کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کۆمه‌ڵکوژیه‌کانی کوردستان نیشانده‌ری ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی داگیرکه‌رانه‌

Sunday, 15/03/2009, 12:00


ئه‌گه‌ر گه‌لێک داگیرکراوبوو ، ئه‌وا هه‌ر زمانی لێ زه‌وت ناکرێت هه‌ر دابونه‌ریتی لێ بزر ناکرێت هه‌ر فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وایه‌تی ناشێوێنرێت هه‌ر زیندان ناکرێته‌ لانکه‌ی منداڵه‌کانی هه‌ر په‌تی سێداره‌ چاوه‌ڕوانی ملی ئازادیخوازه‌کانی نابێت هه‌ر کۆت و زنجیر گه‌ردنی کیژه‌کانی نابه‌ستێت ، به‌ڵکو جینۆساید و کۆمه‌ڵکوژیش میوانی ناوه‌خت ده‌بێت و ڕۆژانه‌ش ئه‌م میوانه‌ ناوه‌خته‌‌ خۆی به‌ ماڵدا ده‌کات .

ئیمڕۆ 5 ساڵ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵکوژی شاری قامیشلۆ و 21 ساڵ به‌سه‌ر ژه‌هرخواردکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ و 23 ساڵ به‌سه‌ر خاپورکردنی سه‌قز و 71 ساڵیش به‌سه‌ر جینۆساید و ڕه‌شه‌کوژی دێرسیمدا تێده‌په‌ڕێت ، له‌ ڕۆژێکی وه‌کو ئیمڕۆدا بوو که‌ به‌ هه‌زاران ژن و پیاو بچوک و گه‌وره‌ بوونه‌ ئامانجی ده‌ستی مرۆڤکوژ و دڕنده‌کانده‌ داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان .


ته‌نها به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی داگیرکه‌ران نابێته‌ بیانوو بۆ کۆمه‌ڵکوژی و جینۆسایدکردنی گه‌لی بنده‌ست به‌ڵکو خودی گه‌لی بنده‌ست هه‌میشه‌ وه‌کو تاوانێک چاوی لێده‌کرێت له‌لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه‌ ، که‌ باشترین نموونه‌ش شاره‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ و قامیشلۆ و سه‌قز و دێرسیمه‌ که‌ که‌وتنه‌ نێوان به‌رداشی داگیرکه‌رانه‌وه‌ ، ته‌نها تاوانێکی گیانبه‌ختکردوانی هه‌ڵه‌بجه‌ و قامیشلۆ و سه‌قز و دێرسیم و ته‌واوی شار و گونده‌کانی دیکه‌ی کوردستان ئه‌وه‌ بوو که‌ کورد بوون و به‌ زمانی کوردی ده‌ئاخفین ، به‌ڵام ته‌نها ئه‌م جۆره‌ کرده‌وانه‌ش له‌ داگیرکه‌ران به‌ گشتی و تورک و عه‌ره‌ب و فارس به‌ تایبه‌تی چاوه‌ڕوانی ده‌کرێت چونکه‌ ئه‌م کرده‌وانه‌ پیشه‌ی هه‌موو داگیرکه‌رێکه‌ ، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌وه‌ش دیاری گه‌لی داگیرکه‌ر ده‌بێت بۆ گه‌لی بنده‌ست و داگیرکراو .

به‌ڵام له‌و کاره‌ساته‌ دڕندانه‌یه‌ی داگیرکه‌ران کاره‌ساتتر و دڵته‌زێنتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ گه‌لی بنده‌ست و داگیرکراو هه‌موو بڕوایی خۆی بداته‌ که‌سانێکی به‌ناو کورد که‌ ئه‌و که‌سانه‌ش به‌شێکبن له‌ داگیرکه‌ره‌که‌ و به‌ناوی کوردایه‌تیه‌وه‌ هه‌موو ڕه‌وایه‌تییه‌ک بده‌نه‌ ئه‌م وه‌حشیگه‌ریانه‌ی داگیرکه‌ران .

هێشتا خوێنی سه‌دان هه‌زار ئه‌نفال جۆگه‌له‌ی به‌ستبوو ، هێشتا بۆنی گازی خه‌رده‌لی داگیرکه‌ران له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ورامان ته‌واو نه‌بووبوو ، هێشتا زامه‌کانی سه‌قز و ته‌واوی شاره‌کانی دیکه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ساڕێژ نه‌بووبوو که‌ مژده‌ی ڕاپه‌ڕینی گه‌له‌که‌مان له‌ باشووری کوردستان هه‌موو لایه‌کی ئاگادار کرده‌وه‌ .

ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ هه‌رزوو که‌وته‌ ده‌ستی که‌سانێک که‌ ساڵه‌های ساڵ بوو له‌ژێر به‌رگی کوردایه‌تیدا خۆیان حه‌شاردابوو ، به‌ڵام له‌ کرده‌وه‌دا ته‌نها کوردایه‌تی له‌لای ئه‌و که‌سانه‌ نه‌بوو ، به‌ڵکو شه‌ڕی کوردکوژی و خۆبه‌ستنه‌وه‌ به‌ داگیرکه‌رانه‌وه‌ و ئاشبه‌تاڵ و هه‌ڵهاتن و کوشتنی ئیراده‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کوردیان به‌ بنچینه‌ گرتبوو ،

ئه‌و سه‌رکرده‌ به‌ناو کوردانه‌ش نه‌ک هه‌ر بوونه‌ پارێزه‌ری هه‌موو تاوانبارانی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌قز و سه‌دان شار و شارۆچکه‌ی دیکه‌ی کوردستان به‌ڵکو بوونه‌ هۆکاری کوشتنی ده‌یان هه‌زار ئازادیخوازی دیکه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان و ده‌ربه‌ده‌رکردنی سه‌دانهه‌زاری دیکه‌ش بۆ وڵاتانی خۆرئاوا به‌ناوی شه‌ڕی ناوخۆییه‌وه‌ که‌ به‌ شه‌ڕی "گومرگی برایم خه‌لیل" به‌ناوبانگه‌ .

ئێستاش پاش 21 ساڵ به‌سه‌ر کاره‌ساته‌ جه‌رگبڕه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌دا هێشتا بریندارانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ئازاری زامی کیمیاییه‌وه‌ سه‌رده‌نێنه‌وه‌ ، هێشتا ئێسک و پروسکی سه‌دان هه‌زار ئه‌نفال بیابانه‌ چۆڵ و لمینه‌کانی باشوور و خۆرئاوای عێراقیان ئاوه‌دانکردۆته‌وه‌ ، که‌چی نه‌ک هه‌ر تاوانبارانی ئه‌م کاره‌ساتانه‌ به‌ سزای خۆیان نه‌گه‌یشتوون به‌ڵکو خودی تاوانباران له‌لایه‌ن سه‌رکردایه‌تی به‌ناو کوردیه‌وه‌ ده‌پارێزرێن و ڕێگریشن له‌ به‌رده‌م دادگایکردنیان و وه‌کو ئه‌ستێره‌ی عێراق و نیشتمانپه‌روه‌ریش پێناسه‌یان ده‌که‌ن ، ته‌نانه‌ت ئه‌و فڕۆکه‌وانانه‌ی که‌ ئه‌و کاره‌ساته‌شیان خوڵقاندووه‌ نه‌ک هه‌ر ئازادکران له‌لایه‌ن سه‌رکردایه‌تی به‌ناو کوردیه‌وه‌ به‌ڵکو پاداشتیش کران و نێردرانه‌ خۆشترین وڵاتانی جیهانی خۆرئاوا .

هه‌ر له‌م ڕۆژه‌دا بوو که‌ شاری نه‌وسود و گونده‌کانی ده‌وروبه‌ری که‌ لانکه‌ی ئازادیخوازانی نه‌ته‌وه‌که‌مان بوون که‌وتنه‌وه‌ ژێر چه‌پۆکی ڕه‌ش و نه‌گریسی کۆنه‌په‌رستانی کۆماری ئیسلامی ئێران ، هه‌ر له‌م ڕۆژه‌دا بوو که‌ له‌ سه‌رجه‌می 85 پێشمه‌رگه‌ی گوردانی شه‌هید شوانی کۆمه‌ڵه‌ ته‌نها دوو که‌سیان ده‌ربازیان بوو و 72 که‌سیان شه‌هید و 12 که‌سیشیان به‌دیلگیران و پاشان له‌ سێداره‌ دران .

بێده‌نگبوون به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ر تاوانێک وه‌کو هاوبه‌شیکردنه‌ له‌ تاوانه‌که‌دا ، به‌ڵام سه‌رکردایه‌تی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ باشووری کوردستاندا نه‌ک هه‌ر بێده‌نگیان هه‌ڵنه‌بژاردووه‌ به‌ڵکو بوونه‌ته‌ داکۆکیکه‌ر له‌ تاوانباران و هه‌موو ڕه‌وایه‌تییه‌کیش ده‌ده‌نه‌ ئه‌و تاوانانه‌ ، له‌ هه‌مان کاتدا لایه‌نه‌ کوردیه‌کانی دیکه‌ش به‌ تایبه‌تی هی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان هه‌م بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردووه‌ و هه‌م خاوه‌نی هیچ هه‌ڵوێستێکیش نین به‌رامبه‌ر به‌م بێحورمه‌تیانه‌ی که‌ به‌ خوێنی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ و شاره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه‌ ده‌کرێت ، به‌ڵکو به‌ناوی پاراستنی ئه‌زموونی باشووره‌وه‌ هه‌موو ڕه‌وایه‌تییه‌ک ده‌ده‌نه‌ سه‌رکردایه‌تی به‌ناو کورد و ساتوسه‌وداکه‌ر بۆ دروستکردنه‌وه‌ی داگیرکه‌ری نوێی عێراقی عه‌ره‌بی و فه‌رامۆشکردن و چۆڵکردنی گرنگترین ناوچه‌کانی باشووری کوردستان بۆ عێراقی داگیرکه‌ر و ژێرپێخستنی هه‌موو ده‌ستکه‌وته‌کانی ڕاپه‌ڕینی نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌ باشووردا .

له‌ کۆتایدا پێویسته‌ بڵێم که‌ باشترین ڕێگه‌ش بۆ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م کاره‌ساته‌ دڵته‌زێنانه‌ بریتییه‌ له‌ ئازادی ، ئازادیش له‌ ڕێگه‌ی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی و یه‌کگرتنمانه‌وه‌ مه‌یسه‌ر ده‌بێت . کاتێک ده‌ڵێم یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی واته‌ هوشیارکردنه‌وه‌ی ئاستی بیرکردنه‌وه‌ی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگای کورده‌واری و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ خولگه‌ی داگیرکه‌ران و به‌ بنچینه‌گرتنی ووزه‌ و توانای کوردان ، نه‌ک بێده‌نگبوون به‌رامبه‌ر به‌و هه‌موو تاوانانه‌ی که‌ سه‌رکردایه‌تی ده‌سه‌ڵاتداری باشوور به‌ناوی کوردایه‌تیه‌وه‌ ده‌یکه‌ن دژ به‌ نه‌ته‌وه‌که‌مان و خۆ ئۆردوگانشینکردن له‌سه‌ر داخوازیه‌کانی ئه‌وان . له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌م ده‌ستکه‌ته‌کانی گه‌ل له‌ به‌هێزبوونی کوردی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستانه‌وه‌ ده‌پارێزرێت و هه‌م به‌رخۆدان به‌رامبه‌ر به‌ داگیرکه‌ران زامنی ئازادی نه‌ته‌وایه‌تی و ڕێگریش ده‌بێت له‌به‌رده‌م دووباره‌بوونه‌وه‌ی کاره‌ساته‌ جه‌رگبڕه‌کانی ڕابردوودا .

له‌ یادی 21 ساڵه‌ی کۆمه‌ڵکوژی هه‌ڵه‌بجه‌دا ، سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدانی نه‌ته‌وه‌که‌مان .
15- 02- 2009

هۆڵاند

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە