کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌مریکای ڕزگارکه‌ر و پژاکی تیرۆریست

Sunday, 08/02/2009, 12:00


له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی شه‌ڕی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی دژ به‌ سه‌ره‌ڕۆییه‌کانی به‌عسیه‌ فاشیه‌کان بۆ سه‌ر کوێت و سه‌رهه‌ڵدانی گه‌ل له‌ باشووری کوردستاندا و هاتنه‌ سه‌ر حازری سه‌رانی به‌ره‌ی به‌ناو کوردستانی ڕابردوو ، ته‌نها وشه‌یه‌ک که‌ گوێمانی زرنگانده‌وه‌ بریتی بوو له‌ "حاجی بووش" که‌ وێردی زمانی سه‌رانی تازه‌ گه‌ڕاوه‌ی به‌ره‌ی کوردستانی بوو .

له‌گه‌ڵ داگیرکردنی عێراقی عه‌ره‌بی له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ ، تانها وشه‌یه‌ک که‌ گوێبیستی ده‌بووین له‌ زاری سه‌رانی یه‌کێتی و پارتییه‌وه‌ بریتی بوو له‌ "ئه‌مریکای ڕزگارکه‌ر ئه‌مریکای هاوپه‌یمان ئه‌مریکای خۆشه‌ویستی کوردان ئه‌مریکای دیموکراتی و زۆر شتی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی دیکه‌" .

ته‌نها کرده‌وه‌یه‌ک که‌ به‌رچاومان ده‌که‌وت له‌ سه‌رانی داسه‌پاوی باشووره‌وه‌ بریتی بوو له‌ بردنی منداڵانی سه‌ره‌تایی بۆ گوڵبارانی سه‌ربازانی ئه‌مریکی و هاندانی کچانی کورد بۆ سه‌ماکردن بۆ مارینزه‌کانی حاجی بووش .

ته‌نها دیارده‌یه‌ک که‌ ده‌مانبینی له‌ سه‌رانی یه‌کێتی و پارتی بریتی بوو له‌ تاڵانکردنی شاره‌کان و بڕینی بانکه‌کان له‌ ئه‌نجامی ڕزگاریه‌که‌ی حاجی بووشه‌وه‌ .

ته‌نها داواکارییه‌ک که‌ ده‌هاته‌ سه‌ر زمانی سه‌رانی یه‌کێتی و پارتی بریتی بوو له‌ دیاریکردنی بوجه‌یه‌ک بۆ هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ و به‌خشینی چه‌ند پۆستێکی ده‌سه‌ڵات له‌ عێراقی عه‌ره‌بیدا .

ته‌نها داواکارییه‌ک که‌ مێشکی پارته‌ ئۆردوگانشینه‌کانیشی پڕکردبوو بریتیبوو له‌ دووباره‌کردنه‌وه‌ی ئه‌زمونی عێراق له‌ ئێران و ناساندنی پژاک به‌ به‌شێک له‌ پ‌ک‌ک .



ئاشه‌وان له‌ خه‌یاڵێک ، باره‌ ئاش له‌ خه‌یاڵێک :-

هه‌رچی ئه‌مریکاشه‌ له‌ بیری به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیدا بوو و زۆر به‌ ڕاشکاویش ده‌یانگووت که‌ هه‌م داگیرکه‌رن و هه‌م هیچ باسیشمان له‌ هاوپه‌یمانی کوردان نه‌کردووه‌ ، به‌ڵکو پێویستیان به‌ کوردان هه‌یه‌ و بۆ دابینکردنی پێداویستیه‌کانیشیان بڕگه‌کانی مافی مرۆڤ له‌به‌رچاو ده‌گرن به‌رامبه‌ر به‌ کوردان .

به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌مریکاش له‌ ئاژاوه‌ی نێوان گه‌لاندا گه‌ڵاڵه‌ ده‌بێت ، ئاژاوه‌ی نێوان گه‌لانیش له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی بێ ئیراده‌وه‌ پیاده‌ ده‌کرێت . بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌بێت ئه‌مریکا کوردان بپۆڵێنێت بۆ کوردی باش و کوردی خراپ .

ئه‌گه‌ر کوردێک خاوه‌نی ئیراده‌ بێت و گه‌ل به‌ بنچینه‌ بگرێت و هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ئازادی کوردان و سه‌رفرازی کوردستان بدات ئه‌وه‌ له‌ چاوی ئه‌مریکاوه‌ کوردێکی خراپ و تیرۆریسته‌ و ده‌بێت پاکتاو بکرێت ، که‌ نموونه‌ی هه‌ره‌ به‌رچاوی ئه‌م جۆره‌ کورده‌ش پ‌ک‌ک و پژاکه‌ .

خۆ ئه‌گه‌ر کوردێک خاوه‌نی هیچ ئیراده‌یه‌ک نه‌بێت و هه‌میشه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی هێزێکی ده‌ره‌کیدا بێت که‌ یارمه‌تی بدات بۆ به‌ ده‌ستهێنانی ئامانجه‌کانی و هیچ بڕوایه‌کی به‌ گه‌ل نه‌بێت و هه‌میشه‌ گوێ له‌ مستی داگیرکه‌ران بێت و ته‌وا و ته‌سلیمکار بێت و هه‌رچییه‌کیان به‌سه‌ردا سه‌پاند به‌بێ مه‌رج جێبه‌جێی بکات ئه‌وه‌ کوردێکی باش و دیموکراته‌ . ئه‌مریکا هێزێک ده‌خوازێت که‌ هه‌میشه‌ ئاماده‌بێت بۆشه‌ڕی ناوخۆیی و چاوساخیکردن بۆ داگیرکه‌ران و ته‌نانه‌ت داگیرکه‌ریش دروست بکاته‌وه‌ و کوشتنی ڕۆحیه‌تی کوردانیش به‌لایه‌وه‌ زۆر ئاسایی بێت ، که‌ نموونه‌ی ئه‌م جۆره‌ کوردانه‌ش هێزه‌کانی باشووره‌ .



ئه‌مریکا و ململانێی له‌گه‌ڵ ئێران :-

ململانیه‌کانی نێوان ئه‌مریکا و ئێران ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ ڕوو له‌ زیادبوون بوو، ئه‌گه‌رچی ئه‌مریکا به‌رنامه‌ی ناوکی ئێرانی ده‌کرده‌ بیانوو و ئێرانیش ئه‌مریکای تاوانبار ده‌کرد به‌ هۆکاری پشێوی و ناسه‌قامگیری ناوچه‌که‌ ، به‌ڵام ناوه‌ڕۆکی کێشه‌کانی نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌ربه‌ره‌کانیه‌یان له‌سه‌ر زۆرترین دادۆشین و تاڵانکردنی گه‌لانی ناوچه‌که و به‌ تاڵانکردنی داهاتی نه‌ته‌وایه‌تیشیان‌ و له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ گه‌لی کوردی کۆڵه‌وار .

بوونی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری به‌هێزی ئێران و ته‌کنۆلۆجیای به‌هێزی ئه‌مریکاش هه‌ریه‌ک له‌م دوو وڵاته‌ی ناچار ده‌کرد په‌نا بۆ هێزێکی فاشست و دژه‌مرۆڤی وه‌کو تورکه‌کان ببه‌ن بۆ به‌ چۆکداهێنانی لایه‌نی به‌رامبه‌ریان ، مه‌رجی تورکه‌ فاشسته‌کانیش ڕوون و ئاشکرایه‌ که‌ نه‌مانی کورد و نه‌بیستنی وشه‌ی کوردستانه‌ .

ئه‌م مه‌رجه‌ی تورکیاش هه‌ر یه‌ک له‌م وڵاتانه‌ی ناچار ده‌کرد که‌ بکه‌ونه‌ پێشبڕکێی قه‌ڵاچۆکردنی کوردان ، قه‌ڵاچۆکردنی کوردانیش له‌ کوشتنی ئیراده‌ی کوردانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت که‌ له‌ بزاڤی ڕزگاریخوازی ئاپۆچی‌دا کۆبۆته‌وه‌ .

ئێران بۆ شکاندنی بزاڤی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌که‌مان هه‌موو کێشه‌کانی له‌گه‌ڵ تورکه‌کاندا وه‌لاوه‌ نا و ته‌نانه‌ت وه‌ک دوو هێزی هاوپه‌یمانیش که‌وتنه‌ لێدانی شۆڕشی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌ هه‌ردوو پارچه‌ی باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان‌دا .

ئه‌مریکاش بۆ ڕازیکردنی تورکه‌کان پێویستی به‌ سه‌رکوتکردنی شۆڕشی ڕزگاریخوازی کوردان هه‌یه‌ و سه‌رکوتکردنی شۆڕشیش پێویستی به‌ خۆشکردنی زه‌مینه‌یه‌ک هه‌یه‌ ، ئه‌م زه‌مینه‌یه‌ش ده‌بێت له‌لایه‌ن خودی کوردانه‌وه‌ بڕه‌خسێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سه‌رانی باشوور و لایه‌نه‌ ئۆردوگانشینه‌کان باشترین کوردن که‌ زه‌مینه‌ بۆ ئه‌مریکا بڕه‌خسێنن .

هه‌رچی سه‌رانی باشووره‌ به‌ناوی پاراستنی ئاسایشی سنووری دراوسێکانیان و به‌ هاوپه‌یمان زانینیان و به‌ دۆستی ڕۆژانی ته‌نگانه‌یان (واته‌ ئێران و تورکیا) ئه‌و زه‌مینه‌یه‌یان بۆ ئه‌مریکا ده‌ڕه‌خساند و لایه‌نه‌ ئۆردوگانشینه‌کانیش به‌ناوی یه‌کبوونی پ‌ک‌ک و پژاک هه‌مان زه‌مینه‌ خۆشکه‌ر بوون .



ئه‌مریکا و تورکیا :-

ئه‌مریکاش بۆ ڕازیکردنی تورکیا ده‌بوو نیشانی بدات هه‌م دوژمنێکی سه‌رسه‌ختتر له‌ کۆماری ئیسلامی ئێران بدۆزێته‌وه‌ بۆ گیانی کوردان و هه‌م گره‌نتی ئه‌وه‌ش بدات به‌ تورکیا که‌ له‌ هه‌ر گۆڕانکارییه‌کدا نه‌هێڵێت کورده‌کان هیچ ده‌ستکه‌وتێک به‌ده‌ست بهێنن .

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌رهێنانی ناوی موجاهیدینی خه‌لقی کوردکوژ له‌ لیستی تیرۆریستی و دانانی چالاکترین هێزی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان(واته‌ پژاک) له‌و لیسته‌دا هۆکاری سیاسی له‌ پشته‌ و ئه‌و هۆکاره‌ش دڵنیاکردنه‌وه‌ی تورکیایه‌ له‌ قه‌ڵاچۆکردنی کورداندا.

ده‌رهێنانی موجاهیدینی خه‌لقی ئێرانی له‌ لیستی تیرۆردا ، بریتی نییه‌ له‌ تیرۆریست نه‌بوونی موجاهیدین به‌ڵکو بریتییه‌ له‌ دژبه‌رایه‌تیکردنی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ری کوردان له‌لایه‌ن موجاهیدینه‌وه‌ . چونکه‌ له‌ هه‌ر کوردێک ئاشکرایه‌ که‌ کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ هه‌زار ئاو شۆردراوه‌ته‌وه‌ له‌ چاو موجاهیدیندا .

ئه‌گه‌ر کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ پۆل لاوه‌کانمان گولله‌باران بکات ئه‌وا موجاهیدینی خه‌لقی ئێرانی دوای تیرۆرکردنی به‌ پۆلی لاوه‌کانمان به‌ تانکیشه‌وه‌ به‌سه‌ر که‌لله‌سه‌ریاندا ده‌ڕوات . ئه‌گه‌ر کۆماری ئیسلامی ئێران پشوویه‌ک بدات به‌ سوپاکه‌ی بۆ سه‌رکوتکردنی کوردان ئه‌وا موجاهیدینی خه‌لقی ئێرانی ڕێگه‌ی کردنه‌وه‌ی قه‌یتانی پۆستاڵی سه‌ربازه‌کانیشیان نادات تا کۆتاییهێنان به‌ کوردان .

دانانی ناوی چالاکترین پارتی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان"پژاک" له‌ نێو لیستی تیرۆریستیدا په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ تیرۆریستبوونی پژاک ، به‌ڵکو په‌یوه‌سته‌ به‌ دڵنیاکردنه‌وه‌ی تورکیا له‌وه‌ی که‌ هه‌ر گۆڕانکارییه‌ک ئه‌گه‌ر له‌ ئێران و ناوچه‌که‌دا ڕووبدات ئه‌وا ڕێگه‌ ناده‌ن کوردان به‌هیچ ئامانجێک بگه‌ن و دوژمنێکی له‌ کۆماری ئیسلامی ئێران دڕتریشیان بۆ ساز ده‌که‌ن که‌ ئه‌و دوژمنه‌ دڕه‌ش داروده‌سته‌ دژه‌کورده‌که‌ی مه‌سعودی ڕه‌جه‌وییه‌ .



ئه‌مریکا و شه‌ڕی کوردان :-

ئه‌مریکا بۆ زیاتر ڕاکێشانی تورکیا به‌لای خۆیدا و پچڕاندنی په‌یوه‌ندیه‌کانی له‌گه‌ڵ ئێراندا پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ شه‌ڕی کوردانیش به‌ڕێوه‌ ببات و ئه‌و شه‌ڕه‌ش ده‌بێت له‌ ڕێگه‌ی کوردان خۆیانه‌وه‌ بکرێت (واته‌ به‌ کوردکردنی شه‌ڕی کوردان).

به‌ کوردکردنی شه‌ڕی کوردانیش له‌ ڕێگه‌ی یه‌کێتی و پارتییه‌وه‌ ده‌بێت ، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م دوو هێزه‌ زۆر گوێڕایه‌ڵی داگیرکه‌رانن و له‌سه‌روی هه‌مووشیانه‌وه‌ ئه‌مریکا . یه‌کێتی و پارتیش پێویستیان به‌ خۆشکردنی زه‌مینه‌یه‌ک هه‌یه‌ بۆ به‌ ڕه‌واکردنی شه‌ڕی کوردان و ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ش پارته‌ ئۆردوگانشینه‌کان سازی ده‌که‌ن ، له‌به‌رئه‌وه‌ی پارته‌ ئۆردوگانشینه‌کان به‌هێزبوونی خۆیان له‌ لاوازکردنی پژاک‌دا ده‌بیننه‌وه‌ نه‌ک کۆماری ئیسلامی ئێران .

پارته‌ ئۆردوگانشینه‌کان به‌لایانه‌وه‌ ئاساییه‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان فه‌رامۆش بکه‌ن بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و بێده‌نگی هه‌ڵبژێرن به‌ڵام به‌لایانه‌وه‌ ئاسایی نییه‌ که‌ هێزێکی چالاک و شۆڕشگێڕی کوردی به‌هێز ببێت و خاوه‌ن له‌ خۆرهه‌ڵاتی کوردستان ده‌ربکه‌وێت ، ته‌نانه‌ت به‌لایانه‌وه‌ ئاساییه‌ که‌ سه‌دان که‌س له‌ باشترین کادر و سه‌رکرده‌کانیان ببنه‌ تیرۆری ده‌ستی یه‌کێتی و پارتی به‌ڵام زۆر به‌لایانه‌وه‌ گرنگه‌ که‌ گوێ نه‌ده‌نه‌ هیچ بانگه‌وازییه‌کی ئاشتیانه‌ی پ‌ک‌ک و پژاک .



براوه‌ کێیه‌ و دۆڕاو کێیه‌ له‌م شه‌ڕه‌دا ؟

پاش تێکشکاندنه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی ساڵی ڕابردووی هێزه‌کانی تورکیا له‌ به‌رامبه‌ر پ‌ک‌ک‌دا ، تورکیا پێویستی به‌ ده‌سه‌ڵاتی باشوور هه‌یه‌ بۆ هاوکاریکردنی هێزه‌کانی ، هێزه‌کانی باشووریش پێویستیان به‌ ئه‌مریکا هه‌یه‌ و ئه‌مریکاش پێویستی به‌ موجاهیدینی خه‌لقی ئێرانی هه‌یه‌ .

ئه‌گه‌ر له‌م شه‌ڕه‌دا هێزی دژه‌کوردی سه‌ربکه‌وێت و ناوچه‌کانی قه‌ندیل بخه‌نه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیانه‌وه‌ ئه‌وا پێویستیان به‌ پاراستنی قه‌ندیلیش ده‌بێت و پاراستنی قه‌ندیلیش نه‌ به‌ ئه‌مریکا ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێت و نه‌ به‌ تورکیا و نه‌ سه‌رانی باشووریش توانای خۆڕاگرییان ده‌بێت له‌و ناوچانه‌دا ، له‌به‌رئه‌وه‌ پێده‌چێت بیر له‌ موجاهیدینی خه‌لقی ئێرانی بکرێته‌وه‌ بۆ به‌ده‌سته‌وه‌ گرتنی ئه‌و ناوچانه‌ و هیچ به‌ دووری نازانم که‌ فشارهێنانی حکومه‌تی عێراقیش بۆ ده‌رکردنی موجاهیدین له‌ که‌مپی ئه‌شره‌ف له‌سه‌ر داوای ئه‌مریکا نه‌بێت تاوه‌کو موجاهیدینی خه‌لقی ئێرانی ناچاربکه‌ن په‌نا ببه‌نه‌ به‌ر قه‌ندیل و موجاهیدینیش هه‌م بۆ دژایه‌تیکردنی کوردان و هه‌م بۆ دابینکردنی ناوچه‌یه‌کی قایمتر له‌ ئه‌شره‌ف به‌م بڕیاره‌ ڕازی ده‌بن .

له‌ ئه‌گه‌ری ڕووداوێکی له‌و جۆره‌شدا ، کۆماری ئیسلامی ئێران بێده‌نگ نابێت و ده‌بێت یه‌کێک له‌م دوو ڕێگایه‌ هه‌ڵبژێرێت :-

1- درێژه‌دان به‌ شه‌ڕی پ‌ک‌ک و پژاک :- ئه‌گه‌ر ئێران ئه‌م ڕێگه‌یه‌ بگرێته‌به‌ر ئه‌وا مه‌رگی هه‌تا هه‌تایی خۆی مسۆگه‌ر ده‌کات ، چونکه‌ نه‌ک هه‌ر پ‌ک‌ک و پژاکی بۆ له‌ناو ناچێت به‌ڵکو له‌ کاتێکی وه‌هادا لاوازبوونی پ‌ک‌ک و پژاکیش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێراندا نابێت و لاوازبوونی ئه‌و دووهێزه‌ شۆڕشگێڕه‌ له‌ وه‌ها بارودۆخێکدا زیاتر ڕێگه‌ خۆش ده‌کات بۆ لاوازبوونی خودی خۆی و سه‌رکه‌وتنی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی به‌سه‌ر ئێراندا .

2- نزیکبوونه‌وه‌ی ئێران له‌ زمانی دیالۆگ و وتووێژ له‌گه‌ڵ پژاک‌دا :- ئه‌گه‌ر ئێران هه‌وڵی نزیکبوونه‌وه‌ بدات له‌گه‌ڵ کوردان‌دا و به‌ فه‌رمی مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌کانی کوردان بناسێنێت و ددان بنێت به‌ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کوردان‌دا ئه‌وا هه‌م سه‌رکه‌وتنی خودی خۆشی مسۆگه‌ر ده‌کات و هه‌م یه‌کپارچه‌یی ئێرانیش ده‌پارێزێت و هه‌م هه‌موو پیلانه‌کانی ئیمپریالیزمی ئه‌مریکی و هاوپه‌یمانه‌کانیشی پوچه‌ڵ ده‌کاته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت تێکشکاندنی ئه‌مریکاشی به‌دوادا دێت ، چونکه‌ له‌ کاتێکی وه‌هادا هه‌م سۆزی کوردان به‌لای خۆیدا ڕاده‌کێشێت و هه‌م ئه‌و سۆزه‌ی که‌ کوردان له‌ ڕابردوودا هه‌یانبوو بۆ ئه‌مریکا له‌ناو ده‌چێت و ته‌نانه‌ت پ‌ک‌ک و پژاکیش زۆر له‌ ئێستا زیاتر گه‌شه‌ ده‌که‌ن و ئۆتۆماتیکی ئاڕاسته‌ی دژایه‌تیکردنی کوردان وه‌رده‌گه‌ڕێته‌ سه‌ر ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی.



به‌ باوه‌ڕی من ئێران ڕێگه‌ی دووه‌م واته‌ ڕێگه‌ی وتووێژ و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کوردان ده‌گرێته‌به‌ر ، چونکه‌ سیاسه‌ت بریتییه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی و به‌رژه‌وه‌ندی ئێرانیش بریتییه‌ له‌ ده‌ربازکردنی وڵاتی ئێران له‌ مه‌ترسی قوتدانی له‌لایه‌ن ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانیه‌وه‌ و ڕێگه‌گرتن له‌ پارچه‌ پارچه‌بوونی ئێران ، چونکه‌ ئه‌گه‌ر پژاک چاوی له‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کوردستان و ئازادی نه‌ته‌وه‌ی کوردان بێت ئه‌وا ئه‌مریکا چاوی بڕیوه‌ته‌ داگیرکردنی ئێران و قوتدانی و نه‌هێشتنیشی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسی جیهانی.

مه‌رج نییه‌ هه‌موو کاتێک داگیرکه‌ر حه‌ز به‌ نه‌مان و لاوازبوونی نه‌ته‌وه‌ی داگیرکراو بکات ، به‌ڵکو زۆر جار ڕووده‌دات که‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی داگیرکه‌ر له‌ به‌هێزبوونی گه‌لی بنده‌ستدایه‌ . بۆ نموونه‌ له‌ شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان ئێران و عێراق‌دا هه‌م عێراق حه‌زی به‌ به‌هێزبوونی لایه‌نه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌کرد و هه‌م ئێرانیش حه‌زی به‌ به‌هێزبوونی لایه‌نه‌کانی باشووری کوردستان ده‌کرد ، ئه‌م حه‌زکردنه‌ش له‌به‌رخاتری چاوی کاڵی کوردان نه‌بوو به‌ڵکو بۆ دژایه‌تیکردنی وڵاتی به‌رامبه‌ر بوو که‌ دوژمنێکی زۆر سه‌رسه‌ختتر و مه‌ترسیدارتر بوو له‌ گه‌لی کورد بۆیان . ئێستاش ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی دوژمنێکی زۆر مه‌ترسیدار و سه‌رسه‌ختتری ئێرانن وه‌ک له‌ کوردان .



سه‌رکه‌وتن و تێکشکاندنی پیلانه‌کانی ئه‌مریکا :-

پیلانی داگیرکه‌رانی کوردستان به‌ گشتی و ئیمپریالیزمی ئه‌مریکا به‌ تایبه‌تی له‌سه‌ر کوردان زۆر له‌ مێژه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌ ، به‌ڵام ئه‌م باسه‌ په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ پیلانه‌کانی ڕابردووه‌وه‌ به‌ڵکو په‌یوه‌سته‌ به‌و پیلانانه‌ی که‌ له‌سه‌ر شۆڕشی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت .

ئه‌گه‌ر که‌مێک بگه‌ڕێینه‌وه‌ دواوه‌ بۆ ساڵی 1979ز. واته‌ کاتی سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران و گۆڕبه‌گۆڕ بوونی بنه‌ماڵه‌ی په‌هله‌وی .

کۆمه‌ڵێک له‌ خوێندکارانی ئێرانی ده‌ست ده‌گرن به‌سه‌ر باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ تاران و 72 بارمته‌ی ئه‌مریکی ده‌گرن و ده‌ستیش ده‌گرن به‌سه‌ر هه‌موو دۆکۆمێنت و به‌ڵگه‌کانی باڵوێزخانه‌که‌دا . ئه‌م به‌ڵگه‌نامانه‌ له‌ توێی 3 کتێبدا کۆده‌که‌نه‌وه‌ ، له‌ هه‌مووی سه‌رنجڕاکێشتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌دا باس له‌ پ‌ک‌ک ده‌کات به‌ناوی بزوتنه‌وه‌ی ئاپۆچی و ده‌ڵێت ته‌نها حه‌ره‌که‌تێکی کوردییه‌ که‌ گرێدراوی هیچ وڵاتێک نییه‌ و ته‌واو په‌یوه‌سه‌ته‌ به‌ گه‌له‌وه‌ و زۆر به‌ خێرایی توانای گه‌شه‌کردنی هه‌یه‌ و ده‌توانێت هه‌موو ئایدۆلۆژیایه‌کی ده‌ره‌کی پوچه‌ڵبکاته‌وه‌ .

هه‌ر له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌دا باس له‌وه‌ ده‌کرێت که‌ ده‌بێت ئه‌مریکا هه‌وڵی لاوازکردنی ئه‌م حه‌ره‌که‌ته‌ بدات له‌ ڕێگه‌ی سه‌رۆک خێڵه‌ کورده‌کان و سازکردنی ڕه‌وتی ئیسلامی میانڕه‌و له‌ به‌رامبه‌ریاندا .

له‌م به‌ڵگه‌نامانه‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی پارتی کرێکارانی کوردستانه‌وه‌ ، ئه‌مریکا له‌ پیلانگێڕاندایه‌ بۆ لاوازکردن و ته‌فروتووناکردنی پ‌ک‌ک . باشترین نموونه‌ش پیلانگێڕیه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی 15 و 16 شوباتی ساڵی 1999ی زاینییه‌ که‌ به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لانیان ڕاده‌ستی تورکیا کرده‌وه‌ .

ئه‌وه‌ی که‌ پیلانه‌کانی ئه‌مریکای مایه‌پووچ کرد له‌ ساڵی 1999ز.دا یه‌ک هه‌ڵوێستی کوردان و به‌خاوه‌ن ده‌رکه‌وتنیان بوو له‌ سه‌رۆک ئۆجه‌لان ، بێگومان ئه‌م پیلانه‌ی که‌ ئێستاش ئه‌مریکا و تورکیا و عێراقی عه‌ره‌بی و سه‌رانی باشوور و لایه‌نه‌ ئۆردوگانشینه‌کانیش به‌ هاوبه‌شی به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن دووباره‌کردنه‌وه‌ی هه‌مان شانۆگه‌ری ساڵی 1999یه‌ بۆ پاکتاوکردنی شۆڕشی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌که‌مان .

ئه‌گه‌ر له‌م پیلانگێڕیه‌دا دوژمنان سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن ئه‌وا ده‌بێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بین که‌ نه‌ک هه‌رهه‌موو ده‌ستکه‌وته‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌ سه‌رتاسه‌ری کوردستانی مه‌زندا له‌ناو ده‌چێت به‌ڵکو ده‌بێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بین که‌ هه‌موو ڕۆژێک پیلانی هاوبه‌شی دیکه‌ی دوژمنان له‌سه‌رمان به‌ڕێوه‌بچێت و دووباره‌ ببێته‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م پیلانه‌ی دوژمنان پووچه‌ڵ ببێته‌وه‌ ئه‌وا هه‌م ده‌ستکه‌وته‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان زۆر زیاتر به‌ده‌ست دێت و هه‌م دواین پیلانگێڕیش ده‌بێت دژ به‌نه‌ته‌وه‌که‌مان و هه‌م ته‌واوی داگیرکه‌رانیش مل بۆ مافه‌ ڕه‌واکانی نه‌ته‌وه‌که‌مان داده‌ده‌ن .

پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی ئه‌م پیلانه‌ هاوبه‌شه‌ی دوژمنانیش په‌یوه‌سته‌ به‌ یه‌ک هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌که‌مان و به‌خاوه‌ن ده‌رکه‌وتن له‌ شۆڕشی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌که‌مان ، بێگومانم له‌وه‌ی که‌ نه‌ته‌وه‌که‌شمان خاوه‌نی ئه‌و یه‌ک هه‌ڵوێستییه‌ ده‌بێت .



کورته‌ و ئاکام :-

که‌مێک نین ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌ڵێن ئه‌م شه‌ڕه‌ ڕوونادات ، ته‌نانه‌ت له‌ کاتی هه‌ڵبژاردنی "ئۆباما"شدا زۆر کورد وایان ده‌زانی که‌ فریشته‌یه‌ک بۆ کوردان په‌یدا بووه‌ ، به‌ڵام من هه‌ر له‌ کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مریکادا ئۆبامام به‌ دڕنده‌ترین و وه‌حشترین دوژمنی نه‌ته‌وه‌که‌مان ده‌بینی و ئێستاش هیچ گومانێکم نییه‌ که‌ له‌م ساڵی 2009 زاینییه‌دا شه‌ڕێکی نه‌خوازراو به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌که‌مان و شۆڕشه‌ ئازادیخوازه‌که‌یدا ده‌سه‌پێنن .

کاتێک که‌سێکی کۆیله‌ ئه‌گه‌ر نکۆڵی له‌ ناسنامه‌ی خۆی بکات و بیه‌وێت ببێته‌ به‌شێک له‌ نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست ئه‌وا ده‌بێت به‌ جۆرێک نۆکه‌رایه‌تی خۆی بسه‌لمێنێت بۆ نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست که‌ له‌ هیچ به‌هایه‌کی مرۆڤایه‌تی شه‌رم نه‌کات ، ته‌نانه‌ت له‌ سه‌رده‌می به‌عسی گۆڕبه‌گۆڕدا ئه‌و کوردانه‌ی که‌ ده‌بوونه‌ ئه‌من و ئیستخبارات زۆر له‌ ئه‌من و ئیستخباراتێکی عه‌ره‌بی پاپه‌تی دڕنده‌تربوون دژ به‌ کوردان ، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌یانویست دڵسۆزی و نۆکه‌رایه‌تی خۆیان بسه‌لمێنن بۆ داگیرکه‌ره‌که‌ .

ئێستاش هه‌مان دیارده‌ی ئه‌منێک یاخود ئیستخباراتێکی کوردی ڕابردوو له‌ ئۆبامادا ده‌رده‌که‌وێت ، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ نۆکه‌رایه‌تی و دڵسۆزی خۆی بۆ سپی پێسته‌کانی ئه‌مریکا بسه‌لمێنێت ئه‌وا ده‌بێت هه‌وڵی توانه‌وه‌ی زۆر به‌های مرۆڤایه‌تی بدات و بۆ له‌ناوبردنی ئه‌و به‌ها مرۆڤایه‌تیانه‌ش ده‌ستی بۆ گه‌لانێک ئاوه‌ڵا ده‌بێت که‌ هه‌م بێخاوه‌نبن و هه‌م خۆشیان زه‌مینه‌ی له‌ناوبردنی خۆیان خۆش بکه‌ن که‌ ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ش نه‌ته‌وه‌ی کوردی سه‌رگه‌ردانه‌ .‌



مردن بۆ پیلانگێڕان

مردن بۆ داگیرکه‌ران

مردن بۆ ئه‌و کورده‌ی جێگه‌ ده‌گرێت له‌م پیلانگێڕیه‌دا

سه‌رکه‌وتن بۆ شۆڕشی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌که‌مان

به‌ڵێ بۆ یه‌ک هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌که‌مان و یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی
08-02-2009

هۆڵاند

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە