کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


"سەرێ کانی" وانەیەک بۆ فێربوون

Wednesday, 28/11/2012, 12:00






8 11 2012 بە یەکێک لە ڕۆژە گرنگەکان دادەنرێت بۆ هەڵسەنگاندنی ڕاستیەکان ، لەو ڕۆژەدا هەم فرمێسکە تیمساحیەکانی ئەردۆغان دەرکەوتن و هەم ئازادیخوازیەکەی ئارتەشی بەناو ئازادی سوریا خۆی نواند و هەم دەمامکی ئەو هێز و لایەنە بەناو کوردیانەش ئاشکرا بوو کە چ مەرامێکی پیس لە ژێر دەمامکەکاندا خۆی حەشار دابوو .
ئەگەرچی زۆر هەوڵی ئەردۆغان درا بۆ شاردنەوەی ڕوخسارە فاشیەکەی ئاکەپە ، هەم لە ڕێگەی فرمێسک هەڵڕشتن بۆ منداڵە برسیەکانی سۆماڵ و هەم لە ڕێگەی هاوارکردن بۆ منداڵانی غەزە ، بەڵام لە هەمبەری کورداندا ڕوخسارە ڕاستەقینەکەی ئەردۆغان و ئاکەپە دەرکەوت کە تەنها ڕوخسارێکی فاشیانەیە و هیچیتر . هێنانی ئیسلامیە توندڕەوە کۆنەپەرستەکان بۆ خامۆشکردنی شاری "سەرێ کانی"ی ڕۆژئاوای کوردستان تەنها پەیوەستە بەو زهنیەتە فاشییەی ئاکەپەوە کە ئیسلامگەراییان کردۆتە وەسیلەیەک بۆ وێرانکردنی کوردستان و دووبارەکردنەوەی ئەنفال و قەڵاچۆکردنی کوردان .
هاتنی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ئەو ڕاستیە دەردەخات کە هیچ جیاوازیەک لە نێوان زهنیەتی ئیخوان‌الموسلمین و زهنیەتی بەعسیەکاندا بەدی ناکرێت لە بەرامبەری کورداندا و بگرە ئیخوانەکان زۆر لە بەعسیەکان مەترسیدارترن بۆ کوردان . ئەگەر بەعسیەکان لە باڵادەستیدا کوردانیان سەرکوت کرد ئەوا ئیخوانەکان لە گەرمەی بێ دەسەڵاتیاندا کوردان قبوڵ ناکەن و هەوڵی پاکتاوکردنیان دەدەن .
لەگەڵ سەرهەڵدانەکانی سوریادا ، هەموو پەلەقاژەی ئیخوانەکان بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات بوو ، ئەم پەلەقاژەکردنەش ئاڕاستەی شۆڕشی بە جۆرێک گۆڕی کە جگە لە ئاژاوەگێڕی هیچ پێناسەیەکی دیکە بۆ ئەوسەرهەڵدانە ناکرێت . تەنها جێگەیەک کە لە سوریادا بە ئارامی مایەوە و بوویە جێگە حەوانەوەی سەدان هەزار ئاوارەی ناوچەکانی دیکە کوردستان بوو ، تەنها جێگەیەک کە ناوەڕۆکی شۆڕشی تێدا مابوو کوردستان بوو ، کەچی ئیخوانەکان هەم وەکو زهنیەتی کۆنەپەرستانەی خۆیان و هەم وەکو ویستەکانی ئەردۆغان ئەو ئارامیەیان شێواند.
هاتنی ئارتەشی (ئازاد)ی سەر بە ئیخوان‌الموسلمین بۆ "سەرێ کانی" هەم ئارامی شارەکەی شێواند و هەم بوویە سەرەتایەک بۆ پێکداهەڵپڕژانی نەتەوە جۆراوجۆرەکان و هەم دزی و تاڵانیشیان کردە پیشەی خۆیان و ئەو جێگەیەی دەستیان پێی گەیشت تاڵانیان کرد . ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا نەک هەر خەڵکەکەی نەپاراست بەڵکو ئەوەی لە شمشێری ئیخوانەکان ڕزگاری بوو دوچاری ئاوارەیی هات ، ئارتەشی (ئازاد) نەک هەر ڕزگارکەر نەبوون لە "سەرێ کانی" بەڵکو هۆکاری هەموو فیتنە و نالەبارییەک بوون ، نەک هەر ئازادکەر نەبوون بەڵکو سەرچاوەی وێرانی شارەکەش بوون ، دەتوانم بڵێم هاتنی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا بۆ ڕزگارکردنی "سەرێ کانی" نەبوو لە دەست داگیرکەر بەڵکو بۆ ڕزگارکردنی ئەو شارە بوو لە دەست دانیشتوانەکەی.
شەڕفرۆشیەکانی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا لە بەرامبەر کورداندا ، لە لایەک ئاشکراکردنی نیازە گڵاوەکانی ئیخوان‌الموسلمین بوو لە لایەکی دیکەوە سەنگی مەحەک بوو بۆ هەڵماڵینی دەمامکی حیزبە دەمامکدارە بەناو کوردیەکان ، چونکە شانبەشانی دڕندایەتی ئیخوان‌الموسلمین و ئارتەشە بەناو ئازادەکەیان چەندین لایەنی بەناو کوردیش بوونە کەرەستەیەکی بێ بەهای دەستی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا دژ بە کوردان ، کە نموونەی ئەو لایەنە دەمامکدارانەش (الپارتی و پارتی ئازادی و تیار الموستقبل) بوون کە لەگەڵ دەرکەوتنی ئارتەشی (ئازد)ی سوریا چەندین کەتیبەیان دامەزراند بۆ کوشتنی کوردانی "سەرێ کانی" ، نمونەی ئەو کەتیبانەش کەتیبەکانی (مەلا مستەفا بارزانی ، ئیدریس بارزانی و مەشعەل تەمۆ) بوون . هەڵبەت لە ڕابردوشدا هەر خودی ئەو پارتە بەناو کوردیانە لە پشت دامەزراندنی چەندین کەتیبەی دژە کوردی دیکە بوون وەک کەتیبەکانی(شەهید سەدام حسێن ، سەڵاحەدینی ئەیوبی و کەتیبەی پێشمەرگە) کە دەستیان بە خوێنی کوردانی حەلەب سور کرد .
پاش بەرخۆدانی دلێرانەی یەکینەکانی پاراستی گەل "یەپەگە" تەواوی هێزە توندڕەوەکانی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا تێکشکان و ڕاونران ، بەرخۆدانی "یەپەگە" هەم بەرنامە کوشندەکەی ئیخوان‌الموسلمینی هەڵوەشاندەوە و هەم نیازە پیسەکانی دەمامکدارە کوردەکانیشی زیندە بەچاڵ کرد . بۆ ئەوەی دەمامکدارە بەکرێگیراوەکان سەرلەنوێ بتوانن خۆیان ساز دەنەوە هانایان بردەوە بەر سەرۆکی هەرێم "هەرچەند سەرۆکی هەرێم هەم لە پشت دەمامکدارەکانەوە بووە و هەم لە هێرشی دڕندانەی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریاش بێ ئاگا نەبووە" .
لێ بەڵێ ؛ سەرۆکی هەرێم "مەسعود بارزانی" جارێکی دیکە بە ڕوخسارێکی دیکەوە خۆی کردەوە بە ڕیش سپی کایەکە ، هەڵبەت نیازەکانی سەرۆکی هەرێم شاراوە نییە ، ئەو نیازانەش لەو وتارەدا دەرکەوت کە لە کۆنگرەی حیزبەکەی ئەردۆغاندا پێشکەشی کرد . ئەم ڕیش سپێتیەی سەرۆکی هەرێم جگە لە گێرەشێوێنی هیچ شتێکی دیکەی لێ شین نابێت ، چونکە هەر دوای کۆبوونەوەی حیزبە دەمامکدارەکان لەگەڵ مەسعود بارزانیدا یەکسەر باسیان لە سازدانی هێزێکی چەکداری دیکە کرد بۆ ڕۆژئاوای کوردستان . ئەم باسکردنە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ساڵێکە هێزێکی چەکداری وەک "یەپەگە" بوونی هەیە و تەواوی ناوچە کوردنشینەکانیشی لە کردەوەی نەخوازراو پاراستووە و هێرشی دڕندانەی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریاشیان تێکشکاند (واتە باسکردن لە هێزێکی چەکداری دیکە تەنها بۆ ئاژاوەگێڕی و سەر لێشێواندنە) ، چونکە لە کاتێکدا "یەپەگە" بوونی هەبێت و توانای پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستانیشی هەبێت ئەوا هیچ پێویست بە بوونی هێزێکی چەکداری دیکە ناکات .
هەڵبەت دەبێت باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەینە نموونە بۆ بوونی دوو هێزی چەکدار . چونکە لە هەر یەک لەو دوو پارچەیەدا دوو هێزی چەکدار هەبووە و ئەنجامەکەشی شەڕی ناوخۆیی و لە دەستدانی هەموو دەستکەوتەکان بووە . خۆ ئەگەر بێت و لە ڕۆژئاوای کوردستاندا هێزێکی چەکداری دیکە دروست بکرێت ئەوا بە دڵنیاییەوە شەڕی ناوخۆیی دروست دەبێت و ئەنجامەکەشی تەنها بە لە دەستدانی دەستکەوتەکانی ئەو پارچەیە کۆتایی نایەت بەڵکو کاریگەری زۆر خراپ لەسەر پارچەکانی دیکەش دروست دەکات .
لێرەدا پێویستە ئەم دوو پرسیارە هەم لە مەسعود بارزانی و هەم لە حیزبە دەمامکدارەکان بکەین و بڵێیین : -
1- چۆنە ئێوە ئامادەن لە ڕێگەی لایەنگرەکانتانەوە کەتیبەی چەکداری دروست بکەن و بیانخەنە ژێرفەرمانی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا بۆ خزمەتکردنی ئیخوان‌الموسلمین بەڵام ئامادە نین لایەنگرانتان بنێرنە نێو ڕیزەکانی "یەپەگە" بۆ خزمەتکردنی ڕۆژئاوای کوردستان ؟
2- ئەگەر هێندە بە پەرۆشی هێزی چەکدارین ، ئەی بۆچی هەوڵی ئەوە نادەن کە هەڵبژاردنێکی پەڕلەمانی ساز بدەن و هەموو هێزی چەکداری ببێتە ماڵی پەڕلەمان ؟

گلەیی و گازندە :-
گلەیی و گازندەی من زیاتر لە ئەنجومەنی گەلی ڕۆژئاوی کوردستانە ، چونکە ئەم ئەنجومەنە تاکو ئێستاش نەیتوانیوە سنورێک بۆ دەستێوەردانەکانی پارتی و بارزانی دابنێت لە ڕۆژئاوای کوردستاندا . پێشینیان دەڵێن " مرۆڤی زانا دوو جار لە کونێکەوە پێوەی نادرێت " ، کەچی ئەنجومەنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان نەک دوو جار بەڵکو دەیان جار لە هەولێرەوە پێوەیان درا و هێشتاش وانەیان لە پیلانەکانی بارزانی وەرنەگرت .
ئەوە بارزانی بوو کە لە ژێر ناوی " کۆنفرانس بۆ کوردانی سوریا " گەورەترین ئاژاوەی لە نێوتاندا ساز کرد ، ئەوە بارزانی بوو کە نیوەی دەستەی باڵای خستە باوەشی داود ئۆغڵو دژ بە نیوەکەی دیکە ، ئەوە بارزانی بوو کە پارتەکانی نزیک لە خۆی ناردە لای ئەخزەر ئیبراهیمی تاکو بە نێوی هەموو کوردانی ڕۆژئاواوە لێدوان بدەن ، ئەوە بارزانی بوو کە خۆی کردە دەمڕاستی کوردانی ڕۆژئاوا و بەبێ پرسکردن چوویە کۆنگرەی دەوحە ، ئەوە بارزانی بوو کە لە پشتی پەردەوە لەگەڵ کاربەدەستانی تورکدا دادەنیشت بۆ کۆچبەرکردنی کوردانی ڕۆژئاوا ، ئەوە بارزانی بوو کە بڕی یەک ملیۆن دۆلاری بەخشیە ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا بۆ هێرشکردنە سەر "سەرێ کانی" ، ئەوەش بارزانییە کە لە دوای تێکشکاندنی هێرشەکەی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا جارێکی دیکە دەیەوێت لە ڕێگەی دیداری ئێوە و پارتە دەمامکدارەکانەوە سەریەشەتان بۆ ساز بکات .
ئیمڕۆ زۆربەی شار و ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئازاد کراوە و ئەو سیستەمەی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا پەیڕەو دەکرێت بۆ سەد ساڵی دیکەش لە هەولێردا پەیڕەو ناکرێت ، ئیتر چ هۆکارێک هانی داون کە بۆ هەموو دیدارێک ڕوو لە هەولێر بکەن و هەوڵی ئەوە نەدەن کە دیدارەکانتان لە شارەکانی ڕۆژئاوادا ئەنجام بدەن ؟؟؟؟!!!!
بە دڵنیاییەوە تاکو قیبلەتان هەولێر و ڕیش سپیتان بارزانی بێت ئەوا لە سەرئێشە ڕزگارتان نابێت و بەرەوە پێشیش ناچن ، لەبەرئەوە کاتی ئەوە هاتووە کە دیدارەکانتان بگوازنەوە بۆ شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕیش سپیشتان بنەماڵەی شەهیدان بێت ، تاکو چی دیکە دوچاری سەر ئێشەی پارتی و بارزانی نەبن .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە