لە لێدوانی ئاشتیخوازیەوە بۆ کردەوەی شەڕخوازی و ڕەشەکوژی
Thursday, 24/01/2013, 12:00
هیچ سەردەمێک هێندەی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئەردۆغان و حکومەتەکەی ئاکەپە تاوان و فریودان پیادە نەکراوە ، هەر لە کۆمەڵکوژیەوە بگرە تا پڕکردنی زیندانەکان ، هەر لە هێرشی سەربازیەوە بگرە تا ڕاوەدونانی پەڕلەمانتار و سیاسەتمەدارە کوردەکان . هەر کاتێکیش ئەم دەسەڵاتە شوومەی ئاکەپە ئامانجەکانی نەپێکابێت ئەوا هانای بردوە بۆ فریودانی کوردان لە ڕێگەی چەند گوتەیەکی هەمەڕەنگی وەک (کرانەوە بە ڕووی کورداندا ، چارەسەرکردنی ئاشتیانەی دۆزی کورد ، کۆتایهێنان بە فرمێسکی دایکان ، هانابردن بۆ تاوتوێکردنی گرفتەکان لە پەڕلەمان ، دواجاریش درێژەدان بە گوتوبێژ لەگەڵ ئیمراڵی) .
لێ بەڵێ ؛ هەر کاتێک دەوڵەتی تورک هێرشی کردبێت و هێرشەکان لە بەرژەوەندیاندا بووبێت ئەوا هەندێک لایەنی بە ناو کوردیش بێدەنگیان هەڵبژاردووە ، خۆ ئەگەر هێرشەکان بە تێک شکاندنی دەوڵەتی تورک کۆتایی هاتبێت و ژمارەیەک جەندرمەی تورک کوژرابن ئەوا پەتی بێ دەنگی ئەو لایەنە کوردیانەش پچڕاوە و بەر لە تورکەکان ئەوان سەرەخۆشیان لە کەسوکاری جەندرمە کوژراوەکان کردووە و لایەنی کوردیشیان شەرمەزار کردووە . لە پاش هەر تێک شکاندنێکیش خودی ئەردۆغان هانای بردووە بۆ فریودان و باسی لە ئاشتی کردووە ، لەگەڵ هەر باسکردنێکی ئاشتیشدا ئەو لایەنە بەناو کوردیانە شایی و لۆغانیان بۆ گوتە بێ سەروبەرەکانی ئەردۆغان گرتووە و هەموو ڕاگەیاندنەکانی خۆیان خستۆتە خزمەتی دەوڵەتی تورکەوە بۆ بە ئاشتیخواز ناوهێنانی ئەردۆغان و دارودەستەکەی .
لە چەند مانگی ڕابردوودا شاهیدی کۆمەڵە پێشکەوتنێکی کەم وێنەی لایەنی کوردی بووین لە بەرامبەر سیاسەتە شەڕخوازیەکانی دەوڵەتی تورکدا ، کە گرنگترینیان بریتی بوون لە سەرکەوتنە سەربازیەکانی هێزی گەریلا لە ناوچەکانی شەمزینان و مانگرتنە 68 ڕۆژیەکەی زیندانە سیاسیەکانی باکوری کوردستان و پێشکەوتنە شکۆدارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان .
هەرچی دەوڵەتی تورک بوو هەموو هەوڵی خۆی خستە گەڕ بۆ ئاستەنگی سازکردن لە بەرامبەر ئەم پێشکەوتنانە ، لە لایەکەوە باسیان لەوە دەکرد کە تەنها یەک کەس مانی لە خواردن گرتووە و لە لایەکی دیکەوە دەیانگوت ئەم کردەوانە خۆنواندنی پەکەکەیە ، لە لایەکەوە لە ڕێی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە سنورەکانیان بە ڕووی ڕۆژئاوادا دەگرت و لە لایەکی دیکەوە ئارتەشی (ئازاد)ی سوریایان لە دژی کوردانی ڕۆژئاوا هان دەدا . کاتێک تەواوی ئەم کردەوانە شکستی خوارد ئەو کات هانایان بۆ فریودانی کوردان برد بە ناوی کۆتایهێنان بە شەڕ و درێژەدان بە ئاشتی .
چ هانابردنێک بۆ ئاشتی و کام کۆتایهێنان بە شەڕ ؟
لە سەرەتای دەستپێکردنی ساڵی نوێدا "2013"دا جارێکی دیکە ئەردۆغان باسی لە زمانی دیالۆگ و هانابردن بۆ ئیمراڵی کرد ، هێشتا گوتەکانی ئەردۆغان کۆتاییان نەهاتبوو کە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و لایەنە ئیسلامیەکان کەوتنە دووبارەکردنەوەی گوتەکانی ئەردۆغان و ئەو مرۆڤە کوردکوژەیان وەکو ئاشتیخواز پێناسە کرد . هەرچی کردەوە شەڕخوازیەکانی ئەردۆغانیشە بە هیچ کوردێک نامۆ نییە و هەمیشە باسی لە "یەک دەوڵەت ، یەک نەتەوە ، یەک ئاڵا" کردووە و تەنانەت زۆر جار ڕوو قایمانە و بێ شەرم گوتویەتی (ئەگەر لە باشووری ئافریقاش چادرێک هەبێت و ناوی کوردستانی لەسەر نوسرابێت ئەوا دەچین و دەیسوتێنین) .
هەر کاتێک ئەردۆغان و حکومەتەکەی بە گوتە باسیان لە ئاشتی کردبێت ئەوا بە کردەوە تەواو پێچەوانە جوڵاونەتەوە ، ئەو کردەوەیەش بەرفراوانکردنی هێرشەکان و زیادکردنی کردەوە تیرۆریستیەکان بووە . ئەم جارەش کاتێک باسیان لە زمانی دیالۆگ و هانابردن بۆ ئیمراڵی کرد ، یەکسەر بە دوای ئەم گوتەیەدا کۆمەڵکوژییەک لە شاری پاریس ئەنجام درا و سێ ژنی شۆڕشگێڕی کورد تیرۆر کران ، یەکێک لەو ژنانە ساکینە جانسز"سارا" بوو کە یەکێک لە دامەزرێنەرانی پکک بوو ، هێشتا تەرمی ئەو سێ ژنە شۆڕشگێرە بە خاک نەسپێردرابوون کە هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆسەر قەندیل و باکووری کوردستان دەستی پێکرد ، ئەنجامی ئەو هێرشانەش دەیان شەهیدی گەریلای لێکەوتەوە ، هەر لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم هێرشانەشدا دڕندەکانی ئیخوانالموسلمین و ئارتەشی (ئازاد)ی سوریایان ئاودیوی شاری "سەرێ کانی" کرد و پشێویەکی زۆریان نایەوە لە ڕۆژئاوی کوردستاندا.
هێرشەکانی "سەرێ کانی" لە کاتێکدا بوو کە کوردانی ڕۆژئاوا و هێزەکانی پەیەدە لە ئازادکردنی ناوچەکانی " ڕومێلان و گرزیرۆ "دا بوون لە بن دەستی ڕژێمە داگیرکەرەکەی بەعسدا ، سەرسوڕمان ئەوەیە کە هەم تورکیا و هەم ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا باس لە کۆتایهێنانی بەعس و ئازادکردنی سوریا دەکەن لە دەستی بەشار ئەسەد ، کەچی لە بەرامبەر ئازادکردنی "گرزیرۆ"دا هەردوو لایەن کەوتنە هاوکاریکردنی بەشار ئەسەد و هێرشی دڕندانەیان کردە سەر کوردانی ڕۆژئاوا لە " سەرێ کانی " .
لە نێوان "قەندیل" و "سەرێ کانی"دا :-
لە ساڵی 2011دا ، کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشێکی بەرفرەوانی کردە سەر کوردان و دەستپێکی هێرشەکەش بۆسەر قەندیل بوو ، لە بەرامبەر ئەو هێرشەی کۆماری ئیسلامیدا هێزەکانی پژاک و گەریلاکانی "هەرەکە" بەرخۆدانێکی مەزنیان کرد و پاشەکشەیان بە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد . ئەو هێرشەی کرایە سەر قەندیل لە ڕاستیدا بۆسەر هەموو کوردان بوو بەڵام ئەوەی لەو کاتەدا "وەک هێزی سیاسی" خاوەن لە کوردان دەرکەوتوو لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا بەرخۆدانی کرد تەنها پژاک و گەریلاکانی "هەرەکە" بوون . هەرچەند لەو هێرشەدا دەیان گەریلای پژاک شەهید بوون کەچی هەندێک لایەنی ئۆردوگانشین بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و بەناوی کوردایەتیەوە کەوتنە هاوکاریکردنی کۆماری ئیسلامی و لە ڕاگەیاندنەکانیاندا چەندەها گوتەی بێ سەروبەریان بڵاوکردەوە وەک (تێکدانی ئەمنیەتی کوردستان ، زیاتر میلیتاریزەکردنی ڕۆژهەڵات ، ئەم شەڕە تەنها لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامیدایە ، سەرکەوتنی پژاک لە زەرەری کوردە ، ...هتد) .
ئێستاش لە ڕۆژئاوای کوردستان هێرشێکی هاوشێوەی قەندیل بۆ سەر شاری "سەرێ کانی" دەستی پێکردووە ، لە ڕاستیدا ئەو هێرشە بۆسەر هەموو کوردانە و سەرەتاکەی لە "سەرێ کانی"یەوە دەستی پێکردووە ، ئەوەی لەم کاتەدا "وەک هێزی سیاسی" خاوەن لە کوردانی ڕۆژئاوا دەرکەوتووە و بەرخۆدان دەکات تەنها پەیەدە و گەریلاکانی "یەپەگە"ن ، هەرچەند لە هێرشی "سەرێ کانی"دا دەیان کەسی سڤیل و گەریلای "یەپەگە" شەهید بوون کەچی هەندێک لایەنی بەناو کوردیش لەژێر دەمامکی کوردایەتیدا ڕاستەوخۆ بوونەتە چاوساخی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا و هەرچی کردەوەی نابەجێیە ئەنجامی دەدەن .
کاتێک لەو لایەنە کوردیانە دەڕوانین کە لە کاتی هێرشەکەی سەر قەندیلدا ناڕاستەوخۆ کەوتبوونە خزمەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە پژاک و بەراوردیان بکەین بەو لایەنە کوردیانەی کە ئیمڕۆ لە هێرشی"سەرێ کانی"دا ڕاستەوخۆ کەوتوونەتە خزمەتی دەوڵەتی تورک و ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا دژ بە پەیەدە ، ئەوا سێ خاڵی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە :-
1- سەرجەم ئەو لایەنانە نیشتەجێی باشووری کوردستانن . ئەمە لە کاتێکدایە کە باشووری کوردستان ئارامترین جێگەیە بۆ دەزگا هەواڵگریەکانی تەواوی داگیرکەران و ئەم دەزگا هەواڵگریانەش زۆر چالاکن لە باشووردا .
2- سەرجەم ئەو لایەنانەی کە لە کاتی هێرشی داگیرکەراندا دەکەونە دژایەتیکردنی پژاک و پەیەدە و پکک بریتین لەو لایەنانەی کە لە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە نزیکن . ئاشکراشە کە لایەنی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بۆتە پارێزەری هەموو ئەنفالکەر و کۆنە بەعسییەکان .
3- سەرجەم ئەو لایەنانە موچە و جیڕە لە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق وەردەگرن . ئەوە لە کاتێکدایە کە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقیش لە ڕابردوودا موچە و جیڕەی لە ئێران و تورکیا وەردەگرت و لە بەرامبەردا شەڕی کوردانی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستانی دەکرد .
بەڵام ، بەڵام ، بەڵام :-
بەڵام ئەوەی جێگەی گومانە ، لێدوان و کردەوەکانی ئەردۆغانە کە بۆتە وێردی سەر زاری هەندێک لایەنی کوردی . چونکە وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم پێکرد هەر کاتێک ئەردۆغان باسی لە ئاشتی کردبێت ئەوا بە کردەوە درێژەی بە هێرش و ڕەشەکوژی داوە . ئەم جارەش کە باسی لە درێژەدان بە وتووێژەکانی ئیمراڵی کرد یەکسەر بە دوای ئەو باسەدا سێ ژنی تێکۆشەری کورد شەهید دەکرێن و هێرشەکانی سەر قەندیل و باکووری کوردستان پەرە دەستێنن و چەتەکانی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریاش ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان و شاری "سەرێ کانی" دەکرێن بۆ کوشتنی کوردان . کەچی ڕێک لە کاتێکی وەهادا ڕاگەیاندنەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق دەکەونە خزمەتی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک و لایەنە مووچە خۆرەکانیشیان دەبنە چاوساخی ئیخوان الموسلمین و ڕاستەوخۆ دەکەونە شەڕی کوردان لە "سەرێ کانی".
وەک چۆن هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سەر قەندیل و باکووری کوردستان بە فەرمانی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک بەڕێوە بران ، بە هەمان شێوە هیچ گومانێکم لەوەدا نییە کە تیرۆری ئەو سێ ژنە شۆڕشگێڕە و هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستانیش کردەوەی ئاکەپە و دەوڵەتی تورکە بە کەمێک جیاوازیەوە ، ئەو جیاوازیەش ئەوەیە کە هێرشەکانی سەر قەندیل و باکووری کوردستان تەنها لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجام دران ، بەڵام تیرۆری سێ ژنی کورد و هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان بە هاوکاری دەزگا هەواڵگریەکانی جیهانی ئەنجام دراوە و لە سەروی هەمووشیانەوە دەزگا هەواڵگریەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و فەڕەنسا . مەخابن هەر کاتێک هێرشی داگیرکەران ئەنجام دەدرێت ، ڕێک لە کاتی هێرشەکەدا هەندێک لایەنیش لە ژێر ناوی کوردایەتیدا جێگە لەو هێرشەدا دەگرن و تەواوی ڕاگەیاندنەکانیان دەخەنە خزمەتی داگیرکەران .
تا ئەو کاتەی کورد لە خەبات و بەرخۆداندا بێت ئەوا کەسانێکیش دەبن کە بکەونە خزمەتی داگیرکەران و لە بەرامبەر بەرخۆدانی نەتەوەکەماندا بوەستنەوە ، بەڵام مەترسیدارترین ئەو کەسە بەکرێگیراوانە ئەوانەن کە سوود لە ووشەی " کوردایەتی" وەردەگرن بۆ ڕەوایەتیدان بە کردەوەکانیان . ئاشکراکردن و لە قاودانی ئەو بەکرێگیراوانەش ئەرکی سەر شانی ڕۆشنبیرانە ، چونکە چەندی جیاوازی فکریش هەبێت ئەوا نابێت ئەو جیاوازیە فکریانە ببنە هۆی ئەوەی کە داگیرکەر لە لایەنێکی کوردی بە باشتر بزانرێت ، بەڵام جێگەی داخە کە ئەو لایەنانەی لە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە نزیکن هەمیشە داگیرکەریان لە لایەنە کوردیە بیرجیاوازەکانیان بە باشتر
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست