ڕێکەوتنی یەکینەکانی پاراستنی گەل لەگەڵ ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا و دەرەنجامەکانی
Wednesday, 27/02/2013, 12:00
بەشی سێیەم و کۆتایی - چەند دیاردەی ئەرێنی لە ڕێکەوتننامەکەدا :-
یەکێک لە دیاردە هەرە جوانەکانی ئەم ڕێکەوتننامەیە بریتی بوو لە دانیشتنی یەکێک لە فەرماندە مەیدانیەکانی سەرێکانیی یەکینەکانی پاراستنی گەل بە ناوی " دکتۆر جوان مستەفا " لە بەرامبەر " حەسەن عەبدوڵا " فەرمانداری ئەنجومەنی سەربازی پارێزگای حەسەکەی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا (واتە دوو کەسایەتی لە هەمان ئاستی بەرپرسیاریدا) ، بڕوانە ئەم لینکانەی خوارەوە :-
http://www.pcdk.org/kurdi/page.php?sid=14128 http://so.xeber24.net/nuce/kurdistan/225-2013-02-18-09-07-17.html چونکە پێوانەی وتووێژ لە هەموو جیهاندا بەو جۆرەیە ، سەرۆک کۆمار لە بەرامبەر سەرۆککۆمار و سەرۆک وەزیر لە بەرامبەر سەرۆک وەزیر ، پارێزگار لە بەرامبەر پارێزگار و سەر لەشکر لە بەرامبەر سەر لەشکردا ، واتە وتووێژ لە نێوان ئەو کەسانەدا ئەنجام دەدرێت کە هاوپیشە و هاودەسەڵاتن .
بۆ نموونە کاتێک ئیئتلافی نیشتمانی سوریا هاتنە سەرێکانی لە بەرامبەردا دەستەی باڵای کورد پێشوازی لێکردن کە لە هەمان ئاستی بەرپرسیاریدا بوون ، لە ڕێکەوتنی ئەم جارەشدا فەرمانداری "پارێزگای حەسەکە"ی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا لە لایەن فەرمانداری "سەرێکانی"ی یەکینەکانی پاراستنی گەلەوە پێشوازی لێکرا . کەچی سەرسوڕمان ئەوەیە کەسانێک هەن کە سەرتاپای ژیانیان لە ئوتێلی پێنج ئەستێرەدا بەسەر بردووە و لە ڕاگەیاندنەکانیشدا ڕەخنە لەم هەڵوێستەی یەکینەکانی پاراستنی گەل دەگرن ، نمونەی هەرە بەرچاوی ئەو کەسانەش عەبدول حەکیم بەشاری سەرۆکی "الپارتی"یە کە نیوەی ژیانی لە خیانەتدا بەسەربردووە و نیوەکەی دیکەشی لە ئەنقەرە و هەولێر و باوەشی پاراستندا بەسەر بردووە ، کەچی لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستانەوە بەلێدوانێکی زۆر خێڵەکیانە گوتی :- (دەبوو دەستەی باڵا پێشوازی لەو فەرماندە سەربازیە بکردایە و ئەرکی ڕێکەوتننامەکەی بەڕێوە ببردایە) .
یەکێک لەو کردەوانەی یەکێتی و پارتی کە جێگە پەسەندی من بووە ئەوەیە کاتێک دەکەوتنە وتووێژ لەگەڵ "بەعس"دا ڕاستەوخۆ تاڵەبانی و بارزانی لەگەڵ "سەدام حسێن"دا دیداریان ئەنجام دەدا واتە (سەرۆک لە بەرامبەر سەرۆک)دا ، هەرچەند تاڵەبانی و بارزانی زۆربەی کاتەکان لێدوانی هێندە بێ مانایان دەدا کە مایەی شەرمەزاری بوو ، بەڵام خودی دانیشتنەکەیان وەک سەرۆک حیزب لە بەرامبەر سەرۆک دەوڵەتدا پڕەنسیپ و پێوانەی وتووێژەکەی بە شکۆداری دەهێشتەوە .
ناشیرینترین کردەوەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش ئەوە بووە کە لە بەرزترین ئاستدا وتووێژیان لەگەڵ نزمترین ئاستی بەرامبەرەکەیاندا ئەنجام داوە ، بۆ نموونە کاتێک وتووێژی نێوان حیزبی دیموکرات و کۆماری ئیسلامی دەستی پێکرد ڕاستەوخۆ دکتۆر عەبدول ڕەحمانی قاسملو لە بەرامبەر چەند وردە پاسدارێکی ناسنامە نادیاردا دانیشت و لەو دانیشتنەشدا تیرۆر کرا .
تیرۆرکردنی دکتۆر قاسملۆ ڕووداوێکی زۆر دڵتەزێن بوو ، بەڵام لە تیرۆرکردنەکە دڵتەزێنتر ئەوە بوو کە لە ئاستی سکرتێریدا بەرامبەر بە چەند وردە پاسدارێکی ناسنامە نادیار دانیشت و مەسەلەی نەتەوەیکی لەگەڵدا هێنانە بەر باس . لەبەرئەوە ئەو دانیشتنە جگە لەوەی نوشستی بوو بۆ حیزبی دیموکرات لە هەمان کاتدا ئابڕوو چونیش بوو بۆ نەتەوەی کورد .
خاڵێکی ئەرێنی دیکە لە ڕێکەوتنی نێوان یەکینەکانی پاراستنی گەل و ئارتەشی (ئازاد)ی سوریادا ئەوە بوو کە دانیشتنەکان لە ناوچەیەکدا ئەنجام دران کە ناوچەکە لە ژێر دەسەڵاتی یەکینەکانی پاراستنی گەلدا بوو . چونکە لە وتووێژی نێوان دوولایەندا زۆرترین قازانج و دەستکەوت هەمیشە لە بەرژەوەندی ئەو لایەنەدا دەبێت کە باڵادەستە لەسەر شوێنی وتووێژەکە ، ئەنجامی ئەو باڵادەستییەی یەپەگەش لەو جێگەیەدا کە وتووێژەکەی تێدا ئەنجام درا بوویە هۆی ئەوەی کە زۆربەی بەندەکانی ڕێکەوتننامەکە لە بەرژەوەندی لایەنی کوردیدا بێت .
کۆتایی .....
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست