کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سه‌رکرده‌ی براوه‌ و گه‌لێکی دۆڕاو

Saturday, 27/03/2010, 12:00


یه‌کێک له‌ نه‌هامه‌تیه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ به‌ بچووکترین خۆشی گه‌وره‌ترین ناخۆشی له‌ بیرکردووه‌ و به‌ که‌مترین ده‌رده‌سه‌ریش هه‌موو خۆشییه‌کی له‌بیر کردووه‌ .

ئه‌گه‌ر ئێمه‌ نه‌چینه‌ سه‌ر شه‌ست ساڵی ڕابردوو و چۆنیه‌تی بازرگانیکردنی حاکمیه‌تی به‌ناو کوردایه‌تی به‌سه‌ر خوێن و فرمێسکی نه‌ته‌وه‌که‌مانه‌وه‌ . ئه‌گه‌ر ئێمه‌ نه‌چینه‌ سه‌ر ڕۆژگاره‌کانی دوای ڕاپه‌ڕین و چۆنیه‌تی کۆششی لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان بۆ کوشتنی ڕۆحیه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی و ئاشناکردنی داگیرکه‌رانی کوردستان به‌ به‌شێکی ئازادکراو له‌ خاکی وڵاتمان . ئه‌گه‌ر ئێمه‌ نه‌گه‌ڕێینه‌وه‌ کاتی داڕوخانی حوکمی قه‌ره‌قوشی به‌عسیه‌ گۆڕکراوه‌کان و ڕه‌وکردنی به‌ پۆلی لێپرسراو و ده‌سه‌ڵاتدارانی باشوور بۆ به‌غدادی عروبه‌ .

ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ته‌نها باسی قۆناغی دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان بکه‌ین ئه‌وا جگه‌ له‌ دۆڕاندنی کوردان زیاتر هیچ شتێکی دیکه‌ به‌دی ناکه‌ین .

کورد ده‌ڵێت "له‌ هه‌ر خه‌ساره‌ و عه‌قڵێک" ، به‌ڵام له‌ چاره‌ڕه‌شی کورداندا نه‌ک هه‌ر هیچ عه‌قڵێکمان له‌ خه‌ساره‌کانمان وه‌رنه‌گرت به‌ڵکو له‌ دۆڕانێکه‌وه‌ بۆ دۆڕانێکی گه‌وره‌تر مل ده‌نێین .

کاتێک ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق نوسرایه‌وه‌ و زیاتر له‌ نیوه‌ی باشووری کوردستان کرایه‌ کاغه‌زی قومار و به‌ناوی ماده‌ی 140ه‌وه‌ ناوی "ناوچه‌ جێ ناکۆکه‌کانی" به‌سه‌ردا دابڕا ئه‌وا ده‌بوو باشترین ده‌رس وه‌ربگیرابایه‌ بۆ دادگایکردنی ئه‌و لێپرسراوه‌ کوردانه‌ی که‌ ئه‌و بڕیاره‌یان په‌سه‌ند کرد نه‌ک جارێکی دیکه‌ خۆمان بخستایه‌ته‌وه‌ زه‌لکاوی تاوانی هه‌مان تاوانباران ، چونکه‌ ساتوسه‌وداکردن به‌سه‌ر زیاتر له‌ نیوه‌ی باشووری کوردستانه‌وه‌ به‌ ناوی مادده‌ی 140ه‌وه‌ جگه‌ له‌ خیانه‌تێکی نه‌ته‌وایه‌تی زیاتر هیچ شتێکی دیکه‌ نییه‌ و له‌ مێژووی دواکه‌وتوترین نه‌ته‌وه‌ی سه‌ر گۆی زه‌وی‌دا ڕووداوێکی له‌و جۆره‌ نابینیت که‌ ڕوویدابێت .

مادده‌ی 140 دیارده‌یه‌کی سیسته‌ماتیکه‌ که‌ سه‌رانی به‌ناو کوردایه‌تی دایانڕشتووه‌ بۆ فرۆشتنی ته‌واوی باشووری کوردستان ، ئه‌م دیارده‌یه‌ش پێشینه‌یه‌کی دوورتری هه‌یه‌ که‌ ده‌ستپێکی به‌رنامه‌که‌ به‌ فرۆشتنی موسڵ ده‌ست پێده‌کات له‌ سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی "ئه‌یلوول"دا و ته‌واوکردنی ئه‌م به‌رنامه‌ چه‌په‌ڵه‌ش به‌ ده‌ستی هه‌رێمچییه‌کانی ئیمڕۆ .

له‌گه‌ڵ یه‌که‌مین دیارده‌ی هه‌ڵبژاردنیشدا له‌ کۆتایی ساڵی 2003دا جارێکی دیکه‌ هه‌ر به‌ ده‌نگی خۆمان هه‌مان ئه‌و که‌سانه‌مان نارده‌وه‌ به‌غداد که‌ جگه‌ له‌ ته‌سلیمکاری زیاتر هیچ شتێکی دیکه‌یان به‌ده‌ست نه‌هێنا بۆ کوردان ، ئه‌گه‌ر له‌ ڕابردوودا پیشه‌ی ئه‌م که‌سانه‌ بریتی بووبێت له‌ ته‌سلیمکاری و چۆکدادان و ئاشبه‌تاڵ له‌ به‌رامبه‌ر داگیرکه‌راندا ، ئه‌وا ئه‌م جاره‌یان به‌ناوی هاوبه‌شیکردن له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بوونه‌ فریادڕه‌سێک بۆ دروستکردنه‌وه‌ی داگیرکه‌ر و سه‌ریه‌کخستنه‌وه‌ و بنیادنانه‌وه‌ی ئه‌و سوپایه‌ی که‌ به‌ درێژایی ته‌مه‌نی ئه‌نفال و جینۆسایدی کوردانی خستۆته‌ به‌رنامه‌ی کاری خۆیه‌وه‌ .

چوونی سه‌رانی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ بۆ به‌غدادی عروبه‌ و هاوبه‌شیکردن له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بۆ چاره‌سه‌رکردنی گرفته‌کانی کورد نه‌بوو به‌ڵکو بۆ به‌ده‌ست هێنانی چه‌ند پۆستێکی کارتۆنی بوو که‌ له‌ کاتی دامه‌زراندنی عێراقه‌وه‌ به‌ که‌سانی وه‌کو نوری سه‌عید و ته‌ها محێدین مه‌عرو ف و ته‌ها جه‌زراوی به‌خشرابوو ، ڕاستی ئه‌م گوته‌یه‌ش له‌ لێدوانێکی مه‌لا به‌ختیاردا ده‌رده‌که‌وێت که‌ سێ ساڵ به‌ر له‌ ئێستا له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی داخراودا درکاندی له‌ شاری ئه‌مستردامی هۆڵاند ، کاتێک یه‌کێک له‌ ئاماده‌بوان پرسیار ده‌کات و ده‌ڵێت :- ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ناتوانن هیچ ده‌ستکه‌وتێک به‌ده‌ست بهێنن بۆ کوردان ئه‌ی بۆچی پاشه‌کشه‌ ناکه‌ن له‌ به‌غداد ؟

له‌ وه‌ڵامدا مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێت :- "ساڵه‌های ساڵه‌ ئێمه‌ کڕه‌مان ده‌کرد تاوه‌کو وه‌زاره‌تێکمان پێ ڕه‌وا ببینن له‌ به‌غداد ، به‌ڵام ئێستا له‌ جیاتی وه‌زاره‌تێک چه‌ندین وه‌زاره‌ت و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و پۆستی سه‌رۆککۆماریشیان پێداوین ، ئیتر چۆن واز له‌م هه‌موو پۆسته‌ گرنگه‌ ده‌هێنین ، خۆ شێت نه‌بووین تاوه‌کو پاشه‌کشه‌ بکه‌ین" .

تێبینی/ [کڕه‌ : ووشه‌یه‌که‌ له‌ سلێمانی و ده‌وروبه‌ریدا به‌کار ده‌هێنرێت و به‌ واتای "هه‌موو شتێکمان قبووڵ ده‌کرد"] دێت .

ئه‌وا ئیمڕۆش جارێکی دیکه‌ ده‌نگی خۆمان خسته‌وه‌ کار بۆ دووباره‌کردنه‌وه‌ی هه‌مان دیارده‌ دزێوه‌کانی ڕابردوو و هێنانه‌وه‌ پێشه‌وه‌ی هه‌مان شانۆکاره‌کانی به‌رێ .



سه‌ما و لۆغانێی دوای هه‌ڵبژاردن :-

هه‌رچی ده‌سه‌ڵاتدارانیشه له‌ سه‌ماکردنی ئه‌وه‌دان که‌ زۆرینه‌ی ده‌نگیان به‌ده‌ست هێناوه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بردویانه‌ته‌وه‌ ، به‌ڵام سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر کێ‌دا ؟ بێگومان به‌سه‌ر یه‌کتردا .

ئه‌م دیارده‌یه‌ش ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی که‌ سه‌رانی باشوور نه‌ک هه‌ر له‌ چاره‌سه‌رکردنی پرسی کورداندا نین به‌ڵکو هیچ کێشه‌یه‌کیشیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌ری ناوه‌ندا نییه‌ و هه‌موو گرفته‌کانیان ئه‌وه‌یه‌ که‌ لایه‌نێکی کوردی پێش خۆیان نه‌که‌وێت ، چونکه‌ ده‌نگی به‌ده‌ستهاتووی ئه‌م جاره‌ی سه‌رانی باشوور به‌ به‌راوردکردن له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ڕابردوودا زۆر که‌می کردووه‌ ، چونکه‌ له‌ ڕابردوودا له‌ کۆی 275 کورسی په‌ڕله‌مانی 59 کورسیان هی لایه‌نه‌ کوردیه‌کان بوو که‌ له‌و ژماره‌یه‌ش 54 کورسیان ته‌نها هی هاوپه‌یمانی کوردستانی بوو ، به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م جاره‌دا له‌ کۆی 325 کورسی په‌ڕله‌مانی ته‌نها 57 کورسییان هی لایه‌نه‌ کوردیه‌کانه‌ و له‌و ژماره‌یه‌ش ته‌نها 43 کورسییان هی هاوپه‌یمانی کوردستانییه‌ .

واته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ ژماره‌ی کورسییه‌کانی عێراق 50 کورسی زیاد کردووه‌ که‌چی لایه‌نه‌ کوردیه‌کان نه‌ک هه‌ر هیچ کورسییه‌کیان له‌م 50 کورسییه‌ به‌ده‌ست نه‌خست به‌ڵکو به‌شێک له‌ کورسییه‌کانی ڕابردووشیان له‌ده‌ست‌دا .

له‌ ڕابردوودا جگه‌ له‌وه‌ی که‌ ده‌نگه‌کانیان زیاتر بوو له‌ هه‌مان کاتدا دووه‌مین لیستیش بوون له‌سه‌ر ئاستی عێراق به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان هه‌م ده‌نگه‌کانیان که‌می کردووه‌ و هه‌م به‌ دووه‌مین لیستیش نه‌مانه‌وه‌ و بوونه‌ لیستی چواره‌م ، که‌چی سه‌ما و لۆغانیشیان هاوشێوه‌ی هیچ کاتێکی دیکه‌ نه‌بووه‌ . ئه‌م سه‌ما و لۆغانه‌ش هه‌مووی له‌ به‌رامبه‌ر لایه‌نێکی دیکه‌ی کوردیدایه‌ که‌ ئه‌و لایه‌نه‌ش هیچ شتێکی له‌وان زیاتری پێ نییه‌ بۆ کوردان که‌ جێگه‌ی دڵخۆشی بێت .



ئه‌رکی ده‌نگده‌ران :-

ده‌نگده‌ر نابێت ته‌نها بڵێت من ده‌نگم داو ته‌واو ، به‌ڵکو له‌ ده‌نگدانه‌که‌ گرنگتر بریتییه‌ له‌ خاوه‌نداریکردن له‌و ده‌نگه‌ی که‌ به‌کاری هێناوه‌ ، نابێت ده‌نگده‌ری کورد بهێڵێت به‌ ده‌نگی ئه‌وه‌وه‌ یاری به‌ چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌که‌ی بکرێت و هه‌مان دیارده‌ ته‌سلیمکاریه‌کانی ڕابردوو دووباره‌ ببێته‌وه‌ . چونکه‌ ئه‌گه‌ر که‌سانێک له‌ به‌ره‌و پێش بردنی دۆزی کورداندا بن ئه‌وا چه‌نده‌ ژماره‌شیان که‌م بێت هه‌ر ده‌توانن ده‌ستکه‌وتی گرنگ به‌ده‌ست بهێنن ، که‌ باشترین نموونه‌ش په‌ڕله‌مانتاره‌ کورده‌کانی په‌ڕله‌مانی تورکیا بوون له‌ ڕابردوودا‌‌. چونکه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ په‌ڕله‌مانی تورکیا له‌ 550 په‌ڕله‌مانتار پێکهاتووه‌ و له‌و ژماره‌یه‌ش چه‌ند که‌سێکیان کورد بوون که‌ ژماره‌یان له‌ په‌نجه‌کانی چوارپه‌لی یه‌ک مرۆڤ که‌متر بوو ، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌ خۆیان به‌ به‌رپرسیار ده‌زانی له‌ به‌رامبه‌ر مێژوو و نه‌ته‌وه‌ی کورد و ده‌نگده‌راندا ، ئه‌وا زۆر به‌ خێرایی توانییان دۆزی کوردان له‌ چیاکانه‌وه‌ ببه‌نه‌ نێو په‌ڕله‌مانی تورکیا و له‌ په‌ڕله‌مانی تورکیاشه‌وه‌ بۆ نێو دڵی ئه‌وروپا و شڵه‌قاندنی گۆمی تاوانی بێده‌نگی که‌ په‌ڕله‌مانی تورکیا بوو ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و په‌ڕله‌مانتاره‌ کوردانه‌ ده‌یانزانی که‌ مه‌ترسی زیندانیکردن و ته‌نانه‌ت له‌ناوچوونیشیان له‌سه‌ره‌ {زۆربه‌شیان زیندانی کران و زیاتر له‌ 10 ساڵ له‌ زینداندا مانه‌وه‌ و له‌ په‌ڕله‌مانیش ده‌رکران} به‌ڵام ئاماده‌ش نه‌بوون چاوپۆشی له‌ داخوازیه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان بکه‌ن بۆ خاتری پۆستێکی ئه‌نقه‌ره‌ یاخود بۆ پاراستنی گیانی خۆیان .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە