محەمەد مورسی کورتی هێنا
Monday, 03/09/2012, 12:00
زۆر جار شۆڕشەکان بە لاڕێدا دەبرێن و کەسانێک جڵەوی دەسەڵات دەگرنە دەست کە نەک لەگەڵ هیچ بنەمایەکی شۆڕشگێڕیدا یەک ناگرنەوە ، بەڵکو خودی ئەو کەسانە گەورەترین دێوەزمەن لەبەردەم شۆڕش و شۆڕشگێراندا کە نموونەی هەرە بەرچاویان محەمەد مورسی سەرۆککۆماری میسر و بەرپرسی ئیخوان الموسلمینە ، ئیخوان الموسلمین ئەو ڕێکخراوەی کە گەرای لە زۆربەی دەوڵەتە ئیسلامیەکاندا بە کوردستانیشەوە داناوە و نامۆن بە هەر جۆرە دیموکراتیەتێک کە ئاواتی گەلانە .
هێشتا وێنەی زەحمەتکێش و شۆڕشگێڕانی وەکو " چ. گیڤارا " لەبەر چاوە کە ببوە سیمبوڵی سەرهەڵدانەکانی میسر و ئیرادەی شۆڕشگێڕانیشی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەکرد ، لێ بەڵێ هێشتا شۆڕش نەگەیشتبوویە ئەنجام کە پیلانی لە ڕێڕەو لادانی شۆڕشیان ئامادە کرد و بۆ ئەم مەبەستەش ئیخوان الموسلمین باشترین یاریکەری مەیدانەکە بوو .
هەڵبژاردن ئەنجام درا ، بە هەر هۆیەک بوو" محەمەد مورسی "یان هێنایە پێش و هەوری چڵکنی ئیخوان الموسلمین سیمای شۆڕشی داپۆشی . یەکگرتوی ئیسلامی بەناو کوردستانیش وەکو پیشەی هەمیشەیی خۆیان کەوتنە دەهۆڵ کوتان بۆ ئیخوانەکان و شیرینی بەخشینەوەش بۆ بە دەسەڵات گەیشتنی محەمەد مورسی .
هەڵبەت ئەم پیشە چەپەڵەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان نە یەکەم پیشەیانە و نە دواین پیشەشیان دەبێت ، چونکە کاتێک ئاکەپەی نەژادپەرست و ئەردۆغانی فاشستیش بە دەسەڵات گەیشتن هەمان کردەوەی قێزەونیان ئەنجامدا و کەوتنە شیرینی بەخشینەوە ، ئەمە جگە لەوەی کە یەکگرتووی ئیسلامی هەمیشە لە جوانکردنی ڕووخسارە پیسەکانی حکومەتەکەی ئاکەپە و سوپا بەناو ئازادەکەی سوریادان و لە بەرامبەریشدا هەموو توانای خۆیان خستۆتە گەڕ بۆ ناشیرین کردنی شۆڕشگێڕانی نەتەوەکەمان چ لە بەکور و چ لە ڕۆژاوی کوردستان .
یەکەمین سەردانی محەمەد مورسی بۆ وڵاتی ئێران و بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وڵاتانی بێ لایەندا بوو ، ئەم سەردانەش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەنجام درا ، لەو کۆبوونەوەیەدا ئەگەرچی بۆنی خوێن لە گوتەکانی محەمەد مورسی دەبیسترا بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر ڕووداوی گرنگی باسکرد کە شایانی باسکردن بوون وەک (ئازارەکانی گەلانی سوریا و فەلەستین و زۆرداریەکانی بەعس و ئیسرائیل لە بەرامبەر سەرهەڵداوان)دا .
کەچی ئەوەی کە مایەی شەرم و شوورەییە بۆ محەمەد مورسی و هەموو هاوپیشەکانی دیکەشی ، ئەوە بوو کە بە هەمان سیفەتی کۆنەپەرستانە و شۆڤینیستیانەی خۆیان باسیان لە دوو ڕووداوی زۆر گرنگ نەکرد کە هەردوو ڕووداوەکەش هەم بەرۆکی دەوڵەتە عەرەبیەکانی گرتۆتەوە و هەم پەڵەی شەرمەزاریشە بە تەوێڵی تەواوی ڕێکخراوە ئیسلامیەکانەوە بە گشتی و ئیخوان الموسلمینیش بە تایبەتی . ئەو ڕووداوانەش بریتی بوون لە :-
١- " ئەنفالی بەدناو " وەکو پڕۆگرامی ئیخوان الموسلمین .
٢- دڕندایەتیەکانی هەردوو دەوڵەتە کۆنەپەرستەکەی " سعودیە و بەحرەین " لە بەرامبەر زەحمەتکێش و سەرهەڵداوانی وڵاتی بەحرەیندا .
هەرچی ئەنفالە یەکێک لە بەرنامەکانی لایەنە ئیسلامیەکانە و لە سەرووی هەموشیانەوە ئیخوان الموسلمین . بەرنامەی ئەنفالیش لەسەر کوردان پیادە کرا و بەو هۆیەشەوە زیاتر لە دووسەد هەزار زەحمەتکێشی کورد گیانیان لێ سەندرا و هەزاران گوندیش لەگەڵ زەویدا تەخت کران و تەنها شتێکیش بۆ دەربازبووانی دەستی ئەنفالی بەدناو نەمایەوە (چ وەک ماڵ و سامان و چ وەک ئاژەڵ و کشتوکاڵ) . ئەمە جگە لەوەی بە هەزاران کچی تازە پێگەیشتووی تەمەن نێوان" ٨ بۆ ٢٨ ساڵ "یش وەکو دیاری دەستی ئەنفالکەران درایە دەوڵەتە عەرەبیەکان و ئەوەی پشکی شێریشی بەرکەوت لەو دیاریانە وڵاتی میسر بوو .
ئەوەی لە لایەن محەمەد مورسییەوە باسی لێوە نەکرا ئەو تراژیدیایە بوو کە بەسەر نەتەوەی کورددا هاتبوو لە لایەن ئەنفالکەرە زاڵمەکانەوە ، لە کاتێکدا کە زۆر جەختی لەسەر زاڵمێتی هەردوو ڕژێمی ئیسرائیل و سوریا دەکردەوە . ئەوەی لە لایەن ئەو کۆنەپەرستەوە باسی لێوە نەکرا ئازادکردنی ئەو کچە ئەنفالکراوانە بوو کە کراونەتە دیاری دەستی ناوگەڵ برسیەکانی سەرانی ئیخوان الموسلمین لە وڵاتی میسر ، لە کاتێکدا کە باسی لە ئازادی گەلانی سوریا و فەلەستین دەکرد .
خاڵێکی دیکە کە مایەی شەرم و شوورەی ئیخوان الموسلمین و محەمەد مورسییە ئەوە بوو کە بە هیچ شێوەیەک باسی لەو زوڵم و زۆرداریانە نەکرد کە لەلایەن هەردوو دەسەڵاتە کۆنەپەرستەکەی سعودیە و بەحرەینەوە دژ بە ئازادیخوازانی وڵاتی بەحرەین ئەنجام دەدرێت ، هۆکاری ئەو باس نەکردنەش تەنها ئەوەیە کە زەحمەتکێشانی وڵاتی بەحرەین شیعە مەزهەبن و ئاغای مورسیش وەهابییەکی دژ بە هەر بیروبۆچوونێکی جیاوازە .
باسنەکردنی ئەم دوو خاڵە گەواهی ئەوە دەدات کە چۆن گەلانی ئێران باجی فریوخواردنیان بە بەڵێنەکانی سەرانی کۆماری ئیسلامی دەدەن و لە پاش سی ساڵ گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە ئەوەی کۆمەڵگا بە دواکەوتووی دەهێڵێتەوە و وڵاتیش بەرەو هەڵدێر دەبات ئەو دەسەڵاتە ئیسلامگەرایەیە کە هەم نامۆیە بە دیموکراتی و هەم ئازادی خنکێنەرە ، ئەوا دەبێت گەلانی میسریش لانی کەم سی ساڵ باجی بێدەنگیەکانی خۆیان بدەن لە بەرامبەر هێنانە پێشەوەی ئیخوان الموسلمین و بە دەسەڵات گەیاندنی محەمەد مورسی .
لێرەدا چەندین پرسیار هەم ئاڕاستەی یەکگرتووی ئیسلامی و هەم ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان دەبێتەوە :-
١- لە کاتێکدا یەکگرتووی ئیسلامی دەهۆڵی خۆشی دەکوتێت بۆ سەرکەوتنەکانی ئیخوان الموسلمین ، ئەی چ هۆکارێک ڕێگرە لەبەردەم ئەم یەکگرتوانەدا کە داخوازی ئازادکردنی کچە کۆیلەکراوەکانی کورد نەکەن کە بوونەتە نێچیری دەستی سەرانی ئیخوان الموسلمین ؟
٢- ئەگەر یەکگرتووی ئیسلامی خۆی بە بەشێک لە ئیخوان الموسلمینی میسر و ئاکەپەی تورک دەزانێت ئەوا دەبێت هەم تاوانی ئەنفال و ئەو تراژیدیایانەش هەڵبگرێت کە ڕۆژانە دووبارە دەبنەوە لەسەر نەتەوەکەمان و هەم دەبێت خۆشیان یەکلایی بکەنەوە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئازادی کوردستان و کوردەوە نیە ، بەڵکو شێرپەنجەیەکن لە هەناوی کوردا وەکو ئەو شێرپەنجەیە کە چۆتە هەناوی گەلانی ئێران و میسرەوە .
٣- لە کاتێکدا سەرۆکی هەرێم هەموو ڕەخنەگرانی دەسەڵاتەکەی بە بێ ڕەوشت پێناسە دەکات ، ئەوا دەبێت ددان بەو ڕاستیەشدا بنێت کە چاوپۆشیکردن لە کچانی فرۆشراو بە دەوڵەتە عەرەبیەکانیش بێ ڕەوشتیە و ئەوەی بەرپرسیاریشە لەو چاوپۆشیکردنە دەسەڵاتدارانن .
٤- لە کاتێکدا بە هەزاران ئازادیخوازی نەتەوەکەمان بوونە تیرۆری دەستی هەردوو دەسەڵاتەکەی باشووری کوردستان ، ئەی چ هۆکارێک هانی داون کە کوردستان بکەنە شوێنی تەراتێنی ئەو لایەنانەی کە پیشەیان بۆتە شیرینی بەخشینەوە بۆ سەرکەوتنەکانی ئەنفالکەران ؟
٥- لە کاتێکدا کەسێکی وەکو هوشیار زێباری لەسەر ناوی کوردان دەنێردرێتە بەغدا ، ئەی چ نهێنیەک لەو مەسەلەیەدا هەیە کە نەک هەر هیچ ڕۆڵێکی بۆ کورد نەگێڕا بەڵکو لە کردەوەکانیدا دەبێت هەزار ڕەحمەت بۆ تەها جەزراوی بنێرین ؟ ئەمە لە کاتێکدایە کە لە کۆبوونەوەی تاراندا هەر کەسە و ڕۆڵی دەگێڕا لە پێناو نەتەوەی خۆیاندا .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست