کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داعش باشترین تاقیکردنەوە بوو

Sunday, 24/08/2014, 12:00





زیاتر لە دوو ساڵە چەتەکانی داعش بە هاوکاری چەندین دەوڵەتی وەک تورکیا و سعودیە و قەتەر پەلامارێکی دڕندانەیان بردۆتە سەر ڕۆژاوای کوردستان ، تەواوی هێرشەکانیان لەلایەن گەلی ڕۆژاوای کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەل"ی‌.پ.گ." و یەکینەکانی پاراستنی ژن"ی.پ.ژ."وە تێکشکێنراون .
بە درێژایی ئەم دوو ساڵە ، یەکینەکانی پاراستنی گەل"یەپەگە" بانگەوازی لە هەموو لایەنە کوردیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکرد کە هاوکاری ڕۆژاوای کوردستان بکەن لەبەرئەوەی ئەم شەڕە تەنها پەیوەست نییە بە ڕۆژاوای کوردستانەوە، بەڵکو شەڕێکە و بەسەر هەموو نەتەوەی کورددا سەپاوە .
لەگەڵ هەر بانگەوازیەکی یەکینەکانی پاراستنی گەلدا، گوێبیستی هەندێک گوتەی بێ سەرەوبەرە دەبووین لەلایەن ئەو پارتە کلاسیکیانەی کە ئۆروگایان کردۆتە دوا مەنزڵگایان یاخود لە هوتێلە پێنج ئەستێرەیەکانی باشووری کوردستاندا پاڵیان لێداوەتەوە . هەندێ لەو گوتانە بریتی بوون لە(یەکینەکانی پاراستنی گەل بە تەنها ناتوانن ڕۆژاوای کوردستان بپارێزن بۆیە بانگەوازیمان بۆ دەکەن ، ئاخر پەیەدە ڕێگە نادات تاکو بچین و ڕۆژاوای کوردستان بپارێزین ، دەبێت مەجلیسی گەل داهات و دەسەڵاتی ڕۆژاوامان لەگەڵدا دابەش بکات ئینجا دەچین ڕۆژاوا دەپارێزین ، ئێمە تەمەنمان 60-70 ساڵە و خاوەن مێژوویەکی دێرینین ، میلەت بە تەواوی لەگەڵ ئێمەدایە و هەر ئێمەش دەتوانین هەموو دەسکەوتەکانی کوردان بپارێزین ، ئێمە ئامادە نین لەژێر ئاڵای یەکینەکانی پاراستنی گەلدا ڕۆژاوا بپارێزین و ....هتد) . هەڵبەت ئەمە بەشێکی زۆر کەمە لە گوتە بێ بنەماکانی ئۆردوگانشین و هوتێلنشینەکان . منیش لەسەر بانگەوازی یەکینەکانی پاراستنی گەل هیچ شتێک ناڵێم لەبەرئەوەی لە کاتی خۆیدا ڕونکردنەوە لەو بارەیەوە دراوە . بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە :-

http://www.emrro.com/lebexeberank.htm
بەڵام کات هاتو چوو، مەترسیەکانی داعش ڕووی لە باشووری کوردستانیش کرد ، ئەو کات نە دەنگی هوتێل نشینان بیسترا و نە ڕەنگیشیان بەدی کرا ، ئیتر نازانم ئەم حیزبانە بە ئۆردوگانشینەکانیشەوە چ کاتێک هێزەکانیان دەخەنە کار ، تۆ بڵێی ئەو هێزەیان بۆ ڕۆژی تەنگانە دانابێت وەک ئەو کابرایەی کە خەنجەرەکەی لە بەر پشتێنیدا دانابوو !!!
هێرش کرایە سەر باشووری کوردستان ، لە ماوەی چەند ڕۆژێکی زۆر کەمدا و بەبێ ئەوەی هیچ بەرگریەک بکرێت هێندەی ڕووبەری دەیان وڵاتی وەک بەحرەین لە خاکی باشووری کوردستان کەوتە ژێر دەستی چەتەکانی داعش . لەو داگیرکاریەدا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ئاوارە بوون ، بە سەدان کەس زیندە بەچاڵ کران و بە هەزاران ژن و منداڵیش کرانە کۆیلە و وەک کاڵا لە بازاڕەکانی موسڵدا کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرا .
ئەوانەی لەو سەرگەردانیەدا بە هانای خەڵکە لێقەوماوەکەوە چوون بریتی بوون لەو شۆڕشگێڕانەی پەکەکە و پژاک و یەپەگە و یەپەژە کە ساڵەهای ساڵە بوونەتە شوێنی جنێوبارانی هوتێل نشین و ئۆردوگانشینان .
ئەوەی ئەو خەڵکە ئاوارەیەی پاراست و هێرشی چەتەکانی داعشی ڕاگرت بریتی بوون لەو شۆڕشگێڕانەی ڕۆژاوای کوردستان کە بە گوتەی هوتێلنشینان ڕۆژاوای کوردستانیان بۆ ناپارێزرێت .
ئەوەی لە مەیدانی باشووری کوردستانیشدا دەنگ و ڕەنگی نەبوو بریتیبوون لەو هوتێل نشینانەی کە بە گوتەی خۆیان پەیەدە ڕێگەی پێ نەدەدان تاکو شەڕی داعش بکەن . ئەی خۆ لە باشووری کوردستاندا هیچ کەسێک ڕێگەی لێ نەگرتن، چما خێر بوو نە دەنگتان بیسترا و نە ڕەنگتان بینرا ؟
ئەی ئەو ئۆردوگانشینانەی کە ساڵەهای ساڵە پاراستنی ئەزمونی باشووری کوردستانیان کردۆتە بیانو بۆ پاڵدانەوەیان لە ئۆردوگاکان و فەرامۆشکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ڕەحمەتی پەتی سێدارەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆچ دەنگیان نەبوو ؟ ئایا ڕووبەڕوو بوونەوەی داعش نەدەکەوتە چوارچێوەی پاراستنی ئەزمونی باشوورەوە ؟
عوزری لە قەباعەت خراپتر:-
هەڵبەت ئۆردوگانشینان ئەزمونی باشیان هەیە لە درۆکردن و چەواشەکاریدا ، ئەم جارەشیان کورتیان نەهێنا لە درۆ هۆنینەوەدا ، هەموو درۆکردنەکەشیان ئەوە بوو کە ئەوان ئامادەبوون بچن ئەزمونە ساواکەی باشووری کوردستان بپارێزن بەڵام ڕێگەیان پێ نەدراوە و گەڕێندراونەتەوە ئۆردوگاکان کەچی ڕێگە لە پەکەکە و پژاک نەگیراوە !!! لە ڕستیدا ئەم بیانو هێنانەوەیەیان "عوزرێکی زۆر لە قەباعەت خراپترە" . هەرچەندە هیچ لایەنێک ئەم درۆیەی ئۆردوگانشینانی پشت ڕاست نەکردەوە . بەڵام یەک ڕاستی هەیە و نابێت هیچ کەسێک خۆی لێ لابدات، ئەویش ئەوەیە کە پاراستنی گەل و وڵات پێویستی بە مۆڵەت وەرگرتن لە هیچ لایەنێک نییە ، ئەگەر بەرگریکردن لە خاک و نەتەوە پێویستی بە مۆڵەت وەرگرتن بێت ئیتر دەبێت ئیرادە و سەربەخۆیی ئەو لایەنە لە چ جێگەیەکدا بێت ! ؟
خۆ ئەگەر ئەم گوتەیەی ئۆردوگانشینان ڕاست بێت ئەوا بە دڵنیاییەوە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆیلەبوونی ئەو لایەنە ئۆردوگانشینانە و نەبوونی بڕیاری سەربەخۆ تیایاندا کە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت نەتوانن هەتا پەنجە بۆ دەمیشیان بەرن .
هەرچەندە ئەم گوتەیەی ئۆردوگانشینان تەنها بیانو هێنانەوەیە بۆ چەواشەکردنی ئەو گێلە پیاوانەی کە لە ئۆردوگاکاندا فریو دراون ، بەڵام ئەگەر ڕاست بوویایە ئەوا بە دڵنیاییەوە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕایەوە تاکو ئۆردوگانشینان وەک ژمارەیەک لە کەسە تەوەزەل و دەم پیسەکان بپارێزرێن بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆیان ناسنامەکانی شۆڕشگێڕێتی و جاشایەتی بە بەری خەڵکیدا بدروون .
خۆ دەرخستن دوای ڕووداوەکان:-
من لەو باوەڕەدام ئەگەر لە دەوروبەری مەخمور هێزی گەریلای پەکەکە ڕووبەڕووی چەتەکانی داعش نەبوویایەوە ئەوا شاری هەولێرش داگیر دەکرا و ئاوارەیی و زیندەبەچاڵیش زۆر زیاتر دەبوو ، لە هەمان کاتدا ئەگەر هێرشی فڕۆکە جەنگێکانی ئەمریکا نەبوویایە ئەوا هیچ بە دووری نازانم کە چەتەکانی داعش لانی کەم تا شاری دهۆکیش پێشڕەوییان دەکرد . بەڵام بەرپەرچدانەوەی گەریلاکانی پەکەکە بوویە هۆی ئەوەی کە چەتەکانی داعش لە مەخمور و گوێریش دەربکرێن ، لە هەمان کاتدا هێرشی فڕۆکە جەنگێکانی ئەمریکاش بوویە هۆی ئەوەی کە چەتەکانی داعش لە چەندین ناوچە پاشەکشە بکەن وەک لە ناوچەی تلکێف و دەوروبەری .
بەڵام سەرسوڕمان ئەوەیە کە پێش ئەوەی هێرشەکانی ئەمریکا دەست پێ بکات، بەرپرسانێک هەبوون لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە دەردەکەوتن و ڕایان دەگەیاند (چەکی دەستی پێشمەرگە بەراورد ناکرێت بە چەکی دەستی داعش) ، خۆ ئەگەر مەبەست تەنها چەک بێت ئەوا بە دڵنیاییەوە چەکی دەستی کوردانی ڕۆژاواوی کوردستان و گەریلاکانی پەکەکەش هیچ کاتێک بەراورد ناکرێت بە چەکی دەستی هێزەکانی باشوور . ئەی چۆنە کوردانی ڕۆژاوای کوردستان ساڵانیان دەربازکرد لە خۆپاراستن و تێکشکاندنی چەتەکانی داعش بەو ئیمکانیاتە کەمەوە بەڵام ئێوەیەک بەم هەموو چەک و تفاقەوە نەتانتوانی تەنها ڕۆژێک بەرگری بکەن و هۆکارەکەشیتان گێڕایەوە بۆ کەمی چەک ؟
بەڵام دوای هێرشی فڕۆکە جەنگێکانی ئەمریکا و پاشەکشەی چەتەکانی داعش هەر خودی ئەو بەرپرسانە چەندین وێنەی نایابی خۆیان بڵاوکردەوە کە گوایا لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕدا شوێنیان گرتووە . ئەم وێنانەی خوارەوە ڕاستی ڕووداوەکان دەردەخات :-

1- ئەم وێنەیە هی کاک هوشیار زێبارییە کە لەسەر فەڕشی کاشان مشتی گرتووە . من خودی خۆم هیچ کاتێک باوەڕ ناکەم بەرەی شەڕ بەو شێوەیە بێت کە لەسەر فەڕشی کاشانەوە بەرپەرچی دوژمن بدرێتەوە .


2- ئەم وێنەیەی خوارەوەش هی شۆڕشگێڕێکی ڕۆژاوای کوردستانە کە سەنگەری لە چەتەکانی داعش گرتووە . وێنەکە و سەنگەرەکە هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە کە ئەم شەرڤانە زۆر بە پەرۆشەوە لە هەوڵی پاراستنی گەل و بە دەستهێنانی ئازادیدایە .



3- ئەم وێنەیەی دیکەش هی چەند دایکێکی هەرێمی کۆبانێیە کە لە سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگریکردندان و هەرێمەکانی خۆیان دەپارێزن تاکو نەبنە کۆیلەی دەستی چەتە دڕندەکانی داعش .


تێبینییەکی زۆر کورت :-
ماوەیەک بەر لە هێرشەکانی سەر باشووری کوردستان، کۆمەڵێک گوتەی سەرسوڕهێنەر کەوتنە ناو بازاڕەوە وەک (لەمەو دوا هەڵوێستمان دەبێت ، دەوڵەتی سەربەخۆ ڕادەگەیەنین ، مادەی 140 جێبەجێ کرا ، دەبێت بە زوترین کات ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت) . هەڵبەت هەر ئەو کات من هیچ بڕوایەکم بەو گوتانە نەبوو و دەشمزانی تەنها بۆ فریودانی گێلە کەسەکان و بازاڕگەرمی سیاسیە ، چونکە زۆر باش لە پێش چاومدا بوو کە دەسەڵاتدارانی باشوور نەک هەر نەیانتوانیبو خۆیان لە کۆیلەیەتی تورکیا و ئێران ڕزگار بکەن بەڵکو ئەو دوو داگیرکەرەیان کردبوویە بڕیاردەری کۆتایش ، لە هەمان کاتدا ئیدارە شپرزەکەی باشووریشم لە بەر چاواندا بوو کە خاوەنی هێزێکی یەکگرتو نین و گەندەڵی و مشەخۆریش بە هەموو جومگەکاندا ڕۆچووبوو ، ئیتر دەسەڵاتێک کە ئەوە حاڵی بێت ئەوا هیچ کاتێک ناتوانێت ئەو گوتانە جێبەجێ بکات .
سەرسوڕمان ئەوە بوو کە ئۆردوگانشینان هێندە خۆش باوەڕبوون بەم گوتانە کە هەر بەرپرسەیان و تورەکەیەکی هەڵدروبوو تاکو بۆی پڕ بکرێت ، لێ مخابن نەک هەر تورەکەکەیان پڕ نەبوو بەڵکو هێندەی نەمابوو کە بەهۆی هێرشی چەتەکانی داعشەوە ئەو کەمە جیڕەیەشیان نەمێنێت کە خۆیانی پێ دەژێنن . کورد دەڵێت (شەڕکەر وازی هێناوە و ناوبژیوان بۆ دار دەگەڕێت) ئەم گوتەیە کوتومت لەسەر ئۆردوگانشینان و بە تایبەت لەسەر بەرپرسانی حیزبی دیموکرات جێبەجێ دەبوو ، چونکە ئەوانەی باسیان لە دەوڵەتی کوردی دەکرد نەیان دەزانی چۆن لەو فەرمایشتەیان پاشگەز ببنەوە کەچی بەرپرسانی حیزبی دیموکرات هەر یەکە و لە ئاوازێک دەیخوێند .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە