مەترسیەکان لەسەر خۆرئاوای کوردستان ڕوو لە زیادبوونە
Tuesday, 06/11/2012, 12:00
لە دەستپێکی شۆڕشی گەلانی سوریاوە تا ئیمڕۆ ، تەنها یەک ڕۆژ بەدی ناکرێت کە کوردان لە خۆپیشانداندا نەبووبێتن و تەنانەت لە زۆربەی کاتەکاندا کوردان پێشڕەوی ڕاپەڕینەکانیان کردووە ، ئەوەی تاکو ئیمڕۆش وەک شۆڕش بوونی مابێت لەو وڵاتەدا تەنها خەباتی بێ وچانی کوردانە لە ڕۆژئاوای کوردستان ، دەنا وەکو دی شتێک بە ناوی شۆڕش لە سوریادا بوونی نەماوە و ئەوەی هەیە ململانێی نێوان هێزە دژبەرەکانە و لە وڵاتی سوریادا هەوڵی یەکلاکردنەوەی دەدەن ، ئەو ململانیانەش دەکرێت بەسەر چوار بەشدا دابەش بکرێت :-
١- ململانێی (شیعە و سونە) یان "بلۆکی ئێرانی و بلۆکی عەرەبی" .
٢- ململانێی (زلهێزەکانی خۆرئاوا "ئەمریکا و ئەوروپیەکان") و (زلهێزەکانی ڕۆژهەڵات "ڕوسیا و چین") .
٣- ململانێی (ئیسرائیل) لەگەڵ (بەعسی و نەژادپەرستە عەرەبەکان) .
٤- ململانێی (تورکی داگیرکەر و دەستوپێوەندەکانی) لە بەرامبەر (کوردی داگیرکراو و شۆڕشە ئازادیخوازیەکەی) .
ئەگەرچی ئەم لایەنانە لە ململانێدان بەڵام سوتەمەنی و کەرەستەی ململانێکان زەحمەتکێشانی سوریان ، ئەنجامی ئەو ململانیانەش شتێک نەما لە نێو سوریای عەرەبیدا بە ناوی شۆڕش ، بەڵکو ئەوەی هەیە جگە لە ئاژاوەگێڕی و هەوڵدان بۆ بە دەستخستنی دەسەڵات هیچ شتێکی دیکە نییە ، بەڵام لە ڕۆژاوای کوردستان ڕەوشەکە تەواو جیاوازە و شۆڕش لەسەر ڕێچکەی خۆی دەڕوات و زۆر دەستکەوتی گرنگیشی بەدەست هێناوە .
چ هۆکارێک بوویە هۆی ئەوەی کە لە ڕۆژاوای کوردستاندا شۆڕش لە هەڵکشاندا بێت و لە سوریای عەرەبیشدا ئاژاوە جێگەی شۆڕش بگرێتەوە ؟
شۆڕش کاتێک لەسەر ڕێچکەی خۆی دەمێنێت کە دوو ڕێگە بە بنەما بگرێت :-
ڕێگەی یەکەم هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی بڕیاردان و ڕێگریکردن لە هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی .
ڕێگەی دووەم هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی گەلان بۆ پشتیوانیکردنی شۆڕش و کەمکردنەوەی هەر جۆرە دوژمنایەتیەک لەگەڵ هێز و گەلانی دیکەدا .
ئەم دوو ڕێگەیە لە لایەن کوردانەوە بە بنەما وەرگیرا . کوردان نەبوونە بەشێک لە ململانێکان و دژایەتی هیچ گەل و ئاین و مەزهەبێکیان نەکرد ، کوردان سیاسەتی خۆیان بە سەربەخۆیی هێشتەوە و خاوەن بڕیاری خۆیان بوون ، کوردان سەرنجی هەموو کەمە نەتەوە و ئاین و مەزهەبەکانی سوریا و ڕۆژئاوی کوردستانیان بەلای خۆیاندا ڕاکێشا ، لە ناوچە کوردنشینەکاندا کورد و ئەرمەنی و ئاسوری و عەرەب بە برایەتی مانەوە و ڕۆژاوای کوردستانیش بوویە جێگە حەوانەوەی هەزاران بنەماڵەی ئاوارەی ناوچەکانی دیکە . کوردان توانیان دەستێوەردانی ئاشکرای دەوڵەتان کەم بکەنەوە ، بەڵام تاکو ئێستاش نەیانتوانیووە دەستێوەردانە شاراوەکانی دەوڵەتی تورک بە تەواوەتی بنەبڕ بکەن کە لە کۆتایی ئەم بابەتەدا باسی دەکەم .
بەڵام لە ناوچە عەرەبنشینەکاندا ڕەوشەکە تەواو پێچەوانە بوو ، ئەم ڕەوشە پێچەوانەیەش هەم شۆڕشی گۆڕی بۆ ئاژاوە و هەم ماڵوێرانیی و دوژمنایەتیشیان خستە نێو کۆمەڵگاوە ، هۆکاری سەرەکی ئەم ڕەوشە نالەبارەش ئیخوان الموسلمین و سوپا بەناو ئازادەکەیان بوون ، چونکە یەکێک لە تایبەتمەندیە پیسەکانی ئیخوان الموسلمین ئەوەیە کە هەموو شتێک پەسەند دەکەن لە پێناوی گەیشتنیان بە دەسەڵات . بڕوانە ئەم لینکە :-
http://www.youtube.com/watch?v=zNZj0tVLmL0&feature=related هێشتا گەلانی سوریا لە سەرەتای شۆڕشدا بوون کە ئیخوان الموسلمین هەموو سەربەخۆیی بڕیاردانی لە دەستدا و لە ئەنقەرەوە ئامادەباشیان بۆ پەلکێشکردنی هێزە داگیرکەر و ئیمپریالیستەکان دەکرد و بانگەشەی دەستێوەردانی سەربازیان دەکرد ، ئاشکراشە کە تەنها خیانەتکاران هەوڵ دەدەن پەلکێشی داگیرکەر بکەن بۆ ناو وڵات لە پێناوی هەندێک ئامانجی تایبەتیدا . کۆیلەبوونی ئیخوان الموسلمین بۆ "تورکیا و ئەوروپا" گەیشتە ئەو ڕادەیە کە هەموو بڕیارێک لەو دوو جێگەیە بستێنن ، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر یەک لە تورکیا و ئەوروپیەکان کۆنە داگیرکەری سوریا بوون و هەر یەکەشیان ویستی تایبەتی خۆیان هەیە لە سوریادا .
هێشتا شۆڕشی گەلانی سوریا لە چەکەرەکردندا بوو کە ئیخوان الموسلمین لە ڕەگەوە وشکی کرد ، بەهۆی خۆ گرێدانیان بە چەندین دەوڵەت و دژایەتیکردنی چەندین دەوڵەت و لایەنی دیکە . گرێدراوی ئیخوان الموسلمین بە " تورک و ناتۆ " لە لایەک و دژایەتیکردنیشیان بۆ " ڕوسیا و چین و ئێران و حیزباللە " لە لایەکی دیکەوە تەواو ئاڕاستەی شۆڕشی گۆڕی ، لە هەمان کاتدا دژایەتیکردنی ئیخوان الموسلمین و سوپای (ئازاد)ی سوریا بۆ گەلانی کورد و ئەرمەنی و ئاسوری لە لایەک و بە ڕەواکردنی کوشتنی باوەڕمەندانی ئاین و مەزهەبەکانی مەسیحی و ئێزدی و دورزی و شیعە و عەلەوی لە لایەکی دیکەوە ڕاپەڕینی ڕەوای گەلانی سوریای لە شۆڕشەوە گۆڕی بۆ ئاژاوەگێڕی و پاشاگەردانی ، ئەمە جگە لەوەی کە بە بارمتەگرتنی ڕۆژنامەوان و کەسانی سڤیلیان کردە پیشەیەکی ڕۆژانە . ئایا لە چ ڕاپەڕینێکدا شتی وەها ڕوویداوە کە هێشتا هیچت بە دەست نەبێت و خاک و گەلەکەت بخەیتە گێژاوی دەوڵەتانی دەرەکی بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکانیان؟
لە تونس و میسر شۆڕش بەرپا بوو ، بەڵام شۆڕشگێڕان هیچ لایەنێکیان تۆمەتبار نەکرد بە یارمەتیدەری زەینالعابدین و حوسنی موبارەک ، لە کاتێکدا یارمەتیدەرانی ئەو دوو دیکتاتۆرە زۆر زیاتر بوون لە یارمەتیدەرانی بەشار ئەسەد ! ،هەروەها نەشچوونە باوەشی هیچ هێزێکی دەرەکی و داوای دەستێوەردانی سەربازیشیان نەکرد لە وڵاتیاندا ، ئەمە جگە لەوەی برایەتی گەلانی "عەرەب و قبتی و ئەمازیخ"یان پاراست و بڕیاری کوشتنی هیچ ئاین و مەزهەبێکیشیان دەرنەکرد . ئەنجامی ئەو هەڵوێستە ژیرانەیەش شۆڕش ڕەوایەتی خۆی لە دەست نەدا و شۆڕشگێڕانیش بە زۆربەی ئامانجەکانیان گەیشتن و پشتیوانی گەلانی جیهانیشیان بەدەست هێنا (هەرچەند شۆڕشی میسر و تونس بە بڵندکردنی وێنەی شۆڕشگێرانی وەک چ.گیڤارا سەرکەوتنی بە دەست هێنا و ئەنجامەکەی بە هێنانە پێشەوەی کەسانێکی گوماناوی وەک محەمەد مورسی کۆتایی هات بەڵام لەو باوەڕەدام هوشیاری و هەڵوێستی ژیرانەی شۆڕشگێرانی ئەو دوو وڵاتە ڕێگە نادات تەمەنی ئەو کەسە گوماناویانە درێژ بێت) . بەڵام لە سوریادا ڕەوشەکە تەواو پێچەوانە بوو بەهۆی ئەو ڕێگە چەوتانەی ئیخوان الموسلمین کە بە بنەمایان گرتووە بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات .
لەگەڵ هەر دەستکەوتێکدا چەندین پیلانگێڕی :-
بۆ یەکەمین جار بوو کە کوردان سیاسەت بخەنە خزمەتی خۆیان و نەبنە سوتەمەنی شەڕێک کە هیچ بەرژەوەندیی کوردی تێدا نییە ، لە هەموو شۆڕش و سەرهەڵدانەکانی ڕابردوودا بەشی کوردان زۆرترین قوربانیدەری سەرەتا و گەورەترین دۆڕاوی کۆتایی بووە . بەڵام ئەم جارە کوردان هەم تێکەڵ بە دەوڵەتە دڕندەکەی بەعس نەبوون و هەم خۆیشیان لەو ئۆپۆزسیۆنە بە دوور گرت کە لە تورکیاوە بەرنامەی بۆ دادەڕێژرێت.
کوردان لە سەرەتای شۆڕشەوە لە سەرهەڵداندا بوون ، شەو و ڕۆژیان سەریەک خست بۆ دامەزراندنی هەموو ڕێکخراوە جەماوەری و سازیە خزمەتگوزاریەکان ، تێکۆشانی بێ وێنەیان کرد بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی گەل و بنیادنانی یەکینەکانی پاراستنی گەل"یەپەگە" ، قوربانی زۆریاندا بۆ دابینکردنی ئاسایشی کوردان و ڕێگریکردن لە باندی دز و بازرگانانی خوێن ، هوشیاری زۆریان نواند بۆ ئازادکردنی زۆربەی ناوچە کوردنشینەکان بە کەمترین زیان .
لێ بەڵێ ؛ هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە تا ئیمڕۆ پیلانگێڕان لە تەقەلادا بوون بۆ لە باربردنی دەستکەوتەکان ، هێشتا شۆڕش لە سەرەتادا بوو کە جۆرەها تۆمەت ئاڕاستەی شۆڕشگێڕانی نەتەوەکەمان کرا ، ساتێک بە یاریدەدەری داگیرکەر و ساتێک بە شەبیحەی ئەسەد ناوهێنانیان ، ساتێک بە دیکتاتۆر و ساتێک بە خامۆشکەری سەرهەڵدان پێناسە کردنیان .
هەڵبەت ئەم تۆمەتانە نامۆ نین بە کورد چونکە لە ڕابردوشدا زۆر تۆمەتی وەک "دژە شۆڕش" و "موخەریب" و "نۆکەری ئیسرائیل"مان بیست ، لە هەمان کاتدا نیگەرانی لەوەدا نییە کە داگیرکەران داڕێژەری پیلانی ژەهراوین بەڵکو نیگەرانی لەوەدایە کە هەندێک لایەنی کوردی و لە ژێر دەمامکی کوردایەتیدا جێبەجێکەری پیلانی داگیرکەرانن ، تەواوی ئەو لایەنە کوردیانەش بە فەرمانی بارزانی پیلانەکان ڕادەپەڕێنن .
هێشتا شۆڕشگێڕانی کورد لە سەرەتای ئازادکردنی شار و گوندەکانی ڕۆژئاوی کوردستاندا بوون ، دەوڵەتی تورک هانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقی دا بە هێزێکی ٧٠٠ کەسیەوە دەستێوەردان بکات لە ژێر ناوی" پاراستنی کوردانی سوریا" ! کە لە ڕاستیدا ئەو دەستێوەردانە بۆ ئاژاوەگێڕی بوو . خۆشبەختانە کوردانی ڕۆژئاوا لە بەرامبەر ئەم ئاژاوەگێڕیەدا وەستانەوە و گوتیان (ئێمە خۆمان خۆمان دەپارێزین و پێوستیمان بە کەس نییە بمانپارێزێت ، ئەگەر بارزانی مەبەستی پاراستنە با لە سەرەتادا کوردانی سەعدیە و جەلەولا بپارێزێت کە ڕۆژانە دووچاری کوشتن و دەرکردن دەبنەوە) .
لە هیچ کەس شاراوە نییە کە ڕۆژانە کوردانی جەلەولا و سەعدیە دوچاری کوشتن دەبنەوە و ئەرکی پاراستنی ئەو خەڵکەش لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمدایە ، ڕۆژانەش خەڵکی ئەو ناوچانە داواکاری لە حکومەتی هەرێم دەکەن کە هێزی پێشمەرگە بنێرن بۆ پاراستنی سەر و ماڵیان . سەرسوڕمان ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم دەنگی ئەو خەڵکە نابیستێت و هێزیش نانێرێت بۆ پاراستنیان ، کەچی هێز دەنێرێت بۆ پارچەیەکی دیکەی کوردستان کە خۆی ئازاد کراوە و خەڵکەکەشی توانای خۆ پاراستنیان هەیە !!!
جارێکی دیکە لەسەر داوای بارزانی تەواوی پارتە کوردیەکان بانگێشتی شاری هەولێر کران جگە لە پارتی یەکێتی دیموکراتیک "پەیەدە" لە ژێر ناوی (کۆنفرانس بۆ کوردانی سوریا) ، ئەمە لە کاتێکدایە کە گەورەیی و پڕجەماوەری "پەیەدە" بەراورد ناکرێت بە تەواوی پارتەکانی دیکە ، ئەنجامی ئەم بانگێشتکردنەش تەنها ئاژاوەگێڕی لێ کەوتەوە ، بەڵام خۆشبەختانە ئەم هەوڵەش نەزۆک دەرچوو .
پاش ئەوەی بارزانی لەو تەقەلایەشدا سەرکەوتو نەبوو ، ئەو کات سوپای (ئازاد)ی سوریا خواستیان بچنە ناوچەی عفرین و هەمان گوتەکەی بارزانیان دووبارە کردەوە و گوتیان "دەمانەوێت بتانپارێزین" ، بەڵام سوپای ئازادیش هەمان ئەو وەڵامەیان وەرگرت کە ئاڕاستەی بارزانی کرابوو و پێیان گوترا "بڕۆن حومس و حەما و ئیدلب بپارێزن ، ئێمە خۆمان خۆمان دەپارێزین " .
ئاشکرایە سوپای (ئازاد)ی سوریا نەک هەر نەیتوانیوە میلەت بپارێزێت بەڵکو ڕووی لە هەر جێگەیەک کردبێت ئەو جێگەیەی دوچاری کۆمەڵکوژی کردۆتەوە . ڕاستە زۆربەی کۆمەڵکوژیەکان بە دەستی ڕژێمە دیکتاتۆرەکەی ئەسەد ئەنجام دەدرێت بەڵام توندڕەویەکانی ئیخوان الموسلمین و سوپای (ئازاد)یش گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە هیچ ڕێزێک بۆ مافی مرۆڤ دانەنێن و هەرچی پێیان باش بوو ئەنجامی بدەن ، بۆ شارەزابوون لە ناوەڕۆکی سوپای ئازاد کرتە لەسەر ئەم لینکە بکە :-
http://www.youtube.com/watch?v=phnSRbKCaPk&feature=related دوای ئەم هەوڵە نەزۆکانە دیدار و ماچ و موچەکانی بارزانی و بەرپرسانی تورک پەرەی سەند ، تەنها لە یەک مانگدا دوو جار مەسعود و جارێک نێچیرڤان بارزانی سەردانی تورکیایان کرد و ئەردۆغانیش زۆر بە ڕاشکاوی گوتی " من و بارزانی هاوبۆچوونین لە دژایەتیکردنی سوریا و پەکەکە"دا .
پاش ئەم سەردانانە فەڕشی سور بۆ "داود ئۆغڵو" ڕاخرا لە هەولێر و بەرپرسی چەندین حیزبی ڕۆژئاوای کوردستانیان گەیاندە خزمەتی بۆ دژایەتیکردنی پارتی یەکێتی دیموکراتی "پەیەدە" . لە کاتێکدا بەرپرسی ئەو پارتانە و داود ئۆغڵو پەیمانی نهێنیان لە دژی "پەیەدە" واژۆ دەکرد کە هێشتا مەرەکەبی ڕێکەوتنەکەی هەولێر وشک نەببویەوە کە لە نێوان پەیەدە و ئەو پارتانەدا ئەنجام درابوو .
لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر چوونی مەسعود بارزانی بوو بۆ کۆنگرەی چوارەمی ئاکەپە و پێشکەشکردنی ئەو وتارەی کە تەنها بۆنی شەڕی کوردکوشتنی لێ دەهات ، کاتێک گوتی (سوپاسی ئەردۆغان دەکەم و سیاسەتەکانی زۆر ڕاست و دروستن ، داوا دەکەم هەموو هێزە کوردێکان هاوکاری ئەردۆغان بکەن و دژ بە توندوتیژیەکانی هەندێک لایەنی کوردی بوەستنەوە) ، بڕوانە ئەم لینکە :-
http://www.youtube.com/watch?v=LfhIU2d941Q&feature=related بریا کەسوکاری شەهیدان تەنها بۆ یەک چرکەسات سەردەمی ڕەشی سەدام حسێنیان بهێنایەتە پێش چاوی خۆیان و وایان دابنایە کە بەرپرسی یەکەمی پکک سەدام حسێنی لە ئامێز گرتووە و هەمان ئەو سوپاسگوزارییەی ئاڕاستە دەکات کە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ئاڕاستە ئەردۆغانی کرد ، تاکو بیانزانیایە ئەو سوپاسگوزارییەی بارزانی چ ژەهرێکی بە ژانە و چوویە دڵی کەسوکاری شەهیدانەوە !
هەڵبەت سوپاسگوزاریەکانی بارزانی بۆ ئەردۆغان شتێکی نوێ نییە ، چونکە لە ڕابردووشدا دوا بە دوای فتوای جیهادی خومەینی دژ بە کوردانی ڕۆژهەڵات هەمان سوپاسگوزاری ئاڕاستەی خومەینی کرد . پاش ئەنفال و کیمیابارانی باشووری کوردستانیش بارزانی هەمان سوپاسگوزاری ئاڕاستەی سەدام حسێن کرد لە ٣١ی ئابدا و گوتی "بە سوپاسەوە هاوکارییان کردین و بە دەنگمانەوە هاتن" . ئێستاش لە دوای کۆمەڵکوژیەکانی بناری قەندیل و ڕۆبۆسکی و تاوانە نامرۆڤانەکانی دیکەی ئەردۆغان دژ بە کوردانی باکوور گوێبیستی هەمان سوپاسگوزاری بووینەوە .
پیلانەکانی تورکیا کۆتاییان نەهات و جێبەجێکردنی پیلانەکانیش لە لایەن بارزانیەوە کەمی نەکرد ، ئەم جارەیان بارزانی بە بەخشینی یەک ملیۆن دۆلار بۆ سوپای (ئازاد)ی سوریا کۆمەڵکوژکردنی کوردانی خستە واری کرداریەوە ، بڕوانە ئەم لینکە :-
http://malmokurd.com/?p=27836 کاتی ئەنجامدانی ئەو کۆمەڵکوژیە هەم جێگە پرسیارە و هەم ڕاستینەی سوپای (ئازاد)ی سوریای دەرخست ، چونکە لەو کاتەدا ڕژێمی فاشستی بەشار ئەسەد بڕیاری دابوو بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ شەڕ بوەستێنێت . هێشتا چەند سەعاتێک بەسەر بڕیاری شەڕ وەستاندنەکە دەرباز نەببوو کە سوپای (ئازاد)ی سوریا ئەو شەڕ وەستانەیان بە هەل زانی بۆ کوشتنی کوردان .
لە بەرەبەیانی ٢٦ی ئۆکتۆبەردا هێرشیان کردە سەر کوردانی شاری حەلەب و کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا ، پاش ئەوەی سوپای (ئازاد)ی سوریا بە کۆمەڵکوژکردنی کوردان نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک ئەو کات ڕێگەی هاتوچۆی نێوان حەلەب و عفرینیان بڕی و سەدان ژن و منداڵ و کرێکاری کوردیان بە بارمتە گرت ، تەنها هۆکارێک بۆ ئەو کردارەش ئەوە بوو کە ئەو ژن و منداڵانە کوردن .
چوار دیاردەی سەرنج ڕاکێش :-
١- نابێت ڕێگە لە کاری حەشیشە چاندن بگیرێت .
٢- اللە یحیی جیش الحر . (واتە : خودا سوپای ئازاد پایەدار کات) .
٣- با سوپای ئازاد بێتە ناوچە کوردیەکان .
٤- با یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە" لە چەک داماڵرێن .
وەک چۆن دەوڵەتی تورک بەردەوام هاوکاری دەداتە سوپای (ئازاد)ی سوریا بۆ کوشتنی کوردان ، لە چەند مانگی ڕابردووشدا لە ڕێگەی چەندین باندەوە هەوڵی بڵاوکردنەوە و چاندنی حەشیشە دەدات لە هەندێک ناوچەی ڕۆژئاوای کوردستان . بەڵام یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە" لە هەڵمەتێکی بوێرانەدا توانیان تەواوی ئەو حەشیشانە لەناو ببەن و بیان سوتێنن . هەروەها یەکینەکانی پاراستنی گەل ڕێگریان لە هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی کرد و ڕێگەشیان نەدا هیچ شەڕ و ماڵوێرانییەک بکەوێتە ڕۆژئاوای کوردستان .
پاش کۆمەڵکوژکردنی کوردانی ئەشرەفیەی حەلەبیش یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە" بە دەستهاتن بۆ پاراستنی کوردان و لە ماوەیەکی کەمدا سوپای (ئازاد)ی سوتیایان لە ئەشرەفیەی حەلەب دەرخست و ژمارەیەکیان لێ کوشتن و ژمارەیەکیشیان لێ بەدیل گرتن . ئەو کات تەواوی ئەو حیزب و لایەنانەی سەر بە بارزانین لە شاری کوبانی خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست لە دژی "یەپەگە" و ئەو چوار دروشمەی سەرەوەیان چڕی .
چڕینی ئەو چوار دروشمەی سەرەوە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە ئامانجی پارتەکانی سەر بە بارزانی بەجێگەیاندنی داخوازیەکانی دەوڵەتی تورک و لەباربردنی دەستکەوتەکانی گەلە . چونکە لە هیچ کەسێک شاراوە نییە کە چاندنی حەشیشە کوشندەترین دەردە لە نێو کۆمەڵگادا . لە ڕابردوو و لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی ئێرانیش برەو بە هەمان دیاردە دەدات بۆ کوشتنی ڕۆحیەتی شۆڕشگێڕانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان .
لە هەمان کاتدا کار و کردەوەکانی سوپای (ئازاد)ی سوریا جگە لە کۆمەڵکوژکردنی کوردانی ئەشرەفیەی حەلەب ، ڕوویان لە هەر جێگەیەک کردبێت ئەو جێگەیە دووچاری وێرانی و کۆمەڵکوژی و ئاوارەیی بووە کەچی پارتەکانی سەر بە بارزانی داوای ئەم دوو دیاردە نامۆیە دەکەن بۆ کوردان (حەشیشە و سوپای "ئازاد") ، دژایەتیکردنی سوپای (ئازد)یش بۆ کوردان گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە هەموو شانازیەکانیان سەدام حسێن بێت و ناوی کەتیبەکانیان بە ناوی "شەهید سەدام حسێن"ەوە ناو بنێن ، بڕوانە ئەم لینکە :-
http://www.q8me.com/3998.html کەموکوڕیەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە" لە ڕۆژئاوادا :-
ڕاستە یەکینەکانی پاراستنی گەل کوردیان پاراست لە هەر کۆمەڵکوژیەک ، سەر و ماڵی هاو وڵاتیانیان پاراست لە باندی دز و مافیا ، نەبوونە بەشێک لە پیلانی داگیرکەر و سوپای (ئازاد)ی سوریا ، تا ڕادەیەکی زۆر دەستێوەردانی دەرەکی و دوژمنانیان بنەبڕ کرد لە ڕۆژئاوای کوردستان . بەڵام هێشتاش کۆمەڵێک کەموموڕی هەن کە نەیانتوانیووە چارەسەری بکەن و ئەگەر چارەسەریشی نەکەن ئەوا دەبێتە بەڵای سەریان لە ئایندەدا ، کە بە باوەڕی من ئەو کەموکوڕیانە بریتین لە :-
١- تا ئێستا "یەپەگە" نەیتوانیووە یاسایەک دابنێت بۆ بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان . چونکە لە هەموو جیهاندا پەیڕەوی لە یاسای خۆپیشاندان دەکرێت .
بۆ نموونە جاری وا هەیە لە شارێکی بچوک و لە یەک کاتدا شەش خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت و هەموو ڕێگە سەرەکیەکان دادەخرێن و ئاستەنگیەکی زۆر ساز دەبێت ، ئەمە جگە لەوەی کە زۆربەی ئەو خۆپیشاندانانە تەنها بۆ ئەوەیە کە ئاستەنگی بۆ لایەنی بەرامبەریان ساز بکەن نەک بۆ دژایەتیکردنی داگیرکەرەکە ، لە هەمان کاتدا زۆربەی ئەو خۆپیشاندانانە بۆ پشێوی نانەوە و چاندنی بێ باوەڕییە لە دڵی کۆمەڵگادا ، تاکو لەو ڕێگەیەوە کار ئاسانی بۆ سوپای (ئازاد)ی سوریا بکەن بۆ هاتنە ناو شارە کوردیەکانەوە و دووچاری هەمان مەرگەساتی شارە عەرەبنشینەکانیان بکەن . بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە :-
http://www.manar.com/page-2099-ar.html 2- تا ئێستا "یەپەگە" نەیتوانیووە سنورێک بۆ دەستێوەردانەکانی پارتی و بارزانی دابنێت ، چونکە دەستێوەردانی پارتی گوزارە لە دەستێوەردانی دەرەکی و داگیرکەرانی کوردستان دەکات . ئەگەر "یەپەگە" سنورێک بۆ دەستێوەردانەکانی "پدک-عێراق" دانەنێت ئەوا هەمان چارەنووسە تاریکەکەی باشووری کوردستان چاوەڕێی ئەو پارچەیەی کوردستانیش دەبێت . چونکە پدک-عێراق ئەزمونی زۆری هەیە لە ئاژاوەنانەوە و گێرەشێوێنی .
بۆ نموونە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بوو کە پەڕلەمانی باشووری کوردستانی کردە (فیفتی-فیفتی) و شەڕی ناوخۆیی چەندین ساڵەی بە دوادا هات و تاکو ڕۆژگاری ئیمڕۆش خوێنی بەزمی (فیفتی-فیفتی) لە کورد دەچۆڕێت ، کەچی ئەنجومەنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان خۆی خستە داوی هەمان سیاسەتی (فیفتی-فیفتی) پارتیەوە لەگەڵ پارتەکانی سەر بە بارزانی کە ناوی "ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریا"یان لەخۆ ناوە ، ئەو پارتانەش پێیەکیان لە ئەنقەرەیە و پێیەکەی دیکەیان لە "میت"خانەکەی هەولێرە ، پەلێکیان بە دەست ئەردۆغانەوەیە و پەلەکەی دیکەیان بە دەست ئیخوان الموسلمین و سوپای (ئازاد)ی سوریاوەیە .
کاری ئەمڕۆ مەخەرە سبەینێ :-
ئیمڕۆ پارتی یەکێتی دیموکراتی"پەیەدە" باڵا دەستە لە ڕۆژئاوای کوردستان و تەواوی ناوچەکانی بە دەستەوەیە ، لە هەمان کاتدا یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە" تەنها هێزی چەکدار و پارێزەری سەر و ماڵی کوردانە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا کە ئەمەش زۆر باش و جێگەی دەستخۆشیکردنە .
بەڵام دەبێت هەم "پەیەدە" و هەم "یەپەگە" ئەو ڕاستیە بزانن کە دوژمنان لە گێرەشێوێنی ناکەون و تەواوی گێرەشێوێنیەکانیش لە ڕێگەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە بەڕێوەی دەبەن . تا ئەو کاتەی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا یەک هێزی چەکداری وەک "یەپەگە" هەبێت ئەوا ئاشتی و ئاسایش سەقامگیر دەبێت ، بەڵام ئەگەر بێت و هێزێکی چەکداری دیکە بکەوێتە ناوچەکە (چ سوپای ئازاد و چ چەکدارەکانی بارزانی) ئەوا بە دڵنیاییەوە شەڕی ناوخۆیش ساز دەبێت و هەموو دەستکەوتەکانیش لە دەست دەچن . لە هەمان کاتدا تا ئەو ڕۆژەی "پەیەدە" باڵا دەست بێت و ناوچەکانی لە ژێر دەستدا بێت ئەوا دوژمنان ناتوانن بە ئاسانی دەستێوەردان بکەن بەڵام ئەگەر بێت و سنورێک بۆ هەمئاهەنگی پارتەکانی سەر بە بارزانی لەگەڵ تورکیا و سوپای ئازاد دانەنرێت ئەوا بە دڵنیاییەوە ڕەوشەکە ڕوو لە ئاڵۆزی دەکات .
من خۆم هیچ کاتێک دژ بە فرە حیزبی نیم ، بەڵام هەزار جار نەفرەت لە حیزبێک دەکەم کە گرێدراوی داگیرکەران بێت و پێویستە بە زوترین کات ڕێگەی لێ بگیرێت . دەبێت "پەیەدە"ش ئەو ڕاستیە بزانێت کە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق هیچ کێشەیەکی لەگەڵ داگیرکەراندا نییە و پەلکێشی هەموو داگیرکەرانیشی کردووە بۆسەر لایەنە کوردیەکان .
ئەوە پارتی بوو کە لە ژێر ناوی "قیادە مۆقەتە"دا پەلکێشی سوپای پاسدارانی کرد بۆسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان وهەموو ڕێسێکی ئەو پارچەیەی کردەوە بە خوری .
ئەوە پارتی بوو کە بە ناوی "حکومەتی هەرێمی کوردستان"ەوە جەندرمەی تورکی بە هەموو جێگەیەک ئاشنا کرد بۆ کوشتنی گەریلای "پ.ک.ک" و خەباتی باکووری کوردستانی دەیان ساڵ دواخست .
ئەوە پارتی بوو کە لە ژێر ناوی "شەرعیەتدانەوە بە پەڕلەمان" سوپا ئەنفالکەرەکەی بەعسی هێنایە بست بە بستی باشووری کوردستان و ٣١ی ئابی ئەنجامدا .
ئەوەش پارتیە کە هاوکاری چەک و دۆلار دەداتە سوپای (ئازاد)ی سوریا و لایەنەکانی نزیک لە خۆی هان دەدات کە بانگەوازی بۆ سوپای ئازاد و چاندنی حەشیشە بکەن و هەوڵی ناشیرینکردنی جوانیەکانی "پەیەدە" و "یەپەگە" بدەن بۆ لەباربردنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان .
پێویستە "یەپەگە"ش بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و سەرفرازهێشتنەوەی کوردان کاری ئیمڕۆ نەخاتە سبەینێ و سنورێک بۆ دەستێوەردانەکانی "ئەردۆغان-بارزانی" دابنێت و لێپرسینەوەش لەگەڵ ئاژاوەگێڕاندا بکات بە تایبەت ئەو ئاژاوەگێرانەی کە ناوی "الپارتی"یان لە خۆ ناوە ، چونکە ئەوە تەڵەکەبازی الپارتیە کە جار نا جارێک بۆ ئاژاوەگێڕی بەرپرسێکی خۆیان بزر دەکەن بۆ زڕاندنی ناوی "یەپەگە" . هەروەها الپارتی سەرقافڵەی ئەو لایەنانەیە کە خۆیان گرێداوە بە تورکیاوە و تورکیاش لە هیچ دژایەتیەکی کوردان ناسڵەمێتەوە ، لەبەرئەوە پێویستە ئەو دەستانە کورت بکرێنەوە کە لە تورکیاوە درێژ دەکرێنە خۆرئاوای کوردستان . بۆ زانیاری زیاتر کرتە لەسەر ئەم لینکە بکە :-
http://so.firatnews.com/index.php?rupel=nuce&nuceID=8499
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست