کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نه‌فره‌ت له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که‌ ده‌نگی ئازاد کپ ده‌کات

Wednesday, 10/06/2009, 12:00


پاش تیروپشک کردنی لیستی به‌شداربووان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی 25-07-2009دا بۆشاییه‌ک ده‌رکه‌وت ، ئه‌و بۆشاییه‌ش ده‌رهاویشتنی لیستێک بوو که‌ خۆی ئاماده‌ کردبوو بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان ، ئه‌و لیسته‌ش ده‌ربڕی ده‌نگی ئازادیخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان بوو ، لیستێک که‌ ناوی لیستی هیوای له‌خۆی نابوو ، لیستێک که‌ له‌ که‌سایه‌تیه‌ سه‌ربه‌خۆکان و په‌یوه‌ستان به‌ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و ئازادییه‌وه‌ پێکهاتبوو .

لیستی هیوا ته‌نها لیستێک بوو که‌ له‌دوای کردنه‌وه‌ی گرێکوێره‌کان وێڵ بوو ، ته‌نها لیستێک بوو که‌ خۆی بۆ گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵات ئاماده‌ نه‌کردبوو به‌ڵکو خۆی بۆ چاره‌سه‌رکردنی ڕیشه‌یی پرسی کورد ئاماده‌کردبوو ، لیستێکبوو که‌ ده‌یخواست ده‌نگی گه‌ل ببیسترێت و بڕیار ته‌نها بڕیاری چه‌ند سه‌رۆک خێڵێکی گرێدراو به‌ داگیرکه‌رانه‌وه‌ نه‌بێت . لیستێک که‌ تینووی ئه‌م ئامانجه‌ گه‌ورانه‌ بێت ئه‌وا هه‌میشه‌ وه‌کو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک ده‌بینرێت له‌لایه‌ن سه‌رانی خه‌ڕه‌کی و خیانه‌ته‌وه‌ ، هه‌ر بۆیه‌ش چاوی سه‌رانی خه‌ڕه‌کی و خیانه‌ت هه‌میشه‌ له‌سه‌ر ئه‌م لیسته‌ بوو که‌ دووچاری گرفتی بکات و نه‌هێڵێت پیلانه‌ پیس و شاراوه‌کانی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی گرێدراو به‌ داگیرکه‌رانه‌وه‌ پووچه‌ڵ بکاته‌وه‌ .

لیستێک که‌ سه‌رۆکه‌که‌ی ژن بێت ، چۆن قبووڵ ده‌کرێت له‌لایه‌ن دوو بنه‌ماڵه‌ی ژنکوژی تاڵه‌بانی و بارزانیه‌وه‌ ؟

لیستێک که‌ یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی و ئامانجه‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌یه‌کانی به‌ بنچینه‌ گرتبێت ، چۆن قبووڵ ده‌کرێت له‌لایه‌ن دوو بنه‌ماڵه‌ی ده‌ستکردی داگیرکه‌ران و ته‌واو گرێدراو به‌ داگیرکه‌رانه‌وه‌ ؟

ده‌رخستنی لیستی هیوا له‌ نێو لیسته‌ به‌شداربووه‌کاندا بڕیارێکی یاسایی نه‌بووه‌ به‌ڵکو بڕیارێکی سیاسی بووه‌ ، ئه‌گه‌ر بڕیارێکی یاسایی بوویایه‌ ئه‌وا نه‌ده‌بوو له‌ دوو هه‌ڵبژاردنی ڕابردووشدا به‌شداربوویایه‌ !

نێچیرڤان بارزانی پاش هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق له‌ سه‌ڵی 2005دا گوتی {به‌لای ئێمه‌وه‌ گرنگ نه‌بوو ئه‌گه‌ر ده‌نگی زۆر به‌ده‌ست نه‌هێنین له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رتاسه‌ریه‌که‌ی عێراق‌دا ، به‌ڵام زۆر به‌لامانه‌وه‌ گرنگ بوو که‌ نه‌هێڵین پارتی چاره‌سه‌ری دیموکراتی کوردستان ده‌نگ به‌ ده‌ست بهێنێت} ، ده‌سه‌ڵاتێک که‌ ئه‌مه‌ بیرکردنه‌وه‌ی سه‌رۆکه‌که‌ی بێت و هێنده‌ تۆقیبێت له‌ ده‌نگی ئازادیخوازانی نه‌ته‌وه‌که‌مان ئیتر چۆن ده‌بێت له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانی کوردستاندا هه‌موو تێکۆشانێک نه‌کات بۆ گرفت دروستکردن و نه‌هێشتنی گه‌یشتنی ده‌نگی ئازادیخوازان و نیشتمانپه‌روه‌رانی نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌ په‌ڕله‌مان ؟

ئه‌م بڕیاره‌ کوتوپڕه‌ی کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کان نه‌ک هه‌ر گومان ده‌خاته‌ سه‌ر بێلایه‌نی ئه‌م کۆمیسیۆنه‌ به‌ڵکو کۆمیسۆن ده‌خاته‌ به‌رده‌م سێ ئه‌گه‌ره‌وه‌ :-

1- کۆمیسیۆن به‌شێکه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌ر ، داگیرکه‌رانیش ته‌نها له‌ ڕێگه‌ی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ دژه‌کورده‌که‌ی بارزانی و تاڵه‌بانیه‌وه‌ ده‌توانن به‌ ئامانجه‌کانی خۆیان بگه‌ن و ئامانجه‌کانی کوردان بکه‌نه‌ خه‌ونی نێو هۆنراوه‌کان .

2- کۆمیسیۆن به‌شێکه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی دز و مافیا و دژه‌کوردی باشوور و به‌ هه‌مان شێوه‌ی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ هیچ ده‌نگێکی ئازادیان بۆ قبووڵ ناکرێت .

3- یاخود کۆمیسۆنی باڵا له‌ پێناوی ده‌رخستنی لیستی هیوادا ده‌میان چه‌ور کرابێت و پاره‌یه‌کی زۆریان پێدرابێت له‌لایه‌ن هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌وه‌ .

بیانووه‌کانی کۆمیسیۆنی باڵا بۆ ده‌رخستنی لیستی هیوا له‌ نێو لیسته‌ به‌شداربووه‌کاندا بریتی بووه‌ له‌وه‌ی که‌ به‌شێک له‌ کاندیداکانی لیستی هیوا ئه‌ندامانی پارتی چاره‌سه‌ری دیموکراتی کوردستانن و پارتی چاره‌سه‌ریش هاوکاری پارتی کرێکارانی کوردستانه‌ !

ئه‌گه‌ر هاوکاریکردنی پارتی چاره‌سه‌ری دیموکراتی کوردستان بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان به‌ تاوان بژمێردرێت و ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی بۆ نه‌هێڵنه‌وه‌ ، ئه‌ی بۆچی ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ یه‌کێتی و پارتیش ناگرن ؟ خۆ یه‌کێتی و پارتی هیچ سنوورێکیان نه‌هێشتۆته‌وه‌ بۆ هاوکاری کردنی داگیرکه‌ران و خزمه‌تکردنیان !!

ئه‌گه‌ر پارتی چاره‌سه‌ری دیموکراتی کوردستان نوێنه‌رایه‌تی پ‌ک‌ک بکات له‌ باشووردا ، خۆ یه‌کێتی و پارتیش نوێنه‌رایه‌تی ته‌واوی داگیرکه‌ران به‌ گشتی و "ئێران و تورکیا" به‌ تایبه‌تی ده‌که‌ن .

ئایا خوڵقێنه‌رانی ساڵی 66 و 31ی ئابی 96 هاوکاریکردنی به‌عسی گۆڕکراو نه‌بووه‌ ؟ ئه‌گه‌ر هاوکاریکردنی به‌عس بووه‌ ئه‌ی به‌ چ پێوانه‌یه‌ک هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ ناچنه‌ خانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی به‌عس له‌ باشووردا ؟

ئایا داڵده‌ده‌رانی سه‌دان و هه‌زاران فایلدار و پارێزه‌رانی ته‌واوی ئه‌نفالکه‌رانی نه‌ته‌وه‌که‌مان شایانی سکاڵا له‌سه‌ر تۆمارکردنن یاخود لیستێکی ئازاد که‌ هیوای نه‌ته‌وه‌که‌مانی له‌ خۆیدا کۆکردبوویه‌وه‌ ؟

ئایا لیستێکی بێگه‌ردی وه‌کو لیستی هیوا شایانی به‌شدارینه‌کردنه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا یاخود لیستی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ بۆ پڕکردنی گیرفانه‌کانیان چاوکزی به‌رده‌م جاسوسێکی وه‌کو عیسا پژمان بوون و هه‌موو داواکاریه‌کانی شای گۆڕکراویان جێبه‌جێ ده‌کرد ؟

نه‌فره‌ت له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که‌ ده‌نگی ئازادیخوازانی نه‌ته‌وه‌که‌مان کپ ده‌کات .

نه‌فره‌ت له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که‌ شانازیه‌کانی خۆیان له‌ کۆیله‌ هێشتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا ده‌بیننه‌وه‌ .

نه‌فره‌ت له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که‌ به‌ناوی کوردایه‌تیه‌وه‌ داخوازیه‌کانی داگیرکه‌ران جێبه‌جێ ده‌که‌ن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە