لێدوانەکەی "کاک خالید عەزیزی" چی دەگەیەنێت ؟ (بەشی دووەم)
Monday, 24/09/2012, 12:00
"ڕاستی" و "هیوا"دا :-ناشیرینترین کردەوە ئەوەیە کە بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەک دیرۆکی ژیانی مرۆڤێک "چ بە باش و چ بە خراپ" بگۆڕیت کە ئەو مرۆڤە لە ژیاندا نەمابێت ، پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق یەک لەو لایەنانە بووە کە هەمیشە هەوڵی شێواندنی کردەوە و ڕاستینەی ئەو مرۆڤانەی داوە کە لە ژیاندا نەماون ، بۆ نموونە بە لای پارتییەوە زۆر ئاسایی بووە کە هەوڵی شێواندنی دیرۆکی پڕشنگداری شەهید کاک ئارام بدات و پەیکەرەکەشی بڕوخێنێت ، لە بەرامبەریشدا هیچ پێی شەرم نەبووە کە هەرچی ئەنفالکەر و مستەشار و خیانەتکارە لەخۆی کۆبکاتەوە و بەو شێوەیەی مەبەستیانە وەک کەسانی شۆڕشگێڕ ناویان بهێنن .
هەڵبەت شێواندنی ڕاستیەکان و دیرۆک داتاشین بۆ مرۆڤەکان تەنها پیشەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق نەبووە بەڵکو ئەوەی لەم کردەوە قێزەونەدا سەرقافڵە بووە و بۆڕی ماڵی بارزانیشی داوەتەوە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە کە "ڕاستی"یان بە "هیوا" پێناسە کردووە .
بۆ نموونە کاتێک پرسیاری یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان دێتە گۆڕێ ، خالد عەزیزیش دەڵێت :-
[سیاسەتی ئێمە سەرکەوت، عەقڵییەت و قسەی ئێمە بۆ یەكگرتوویی، چووە ناو كۆمەڵانی خەڵك لە ناوخۆی وڵات.]ئاشکرایە کە حیزبی دیموکرات سیاسەتی "گرەوکردن لەسەر ئەسپی تۆپیو" پیادە دەکات و ئەم سیاسەتەش نەک هەر سەرکەوتوو نابێت بەڵکو هیواخواستنە بۆ سەرکەوتن .
واتە ڕاستی و هیوا دوو وشەی جیاوازن ، "ڕاستی" ئەو دیاردەیەیە کە ڕوو دەدات بەڵام "هیوا" دیاردەیەکە مەرج نییە ڕوو بدات . حیزبی دیموکراتیش تەکە حیزبە کە زۆرترین هیوای خواستووە بەڵام هیچ یەک لە هیواکانی نەبۆتە ڕاستی . ئەنجامی بەڕاستی نەبوونی هیواکان پەیوەستە بە سیاسەتی چەواشەکاری و فریودەرانەی حیزبی دیموکرات کە "هیوا و ڕاستیان" لە یەکدی جیانەکردۆتەوە ، واتە هەمیشە هیوای بە ڕاستی پێناسە کردووە .
بۆ نموونە تەسلیمبوونی پێشەوا قازی محەمەد "ڕاستیە" و ئەگەر پێشەوا بیزانییایە ئیعدام دەکرێت ئەو ڕێگەیەی هەڵنەدەبژارد ، بەڵام "هیوای" حیزبی دیموکرات ئەوەیە بڵێت تەسلیمبوون ڕووی نەداوە و پێشەواش بۆ ئیعدامکردن ئەو ڕێگەیەی هەڵبژارد .
دانیشتنی نهێنی دکتۆر قاسملو و چەند وردە پاسدارێک "ڕاستییە" و ئەگەر قاسملو بیزانیبایە تیرۆر دەکرێت نەک هەر دانیشتنی ئەنجام نەدەدا بەڵکو وەسیەتەکەی بابی لەبەر چاو دەگرت کە گوتبووی "بەبینینی عەجەم هەڵبێ" ، بەڵام "هیوای" حیزبی دیموکرات ئەوەیە بڵێت دکتۆر قاسملو دەیزانی تیرۆر دەکرێت بەڵام لە پێناو ئاشتیدا تیرۆرکردنی پەسەند کردووە .
هەڵهاتن و ئۆردوگانشینی حیزبی دیموکرات لە لایەک و فەرامۆشکردنی میلەت و سپاردنیان بە چارەنووس لە لایەکی دیکەوە "ڕاستی"یە ، بەڵام "هیوا"ی حیزبی دیموکرات ئەوەیە بڵێت هەمیشە لە مەیدانداین و ئەزمون و دەسکەوت دەپارێزین و شەو و ڕۆژ خەریکی حەماسە خوڵقێنین .
ئێستاش کاک خالد عەزیزی هەمان "هیوا" دەخوازێت و دەڵێت {قسەی ئێمە سەرکەوت و چووە ناو کۆمەڵانی خەڵک لە ناوخۆی وڵات} ، بەڵام "ڕاستی"ەکەی ئەوەیە کە هەڵهاتنەکەی خالید عەزیزی هیچی وای لە هەڵهاتنەکەی مەلا عەبدوڵای حەسەنزادە کەمتر نییە و زۆربەی هەرە زۆری ژیانی لە ئۆردوگا و دوورە وڵاتی بەسەر بردووە و لە دوور و نزیکەوە ئاگاداری ناوخۆی وڵات نییە ، کە ئەم فەرمایشتە بە ناوی هەموو خەڵکی ناوخۆی وڵاتەوە دەدات .
بە باوەڕی من سیاسەتەکانی کاک خالید و حیزبەکەی لە دوو بواردا سەرکەوتو بوون:-
١- سەرکەوتن لە لێکترازان و لەتوپەت کردنی حیزبی دیموکرات . ئەندازیاری ئەم بوارە مەلا عەبدوڵای حەسەنزادەیە .
٢- سەرکەوتن لە خۆنواندن و تۆمەت هۆنینەوەی ناڕەوا و برەودان بە ڕاگەیاندنی داگیرکەری تورک . خالد عەزیزی ئەندازیار بووە لەم بوارەدا .
پاشان پرسیار لە کاک خالید دەکرێت :- پێت وا نییە ڕێككەوتننامەكە ببیتە بەربەست لە بەردەم دروستبوونی بەرەیەكی فراوان؟.
خالید عهزیزی: (ئهوان نین سەرەكی ڕاستی بە سەرەكی، حزبی دوو گوتوویانە ڕێككەوتنەكەدا لەوان) -خالد عەزیزی:
بریا خالد عەزیزی وەکو ددانی بەو ڕاستیەدا ناوە کە ئەو دوو حیزبە سەرەکی نین ، کەمێکیش باسی لە حیزبی سەرەکی بکردایە تاکو بمانزانیایە چ حیزبێک سەرەکییە ، چونکە هێندەی من بزانم حیزبەکەی کاک خالدیش نەک هەر سەرەکی نییە بەڵکو لە دیدی حیزبی دیموکراتەوە هێشتا (برادەرانی دابڕاون و شەرعیەتیان نییە و ناسنامەی حیزبیشیان وەرنەگرتووە و تەنها بۆ شێواندنی ناوی حیزبی دیموکرات سود لە هەمان ناو وەردەگرن)، کە ئەم گوتانەش لە هەموو کۆبونەوەکانی حیزبی دیموکراتدا باسی لێ دەکرێت .
ئەو دوو حیزبە لەم ڕێکەوتنەدا باسیان لە حیزبی سەرەکی کردووە و کاک خالیدیش زۆر بە ڕاشکاوی ددان بەو ڕاستیەدا دەنێت کە حیزبی سەرەکی نین . بریا کاک خالد یەک ڕاستی دیکەشی ئاشکرا بکردایە ئەویش بانگەشاکەنی هەر دوو لایەنی ناوبراوە بۆ ڕەسەن بوون ، چونکە وەک بانگەشەی ڕەسەن بوونیان کرد پێناسەی ڕەسن بوونیان لە بیر کرد ، کە بە باوەڕی من جوانترین پێناسە بۆ ئەو بانگەشەیە "ئۆردوگانشینی ڕەسەنە" .
درێژەی هەیە ...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست