‌ له‌ هاوکاریکردنی کوردی هه‌موو پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن به‌رامبه‌ر به‌و هه‌موو تاوانانه‌ی که‌ داگیرکه‌ران ڕۆژانه‌ پیاده‌ی ده‌که‌ن له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌که‌مان .

06-04-2009

هۆڵاند


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە