کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تۆمه‌تباران به‌هه‌وڵی‌ تیرۆركردنی‌ سه‌رنووسه‌ری‌ لڤین دادگایی ده‌كرێن

Monday, 23/03/2009, 12:00


دوای‌ تێپه‌ڕبوونی‌ زیاتر له‌ پێنج مانگ به‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی‌ باندێكی‌ سێ‌ كه‌سیی‌ به‌ تۆمه‌تی‌ هه‌وڵدان بۆ تیرۆركردنی‌ سه‌رنووسه‌ری‌ گۆڤاری‌ لڤین، لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ دوو كه‌سیان كۆتایی‌ هاتووه‌‌و نێدراوه‌ بۆ دادگا، بڕیاریشه‌ له‌م مانگه‌دا كاتی‌ دادگاییكردنه‌كه‌یان دیاری بكرێت.
له‌و باره‌یه‌وه‌، عوسمان شێخ سدیق پارێزه‌ری‌ سه‌رنووسه‌ری‌ لڤین له‌ دۆسیه‌كه‌دا، له‌ لێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی‌ وتی‌ له‌و سێ‌ كه‌سه‌ی‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌ستگیری كردبوون، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دووانیاندا كۆتایی‌ هاتووه‌‌و هه‌واڵه‌ی‌ دادگای‌ تاوانه‌كان له‌ سلێمانی‌ كراون.
وتیشی‌ دوای‌ وردبینی‌ دادوه‌ر له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ئه‌و دوو تۆمه‌تباره‌، دادوه‌ر رۆژی‌ دادگاییكردنه‌كه‌ دیاری ده‌كات، كه‌ پێشبینی‌ ده‌كه‌م له‌م مانگه‌دا دیاری بكات.
پارێزه‌ره‌كه‌ی‌ سه‌رنووسه‌ری‌ لڤین ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرد، كه‌ دۆسیه‌ی‌ كه‌سی‌ سێیه‌م هێشتا له‌ لێكۆڵینه‌وه‌دایه‌‌و ره‌وانه‌ی‌ دادگا نه‌كراوه‌.
له‌وباره‌یه‌وه‌، ئه‌حمه‌د میره‌ سه‌رنووسه‌ری‌ گۆڤاری‌ لڤین له‌ لێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی‌ وتی‌ 6 مانگ بۆ دۆسیه‌یه‌كی‌ ئاوا ئاڵۆز پێویستییه‌كی‌ زۆره‌‌و كاتێكی‌ زۆریشی‌ بردووه‌، ره‌وانه‌كردنیشی‌ بۆ دادگای‌ تاوانه‌كان سه‌ره‌تایه‌كی‌ باشه‌ بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌كان.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی‌ وت، كه‌ ئومێد ده‌كه‌ن گومانه‌كان بڕه‌وێنه‌وه‌، چونكه‌ له‌و دۆسیه‌یه‌ مه‌ترسیدارتر هه‌یه‌، كه‌ دوای‌ تێپه‌ڕبوونی‌ 9 مانگ به‌سه‌ر تیرۆركردنی‌ سۆران مامه‌حه‌مه‌، تا ئێستا هیچ شتێك ئاشكرانه‌كراوه‌.
وتیشی‌ حه‌قی‌ یاسایی‌ خۆمانه‌ گومان بكه‌ین، ئومێد ده‌كه‌م من‌و سۆران نه‌كرێینه‌ قوربانیی‌ مه‌رامه‌ سیاسییه‌كان، چونكه‌ ده‌ترسین ته‌داخولاتی‌ سیاسی‌ ئاڕاسته‌ی‌ دۆسیه‌كه‌مان بگۆڕێت.
ساڵی‌ پار له‌ هه‌واڵێكدا، كه‌ له‌ ژماره‌ 467ی‌ هاوڵاتی دا بڵاوكرایه‌وه‌، تێیدا له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئه‌منیی‌ ئاگاداره‌وه‌ ئاماژه‌ به‌ ده‌ستگیركردنی‌ باندێك كرابوو له‌ لایه‌ن ئاسایشی‌ سلێمانییه‌وه‌، به‌ گومانی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ لایه‌ن ده‌زگایه‌كی‌ ئه‌منیی‌ حیزبێكی‌ كوردییه‌وه‌ راسپێردرابن بۆ كوشتنی‌ ئه‌حمه‌د میره‌ سه‌رنووسه‌ری‌ گۆڤاری‌ لڤین له‌ به‌رامبه‌ر بڕێك پاره‌ی‌ خه‌یاڵیدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە