کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دزینی ڕاپەڕین لە لایەن حیزبە بازرگانەکانەوە

Tuesday, 11/03/2014, 12:00






پاش داگیرکردنی کوەیت لە لایەن عێراقەوە ، هیچ بیانوویەک نەما بۆ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کە ڕێگە لە دەستێوەردانی ئەمریکا بگرێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و کەنداو بە تایبەتی ، چونکە لە مێژ بوو ئەمریکا دەیخواست شوێن پێی خۆی قایم بکات لە ناوچەکەدا و بە تایبەتیش لە شەڕی هەشت ساڵەی "ئێران-عێراق"دا هەوڵی بێ شوماری‌دا .
داگیرکردنی کوەیت باشترین هەلی ڕەخساند بۆ هاتنە ناوەوەی ئەمریکا ، ئەمریکاش هەر بە ڕزگارکردنی کوەیت لە دەست عێراقیەکان نەوەستا بەڵکو لە زاری "جۆرج بوش"ی باوکەوە داوا لە گەلانی عێراق کرا کە دژ بە سەدام حسێن ڕاپەڕن و ئەمریکاش پشتیوانیان لێ دەکات . ئەم بانگەوازیە بێ وەڵام نەمایەوە لە لایەن عێراقیەکان بە گشتی و کوردان بە تایبەتیەوە .
هێشتا چەند ڕۆژێک بەسەر بانگەوازیەکەی "جۆرج بوش"دا دەرباز نەببوو کە سەرهەڵدان شاری بەسرەی شیعەنشینی گرتەوە و لە کورتترین ماوەدا پریشکی ئەو سەرهەڵدانە گەیشتە تەواوی شارە شیعەنشینەکان ، سەرهەڵدانی شیعەکان ورەیەکی زۆری دایە کوردان کە هێندە لە چاوەڕوانی حیزبە بازرگانەکانی "بەرەی کوردستانی"دا نەمێنن و ڕاپەڕینی جەماوەری ساز بکەن . ڕاپەڕینی شیعەکان لە باشووری عێراق و کوردەکان لە باشووری کوردستاندا هێندە خێرا بوو کە هیچی وای نەمابوو هەم تەختی تاغوت تارومار بکات و هەم کۆتایش بە خەونی لە مێژینەی ئەمریکا بێنێت ، تەواوی ئەم ڕاپەڕینانەش لە غیابی ئەو پارتە ساتوسەوداگەرانەدا دەکرا کە ئیمڕۆکە بوونەتە هەمەکارە و باشووری کوردستانیشیان کردۆتە زیندانییەکی مەزن بۆ ئازادیخوازان و گەورەترین بنکەی جاسوسیش بۆ دەوڵەتە زلهێزەکان و داگیرکەرانی کوردستان.
بۆ نموونه‌ ده‌نگی گه‌لی کوردستان که‌ زمانحاڵی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو له‌ ئێواره‌ی 6-3-1991دا "واته‌ سێیه‌م ڕۆژی ڕاپه‌ڕین" هه‌واڵێکی بڵاوکرده‌وه‌ و گوتی(له‌ زاری چه‌ند قاچاخچییه‌کی سه‌ر سنووره‌وه‌ هه‌واڵمان پێگه‌یشتووه‌ که‌ له‌ ڕانیه‌ و ده‌وروبه‌ریدا ڕاپه‌ڕین ده‌ستی پێکردووه‌) .
به‌ مه‌رجێک کاتێک دەنگی گەلی کوردستان باسی له‌ ڕانیه‌ و ده‌وروبه‌ری ده‌کرد کە لە 4-3-1991دا لە شارۆچکەی خەبات ڕاپەڕین بەرپا کردبوو و تەواوی ناوچەکانی بازیان و باینجان و ته‌یناڵ و گۆپاڵه‌ش ئازادکرابوون و شاری سلێمانیش له‌ ئاماده‌باشی ته‌واودا بوو . خۆ دەربارەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ئەوە هەر پێویست بە باسکردن ناکات چونکە تەواوی باشووری کوردستان ئازاد کرابوو هێشتا ئەوان لە کەرەج و تاران نەجوڵابوون تا ئەو کاتەی بە سواری ئوتومبێل هێناماننەوە مەیدان ، کەچی سەرسوڕمان ئەوەیە کە ئیمڕۆکەش بە جۆرێک باس لە ڕاپەڕین دەکەن کە ئەگەر کەسێک شارەزا نەبێت وا دەزانێت بە غەیری بنەماڵەی بارزانی ئەوا هیچ کەسی دیکە لە مەیدانەکەدا نەبووە .
ڕۆڵی به‌ره‌ی کوردستانی لە ڕاپه‌ڕین‌دا :-
جگه‌ له‌ شوورا کرێکاریه‌کان هیچ لایه‌نێکی دیکه‌ بەشدار نه‌بوو له‌ ڕاپه‌ڕیندا ، به‌ڵام بە گەڕاندنەوەی بەرەی کوردستانی هەم شورا کرێکاریەکان کرانە ئامانج و هەم ناوەڕۆکی ڕاپه‌ڕینیش شێوێندرا ، بۆ نموونه‌ بەرەی کوردستانی هیچ باسێکی له‌ شارۆچکه‌ی خه‌بات نه‌ده‌کرد که‌ سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕین له‌و شاره‌وه‌ ده‌ستی پێکرد بوو ، به‌ڵکو به‌ زانابوونه‌وه‌ دەسپێکی ڕاپه‌ڕینیان گۆڕی بۆ شاری ڕانیه‌ [ هه‌ڵبه‌ت مەبەستی ئەم نووسینە ئەوە نییە کە لە تێکۆشان و دڵسۆزی خەڵکی ڕانیە کەم بکرێتەوە] ، به‌ڵام ئه‌م گۆڕانکارییه‌ی سه‌رانی به‌ره‌ی کوردستانی بۆ خاتری خه‌ڵکی ڕانیه‌ نه‌بوو به‌ڵکو بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ڕۆڵی جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیوی کوردستان بوو ، چونکه‌ له‌و کاته‌دا به‌هۆی دڕندایەتی به‌عسیەکانەوە ته‌نها شارێک که‌ ئاوه‌دانی تێدا مابوو لە نزیک سنووره‌کانی ئێران بریتی بوو له‌ شاری ڕانیه‌ ، ئه‌م گۆڕانکارییه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ که‌ به‌رهه‌می ڕاپه‌ڕین لە خەڵکەکە داماڵن و بیکه‌نه‌ ده‌ستکه‌وتی خۆیان و وا نیشانی جه‌ماوه‌ر بده‌ن که‌ ئه‌وه‌ سه‌رانی به‌ره‌ی کوردستانی بوون سنووریان بڕیوه‌ و ڕاپه‌ڕینیان ده‌ستپێکردووه‌ ، چونکە ئەگەر باس لە ڕاپەڕینی شارۆچکەی خەبات بکرایە ئەوا ئەو کات بەرەی کوردستانی نەیاندەتوانی هێندە بە ئاسانی ڕاپەڕینی جەماوەر بدزن و بیکەنە دەستکەوتنی خۆیان ، لەبەرئەوەی شارۆچکەی خەبات لە قوڵایی باشووری کوردستاندا هەڵکەوتبوو و بەر لە ڕاپەڕین لایەنەکانی بەرەی کوردستانی نەیانتوانیبوو بگەنە ئەو شارۆچکەیە ، ئەمە جگە لەوەی کە لەسەر ئاستی عێراقیشدا ڕاپەڕینی شیعەکان زۆر لە پێش ڕاپەڕینی باشووری کوردستانەوە دەستی پێکردبوو و ئەو ڕاپەڕینەش کاریگەرییەکی زۆری کردبوویە سەر جەماوەری برینداری کوردستان.
ئەنجامی ناهوشیاری نه‌ته‌وایه‌تی و ترسەنۆکی بەرپرسانی شورا کرێکاریەکان بوویە هۆی ئەوەی کە جارێکی دیکه‌ بازرگانانی خوێن و فرمێسک بێنەوە‌ مه‌یدان و وه‌کو مه‌ڕێکی بێده‌سه‌ڵات هەڵسوکەوت لەگەڵ جەماوەردا بکەن .
ئه‌نجامی ناهوشیاری نەتەوایەتیشمان هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئیمڕۆ بکه‌ونه‌ گاڵته‌کردن به‌ ئه‌قڵیه‌تی کوردان و که‌سێکی وه‌ک مە سعودبارزانی زۆر شانازی به‌وه‌وه‌ بکات و بڵێت "زیاتر‌ لە 3000 پێشمه‌رگه‌مان بۆ خاتری ده‌وڵه‌تی تورک به‌کوشت داوه و هەر دوا بە دوای ئەویش نێچیرڤان بارزانی بڵێت 3500 پێشمەرگەمان بۆ خاتری دەوڵەتی تورک بە کوشتداوە"‌ ، له‌ هه‌مان کاتدا لێدوانه‌کانی تاڵه‌بانیش هیچ سنورێک نه‌هێڵێته‌وه‌ و بەرهەمی یه‌ک ده‌ریا خوێنی کوردان بکاته‌ خه‌ونی نێو هۆنراوه‌کان. دەنا ئەگەر ناهوشیاری نەتەوایەتیمان نەبوویایە ئەوا نەک هەر نەدەبوو ئەو گوتانە قبوڵ بکرایە بەڵکو دەبوو هەر لەسەر تاوانی ئاشبەتاڵە شومەکەی 1975 و شەڕی دەیان ساڵەی ناوخۆییان گەورەترین دادگایی بکرانایە .
به‌ر له‌ هاتنه‌وه‌ی سه‌رانی به‌ره‌ی کوردستانی ڕاپه‌ڕین زۆر به‌ سه‌رکه‌وتویی به‌ڕێوه‌ ده‌چوو ، له‌ هه‌موو جێگەیه‌ک دوژمن له‌ هه‌ڵهاتندا بوو ، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی به‌ سواری ئوتومبێل سه‌رانی به‌ره‌ی کوردستانیمان له‌ غه‌ریبیه‌وه‌ هێنایه‌وه‌ نێو جه‌ماوه‌ر و کردماننه‌ ڕێبه‌ری خۆمان ، ئه‌و کات ئاڕاسته‌ی سه‌رکه‌وتنه‌کان پێچه‌وانه‌ بوویه‌وه‌ بۆ تێکشکاندن و ئاواره‌یی و کۆڕه‌و .

هۆکاری تێکشکاندنه‌کان ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ نه‌بوونی ئیراده‌یه‌کی ئازاد و گرێدراوی حیزبە بازرگانەکان بە داگیرکەرانی کوردستانەوە ، چونکە بەرەی کوردستانی هەموو فەرمانێکیان لە ئێرانەوە وەردەگرت و ته‌نانه‌ت تا‌ ئەو کاتەی "مه‌هدی که‌روبی" فه‌رمانی نه‌دا ئەوا هیچ یەک له‌ سه‌رانی به‌ره‌ی کوردستانی ئه‌و ورەیەی نه‌بوو که‌ هاوبه‌شی بکات له‌ ڕاپه‌ڕینیشدا ، بڕوانە " مفاوه‌زاتی به‌ره‌ی کوردستانی بەعس (1991) " لە نوسینی نەوشیروان مستەفا .
فه‌رمان ده‌رکردنی ئاغای که‌روبیش بۆ خاتری چاوی کاڵی کوردان نەبوو ، به‌ڵکو بریتی بوو لە ڕێکەوتنێکی ژێر بە ژێری "ئیمپریالیزمی ئەمریکی و ئێران" بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕاپەڕین و ئاستەنگی سازکردن بۆ شورا کرێکاریەکان .
سه‌رانی به‌ره‌ی کوردستانیش وه‌ک میوان خۆیان ده‌بینی له‌ کوردستاندا و زۆربەی دامودەزگا گشتیەکانیان تاڵانکرد ، بۆ نموونه‌ سەدی بێخمە و زۆربەی کارگە حکومیەکانیان ئاودیوی ئێران کرد و هه‌موو به‌نزینخانه‌ و سوق المرکزی و بانکه‌کانیش ده‌ستیان به‌سه‌رداگیرا و تەنانەت لە هەندێک جێگە نەخۆشخانە و خوێندنگەکانیش تاڵانکران . ئەمە جگە لەوەی کە ئەنفالکەر و تاوانبارانیش وه‌ک خۆیان مانه‌وه‌ و به‌رپرسیارێتیشیان زیادی کرد و ته‌نها ناوه‌که‌یان گۆڕدرا . بۆ نموونه‌ ئه‌نفالکه‌ر و به‌کرێگیراوه‌کان بوونه چەکدارە‌ شۆڕشگێڕه‌کان مسته‌شار و سه‌رۆک جاشه‌کان بوونه‌ سه‌رکرده‌ مه‌یدانیه‌کان ئه‌من بوویه‌ ئاسایش ئیستخبارات بوویه‌ ده‌زگاکانی پاراستن و زانیاری و زۆر کرده‌وه‌ی نابه‌جێی دیکه‌ . لە هەمان کاتدا سەدان کەسی سڤیل و بێ تاوان بە ئاشکرا و بە نهێنی دەکوژران بەهۆی کۆنەقینەوە و ڕۆژانە تەرمی چەندین کەسی بێتاوان لە قەراغی شارەکاندا دەدۆزرایەوە و بکوژەکانیش دەچوونە پاڵ یەکێک لە حیزبەکانی بەرەی کوردستانی بەبێ ئەوەی هیچ لێپرسینەوەیەکیان لەگەڵدا بکرێت.
ته‌نها لایه‌نێک له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی به‌ره‌ی کوردستانی و نامۆ به‌ کۆماری ئیسلامی ئێران و به‌شدار له‌ ڕاپه‌ڕینه‌کاندا شوورا کرێکاریه‌کان بوو ، هه‌ر بۆیه‌ش یه‌که‌مین هه‌نگاوی به‌ره‌ی کوردستانی دژایه‌تیکردنی شوورا کرێکاریه‌کان بوو ، شوورا کرێکاریەکانیش به‌هۆی نه‌بوونی سه‌رکرده‌یه‌کی کاریزما و نه‌بوونی ناوبانگی ڕابردوویان هه‌ر زوو خۆیاندا به‌ده‌ستەوە و گۆڕه‌پانه‌که‌یان دایه‌ ده‌ست ئەو به‌ره‌ی کوردستانییەی که‌ هه‌موو فه‌رمانێکیان له‌ ئێرانه‌وه‌ وه‌رده‌گرت .
به‌ره‌ی کوردستانیش شێوه‌یه‌کی میلیشیایی له‌ خۆ گرتبوو هه‌ر حیزبه‌و چه‌کداری خۆی هه‌بوو ، تەواوی خوێندنگه‌ و نه‌خۆشخانه‌کانیان کرده‌ باره‌گای حیزبی و به‌ربه‌ره‌کانێکردن له‌گه‌ڵ یه‌کتردا ، ئەم دیاردە میلیشیاگەرییەش تەواو لە بەرژەوەندی بنەماڵەی بارزانیدا بوو ، چونکە بەهۆی ئەو دیاردە قێزەونەوە توانیان هەموو بەعسیە تاوانبارەکان لە دادگای گەل بپارێزن و ڕێگەخۆشکەریش بن بۆ زیاتر دەستێوەردانی داگیرکەران لە باشووری کوردستاندا ، تەنانەت تاکو ڕۆژگاری ئیمڕۆش لەسەر هەمان ڕێچکە دەڕۆن و دەخوازن دیاردەی قێزەونی میلیشیاگەری بخەنە هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە ، وەک هەوڵدانە گێرەشێوێنیەکانی بارزانی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا لە ڕێگەی چەند کۆنە بەعسیەکی وەک (سەڵاح بەدرەدین و عبد الحکیم بەشار و عبد الباست سەیدا و مستەفا جومعە و حەمیدی حاجی دەروێش)ەوە .
به‌ره‌ی کوردستانی کە چەندین ساڵ بوو لە باشوور نەمابوون و تەواو لە جەماوەر دابڕابوون ، ژمارەیەک بەرپرسی سوپای پاسدارانیان هێنابوویە مەیدانەکە ، کە ئەمەش بیانوویەکی باش بوو بۆ موجاهدینی خەلقی ئێرانی کە ڕاستەوخۆ بکەونە خزمەتی بەعسیەکان و شۆڤێنیستی خۆیان بەسەر خەڵکی ڕاپەڕیوی گەرمیاندا هەڵڕێژن و سەدان ژن و منداڵ و نەخۆشی نێو نەخۆشخانەکان گولەباران بکەن و ترسێکی زۆر لە دڵی خەڵکە زەحمەتکێشەکەدا بچێنن .
بەهۆی ئەوەی بەرەی کوردستانی خاوەنی هیچ دەسکەوتێکی نەتەوەیی نەبوو ، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوو دەسکەوتەکانی ڕاپەڕین لە جەماوەر بدزن ، ساتێک دەیانکردە بەرهەمی ئەو جاش و بەکرێگیراوانەی کە ئەنفالی کوردیان کردبوو و ساتێکیش دەیانکرده ‌بەرهەمی ده‌ستی دژە مرۆڤێکی وەک بوشی باوک و‌ نازناوی "حاجی بوش"یان بەسەردا دابڕیبوو ، لە ڕاستیشدا ئەوەی ڕاپەڕینی دەکرد و خوێنی دەڕژا جەماوەرەکە بوو ، ئەوەی ڕێگەی قەڵاچۆکردنی جەماوەرەکەشی بۆ بەعسیەکان خۆش دەکرد ئیمپریالیزمی ئەمریکی و "حاجی بوش"ەکەی بەرەی کوردستانی بوو .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە