کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تاڵه‌بانی‌ كون به‌كون ده‌نگی‌ بۆ بارزانی‌ كۆده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام شكستیانهێنا"..دكتۆر كه‌مال میراوده‌لی بۆ هاوڵاتی

Friday, 21/08/2009, 12:00


سازدانی‌: هاوڵاتی
له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا دكتۆر كه‌مال میراوده‌لی‌ كاندیدی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، باس له‌ورده‌كاریی پیلانه‌كانی‌ ده‌زگای‌ پاراستن بۆ ناوزڕاندنی‌ ده‌كات‌و ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات كو‌ده‌تای دیكتاتۆریه‌تی پارتی كۆتایی به‌ پرۆسه‌ی دیموكراتی له‌ هه‌ولێرو ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌دا‌ هێنا.

میراوده‌لی‌ كه‌ له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌ له‌بارزانی‌ برده‌وه‌، باسله‌وه‌ده‌كات جه‌لال تاڵه‌بانی به‌ شێوازی جۆراو جۆر هه‌وڵی ده‌دا ده‌نگ بۆ بارزانی‌ كۆبكاته‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت چۆن سه‌رۆكێك به‌ شه‌رعی بزانم كه‌ میلله‌ت‌و یاساوو دونیاو خواو مێژووش به‌ شه‌رعی نه‌زانێ‌و مافی خۆشمی داگیركردبێ.

هاوڵاتی‌: ئێوه‌ ئه‌نجامه‌كانتان ره‌تكرده‌وه‌‌و به‌ساخته‌ له‌قه‌ڵه‌متدا، پێتوایه‌ ساخته‌كاریی ئه‌وه‌نده‌ فراوان بووه‌؟
كه‌مال میراوده‌لی‌: ئه‌گه‌رچی هه‌وڵی‌ ساخته‌كاریی درا، به‌ڵام له‌ سلێمانی‌و گه‌رمیان تا كۆیه‌‌و سیده‌كانش هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاسایی بوون، له‌ هه‌ولێریش تا نزیكه‌ی سه‌عات چواری‌ پاش نیوه‌ڕۆ كاره‌كان به‌ ئاسایی ده‌رۆیشتن، گه‌رچی به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان ده‌سكاری ده‌نگه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی بارزانی ده‌كرا. به‌ڵام دوای سه‌عات 4 شته‌كه‌ له‌ سنور ده‌رچوو. كوده‌تایه‌كی حیزبی پێشتر رێكخراو دژی ئیراده‌ی ئازادی خه‌ڵكی هه‌ولێر به‌ڕێوه‌بردرا. هه‌موو چاود‌ێره‌كان‌و لیسته‌كان‌و خه‌ڵكی هه‌ولێریش ئه‌م راستییه‌ ده‌سه‌لمێنن. ئه‌مه‌ش به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ كۆمسیۆن دایناون ‌وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری ‌وێستگه‌ كه‌ به‌راستی بێلایه‌ن نه‌بوون. هێنده‌ی رێنماییان له‌ حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ ‌وه‌رگرتووه‌ ئه‌وه‌نده‌ رێنمییان له‌ كۆمسیۆنه‌وه‌ ‌وه‌رنه‌گرتووه‌، تا كاتژمێر سێی پاشنیوه‌ڕۆ به‌ پێی راپۆرتی چاودێره‌كانمان نزیكه‌ی 40%ی ده‌نگده‌ران ده‌نگیانداوه‌. له‌ دوای سه‌عات سێوه‌ ژماره‌ی ده‌نگده‌ران زۆر زیادیكردووه‌ ئه‌ویش به‌ هێنانی خه‌ڵكێك به‌ پاس كه‌ زیاتر خه‌ڵكی سه‌ربازو فه‌رمانده‌یی‌و پێشمه‌رگه‌ بوون كه‌ هێنراونه‌ته‌ ژووره‌وه‌‌و ده‌نگیانداوه‌، ئه‌مه‌ش رێژه‌ی ده‌نگدانی‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا به‌رزكرده‌وه‌ گه‌یاندیه‌ نزیكه‌ی له‌ 80%. فرتوفێڵه‌كه‌ فراون‌و سیستماكی بووه‌و لای هه‌موو كه‌س ئاشكرایه‌. ده‌وری كۆمیسیۆنیش له‌ نه‌خشه‌ ‌بۆدانان‌و جێبه‌جێكردنی ئه‌م پلانه‌دا ئاشكرایه‌. زیادكردنی سه‌عاتێك بۆ كاتی هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كوده‌تایه‌، به‌كارهێنانی مه‌ره‌كه‌بێك كه‌ به‌ ئاسانی ده‌سڕدرێته‌وه‌، چاپكردنی ملیۆنێك فۆرمی زیاد، چاوپۆشی له‌ به‌كارهێنانی زیاتر له‌ 200.000 فۆرمی زه‌ردی 111 بۆ ده‌نگدانی ساخته‌، هاوكاریكردنی به‌ڕێوه‌به‌ره‌ پارتییه‌كانی بنكه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌ ئاسانكاریكردن بۆ لافاوی ده‌نگده‌رانی پارتی له‌ هه‌ولێر‌و گۆڕینی پارێزگای دهۆك بۆ ناوچه‌ی قۆرخكراو بۆ ده‌نگی بارزانی‌و راگه‌یاندنی فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری كه‌ پێشكه‌شكردنی زیاتر له‌ 700 سكالا هیچ كار ناكاته‌ سه‌ر ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ته‌نانه‌ت به‌ر له‌وه‌ی سه‌یریان بكرێ، هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌ڵگه‌ی ئاشكران بۆ یاریكردنی كۆمیسیۆن به‌ ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان‌و هاوكاریكردنی ئه‌و تاوانبارانه‌ی له‌ رێكخستن‌و ئه‌نجامداندا پۆشینی ئه‌نجامه‌كانی كوده‌تای دیكاتۆریه‌ت دژی دیموكراسی له‌ هه‌ولێرو دهۆك.

هاوڵاتی‌: تۆ له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌ له‌بارزانیت برده‌وه‌، پێتوایه‌ له‌دهۆك‌و هه‌ولێریش به‌و شێوه‌یه‌ بووه‌، به‌ڵام ساخته‌كاریی ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ گۆڕیوه‌؟
كه‌مال میراوده‌لی‌: ئه‌و ده‌نگه‌ زۆره‌ له‌ هه‌ولێریش به‌ ده‌ستهێنرابوو تاڕاده‌یه‌كی زۆر له‌ دهۆكیش. به‌ڵام كو‌ده‌تای دیكتاتۆریه‌تی پارتی كۆتایی به‌ پرۆسه‌ی دیموكراتی له‌ هه‌ولێرو ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌دا‌ هێنا، زۆربه‌ی كاتی كه‌مپینه‌كه‌ی من له‌ سلێمانی‌و‌ گه‌رمیان بوو، گه‌ر ته‌له‌ڤزیۆنه‌كان‌و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له‌ پشت ئه‌وانه‌وه‌ مانای ئازادی‌و عه‌داله‌تیان بزانیبایه‌و ئێواره‌ی 5 ده‌قیقه‌ پرۆسه‌ی كه‌مپینی من‌و پرۆگرامه‌كه‌ی منیان نیشان بدایه‌ بۆ هه‌موو كه‌س ده‌رده‌كه‌وت بۆچی هاوڵاتیان متمانه‌یان به‌ مندا. من 40 سه‌عات فلیمی كامپینه‌كه‌م به‌ شێوه‌ی كامپینی جه‌ماوه‌ری ئۆپۆزیسیۆنی هه‌یه‌ كه‌ 4 ده‌قیقه‌شی لێنیشاننه‌دراوه‌. من‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ رووناكبیرو ئه‌كادیمی‌و شاره‌زای كلتوورو سیستمی ئه‌وروپیم، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ مرۆڤێكی ساده‌و لادێیی‌و عه‌شایه‌رم‌و ‌ به‌رێزو خۆشه‌ویستییه‌كی زۆره‌وه‌ سه‌یری هه‌موو‌ پێكهاته‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌م ده‌كه‌م‌و له‌ ئازاره‌كانیان تێده‌گه‌م. خه‌ڵك ده‌مێكه‌ بێزاره‌و تووڕه‌یه‌ چاوه‌ڕێی كه‌سێكه‌ كه‌ په‌یامێكی پێ بێ زوڵم‌و زۆر نه‌هێڵێ‌و خزمه‌تی پاشه‌رۆژی منداڵه‌كانیان بكات، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ جێگه‌ی باوه‌ڕ بێ كه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات‌و پاره‌و به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سیی‌و حیزبیی‌و بنه‌ماڵه‌یی‌و مه‌نسه‌ب كار ناكات. كوردستان چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ بوو ده‌نگێك ببیستێ كه‌ به‌راستی ده‌نگی ئۆپۆزسیۆنیكی راسته‌قینه‌و بوێربێت. هیچ ده‌نگێكی تر تا ئێستا له‌كوردستاندا نه‌بووه‌ كه‌ بچێته‌ ناو جه‌ماوه‌ره‌و به‌ راشكاوی‌و سیستماتیكی‌و له‌ روانگه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی‌و گه‌لپه‌ره‌ریی‌و زانستییه‌وه‌ دژ به‌ سیستمی بنه‌ماڵه‌یی‌و سته‌مگه‌ری دیكتاتۆری تاوانباری كوردكوژو كوردستان ‌وێرانكه‌ر قسه‌بكاو به‌رنامه‌ی یاسایی‌و ده‌ستووری ئه‌لته‌رناتیڤ پێشكه‌ش بكا. خه‌ڵك پاكه‌، چاكه‌، تێكۆشه‌ره‌، قوربانیده‌ره‌، دڵسافه‌، به‌ڵام سه‌ركرده‌كانی هه‌میشه‌ هه‌ڵیان خه‌ڵه‌تاندووه‌‌و یارییان به‌ شه‌هیدو قوربانییه‌كانییه‌وه‌ كردووه‌‌و خیانه‌تیان پێكردوون‌و خوێنیان كردوونه‌ته‌ دۆلارو سامان‌و سه‌رمایه‌ بۆ خۆیان.

هاوڵاتی‌: ده‌وترێت میراوده‌لی‌ شایانی‌ ئه‌و ده‌نگه‌ زۆره‌ نه‌بووه‌‌و خه‌ڵك له‌به‌ر رقی‌ له‌ بارزانی‌ ده‌نگی‌ به‌تۆ داوه‌؟
كه‌مال میراوده‌لی‌: شیاویی یانی چی؟ له‌هه‌ر‌وڵاتێكدا كه‌ زانست‌و میتۆدی زانستی نرخی هه‌بێ راپرسی‌و زانیننامه‌ی مه‌یدانیی هه‌یه‌ بۆ روونكردنه‌وه‌ی رای خه‌ڵك، ده‌نگده‌ران خۆیان بڕیاریانداوه‌و بڕیار ده‌ده‌ن، داخۆ من شایسته‌م یان نا. من چه‌ندجار داوای گفتوگۆی ته‌له‌فزیۆنی رووبه‌ڕووم له‌ بارزانی‌ كرد، ئه‌مه‌ مه‌رجێكی جه‌وهه‌ری هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تییه‌، تا‌ گه‌لی كوردستان خۆی حوكم به‌ سه‌ر تواناو رۆشنبیری‌و كه‌سێتی‌و شایسته‌یی كاندیده‌كاندا بدات، به‌ داخه‌وه‌ رێزی‌ ئه‌م مافه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی نه‌گرت‌و‌ قبووڵی نه‌كرد. زۆرینه‌ی ده‌نگی من توێژی خوێنده‌وار‌و تێگه‌یشتووی كوردستانن. به‌ هه‌موو دڵ‌و قه‌ناعه‌ته‌وه‌ ده‌نگیانداوه‌ چونكه‌ منیان به‌ شایسته‌ی ئه‌و پۆسته‌ زانیوه‌ له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ هاوڕێكی (ته‌وافوقی) ته‌واوی هێزو چین‌و توێژه‌كانی گه‌لیش بوو. خوشكێك كه‌ مامۆستای سه‌ره‌تاییه‌ له‌ كه‌لار ته‌له‌فۆنی بۆ كردم. ‌وتی من هه‌ر زوو بڕیارمدا ده‌نگ به‌ تۆ بده‌م. به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌ بوو باوكم كه‌ نه‌خوێنده‌واره‌ هاته‌ لام‌و ‌وتی كچم ده‌نگ بۆ ئه‌و پیاوه‌ بده‌ كه‌ له‌ ئه‌وروپا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.‌ ئه‌و شه‌هاده‌ی باشی هه‌یه‌و له‌ دونیا تێده‌گاو به‌ كه‌ڵكی ‌وڵاتی ئێمه‌ دێ. باوك‌و دایكێكی تر ته‌له‌فۆنیان بۆ كردم، ‌وتی دوو منداڵمان هه‌ن ته‌مه‌نیان 6‌و 8 ساڵه‌ پێیانوتووین گه‌ر ده‌نگ بۆ د. كه‌مال نه‌ده‌ن نه‌یه‌نه‌وه‌ ماڵه‌وه‌. دوو كچی قوتابی به‌داخه‌وه‌ بوون كه‌ ته‌مه‌نیان 17 ساڵه‌و ناتوانن ده‌نگبده‌ن، به‌ڵام هه‌موو ماوه‌ی هه‌ڵبژاردنیان بۆ كه‌مپین بۆ من ته‌رخان كردبوو.

هاوڵاتی‌: ده‌وترێت تۆ ‌وه‌كوشاعیر‌و ئه‌دیبێك ناسراویت‌و به‌كه‌ڵكی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كردن نایه‌یت؟
كه‌مال میراوده‌لی‌: ده‌سه‌ڵات‌و زانین‌و زانیاری لێك جیا ناكرێنه‌وه‌. ده‌سه‌ڵات ئه‌و زانین‌و ئه‌و نووسه‌رانه‌‌ به‌رهه‌م دێنێ كه‌ خۆیان پێدروست ده‌كاته‌وه‌. له‌كۆمه‌ڵگای حیزبیدا ئه‌جێندای زانینی راسته‌قینه‌ ده‌گمه‌نه‌ بۆیه‌ هه‌موو شته‌كان ته‌زویرن، چونكه‌ هه‌لومه‌رجی بوونیان به‌ ئیراده‌و به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌و سیستمی كۆیلایه‌تی مووچه‌‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌. گه‌ر زانكۆكان به‌راستی زانكۆ بووونایه‌و رۆژنامه‌و میدیاكان به‌راستی سه‌ربه‌خۆو زانستی‌و پیشه‌یی بوونایه‌و به‌ دوای راستیدا عه‌وداڵ بان، ئه‌م پرسیاره‌ نه‌ده‌كرا چونكه‌ ده‌ركردنی زیاتر له‌ شه‌ش گۆڤار‌و رۆژنامه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌و دامه‌زراندنی چه‌ندین رێكخراوی كوردی‌و نووسینی یه‌كه‌م پرۆژه‌ی ته‌واوی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كوردستان‌و خه‌باتكردنی بێوچان تا دا‌مه‌زراندنی هه‌واری ئارام له‌ خوارووی كوردستان‌و گه‌یاندنی ملیۆنێك‌و 700 هه‌زار ئیمزای ریفراندۆم به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان جگه‌ له‌ نووسینی زیاتر له‌ 700‌وتارو دیراسه‌ به‌ ئینگلیزی له‌ سه‌ر پرسی سیاسیی كوردستان‌و به‌شداری له‌ ده‌یان كۆنفرانس‌و چاوپێكه‌وتنی رۆژنامه‌نووسی لای زۆربه‌ی خوێنده‌وارانتان روون ده‌بوون‌و چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌كادیمیشیان له‌ سه‌ر ده‌كرا.
شیعره‌كانیشم له‌ سیاسه‌ت‌و هه‌ڵوێستی سیاسی، به‌ مانای نوێنه‌رایه‌تیكردنی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل دژی ده‌سه‌ڵات، دوورنین. بۆ نموونه‌ هۆنراوه‌كانی قه‌ندیل قوربانی به‌فره‌كه‌ت بم، رێگای قه‌ندیل قه‌ده‌غه‌یه‌، ئاوا مه‌مره‌ تاڵه‌بانی، ‌وڵاته‌كه‌م قه‌سابخانه‌ی كچان‌و ژنان، هاتنه‌وه‌ له‌ شاخ شۆڕشگێره‌كان..

هاوڵاتی‌: ئایا هیچ رێككه‌وتنی‌ پێشوه‌ختتان له‌گه‌ڵ لیستی‌ گۆڕان‌و چوارحزبه‌كه‌ هه‌بووه‌؟
كه‌مال میراوده‌لی‌: به‌شێوه‌یه‌كی ره‌ها هیچ رێككه‌وتنێك یان ته‌نانه‌ت دانوستانێكیش له‌و باره‌وه‌ نه‌بووه‌. من به‌ ئاشكرا له‌ چه‌ندین چاوپێكه‌وتندا ‌وتوومه‌ نامه‌وێ هه‌زاران كه‌س به‌ قسه‌ی سه‌رۆك حیزبێ یان سه‌ركردایه‌تی حیزبێ یان لیستێ ده‌نگم بۆ بده‌ن. من ده‌مه‌وێ تاكی كوردی هۆشیاربێت‌و به‌ خواست‌و ‌ویژدانی ئازادی خۆی ده‌نگبدا. من ته‌نیا بیروبۆچوون‌و به‌رنامه‌ی خۆم راگه‌یاندووه‌ له‌كاتێكدا مام جه‌لال كوناوكون ده‌گه‌ڕا ده‌نگ بۆ كاك مه‌سعود كۆبكاته‌وه‌. به‌ داخه‌وه‌ ‌وه‌ك ده‌زانن گه‌مارۆیه‌كی راگه‌یاندنی توندو تۆڵم له‌لایه‌ن ته‌له‌فزیۆنی لیسته‌كانه‌وه‌ به‌ KNN ‌و كۆمپانیای ‌وشه‌شه‌وه‌ خرایه‌ سه‌ر، تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی هۆیه‌كه‌شیم بۆ روون بكه‌نه‌وه‌. ته‌نانه‌ت ‌وه‌ك ریكلامیش رێگه‌یان نه‌دام ته‌نیا یه‌ك تاقه‌ په‌یام رابگه‌یه‌نم. كاتێكیش سه‌رانی لیستی گۆڕان سێ رۆژ به‌ر له‌هه‌ڵبژاردن بڕیاریاندا كه‌ به‌ جه‌ماوه‌ر رابگه‌یه‌نن ئێمه‌ باوه‌ڕمان به‌ سه‌ركردایه‌تی نییه‌و ده‌نگی بۆ ناده‌ین ته‌نیا ئه‌و كاته‌ من پێموتن ئه‌مه‌ كارێكی خراپ ده‌بێ‌و ته‌نانه‌ت به‌ خیانه‌ت به‌ من‌و به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ده‌ژمێردرێت‌و پشتگیرییه‌كی راسته‌وخۆیه‌ بۆ مه‌سعود بارزانی، داوام لێكردن یان بێده‌نگ بن یان خه‌ڵك ئازاد بكه‌ن به‌ ئازادی‌و ‌ویژدانی خۆیان ده‌نگبده‌ن، ئه‌وانیش ئه‌م ئیختیاره‌ی دواییان هه‌ڵبژارد‌و سوپاسیان ده‌كه‌م.

هاوڵاتی‌: له‌رۆژنامه‌یه‌كی حیزبیدا تۆ به‌ ده‌روون نه‌خۆش ناو ده‌به‌ن‌و پێیانوایه‌ تۆ كه‌سایه‌تییه‌كی ناجێگیری؟
كه‌مال میراوده‌لی‌: ناهه‌قیی گه‌مارۆدانی میدیایی‌و شكنه‌بردنی هیچ ده‌زگا‌و ده‌روویه‌كی راگه‌یاندن هه‌ر ئه‌وه‌ نه‌بووه‌و نییه‌ كه‌ رێگام لێبگیرێ په‌یام‌و ده‌نگی خۆم بگه‌یه‌نم، به‌ڵكو له‌ ئاست شاڵاوی هێرشی كه‌سێتی كوشتن‌و ناوزڕاندیشدا جێیه‌كم شك نه‌بردووه‌ كه‌‌وه‌ك پێویست ‌وه‌ڵام‌و روونكردنه‌وه‌ی خۆم به‌ خه‌ڵك بگه‌یه‌نم. كه‌ ئه‌وه‌ بۆ ئاستی هۆشیاری‌و ‌ویژدانی خوێنه‌ر ماوه‌ته‌وه‌ باوه‌ڕ به‌ درۆو ده‌له‌سه‌كانی میدیای داوه‌شاوی حیزبیی بكا یان نا؟ تكا ده‌كه‌م ئه‌م روونكردنه‌وه‌یه‌م ‌وه‌ك خۆی بڵاو بكه‌نه‌وه‌ كه‌ شتێكی گرنگه‌ بۆ روونكردنه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی دیموكراسییه‌تی ده‌سه‌ڵاتیش له‌كوردستاندا. من چه‌ندجار داوام له‌ بارزانی‌ كرد بۆ گفتوگۆی رووبه‌ڕوو بۆ باسكردنی كێشه‌ سیاسییه‌كان‌و به‌رنامه‌ی ئاینده‌و كۆمه‌ڵێ گرفت‌و برینی قووڵی گه‌ل كه‌ خه‌ڵك له‌گه‌ڕانه‌كانمدا بۆ منیان باس ده‌كرد. كه‌ ئه‌و ئه‌مه‌ی قبوڵ نه‌كرد ناچار بووم هه‌ندێ له‌و‌ پرسانه‌م به‌ شێوه‌ی نامه‌یه‌كی كراوه‌ له‌ئاوێنه‌دا ئاڕاسته‌كردن كه‌ ‌وه‌ڵامی ئه‌وانه‌شی نه‌دایه‌وه‌.
وروژاندنی 31ی ئاب‌و شه‌ڕی براكوژی له‌نامه‌ كراوه‌كه‌مدا بۆ بارزانی بۆ مه‌به‌ستی ده‌نگهێنان یان شكاندنی ئه‌و نه‌بووه‌. ئه‌مانه‌ داواكاری هه‌ره‌ گه‌وره‌ی خه‌ڵكن كه‌ ئه‌و خیانه‌ت‌و تاوانانه‌ی رابوردوو چیدی فرامۆش نه‌كرێن‌و چاره‌سه‌ربكرێن. زۆر ئاسانه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتدان یان چاویان له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ یان پتكێكیان له‌ كێكی گه‌نده‌ڵی یان پێكێكیان له‌ شه‌رابی خیانه‌ت به‌ركه‌وتووه‌ یان نووسه‌رو به‌رپرسێكن چه‌ند مووچه‌‌یه‌ك ‌وه‌رده‌گرن‌و له‌باوه‌شی گه‌نده‌ڵیدا كه‌وتوونه‌ته‌ ئارامه‌وه‌ كه‌ هه‌روا له‌ هه‌موو تاوانێكی رابوردوو چاوپۆشی بكرێ هه‌ر‌وه‌ك هیچ رووی نه‌دابێ‌و ئه‌وانیش بتوانن ئه‌م نیعمه‌ته‌ی ئێستایان به‌رده‌وام بكه‌ن. به‌ڵام له‌ نزیكه‌وه‌ ده‌یان بنه‌ماڵه‌ی شه‌ڕی براكوژیم بینیوه‌ كه‌ له‌یه‌ك خێزاندا له‌ دوو شه‌هیده‌وه‌ تا 21 شه‌هیدیان هه‌یه‌‌‌و تا ئێستا فرامۆشكراون ‌و منداڵه‌كانیان له‌وپه‌ڕی كوێره‌وه‌ری‌و هه‌ژاریدا ده‌ژین‌ یان ده‌یان خێزان هه‌یه‌ هێشتا له‌ چاره‌نو‌وسی پیاوه‌كانیان ئاگادار نه‌كراون. سه‌دان خێزانی ئاواره‌ی شه‌ڕی براكوژیش هه‌یه‌ كه‌ نه‌ ماڵ‌و مـوڵكیان بۆ گێڕدراوه‌ته‌وه‌ نه‌قه‌ره‌بووكراون. له‌به‌رئه‌وه‌ ناتوانرێ بوترێ كه‌ برینه‌كانی رابوردوو‌ ساڕێژكراون‌و كاره‌ساته‌كان له‌ بیر چوونه‌وه‌و مه‌ینه‌تییه‌كان كۆتاییان هاتووه‌. ئه‌مه‌ ده‌بێ به‌ یاسا چاره‌سه‌ر بكرێ‌و هه‌ر كه‌سێ یان خێزانێ تاوانی به‌رانبه‌ر كرابێ یان غه‌دری لێكرابێ بتوانێ داوا تۆمار بكاو دادی بدرێ‌و به‌ پێی رێسایه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌و دیار قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه‌. به‌ر له‌ كامپینی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیش له‌ده‌یان ‌وتارو چاوپێكه‌وتندا من ئه‌م مه‌به‌سته‌م باسكردووه‌. ‌وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم‌و به‌رپرسی یه‌كه‌می كاره‌ساتی 31ی ئاب‌و دوای 31ی ئاب‌و شه‌ریكی تاڵه‌بانی له‌شه‌ڕی براكوژییدا، كاك مه‌سعود‌و مام جه‌لال ده‌بوو تا ئێستا ‌وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی خه‌ڵك‌و مێژوویان بدایاته‌وه‌‌و ئه‌م پرسه‌یان له‌ رێگای یاسایه‌كی تایبه‌تی په‌رله‌مانه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكردبایه‌.
كاتێ له‌ سه‌ر چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی لڤین كاك مه‌سعود سكاڵای یاسایی پێشكه‌شی كۆمسیۆن كرد من ده‌ستخۆشی‌و پیرۆزباییم لێكرد، چونكه‌ گه‌ر ناكۆكییه‌كانمان به‌ یاسا چاره‌سه‌ر بكه‌ین ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی گه‌وره‌یه‌ به‌ره‌و چه‌سپاندنی حوكمی یاساو كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كاك مه‌سعود داوا یاساییه‌كه‌ی كێشایه‌وه‌و له‌ جیاتی ئه‌وه‌ ده‌زگای راگه‌یاندنی پارتی ده‌ستی به‌ هێرشێكی ناڕه‌وای ناوزڕاندن‌و بوختان بۆ هه‌ڵبه‌ستن دژی من كرد. له‌ ناو ماڵێكی شووره‌كراو به‌ شووشه‌ی زه‌ردی درزبردوی داماوه‌وه‌ ده‌ستیان كرد به‌ تاوێر هاویشتن دژی من، به‌ڵام من به‌ به‌ردۆلكه‌یه‌كیش ‌وه‌ڵامم نه‌ دانه‌وه‌و په‌نام نه‌برده‌ به‌ر حیكمه‌ته‌كه‌ی مه‌حویش كه‌ به‌ردی شێتانه‌ به‌ به‌رقی غه‌زه‌ب ‌وه‌ڵام بده‌مه‌وه‌. من ته‌نیا په‌نا ده‌به‌مه‌ به‌ر یاساو هۆشیاریی‌و ‌ویژدانی خه‌ڵك.
دواییش كه‌ ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌ڵبژاردنی گه‌رمیان‌و سلێمانی‌و شاره‌زورو دوكان‌و جافایه‌تی‌و بیتوێن‌و پشده‌رو كۆیه‌و خۆشناوه‌تی‌و باڵه‌كایه‌تی تا هه‌ولێری پایته‌ختیش شكستێكی گه‌وره‌ی به‌ خۆیه‌وه‌ بینی هیچی بۆ نه‌مایه‌وه‌ ئه‌وه‌ نه‌بێ كه‌‌وه‌ك عاده‌تی هه‌ر هێزێكی دیكتاتۆری له‌ راستی ترساو په‌نای برده‌ به‌ر گوتاری شه‌خسی‌و زاتی‌و كه‌سێتی شكاندن. ستراتیژی كه‌سێتی شكاندن له‌ سێ گوتار زیاتر نییه‌، گوتاری خائیناندن كه‌ له‌‌وتاردا به‌رانبه‌ر من به‌كاریانهێناوه‌‌و گوتاری ره‌وشت یان رابوردووی خراپ كه‌ ئه‌مه‌یان به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان‌و زۆر ستراتیژی‌و رێكخراو به‌ هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی ‌وێنه‌كانه‌وه‌ به‌كارهێناوه‌‌و بۆ ماوه‌یه‌كی درێژیش گوتاری شێتی‌و تێكچوونی ده‌روونی كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ شێوه‌ی هێرشێكی سیستماتیكی به‌ربڵاو له‌ به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی‌و ‌وتاری رۆژنامه‌كاندا به‌رده‌وام به‌كاریان هێناوه‌.

هاوڵاتی‌: له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌ك له‌وێنه‌كانت چ قسه‌یه‌كت هه‌یه‌؟
كه‌مال میراوده‌لی‌: ئه‌مه‌م زۆر پێناخۆش بوو نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ كارێكی ناشیرینی من نیشانده‌دا، به‌ڵكو چونكه‌ ‌وێنه‌ی خوشكێكی تێدایه‌ له‌ KNN كارده‌كات. من زۆر به‌ په‌رۆشم بۆ ‌وه‌زع‌و ژیانی ئافره‌تان‌و ئه‌و هه‌موو زوڵم‌و زۆره‌ی له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵات‌و سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وانه‌وه‌ لێی ده‌كرێ له‌به‌ر ناوی ئه‌و خوشكه‌ زووتر روونكرنه‌وه‌م ده‌رباره‌ی نه‌دا. پێشتریش گۆڤاری به‌ڵگه‌ به‌ ناڕه‌وایی‌و بێشه‌رمی ‌وێنه‌ی چه‌ند خوشكێكی بڵاوكردبووه‌وه‌ كه‌ له‌ كۆمپانیای ‌وشه‌ كار ده‌كه‌ن، چیرۆكی ‌وێنه‌كان ئه‌مه‌یه‌: دوو رۆژ پێش ده‌ستپێكردنی ده‌نگدان زیاتر له‌ 20000 پۆسته‌ری من له‌هه‌موو شارو شارۆچكه‌یه‌كی هه‌رێمدا له‌لایه‌ن پاراستنه‌وه‌ بڵاو كرانه‌وه‌‌و له‌ دوو شوێن گیراون‌و ئاشكرابوون. ‌وێنه‌كه‌ بریتیبوو له‌‌وێنه‌ی من كاتێ كچێ تۆزی مه‌كیاجی ده‌موچاوم بۆ ده‌كا‌و‌وا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ له‌ له‌نده‌نه‌و له‌ فلات‌و شوقه‌ی خۆمدایه‌. له‌گه‌ڵ ‌وێنه‌كانیشدا ئه‌ندامانی پارتی‌و پاراستن چه‌نده‌ها درۆو بوختانی ئه‌خلاقییان دژی من له‌ناو خه‌ڵكدا بڵاو كردووه‌ته‌وه‌. دوایش به‌ مۆبایل بۆ هه‌زاران كه‌س نێرداوه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ هه‌ولێردا‌و خراوه‌ته‌ سه‌ر هه‌زاران CD‌و خراوه‌ته‌ چه‌ند سایتێكی ئینته‌رنێتی جیهانی به‌ناوبانگ ‌وه‌ك (Youtube) ئاخریش رۆژنا‌مه‌ی هه‌ولێر كه‌ به‌ پاره‌ی حكومه‌ت ده‌رده‌چێ‌و به‌ خۆڕایی بڵاو ده‌بێته‌وه‌ ‌وێنه‌كانی بڵاوكرده‌وه‌. له‌ پاڵ ئه‌مه‌ش كه‌مپینێكی ته‌له‌فۆنی جوێن بۆ من له‌ سه‌ر ئه‌و ‌وێنانه‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ رێكخرابوو كه‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌و نووسه‌رانی پارتیش ‌وه‌ك به‌ڵگه‌ی ئه‌تواری سه‌یرو عه‌قڵ ‌تێكچوون‌و ناجێگیریی ده‌روونیی به‌كاریان هێناون.
وێنه‌كان راستن‌و بریتین له‌ چوار هه‌ڵوێستی من كاتێ خوشكێك مه‌كیاجی رووم بۆ ده‌كا. شوێنه‌كه‌ بینای‌ knnه‌ له‌ سه‌ر گرده‌كه‌ نه‌ك له‌نده‌ن. سێ رۆژ پێش ده‌نگدان له‌ ‌ knn چاوپێكه‌وتنم له‌گه‌ڵ كرا. من فۆتۆگره‌كه‌ی خۆم ناسح خه‌یاتم له‌گه‌ڵ بوو، ئه‌و رۆژه‌ش هه‌ر له‌ گه‌یشتنم به‌ knn ‌‌وێنه‌ی‌ زۆری‌ گرت. كه‌ داواشیان لێكردم بچم تۆزێ سه‌رو رووم بۆ چاوپێكه‌وته‌كه‌ باش بكه‌م‌و خوشكه‌كه‌ له‌ژوورێكی بچوكدا مكیاجه‌كه‌ی بۆ كردم، كاك ناسیح سێ له‌قته‌ی گرتن. هه‌ر سێكیان له‌ دواوه‌ بوون‌و ده‌موچاوی منی تێدا ده‌رنه‌كه‌وتوون. ئه‌و ‌وێنانه‌ی له‌لایه‌ن پارتی‌و پاراستنه‌وه‌ بڵاو كراونه‌وه‌ ئه‌و له‌قتانه‌ نین كه‌ فۆتۆگره‌كه‌ی خۆم گرتوونی. جا یان ئه‌و رۆژه‌ به‌ نهێنی گیراون یان هی چاوپێكه‌وتنێكی پێشووتره‌ له‌ knn كه‌ به‌ نهێنی گیراون. گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ ئه‌و ‌وێنانه‌ گه‌یه‌ندراونه‌ته‌‌ پاراستن. دوای ئه‌وه‌ لقی دووی پارتی ‌وه‌ك ئۆپه‌راسیۆنێكی عه‌سكه‌ری- ئیستیخباراتی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كردووه‌ هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ هه‌زاران پۆسته‌ر چاپكراون‌و CD دروستكراون‌و ئه‌ندامانی پاراستن خراونه‌ ئینزاره‌وه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌یان به‌ هه‌موو كوردستانداو نووسه‌رانی سه‌ر به‌ پاراستن راسپێردراون كه‌ كاریان له‌ سه‌ر بكه‌ن.
دوای ئه‌وه‌ كه‌ خزم‌و كه‌س‌و براده‌رو هاوكارو ده‌نگده‌رێكی زۆر له‌ زۆر شوێنه‌وه‌و له‌ هه‌ولێره‌وه‌ به‌ تایبه‌تی په‌یوه‌ندییان پێوه‌كردم كه‌ ئه‌و ره‌سمانه‌ كاریگه‌رییان هه‌بووه‌ هه‌م له‌ سه‌ر ده‌نگدان بۆ من هه‌م له‌ سه‌ر سومعه‌ی من، هه‌وڵی زۆرمدا knn لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی تێدابكا چۆن ئه‌و ‌وێنانه‌ گیراون‌و كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ست پاراستن، هه‌وڵه‌كانم سوودی نه‌بوو، داوای ئه‌وه‌م لێكردن دوو ده‌قیقه‌ مه‌جالم بده‌ن راگه‌یاندنێك بڵاوكه‌مه‌وه‌و راستیی ئه‌‌وێنانه‌ روونكه‌مه‌وه‌. براده‌رانی knn‌و لیستی گۆڕان پشتگیری‌و هاوسۆزی‌و ئاماده‌ییان ده‌ربڕی كه‌ به‌ سه‌عاتیش چاوپێكه‌وتنم له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، به‌ڵام هه‌موو جارێ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌ره‌وه‌ی كۆمپانیای ‌وشه‌وه‌ رێگه‌یان لێگیراوه‌، تائێستاش ده‌رفه‌تم نه‌بووه‌ له‌ هیچ شوێنێكه‌وه‌ راستییه‌كان روون كه‌مه‌وه‌.

هاوڵاتی‌: بۆچی تائێستا پیرۆزباییت له‌ بارزانی‌ نه‌كردووه‌؟
كه‌مال میراوده‌لی‌: هه‌ڵوێستی خۆم له‌ سه‌ره‌وه‌ به‌رانبه‌ر بارزانی ده‌ربڕی كه‌‌ویستوومه‌ له‌ رێگای گفتوگۆی رووبه‌ڕوو، گفتوگۆ له‌سه‌رپه‌ڕی رۆژنامه‌كاندا یان له‌ رێگای یاساییه‌وه‌ هه‌ر كێشه‌و پرسێك بۆ خه‌ڵك روون كه‌ینه‌وه‌، پارتی له‌ جیاتی ئه‌مه‌ په‌نایا‌ن برده‌ به‌ر ئه‌و شێوازه‌ ئیستیخباراتییه‌ ناشیرینه‌. من چۆن سه‌رۆكێك به‌ شه‌رعی بزانم كه‌ میلله‌ت‌و یاساو‌و دونیا‌و خوا‌و مێژووش به‌ شه‌رعی نه‌زانێ‌و مافی خۆشمی داگیركردبێ. من ‌وه‌ك چۆن به‌ سێ مانگ توانیم متمانه‌ی گه‌له‌كه‌م به‌ ده‌ست بێنم ده‌شمتوانی ‌وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌وان به‌ سێ ساڵ به‌ دونیای بسه‌لمێنم ئه‌گه‌ر میلله‌تی ئێمه‌ له‌ ئه‌وروپا خۆشه‌ویستی‌و ئیراده‌و توانای بۆ دیموكراسی‌و پێشكه‌وتنی ئابووری‌و ته‌كنه‌لۆژی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی زیاتر نه‌بێ كه‌متریش نییه‌و له‌ هیچ میلله‌تێكی شارستانی ئه‌وروپی كه‌متر نین.

هاوڵاتی‌: داوای یاسایت تۆماركردووه‌، له‌سه‌ر ناوزڕاندنت؟
كه‌مال میراوده‌لی‌: چه‌ند داوایه‌كم تۆمار كردووه‌ له‌ دادگای مه‌ده‌نی‌و جه‌زاییدا‌و چه‌ند داوایه‌كی تریش تۆمار ده‌كه‌م.

هاوڵاتی‌: تانه‌ت له‌ ئه‌نجامه‌ كۆتاییه‌كان داوه‌؟
كه‌مال میراوده‌لی‌: تانه‌ی یاساییم لێداوه‌ بۆ دادگای ته‌مییز، ئه‌گه‌ر له‌وێ ئه‌نجامی نه‌بێ ده‌یبه‌م بۆ دادگای فیدراڵی عێراق‌و دادگای ئه‌وروپی‌و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە