کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕێکەوتنی یەکینەکانی پاراستنی گەل لەگەڵ ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا و دەرەنجامەکانی

Sunday, 24/02/2013, 12:00








بەشی دووەم - دەرەنجامی ڕێکەوتننامەکە :-
وەک لە بەشی یەکەمدا باسم کرد ، بە غەیری بەندی هەشتەم تەواوی بەندەکانی دیکە لە بەرژەوەندی کورداندایە (واتە سەرگرتنی ڕێکەوتننامەکە لە بەرژەوەندی کورداندایە) ، بەڵام ئەگەر ڕێکەوتننامەکە سەریش نەگرێت ئەوا تا ڕادەیەک هەر لە بەرژەوەندی کورداندایە ، چونکە بەر لەم ڕێکەوتننامەیە ئیخوال‌الموسلمین و ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا هەمیشە لایەنی کوردیان بە شەبیحە و هاوکاری بەشار ئەسەد ناو دەبرد و هیچ کاتێک ئامادە نەبوون پەیەدە و یەپەگە وەک دوو هێزی ڕۆژئاوی کوردستان بناسێنن بەڵکو هەمیشە وەک پەکەکە پێناسەیان دەکردن و تەنانەت ئامادەش نەبوون کە ددان بەوەدا بنێن و بڵێن بەشێک لە کوردستان لەلایەن سوریاوە داگیرکراوە .
بەڵام ئەم ڕێکەوتننامەیە ئەو ڕاستییەی بە دوژمنان سەلماند کە بەشێک لە کوردستان لە سوریادا بوونی هەیە و هیچ هێزێکیش ناتوانێت نکۆڵی لە بوونی کوردان بکات و بەبێ هاوبەشیکردنی ئەو نەتەوەیەش مەحاڵە بەرهەڵستکارانی سوریا بتوانن هیچ ئامانجێک بە دەست بێنن ، لە هەمان کاتدا ئەم ڕێکەوتننامەیە ئەوەی هێنایە پێش چاوی دۆست و دوژمن کە ئەو تۆمەتانەی ئیخوان‌الموسلمین و ئارتەشە بەناو ئازادەکەیان کە ئاڕاستەی پەیەدە و یەپەگەیان دەکرد هەمووی درۆ و دوور لە ڕاستین ، چونکە ئەگەر هێزێک هاوکار و شەبیحەی ئەسەد بێت ئەوا ڕێکەوتننامەی لەگەڵدا واژۆ ناکرێت !
هیوادارم ئەم ڕێکەوتننامەیە سەربگرێت چونکە لە هەموو حاڵەتێکدا سەرکەوتنی باشترە لە سەرنەکەوتنی ، بەڵام بە پێی هەموو لێکدانەوەیەک ئەگەری سەرنەکەوتنی زۆر زیاترە لە سەرکەوتنی چونکە بە غەیری یەک خاڵی هاوبەش کە "دژایەتیکردنی ڕژێمی بەعس و هەوڵی ڕزگاربوون لە دیکتاتۆریەتە" ئەوا هیچ خاڵێکی هاوبەشی دیکە بەدی ناکرێت لە نێوان لایەنی کوردی(پەیەدە و یەپەگە) و لایەنی عەرەبی(ئیخوان‌الموسلمین و ئارتەشی ئازاد)دا ، بەڵام لە بەرامبەردا خاڵە جیاوازەکان هێندە زۆرن کە لە ئەژمار نایەن و بەشێک لەو جیاوازیانەش بریتین لە :-
1- لایەنی عەرەبی تەنها لە ناودا لە بەعسیەکان جیاوازن دەنا لە ناوەڕۆکدا زۆر لە بەعسیەکان شۆڤێنیترن و ئەو ڕەگەزپەرستییەی بەعسیەکان لە ماوەی 60 ساڵی تەمەنیاندا چاندویانە گەرای لە خوێنی هەر تاکێکی ئارتەشی ئازادیشدا داناوە . بەڵام لایەنی کوردی لەگەڵ ئەوەی داگیرکراو و چەوساوەیە کەچی 100% پێچەوانەی ئەقڵیەتی شۆڤێنیانەی ئیخوان‌الموسلمین بیر دەکەنەوە و هەمیشە برایەتی گەلان بە بنیچینە وەردەگرن .
2- لایەنی عەرەبی بریتییە لە هێزێکی سەلەفی جیهادی و هەموو شتێک لە نوکی شمشێردا دەبینێتەوە و لە ڕوانگەی سەلەفیەکانەوە دەبێت شەرع بڕیاردەر بێت ، ئەو شەرعەی کە بەرنامەکەی ئەنفال و جیهادە و کەللە پەڕاندن و چوارپەل بڕینەوە بە ڕەوا دەبینێت . لە بەرامبەردا لایەنی کوردی هێزێکی سۆسیالیستی- دیموکراتی پێشکەوتنخوازە و نەفرەت لە ئەنفال و کەللە پەڕاندن دەکات و زۆر بە توندیش دژایەتیان دەکات .
3- لە ڕوانگەی سەلەفیەکانەوە دەبێت کۆمەڵگا بگەڕێتەوە بۆ 14 سەدە بەر لە ئێستا و کۆمەڵگا تەنها یەک مافی هەبێت ئەو مافەش عیبادەتە (عیبادەتیش بە واتای عبودیەت "کۆیلایەتی" دێت) . هەرچی لایەنی کوردیشە نەفرەت لە دیاردەی کۆیلایەتی دەکات و زۆر پێشکەوتنخوازانە لە مەسەلەکان دەڕوانێت و هەوڵ دەدات کۆمەڵگا بەرەو پێش بچێت و بۆ دواوە ئاوڕ نەداتەوە و کۆتایی بێت بە جیاوازی نێوان نەتەوە و ئاینەکان و ڕێز لە هەر بیر و باوەڕێکیش بگیردرێت .
4- لە ڕوانگەی ئیخوان‌الموسلمینی سەلەفیەوە دەبێت ژنان لە چوارچێوەی چوار دیواردا بمێننەوە و بە نیوە مرۆڤ پێناسە بکرێن و وەکو کاڵا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت وەک (ئافرەت لە خوێندان و کچ لەسەر بێشکە مارەکردن و گەورە بە بچوک و ژن بە ژن و شیربایی و دیاردەی فرە ژنی و لە هەمووشی قێزەونتر ئەوەیە کە بە ناوی حیجابەوە دەبێت هەر ژنە و جاجمێک لە خۆی بپێچێت) . لە بەرامبەردا لایەنی کوردی زۆر بە توندی دژ بەو دیاردانە دەوەستێتەوە و بڕوای تەواوەتی بە ئازادی ژنان هەیە و دەخوازێت ژنان وەک مرۆڤی تەواو حسابیان بۆ بکرێت و ئەو مافەی بۆ پیاوان ڕەوایە بۆ ژنانیش ڕەوا بێت .
5- ئیخوانە سەلەفیەکان لە دوی گوتەی شێخەکانیان وێڵن ، ئەو شێخانەی کە دیاردە قێزەونەکانی منداڵبازی و دەستەگەمانیان کردۆتە پیشە و ڕوو لە هەر جێیەک بکەن ئەو جێیە دوچاری فەسادی و دزی و تاڵانی و قاتوقڕی دەکەن . لایەنی کوردیش بە تەواوەتی دژ بەو دیاردە قێزەونانەیە و ڕێگە نادات بەشێک لە کۆمەڵگا ببێتە ستەمکار لەسەر بەشەکەی دیکەی .
6- ئیخوان‌الموسلمین لە دوی دەسەڵات وێڵن و لەو پێناوەشدا سڵ لە هیچ کردەوەیەکی چەپەڵی وەک پەلکێشکردنی هێزی بێگانە ناکەنەوە و وەک کوفر لە دیموکراتیەت و پەڕلەمان دەڕوانن . لایەنی کوردیش بە تەواوی دەسەڵات ڕەت دەکاتەوە و دژ بە هەر دەستێوەردانێکی دەرەکییە و دەخوازێت هەموو دەسەڵاتەکان بۆ گەل بێت و دیموکراتیەت سەقامگیر بێت .
7- ئیخوان‌الموسلمین لە تورکیاوە گەورە دەکرێت و تەواوی سەرکردەکانیان لە (ئەنقەرە و ئەستەمبوڵ و هاتای و ئەدەنە)ن و بە بێ هاوکاری تورکیا ناتوانن یەک حەفتە بمێننەوە . لایەنی کوردیش وەک سەرسەختترین دوژمن لە دەوڵەتی تورک دەڕوانێت و هەر دەستێکەڵاویەک لەگەڵ تورکیادا بە خەتی سور دەزانێت و بە گومانەوە لە تەواوی ئەو لایەنانەش دەڕوانێت کە سەردانی تورکیا دەکەن .
8- ئیخوان‌الموسلمین جۆرەها تۆمەتی ئاڕاستەی پەیەدە و یەپەگە کرد وەک { شەبیحە هاوکاری ئەسەد دژ بە خۆپیشاندانەکان بێگانە بە سوریا - ...هتد } . لایەنی کوردیش کەمتر لەو تۆمەتانەی ئاڕاستە نەکردن و هەمیشە ئیخوان‌الموسلمین و ئارتەشی "ئازاد"ی سوریای بە { چەتە دز ڕێگر داردەستی تورک -...هتد } ناودەبرد ، هەرچەند ئەو گوتانە لەسەر ئیخوان‌الموسلمین هەمووی ڕاستن و ئەگەر زیادی نەبێت ئەوا کەمی نییە .
9- ئیخوان‌الموسلمین و ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا بە غەیری ئایدۆلۆژیای ئیسلام بڕوایان بە هیچ ئایدۆلۆژیایەکی دیکە نییە و لەو ڕوانگەیەشەوە عەرەب بە براگەورە و خاوەن ماڵ دەزانن و تەنها مافی عیبادەت "کۆیلەبوون" بۆ کوردان بە ڕەوا دەبینن . هەرچی پەیەدە و یەپەگەشە بڕوایان بە ئایدۆلۆژیای "ئاپۆیی" هەیە و لەو ڕوانگەیەشەوە هەم کوردان بە خاوەن ماف دەزانن و هەم هەوڵیش دەدەن کە کوردان بکەنە پێشەنگ لە ناوچەکەدا . بۆ ڕاستی ئەم گوتەیەم گوێ لە عەدنان عەرعوری سەرۆکی ئیخوان‌الموسلمین بگرە لەم لینکەی خوارەوەدا :-
http://www.youtube.com/watch?v=GaOvypRTN10

10- خاڵی هەرە جیاواز بریتییە لە بەندی هەشتی ڕێکەوتننامەکە کە (بریتییە لە هاوکاریکردنی یەپەگە و ئارتەشی ئازاد بۆ ڕزگارکردنی ئەو ناوچانەی پارێزگای حەسەکە کە هێشتا لە ژێر دەسەڵاتی بەعسدان ، ئەو شارانەش حەسەکە و قامشلۆن) . بە دڵنیاییەوە ئەگەر هەموو بەندەکانی دیکە سەر بگرێت ئەم بەندەیان سەرناگرێت . چونکە ئەگەر ئارتەشی ئازاد ڕوو لەو دوو شارە بکات ئەوا هەمان چارەنوسی "سەرێکانی" دووبارە دەبێتەوە واتە (دوو شاری وێرانە و خەڵکێکی ئاوارە) ، لە کاتێکی وەهاشدا یەپەگە نەک هەر هاوکار نابێت بەڵکو زۆر بە توندیش لە بەرامبەر ئارتەشی ئازاددا دەوەستێتەوە .
درێژەی هەیە ........
جەلال چوارتایی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە