بۆ كاك هەژار كەركوكى تۆ بەئاگاى بەڵام ...؟
Friday, 15/05/2009, 12:00
پێشتر چەند نوسینێكى كاك هەژارم خوێندۆتەوە بەڵام هیچ لە نوسینەكانى پێشترى وەك ئەمجارەى تەنگە نەفەسی و كورتبینى پێوە نیە ، ئەگەر باسی حاڵەتى سایكۆلۆجى ئەكەیت هەموومان وەك ئێوە دەروونمان زامدارى دەستى ڕەشى نەهامەتى وپیاوە گەندەڵەكانى ئێستاى حزب و حكومەتە ، ناكرێ ئەو دوونموونە وەك پێوەرێك بەكاربهێنیت و راست و چەپێك بەسەرهەموو لیست و حزب و گروپەكاندا بهێنین ، وەناكرێ لە دەروونێكى بێ ئومێدانەوە چرایەكى گەش ببینى ، وشەى فول حیز و حزبى زاراوەیەك نین بۆ ئەوەى بتوانین بچینە ناوەخنى جۆرى بیركردنەوەو بەرنامە و بۆچوونى حزبێك یا گروپێكى تر ، دووبارە كردنەوەى ئەم زاراوە و قسە بڵاوانەى لاكۆڵان و جادەكان زیانێكى وا گەورەو دیار بەحزب و خەڵكی گەندەڵ و مشەخۆریش ناگەیەنێ، ئەو برادەرە كە خۆى بە (هەژارناوێك) داناوە تەڕو وشك پێكەوە ئەسوتێنێ و ناكرێ وا قەرەقوشیانە حوكمى موتڵەق و كۆتایی بەسەر مەسەلە و كێشە و بابەتەكانیشدا بدەین ، وەناكرێ هەندێ بابەتیش تێكەڵ بەیەكترى بكەین و بەتەنها هۆكارێكیش بیان بەستینەوە ! وشەى بێ ئاگاى یا بێ ویژدانى جنێو و سوكایەتى و دنیا كاول بوون ناگەیەنێ ناكرێ بێ ئەوەى دڵنیا بیت و راى تەواوى بەرامبەرت نەزانى پەنجەى كاسە لێسى و چڵپاو خۆرى و نۆكەرى و تۆمەت و قسەى نابەجێى تر بۆ بەرامبەرت هەڵڕێژى كە من ئێستا ڕووم نایە بیان نووسمەوە ، چونكە ئەمە هیچ لە مەسەلەكان ناگۆڕێ و بۆ سایتى ئازیزى كوردستانپۆستیش شتێكى جوان نیە بكرێتە مێنبەرى جنێو و قسەى وا ؟ كاكە هەژار كەركوكى من بەو زمانەى خۆت وەڵامت نادەمەوە ، وە نەتۆ من ئەناسی و نەمنیش ئەتناسم بۆیە وا چاكترە وتووێژى ژیرانە ى دوور لە هەڵچوون و خۆ تەنگاو كردن بكەین ، بۆئەوەى پردێك بۆ لێكتر گەیشتن و گفتوگۆ و لێكدانەوەى عەقڵانى بێتە ئاراوە ، چونكە ئەمە تەنها خەمى تۆ و ئەو برادەرەت نیە ، ئەوە خەمى گەلێكە و هەر رۆژەى لە دەروونى یەكێكماندا دێتە دەرەو خۆى نمایش ئەكا ، بەڵام هەریەك بەجۆرێ تەعبیر لەو دەروون و بۆچوون و بیروڕایانەى ئەكات كە ئەمەیە جیاوازى نێوان كەسەكان ، دەربڕینیش شێواز و جۆرى زۆرە ، هەیە زیان بەخاوەن و خودى گوتار و مەسەلە رەواكەى دەگەیەنێت ، هەشە بەقازانج و مەسەلەكەى ئەشكێتەوە ! شتەكان واباشە تێكەڵ نەكەین من خۆم ئاگادارى ئەوەم تاڵەبانى چەند جار لە سەفەرەكانیا لە ماڵى ئاغا و پیاوە دەوڵەمەندەكان دائەبەزێ ، ئەزانم بنەماڵە جاش و خۆفرۆشەكان ئێستاش دیوەخانەكانیان جمەى دێت و دیوەخانانەیان لەلایەن تاڵەبانیەوە بۆ بڕاوەتەوە ، ئەزانم چەند كارى خراپ و قێزەون و گەندەڵیان ئەنجامداوە ، كەس پەپۆلە و بێ هەڵە نیە ،بەڵام ناكرێ رابردووى خەڵكیش هەمووى بسڕینەوە و ئەمڕۆ یەكسەر بە دزو خائین و وڵات فرۆش ناویان بەرین ، هەندێ لەو تێكۆشەرانە ئەگەر كەم و كورتی و هەڵەشیان كردبێ ناكرێ شوێن پەنجە و تێكۆشان و فیداكارى رابردوویان بسڕینەوە، چونكە ئەوە مێژوو خۆى حوكمیان لە سەر ئەدات و تەنها مێژوو ئەتوانێ سەروەرى یا گەندەڵكارى و خائینیان بۆ بنووسێتەوە ؟ من ئەو قسانە ناكەم وەك ئەوەى بەو كەسانەت شوبهاندووم ، دڵنیابە خزم و تێكەڵاوى هیچیانیش نیم ، لەوانەیە تۆ خانویەكى خراپ یا ئەو خانوانەى ئاوارەكانت هەبێ من ئەوەشم نیە و كرێ چیم و دووریشم لەونەوعانەى كە خۆیان بۆ دۆلار و بەخشیەك ئەفرۆشن و ئەبن بەسەگى بەرقاپى لێپرسراوەكان ، ئەوى كە بەلامەوە زۆر گرنگە ئەوەیە كوردێك هەبێ و نەتوانێ باوەڕو بڕواى بە لیستێك لە لیستەكاندا هەبێ ، یا نەتوانێ و تواناى لێكدانەوەو باشى و خراپى و كاریگەرى لیستێك لە لیستەكانى لا نەبێ ؟ ئەوە جێگەى دوو دڵى و گومانمان لا دروست ئەكا بەتایبەتیش لەم رۆژگارەدا كە لیستى گۆڕان لیستێكە خەڵك ئومێد و ئاسۆیەكى گەشى لێوە بەدى ئەكات و لایەنێكى گەورە و گرنگە لە ڕووبەڕوبونەوەى گەندەڵى و بنبڕكردنى نایەكسانى و دزینى داهاتى خەڵكى كورد ، لیستى گۆڕان لایەنگیرى شێلگیرانەى نەهێشتنى بێ دادى و گەندەڵیە ، لیستێكە خەڵك باش ئەزانێ چۆن دژى سیاسەتمەدارانى ئێستا و مەسئولە دزو خیانەتكارەكان ئەجەنگێ و چۆن هاتۆتە ناو بازنەى ململانێى راستەقینەى دەسەڵاتى سیاسی كوردستانەوە لە پێناو دابین كردنى عەدالەتى كۆمەڵایەتى و گێرانەوەى سەروەریەكان بۆ گەلەكەمان و سازش نەكردن لە سەر كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانى تر، ئێوەى كەركوكى پێویستە لەهەموو كەس زیاتر پشتگیرى و پشتیوانى ئەم لیستە بكەن و ئەركى مێژووى خۆتان لەو پێناوەدا ببینن ، ئەگەرنا چەوەساندنەوەو چەرمەسەریەكانتان ، بێ دادى و ناعەدالەتى زیاتر ئەبێ و یەكەم كەسیش ئێوەن كەزیان و باجى زیاتر ئەدەن لە دوارۆژدا ، بۆیە هیوادارم كێشەو مەسەلەكان ، بابەت وناعەدالەتى و گەندەڵكاریەكان ببنە كێشە سەرەكیەكەى نێوانمان و دوور بكەوینەوە لە شتى لاوەكى و ئەم و ئەو ، هیواداریشم بابەتێكى باش و ورد لەسەر قایم قایمە دز و ترسنۆكەكەى رانیە بنوسیت كە لەوەتەى هەیە رۆژێك بۆ كورد تێ نەكۆشاوە و تا رۆژانى راپەڕینیش جلە سەربازیەكانى لە بەربوون . ئەوەى ئێٍستاش لە سەرى ئەلەوەڕێ لە بەرخاترى خوێنى برا شەهیدە قارەمانەكەیەتى ، چاوەڕێ ى ڕاو وەلامى تازەتم .سەركەوتووبن . .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست