کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شه‌ش ملیۆن که‌س نابینرێ ، شه‌ش هه‌زار ده‌نگ ده‌بیسترێ

Thursday, 05/05/2011, 12:00






ئه‌گه‌ر باس له‌ سه‌رهه‌ڵدان و ڕاپه‌ڕینی ڕۆژانه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان نه‌که‌ین له‌ پێناوی ئازادیدا و ته‌نها دیمه‌نی نه‌ورۆزی ئه‌م ساڵی باکووری کوردستان بێنینه‌ پێش چاوی خۆمان ئه‌وا به‌ڵگه‌یه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ هه‌م بۆ فاشیه‌تی ده‌وڵه‌تی تورک و هه‌م بۆ نه‌بوونی هیچ جۆره‌ ئازادییه‌ک بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌ باکووردا .
به‌ پێی زۆربه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌کان ، له‌ ڕۆژی نه‌ورۆزی ئه‌م ساڵدا زیاتر له‌ شه‌ش ملیۆن کورد ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و داوای ژیانێکی ئازادیان کرد (ئه‌م داوایه‌ش هیچ سه‌ختییه‌کی تێدا نییه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتداران) ، به‌ڵام تورکه‌ داگیرکه‌ره‌کان نه‌ک هه‌ر گوێبیستی ئه‌و داواکاریانه‌ نه‌بوون به‌ڵکو زیاتر له‌ جاران بره‌ویان به‌ وه‌حشیگه‌رێتی و هۆڤێتی خۆیان دا .
که‌چی کاتێک له‌ شاری " ده‌رعا "ی سوریادا که‌متر له‌ شه‌ش هه‌زار که‌س ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و داوای ڕوخاندنی ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆره‌که‌ی " به‌شار ئه‌سه‌د "یان کرد (که‌ سه‌ختترین داواکاری له‌لای ده‌سه‌ڵاتداران باسکردن له‌ ڕوخاندنه‌) ، ئه‌وا له‌ یه‌ک کاتدا هه‌م ئه‌مریکا و ئه‌وروپیه‌کان هه‌ڵوێستی توندیان به‌رامبه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تی سوریا وه‌رگرت و هه‌م ده‌وڵه‌تی فاشستی تورک و له‌ سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه‌ ئه‌ردۆغانی کۆنه‌په‌رست داوای له‌ حکومه‌ته‌که‌ی "به‌شار ئه‌سه‌د" کرد که‌ گوێبیستی ده‌نگی جه‌ماوه‌ر بێت !
ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆغانی کۆنه‌په‌رست هێنده‌ به‌ په‌رۆشی ده‌نگی شه‌ش هه‌زار خۆپیشانده‌ری ده‌رعای سوریاوه‌یه‌ و داوا له‌ به‌شار ئه‌سه‌د ده‌کات که‌ ده‌نگی خۆپیشانده‌ران ببیستێت " که‌ ڕوخاندنی ده‌سه‌ڵاته‌ " ، ئه‌ی بۆچی شه‌ش ملیۆن خۆپیشانده‌ری باکوری کوردستان نابینێت و که‌مترین داواکاری ئه‌و خه‌ڵکه‌ش نابیستێت " که‌ داواکاری ئازادیه‌ " ؟
ئه‌مریکا و ئه‌وروپیه‌کان که‌ هێنده‌ باس له‌ دیموکراتیه‌ت و مافی مرۆڤ ده‌که‌ن ، ئه‌ی بۆچی له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌موو دڕندایه‌تیه‌ی تورکه‌کاندا خاوه‌نی هیچ هه‌ڵوێستێکی ئه‌رێنی نین و بگره‌ به‌ پێشکه‌وتوترین چه‌کی سه‌رده‌میش پڕ چه‌کی ده‌که‌ن له‌ کاتێکدا له‌ که‌مترین ماوه‌دا هه‌ڵوێست له‌ به‌رامبه‌ر سوریادا وه‌رده‌گرن ؟
تاکو ئێستا هیچ گۆڕێکی به‌ کۆمه‌ڵ بۆ خه‌ڵکی ده‌رعا ئه‌نجام نه‌دراوه‌ ، لێ به‌ڵی له‌ هه‌ر دۆڵێکی باکووری کوردستاندا چه‌ندین گۆڕی به‌ کۆمه‌ڵ به‌دی کراوه‌ و له‌ هه‌ر شارێکیش تراژیدیایه‌ک ئه‌نجام دراوه‌ !
خه‌ڵکی ده‌رعا نه‌ کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیان هه‌یه‌ و نه‌ کێشه‌ی داگیرکراوی و نه‌بوونی ناسنامه‌ش به‌ڵکو خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتێکی دیکتاتۆرن که‌ ئازادی تاکه‌کانیان پێشێل ده‌کات ، لێ به‌ڵێ خه‌ڵکی کوردستان جگه‌ له‌وه‌ی که‌ داگیرکراون هه‌م نه‌ته‌وه‌بوونیشیان ده‌خرێته‌ ژێر پرسیار و هه‌م نکۆڵی له‌ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیشیان ده‌کرێت و ته‌نانه‌ت وه‌کو مرۆڤیش قبووڵ ناکرێن . که‌چی جیهانی پیسی سه‌رمایه‌داری له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌موو ناهه‌قیانه‌دا هێشتا لایه‌نی کوردی به‌ تاوانبار پێناسه‌ ده‌کات و وه‌کو وڵاتێکی دیموکراتیش باس له‌ تورکیا ده‌کات !
ده‌بێت چ جیاوازیه‌ک له‌ نێوان تام و ڕه‌نگی خوێنی مرۆڤه‌کاندا هه‌بێت که‌ ده‌ریای خوێنی سه‌دان ساڵه‌ی خه‌ڵکی کوردستان فه‌رامۆش ده‌کرێت و خوێنی چه‌ند حه‌فته‌ی خه‌ڵکی سوریاش به‌ هه‌ند ده‌گیرێت ؟ هه‌ڵبه‌ت پێویسته‌ که‌ خوێنی سوریه‌کان به‌ هه‌ند بگیرێت به‌ڵام چاوپۆشیکردن له‌ ده‌ریای خوێنی کوردان په‌ڵه‌ی شه‌رمه‌زاریه‌ به‌ ته‌وێڵی جیهانه‌وه‌ .
ئه‌ی تۆ بڵێی دیکتاتۆریه‌کانی عه‌لی عه‌بدوڵا ساڵحی یه‌مه‌ن و ئال خه‌لیفه‌ی به‌حره‌ین که‌متر بێت له‌ دیکتاتۆریه‌کانی به‌شار ئه‌سه‌دی سوریا ، که‌ ئه‌مریکا و ئه‌وروپیه‌کان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و دوو وڵاته‌دا بێ ده‌نگه‌یان هه‌ڵبژاردووه‌ ؟
ئه‌گه‌ر سه‌رهه‌ڵدانی زه‌حمه‌تکێشانی سوریا هه‌زاران که‌س بێت و له‌لایه‌ن سوپای سوریاوه‌ سه‌رکوت بکرێن ، خۆ سه‌رهه‌ڵدانی زه‌حمه‌تکێشانی یه‌مه‌ن له‌ ملیۆنان تێپه‌ڕیان کردووه‌ و سه‌رهه‌ڵدانی زه‌حمه‌تکێشانی به‌حره‌ینیش به‌ به‌راوردکردن به‌ ڕێژه‌ی دانیشتوانیان چه‌ندین به‌رامبه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی خه‌ڵکی سوریایه‌ و ڕێگه‌ی هێزی سه‌ربازی ده‌ره‌کیش " سعودیه‌ و ئیمارات " دراوه‌ که‌ به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هێزی سه‌ربازی ئال خه‌لیفه‌دا سه‌رکوتی خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیوی به‌حره‌ین بکه‌ن !
به‌ به‌راوردکردنی ئه‌م ڕووداوانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ده‌ره‌نجامێک ، ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ش ئه‌وه‌یه‌ که‌ جیهانی سه‌رمایه‌داری " وڵاتانی خۆرئاوا " ته‌نها له‌ دوای به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان وێڵن نه‌ک له‌ دوای ئازادی گه‌لان و مافی مرۆڤه‌کان ، له‌ پێناوی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌شدا ئاماده‌ن هه‌موو گه‌لانی زه‌حمه‌تکێشی جیهان خه‌ڵتانی خوێن بکه‌ن . ده‌نا کامه‌یه‌ ئه‌و دیموکراتیه‌ت و مافی مرۆڤه‌ی که‌ باسی ده‌که‌ن و ده‌رخواردی گه‌لانی ده‌ده‌ن ؟
نه‌فره‌ت له‌و مافی مرۆڤه‌ بێت که‌ نه‌ته‌وه‌ی کوردی په‌نجا ملیۆنی نابینێت و چاره‌نووسی سپاردووه‌ به‌ چه‌ندین داگیرکه‌ری دڕنده‌ !
نه‌فره‌ت له‌و دیموکراتیه‌ته‌ بێت که‌ چاوپۆشی له‌و هه‌موو وه‌حشیگه‌رییه‌ی تورکه‌کان ده‌کات و شه‌ش ملیۆن مرۆڤی ڕاپه‌ڕیو نابینێت !
نه‌فره‌ت له‌و دیموکراتیه‌ت و مافی مرۆڤه‌ بێت که‌ کارئاسانی ده‌کات بۆ سوپای وڵاتانی دیکه‌ تاوه‌کو سه‌رکوتی جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو بکه‌ن له‌ به‌حره‌ین‌دا !
هه‌زاران نه‌فره‌ت له‌و کورده‌ بێت ئه‌گه‌ر ده‌نگ بداته‌ ئاکه‌په‌ و پشتگیری له‌ ئه‌ردۆغانی کۆنه‌په‌رست بکات .


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە