کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دیسان داخستنی سنوورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان

Sunday, 02/06/2013, 12:00






لە ساڵی ڕابردوودا چەندین جار هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق هەوڵی لە باربردنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیاندا ، جارێک لە ڕێگەی دانیشتنی نهێنی لەگەڵ داود ئۆغڵوی وەزیری دەرەوەی تورکیا و جارێک لە ڕێگەی بانگێشتکردنی چەندین لایەنی گوماناوی بۆ شاری هەولێر بە ناونیشانی "کۆنفرانس بۆ کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان" ، جارێک لە ڕێگەی کۆمەک کردنی ئیخوان‌الموسلمین بە بڕی دوو ملیۆن دۆلار و جارێک بە هوڵدان بۆ زڕاندن و ناشیرینکردنی ئازادیخوازانی ڕۆژئاوای کوردستان ، تا کار گەیشتە ئەوەی لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2012دا دەروازەی سنووریان بە ڕووی ڕۆژئاوای کوردستاندا داخست و گەمارۆیەکی ئابووری دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتییان بەسەر ئەو پارچەیەی کوردستاندا داسەپاند ، هەر پاش داسەپاندنی گەمارۆی ئابووری هێزەکانی ئارتەشی "ئازاد"ی سوریاش هێرشێکی زاڵمانەیان کردە سەر شاری سەرێکانی و لە هیچ کردەوەیەکی قێزەون نەسڵەمینەوە .
سەرسوڕمان ئەوەیە ، لە کاتێکدا کە لایەنگرانی بارزانی کە بە گوتەی خۆیان هەموو هەوڵێکیان بۆ پاراستنی کوردانی ڕۆژئاوا و دەستکەوتەکانیەتی ، کەچی هەر لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی چەتەکانی ئارتەشی "ئازاد"ی سوریا بۆ سەر ڕۆژئاوی کوردستان یان هەڵهاتنە تورکیا یاخود کەوتنە هاوکاریکردنی ئارتەشی بە ناو ئازاد لەژێر ناوی چەندین کەتیبەی جۆراوجۆردا .
ڕۆژی 25 ئەم مانگەش 75 کەس بە شێوەیەکی نایاسایی سنووری ڕۆژئاوای کوردستانیان دەرباز کرد و لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستانەوە دەستبەسەر کران و خرانە ژێر لێکۆڵینەوە ، پاش لێکۆڵینەوە ئاشکرا بوو کە ئەو کەسانە لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە و بۆ مەبەستی دژایەتیکردنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و ئاژاوەنانەوە ئاودیو کراون .
پاش دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانە یەکسەر بۆ جارێکی دیکە هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق سنوورەکانیان بە ڕووی ڕۆژئاوای کوردستاندا داخست و سەرۆکی هەرێمیش هاتە زمان و بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانە کەوتە هەڕەشەکردن و گوتی "ئێمە ڕێگە نادەین هێزێک دەست بەسەر خۆرئاوای کوردستاندا بگرێت" ، لە ناوەڕۆکی ئەم گوتەیەوە دەردەکەوێت کە هەم ئەو کەسانە خولی پەروەردەیان پێ بینراوە تاکو لە بەرامبەر هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەلدا بەکاریان بهێنن و هەم پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقیش وەکالەتی پێدراوە لە لایەن داگیرکەرانەوە بۆ لەباربردنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان .
لەگەڵ هەڕەشەکردنەکەی بارزانیدا ، یەکسەر چەتەکانی ئارتەشی "ئازاد"ی سوریا و جەبهە النەسرەش هێرشی سەر کوردانی ڕۆژئاوای کوردستانیان کرد لە هەرێمەکانی عەفرین و کۆبانی و تەل تەمر و سەرێکانی ، هاوکات لەگەڵ هێرشی چەتەکانی ئارتەشی "ئازاد"دا هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقیش گەمارۆی سەر ڕۆژئاوایان توندتر کرد و هێزەکانیان لەسەر سنوور جێگیر کرد (واتە هێرشی ئارتەشی ئازاد و فشارەکانی بارزانی لە یەک کاتدا بوون) .
هاوکات بوونی هێرشەکانی ئارتەشی ئازاد و فشارەکانی بارزانی بەڵگە نەویستە بۆ هاوئاهەنگی بنەماڵەی بارزانی و چەکدارە سەلەفیەکان دژ بە کوردان و ناردنەوەی ئەو 75 کەسەش هەر بۆ هەمان مەبەست بووە .
میلیشیاگەری :-
زیاتر لە 22 ساڵە بەشێک لە باشووری کوردستان بە ڕووخسار لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەردا نەماوە ، بەڵام لە نەمانی داگیرکەریشدا بە دەیان هەزار کورد کوژران و سەدان هەزاریش کۆچبەری وڵاتان بوون بەهۆی دیاردەی میلیشیاگەری و بوونی دوو هێزی چەکدارەوە . لێ بەڵێ ، بارزانی دەخوازێت هەمان دیاردەی میلیشیاگەری لە ڕۆژئاوی کوردستانیش ساز بکات و تەڕ و وشک بە یەکەوە لەناو بەرێت .
بە باوەڕی من ئەم کردەوە قێزەونانەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لەسەر داخوازی کۆماری ئیسلامی ئێرانە ، چونکە ئێران دەخوازێت بە تیرێک دوو نیشانە بپێکێت ، گومان لەوەدا نییە کە تیرەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران بنەماڵەی بارزانییە و نیشانەکانیش ڕەوشی گەلی کوردە لە هەردوو پارچەی ژێر چەپۆکی تورکیا و سوریادا ، بەم شێوەیە :-
1- ڕەوشی گەلی کورد لە باکووردا :- لە نەورۆزی ئەم ساڵدا ، پەیامی ئاشتی لە نێوان تورکیا و کوردانی باکووردا درا بە گوێی هەموو جیهاندا و پەیامەکەش پێشوازییەکی گەرمی لێکرا لەلایەن کوردستانی و جیهانیەوە ، ئەوەی کە زۆر نیگەران بوو لەو پەیامە کۆماری ئیسلامی ئێران بوو ، چونکە ئێران دەیویست ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا بەردەوام بێت تاکو زیاتر دەست لە ناوچەکە وەربدات ، هەر بۆیەش ئێران هەموو هەوڵێک دەدات تاکو ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستاندا پێش نەکەوێت .
2- ڕەوشی گەلی کورد لە خۆرئاوای کوردستان‌دا :- کوردان بە شێوەیەکی دوور لە توند و تیژی زۆربەی ڕۆژئاوای کوردستانیان ئازاد کرد ، ئەم ئازادکردنەش هەم بوویە فشارێک بۆ سەر ڕژێمەکەی ئەسەد و هەم کاریگەرییەکی زۆریشی کردۆتە سەر کوردانی جیهان بەگشتی و کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی ، لەبەرئەوە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەخوازێت لە ڕێی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە هەم فشاری کوردان لەسەر ڕژێمەکەی ئەسەد نەهێڵێت و هەم کاریگەریەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانیش لەسەر کوردانی ڕۆژهەڵات کەم بکاتەوە .
واتە کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی ماڵی بارزانییەوە هەم پێڤاژۆی ئاشتی باکوری کوردستان تێک بدات و هەم دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە بار بەرێت و هەم تەمەنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدیش درێژتر بکات . چونکە لە ڕابردووشدا کۆماری ئیسلامی ئێران هەمان تیری ئاڕاستەی جەرگی کوردان کرد بە ئامادەکردنی "قیادە مۆقەتە" و هاندانیان دژ بە کوردانی ڕۆژهەڵات و تارومارکردنی هەموو دەستکەوتەکانی ئەو بەشەی کوردستان .
هەڵبەت ئەو کات ماڵی بارزانی شانۆگەرییەکی سەرکەوتوویان ساز کرد بۆ شەڕکردنی کوردانی ڕۆژهەڵات ، ئەو شانۆگەرییەش دەرهێنانی تەرمی مەلا مستەفا بوو لەلایەن خودی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە و ساخکردنەوەی بەسەر کوردانی ڕۆژهەڵاتدا تاکو بیکەنە بیانوویەک بۆ داسەپاندنی ئەو شەڕە ناڕەوایە . ئێستاش هەمان بنەماڵە دەیانەوێت شانۆگەرییەکی هاوشێوە ساز بکەن بۆ شەڕکردنی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان ، ئەو شانۆگەریەش جارێک لە ڕێی چەند پارتێکی کارتۆنی دژ بە پارتی یەکێتی دیموکراتی"پەیەدە" و جارێک لە ڕێگەی هاوکاریکردنی ئیخوان‌الموسلمین و جەبهە النەسرە بۆ وێرانکردنی شارەکانی ڕۆژئاوی کوردستان و جارێک لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ سازکردنی میلیشیاگەری لەو پارچەیەدا و ئێستاش لە ڕێگەی ئاودیوکردنی ژمارەیەک کوردی بەکرێگیراو بۆ ئاژاوەگێڕی و برسیکردنی کوردانی ڕۆژئاوا و داخستنی سنوورەکان بەسەریاندا .
چەندین پرسیار لە سەرۆکی هەرێم :-
1- سەرۆکی هەرێم چ بەشێکی هەیە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا تاکو بەو شێوەیە هەڵوێست وەربگرێت و هەوڵی ئاژاوەگێڕی بدات ؟
2- بۆچی سەرۆکی هەرێم دەست لە کاروباری خۆرئاوی کوردستان وەردەدات لە کاتێکدا باشووری کوردستان بەدەست سەدان قەیرانەوە دەناڵێنێت ؟
3- بۆچی سەرۆکی هەرێم لە سەرەتادا هەوڵ نادات گرفتی زیاتر لە نیوەی باشووری کوردستان چارەسەر بکات کە بە داگیرکراوی ماوەتەوە و ناوی ناوچە "جێ ناکۆکی لەسەرەکانیان" لێناوە ؟
4- ئەی بۆچی سەرۆکی هەرێم خۆی و بنەماڵەکەی بەسەر پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکدا داسەپاندووە و لە پێناوی ئەو خۆ داسەپاندنەشدا شەڕی بێ ئەمانی دژ بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان جاڕدا و پەلکێشی تەواوی داگیرکەرانی کوردستانی کرد و تاکو ئێستاش دیلەکانی شەڕی ناوخۆی ئازاد نەکردووە ؟
5- بۆچی سەرۆکی هەرێم نیگەرانە لە ئازادکردنی ڕۆژئاوای کوردستان و لەو پێناوەدا بۆتە هاوکاری ئیخوان‌الموسلمین و چەتەکانی ئارتەشی "ئازاد"ی سوریا دژ بە کوردان ؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە