شۆرش یان حكومەتی خەلافەت؟
Wednesday, 20/04/2011, 12:00
هاوارمان كردو هاوارمان كرد، پر بە دەنگ قیژانمان: ئەمانە هەر بەعسیەكانن، ئەمانە هەر نوینەری دەرەبەگەكان و برجوازیەكانن، ئەمانە بەسەر كاسە سەری هەژارانی كوردستاندا سەردەكەونە سەر تەختی دەسەلات و ئەوجا دەبینن چۆن بە كلاش سەرمان پان دەكەنەوە.
هاوارمان كرد و هاوارمان كرد: دەنگ مەدەن، بە دەستی خۆتان دكتاتۆرەكان مەكەنە سەروەری خۆتان.
ئەوەتا ئیستا بە چاوی خۆتان دەبینن لەژیر دەنگەكانی خۆتانەوە، فیشەك بارانتان دەكەن، سەرنگومتان دەكەن، بەچاوی خۆشتان دەبینن چ سووكایەتیەك بە ژن و كچەكانتان دەكەن هەروەك شەستەكان و حەفتاكان.
ئیستا ماوە بلێین: مەشهدەی دووهەمی ئەو شانۆگەریە تەواو نەبووە. ئەوانەی ئەمرۆ ئیوە بەدوایانەوەن، هەر ئەو پیاوانەی شەستەكان و حەفتاكانن. خۆتان مەخەلەتینن، ئەمانیش مەكەنە سەروەری خۆتان بەدەستی خۆتان. نەوشیروان بەشداری تەواوی تیشكانەكانی خەلكی چەوساوەی كوردستانە. شیوازی خەباتی ئیستایشی هەر شیوەیەكە لە شیوازی بەكرەجۆی سالانی شەستەكان لە پال حكومەتی بەعسدا. ئەوان فیری یاری كردنن بە بەرژەوەندی هەژاران، بەلام ئەمجارەیان لە پال ئیسلامیەكاندا.
تەنها دوو مانگی ئەم دواییەیش بەسە بۆ ئەوەی جاریكی تر بە میژوودا بچینەوەو ببینین كامەیە ئەو سەركەوتن و دەستكەوتانەی لە سایەی پیاوانی شەستەكان و حەفتاكاندا دەستمان كەوتووە؟
هەر دوینێ لە بەردەركی سەرادا، تیشكانیكی تری (نەوشیروان) ێكی ئیسلامیمان بینی. نەوشیروان بە هەلدێرێكی ئیجگار خراپدا جەماوەر دەبات. ئەو تەواوی جەماوەری لە بزووتنەوەیەكی ئیسلامیەوە ئالاند. ئەو بۆ تەنها مەبەستیكی خۆی هەرگیز بە تەنگەوە نیە ئیسلامیەكان بكاتە پیشەنگی بزووتنەوەیەكی جەماوەری، ئەو بزووتنەوەیەی كە چ پەیوەندیەكی بە ئیسلام و مزگەوت و مەلاكانەوە نیە. ئەو لە چەرخی تەكنۆلۆژیای زانیاریداو لە سایەی ئیدارەی ئەلەكترۆنیدا، دەمانباتەوە بۆ چەرخی ئیسلام و ئیدارەی خەلافەت. ئەمەیش هیچ نیە تەلەیەكی نوێ نەبیت بۆ نەوەی نوێ كە خاوەنی هیچ دەرس و تاقیكردنەوەیەك نین لە میژوو.
چاوەری مەبن شیخ و مەلا بزووتنەوەكەتان بەرەو سەركەتن ببەن. ئیمە هەموو سالانی حەفتاكانمان تەرخان كرد بۆ جیاكردنەوەی خەباتی خەلك لەدەست شیخ و مەلا، لە دەست بارزانی و تالەبانی، ئیستا نەوشیروان هەمان میژوومان بۆ تازەدەكاتەوە.
ووریا بن، زۆر ووریا بن، ئەم تەلەیە لە تەلەكانی سالانی شەستەكان و حەفتاكان بەهیزترە. ئەمە هەر قاچتان ناگریت و بەس، بەلكو دەتانخاتە ناو چالیكی قوولەوە كە دەیان سالی ترتان دەویت تا بگەنەوە سەر زەوی و ئەم ئاستەی ئیستای بزووتنەوەكەتان.
ئەم هەلە میژووییە لە دەست مەدەن، ئەم هەلە ناگەریتەوە، وینەی حكومەتی خەلافەت لە ئیران و ئەفغانستانی جاراندا دەبینن، ئەو حكومەتەی نەوشیروانیش دەیخوازیت، حكومەتی خەلافەتە لەژیر پەردەی عیلمانیەتدا. نووسەرەكانیش دەریانخست هیچ نین كۆمەلێ خۆپەرست و هەلپەرست نەبیت كە دەیانەویت لە هەدوو كیلگەكەدا بلەوەرین، بۆیە هەروەك ئالاكەی عیراقی سەردەمی سەدام حسین، هەر لە ئیستاوە، ووشەی (الله اكبر) یان نا بە ناوچەوانی بزووتنەوەی جەماوەریەوە.
تەنیاچارە بۆ رامالینی شوینەواری 50 سالەی نوینەری دەرەبەگەكان و برجوازیەكانی كوردستان شۆرشە شۆرش. 50 سال سووكایەتی بە هەژاران، 50 سال سامان هەلچنین، 50 سال لە نەریتی شیخ و مەلا لە حیزبەكانی بارزانی و تالەبانیدا، بەبێ شۆرش رانامالریت.
تا ئەم دەسەلاتە لەناو نەچیت بەعس لەناو نەچووە، تا پیاوەكانی شەستەكان و حەفتاكنیش لەناو نەچن ئەم دەسەلاتە لەناو نەچووە.
Email:
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست