کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پارتی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ یه‌كێتی‌ خه‌ساندووه‌ پێشمه‌رگه‌كه‌: ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرێم، ناوبانگی‌ هه‌رێم له‌كه‌دار ده‌كه‌م

Tuesday, 25/01/2011, 12:00


هاوڵاتی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان، ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ له‌گرتووخانه‌كانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، له‌رێگه‌ی‌ ده‌رزی‌ لێدانه‌وه‌ له‌پیاوه‌تی‌ خراوه‌.
ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌، وه‌كو خۆی‌ باسی‌ ده‌كات له‌ 13/10/1997 له‌كه‌پكی‌ حه‌مه‌د ئاغا له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ به‌دیل گیراوه‌‌و تا به‌رواری‌ 17/12/2003 له‌گرتووخانه‌كانی‌ پارتیدا له‌ئاكرێ‌ زیندان بووه‌.
ناوبراو كه‌ قوربانییه‌كی‌ سه‌رده‌می‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و پارتییه‌، هۆشداری‌ ده‌داته‌ حكومه‌ت‌و هه‌ردوو حیزبه‌كه‌، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری‌ نه‌كه‌ن، ئه‌وا په‌نا ده‌باته‌ به‌ر دادگای‌ فیدرالێ‌و په‌رله‌مانی‌ عێراق، دادگای‌ لاهای‌‌و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان‌و له‌رێگه‌ی‌ دركاندنی‌ ئه‌و كاره‌ی‌ به‌رانبه‌ری‌ كراوه‌، مه‌سه‌له‌كه‌ ده‌ته‌قێنێته‌وه‌‌و ناوبانگی‌ هه‌رێم له‌كه‌دار ده‌كات.
چۆنێتی‌ به‌دیل گرتنی‌
(ع.ب) ئێستا سی‌‌و یه‌ك ساڵ ته‌مه‌نیه‌تی‌‌و ئه‌وكاته‌ی‌ بووه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی‌ له‌سه‌رده‌می‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆدا، ته‌نیا حه‌ڤده‌ساڵ ته‌مه‌نی‌ بووه‌‌و چوار مانگ پێش به‌دیلگرتنی‌ له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌، بووه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌.
به‌وته‌ی‌ (ع.ب)، له‌مانگی‌ پێنجی‌ ساڵی‌ 1997دا بووه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی‌، هه‌روه‌ها له‌ساڵانی‌ نێوان 1994 بۆ 1997دا دووبرای‌ تری‌ به‌ناوه‌كانی‌ (م،ر) كه‌ ئه‌وانیش پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی‌ بوون، له‌شه‌ڕی‌ ناوخۆدا كوژراون.
ناوبراو باسی‌ له‌چۆنێتی‌ به‌دیلگرتنی‌ له‌شه‌ڕی‌ ناوخۆدا له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ ده‌كات‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ چوار مانگ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ بووه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌، له‌ 13/10/1997 له‌كاتی‌ شه‌ڕدا له‌كه‌پكی‌ حه‌مه‌د ئاغا چه‌ند گولله‌یه‌ك به‌ر جه‌سته‌ی‌ كه‌وتووه‌‌و به‌برینداركراوی‌ له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ به‌دیل گیراوه‌.
ئه‌و وتی‌ هه‌ر له‌كه‌پكی‌ حه‌مه‌د ئاغا برایه‌كی‌ ترم شه‌هید بوو له‌شه‌ڕی‌ ناوخۆدا.
ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی‌ یه‌كێتی‌، ئه‌وه‌ده‌خاته‌ڕوو كه‌ كاتێك پارتی‌ به‌دیلی‌ ده‌ستگیریان كردووه‌ بوراوه‌ته‌وه‌و ئاگای‌ له‌ده‌وروبه‌ری‌ نه‌بووه‌، كاتێك به‌ئاگا هاتووه‌ته‌وه‌ بینیویه‌تی‌ له‌ناو ژوورێكی‌ دوومه‌تر به‌دوومه‌تردایه‌ له‌بینایه‌كی‌ گه‌وره‌، دواتر بیستوویه‌تی‌ ئه‌و بینایه‌ی‌ ئه‌وی‌ تێدایه‌ له‌هه‌ولێره‌.
هه‌روه‌ها وتی‌ ئێستاش نازانم ئه‌و بینایه‌ی‌ به‌برینداركراویی‌ تێیدابووم له‌كوێ‌ بوو، به‌ڵام گومان ده‌كه‌م باره‌گا ئه‌منییه‌كانی‌ پارتی‌ بێت.
(ع.ب) وتی‌ هه‌رچه‌نده‌ برینداربووم به‌ڵام نه‌برامه‌ نه‌خۆشخانه‌، له‌ناو ئه‌و ژووره‌ بچووكه‌دا موزه‌میدێك ته‌داوی‌ ده‌كردم، كه‌ماوه‌ی‌ نۆزده‌ رۆژ له‌ناو ئه‌و بینایه‌دا هێڵدرامه‌وه‌‌و دواتر ره‌وانه‌ی‌ زیندانی‌ ئاكرێ‌ كرام.
پێشمه‌رگه‌ به‌دیلگیراوه‌كه‌ی‌ سه‌رده‌می‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆ، به‌رده‌وام بوو له‌گێڕانه‌وه‌ی‌ به‌سه‌رهاته‌كه‌یی‌‌و روونیكرده‌وه‌ كه‌ كاتێك براوه‌ته‌ زیندانی‌ ئاكرێ‌ خراوه‌ته‌ ژوورێكی‌ تاكه‌ كه‌سییه‌وه‌.
وتی‌ تا ماوه‌یه‌كی‌ زۆر له‌و ژووره‌ تاكه‌كه‌ كه‌سییه‌دا هێڵدرامه‌وه‌، كه‌جگه‌ له‌شه‌ق‌و بۆكس‌و لێدان، به‌شه‌وانیش چاویان ده‌به‌ستمه‌وه‌‌و ئاوی‌ ساردیان به‌جه‌سته‌مدا ده‌كرد‌و به‌كێبڵ ئه‌شكه‌نجه‌یان ده‌دام.
وه‌كو (ع.ب) باسی‌ ده‌كات، دوای‌ ماوه‌یه‌ك ئه‌شكه‌نجه‌یان له‌سه‌ر هه‌ڵگرتووه‌‌و تێكه‌ڵاوی‌ زیندانییه‌كانی‌ تریان كردووه‌، هه‌ریه‌ك له‌دكتۆر موحسین سه‌رۆكی‌ ئێستای‌ لیژنه‌ی‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆ له‌مه‌ڵبه‌ندی‌ هه‌ولێر‌و حسێن یابه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ خزمه‌تگوزاری‌ شه‌هیدان له‌ئاكرێ‌ زیندانی‌ بوون، به‌ڵام ئه‌وان دوای‌ سێ‌ مانگ ئازاد كران.
ئه‌و وتی‌ به‌ڵام من له‌ 17/12/2003 ئازادكرام، واته‌ زیاتر له‌شه‌ش ساڵ له‌ئاكرێ‌ زیندانی‌ بووم.
ده‌رباره‌ی‌ بارودۆخی‌ ناو زیندانی‌ ئاكرێ‌ ئه‌وكاته‌ی‌ ئه‌وی‌ لێبووه‌، (ع.ب) وتی‌ كه‌س ئاگای‌ له‌كه‌س نه‌بوو، كاتێك ده‌براین بۆ ئه‌شكه‌نجه‌دان چاویان ده‌به‌ستینه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ نه‌بینین كه‌ ئه‌شكه‌نجه‌مان ده‌ده‌ن.
له‌پیاوه‌تی‌ خستنی‌
(ع.ب) وه‌كو قوربانییه‌كی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و پارتی‌، به‌وپه‌ڕی‌ بێزاری‌‌و نیگه‌رانییه‌وه‌ باسی‌ ئه‌و رۆژه‌ده‌كات كه‌ له‌ناو زیندانه‌كانی‌ پارتیدا ده‌رزی‌ له‌پیاوه‌تی‌ خستن‌و سستكردنی‌ ئه‌ندامی‌ نێرینه‌ی‌ لێدراوه‌.
ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی‌ یه‌كێتی‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ به‌مانگێك پێش ئه‌وه‌ی‌ ئازاد بكرێت، واته‌ له‌مانگی‌ یانزه‌ی‌ ساڵی‌ 2003، چه‌ند كه‌سێك له‌ناو زیندانی‌ ئاكرێدا سه‌ردانیان كردووه‌‌و به‌بیانووی‌ نه‌خۆشییه‌وه‌، پێیانوتووه‌ ده‌رزی‌ لێده‌ده‌ن.
ناوبراو وتی‌ زۆر هه‌وڵمداو پێموتن كه‌ نه‌خۆش نیم، بۆچی‌ ده‌رزیم لێده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌وان كۆڵیان نه‌دا، وتیان نه‌خێر تۆ نه‌خۆشیت‌و پێویستت به‌ده‌رزییه‌.
ده‌رباره‌ی‌ ره‌نگی‌ ئه‌و ده‌رزیه‌ی‌ لێیدراوه‌‌و بووه‌ته‌ هۆی‌ له‌پیاوه‌تی‌ خستنی‌، (ع.ب) وتی‌ ده‌رزییه‌كی‌ زۆر سو‌ور بوو وه‌كو خوێن وابوو، واهه‌ست ده‌كه‌م ده‌رزییه‌كه‌ نایلۆن بێت، چونكه‌ شو‌وشه‌ وانییه‌.
ئه‌و قوربانییه‌ی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆ، باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ هه‌رگیز به‌خه‌یاڵیدا نه‌هاتووه‌ ده‌رزییه‌كه‌ بۆ له‌پیاوه‌تی‌ خستنی‌ لێیدرابێت، تا ئه‌وكاته‌ی‌ ئازاد كراوه‌.
هه‌روه‌ها وتی‌ دوای‌ سێ‌ مانگ له‌ئازاد كردنم، هه‌ستم كرد ئاره‌زووی‌ سێكسیم نییه‌‌و ئه‌ندامی‌ نێرینه‌م سسته‌، بۆیه‌ هه‌ستمكرد شتێكم پێكراوه‌، سه‌ردانی‌ چه‌ندین دكتۆرم كرد‌و مه‌سه‌له‌كه‌م بۆ گێڕانه‌وه‌، یه‌كێك له‌ دكتۆره‌كان محه‌مه‌د خۆشناو بوو.
(ع.ب)، ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ڕوو كه‌ سه‌ره‌تا دكتۆره‌كان پێیانوتووه‌ ره‌نگه‌ سستبوونی‌ ئه‌ندامی‌ نێرینه‌ی‌ به‌هۆی‌ كاریگه‌ری‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانه‌وه‌ بێت، به‌ڵام دواتر چوار جار سه‌ردانی‌ توركیا‌و دووجار ئێران‌و جارێك سه‌ردانی‌ سوریای‌ كردووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردن.
به‌وته‌ی‌ (ع.ب)، دوای‌ سه‌ردانیكردنی‌ چه‌ندین دكتۆری‌ به‌ناوبانگی‌ ئه‌و وڵاتانه‌، بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و ده‌رزییه‌ سو‌وره‌ی‌ له‌گرتووخانه‌ی‌ ئاكرێ‌ لێیدراوه‌، ده‌رزی‌ له‌پیاوه‌تی‌ خستن‌و سستكردنی‌ ئه‌ندامی‌ نێرینه‌ی‌ بووه‌.
ئه‌و وتی‌ دكتۆر محه‌مه‌د بارام له‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ تۆپكی‌ ئه‌وروپی‌ له‌توركیا كه‌چوار جار چوومه‌ لای‌، داوایلێكردم له‌ 16/1/2010 سه‌ردانی‌ بكه‌مه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ راپۆرتێكی‌ نێوده‌وڵه‌تیم پێبدات‌و جۆری‌ ئه‌و ده‌رزیه‌شم به‌سه‌لماندن پێبڵێت كه‌لێمدراوه‌‌و ئاره‌زووی‌ سێكسی‌ كوشتو‌وم، به‌ڵام به‌هۆی‌ گرفتی‌ مادییه‌وه‌ نه‌متوانی‌ بچمه‌وه‌ بۆلای‌.
هه‌فتانه‌ ده‌رزییه‌كی‌ سه‌د دۆلاری‌ بۆ ئه‌ندامی‌ نێرینه‌م ده‌كرد
ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی‌ یه‌كێتی‌، هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات هه‌یه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ گرفتی‌ مادییه‌وه‌ ناتوانێت بڕواته‌ ده‌ره‌وه‌.
(ع.ب)، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردن‌و ئه‌نجامدانی‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ ئه‌ندامی‌ نێرینه‌ی‌ چه‌ند جارێك سه‌ردانی‌ توركیاو ئێران‌و سوریای‌ كردووه‌، به‌ڵام دواجار بۆ ئه‌نجامدانی‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ گرفتی‌ مادیی‌ بواری‌ نه‌داوه‌ سه‌ردانی‌ توركیا بكاته‌وه‌.
ئه‌و قوربانییه‌ی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆ، رووی‌ گله‌یی‌ ده‌كاته‌ نو‌وسینگه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت به‌وه‌ی‌ هه‌ژده‌جار سه‌ردانی‌ كردوون بۆ ئه‌وه‌ی‌ بواری‌ بینینی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ پێبده‌ن، به‌ڵام رێگه‌یان پێنه‌داوه‌.
ئه‌و وتی‌ كرێی‌ هاتووچۆی‌ ئه‌و هه‌ژده‌ جاره‌ حیساب بكه‌ن، بزان چه‌ندێكم خه‌رجكردووه‌.
(ع.ب) وتیشی‌ دواجار دكتۆر ئامانج به‌رپرسی‌ نو‌وسینگه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت پێیوتم تۆ زۆر موسته‌حه‌قی‌ هاوكاریكردنی‌، به‌ڵام حكومه‌ت ناتوانێت هاوكاریت بكات، بۆیه‌ سه‌ردانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ بكه‌.
به‌وته‌ی‌ خۆی‌، پاشان سه‌ردانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستیشی‌ كردووه‌، به‌ڵام له‌وێش پێیوتراوه‌ وه‌زاره‌ت ته‌نیا هاوكاری‌ نه‌خۆشی‌ شێرپه‌نجه‌ ده‌كات، دكتۆر تاهیر پێیوتم بڕۆ بۆلای‌ ئه‌و لایه‌نه‌ی‌ له‌سه‌ری‌ واتلێهاتووه‌ باچه‌ره‌سه‌رت بكات.
(ع.ب)، باس كه‌سێك ده‌كات به‌ناوی‌ سالار له‌ئیداره‌ی‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌ كه‌ زۆر هاوكاری‌ ده‌كات له‌كڕینی‌ داو‌و ده‌رماندا‌و وتی‌ هه‌فتانه‌ ده‌رزیه‌ك به‌سه‌د دۆلار ده‌كڕم، بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌ندامی‌ نێرینه‌م زیاتر سستر نه‌بێت، تائه‌وكاته‌ی‌ بوارم بۆ ده‌ڕه‌خسێت‌و سه‌ردانی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌كه‌م بۆ ئه‌نجامدانی‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌.
ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رم نه‌كه‌ن دنیا تێده‌گه‌یه‌نم
ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی‌ یه‌كێتی‌ كه‌ به‌هۆی‌ لێدانی‌ ده‌رزییه‌وه‌ له‌پیاوه‌تی‌ خراوه‌، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و هه‌ردوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ چاره‌سه‌ری‌ نه‌كه‌ن‌و نه‌ینێرنه‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌موو دونیا تێده‌گه‌یه‌نێت له‌و تاوانه‌ مێژووییه‌ی‌ به‌رانبه‌ری‌ كراوه‌.
(ع.ب) به‌و په‌ڕی‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ بۆ هاوڵاتی‌ ده‌دوا‌و وتی‌ ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رم نه‌كه‌ن چیم له‌ده‌ست بێت بۆ تێگه‌یاندنی‌ وڵاتان‌و رێكخراوه‌كان ده‌یكه‌م، مه‌رگی‌ خۆشم به‌لاوه‌ گرنگ نییه‌، چونكه‌ ئێستا مردوویه‌كی‌ زیندووم و هه‌موو رۆژێكم مردنێكه‌.
(ع.ب)ی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی‌، پێیوایه‌ ئه‌و تاوانه‌ی‌ پارتی‌ به‌رانبه‌رم ئه‌نجامیداوه‌، حكومه‌تی‌ به‌عس به‌درێژایی‌ سی‌ ساڵی‌ حوكمڕانێتی‌ تاوانی‌ وا گه‌وره‌ی‌ به‌رانبه‌ر هیچ كه‌سێك ئه‌نجام نه‌داوه‌.
چونكه‌ به‌عس نینۆكی‌ خه‌ڵكی‌ ده‌رده‌هێناو قورسترین ئه‌شكه‌نجه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ده‌دا، به‌ڵام هه‌زاران زیندانی‌ سیاسی‌ كورد هه‌یه‌، نه‌مبیستووه‌ به‌عس ده‌رزی‌ له‌پیاوه‌تی‌ خستنی‌ له‌یه‌ك زیندانی‌ دابێت.
(ع.ب) له‌درێژه‌ی‌ قسه‌كانیدا، داوای‌ له‌حكومه‌ت‌و هه‌ردوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ كرد، پێش ئه‌وه‌ی‌ په‌نا بباته‌ به‌ر رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان‌و مه‌سه‌له‌كه‌ بته‌قێنێته‌وه‌ چاره‌سه‌ری‌ بكه‌ن.
هه‌روه‌ها وتی‌ ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رم نه‌كه‌ن، جگه‌ له‌دادگای‌ فیدراڵی‌‌و ئه‌نجو‌ومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، دادگای‌ لاهای‌‌و هه‌موو رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان‌و وڵاتانی‌ دونیا تێده‌گه‌یه‌نم، بێگومان ئه‌وكاتیش ناوبانگی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌شێوه‌یه‌ك ده‌رزێت، چیتر به‌رپرسان نه‌توانن شانازی‌ پێوه‌بكه‌ن.
(ع.ب) باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ كه‌سێك له‌هۆڵه‌نداوه‌ په‌یوه‌ندی‌ پێوه‌كردووه‌‌و پێیڕاگه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت چاره‌سه‌ری‌ بۆ نه‌دۆزییه‌وه‌ هه‌موو راپۆرته‌كانی‌ بۆ بنێرێت كه‌ ده‌یسه‌لمێنێت ده‌رزی‌ له‌پیاوه‌تی‌ خستنی‌ لێدراوه‌، تا راپۆرته‌كان بداته‌ دادگای‌ لاهای‌‌و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ بگرمه‌ به‌ر، چاوه‌ڕێی‌ وه‌ڵام ده‌كه‌م.
مانه‌وه‌ی‌ مه‌سه‌له‌كه‌ به‌نهێنی‌
(ع.ب) له‌كۆتایی‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتی‌، داوایكرد وێنه‌كه‌ی‌ پێش ئه‌وه‌ی‌ بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بشێوێنرێت كه‌خه‌ڵك نه‌یناسنه‌وه‌، چونكه‌ تائێستا جگه‌ له‌خێزانه‌كه‌ی‌‌و چه‌ند خزمێكی‌ نزیكی‌ كه‌س به‌حاڵه‌كه‌ی‌ نازانێت.
(ع.ب)، وتی‌ گه‌ر خه‌ڵك به‌نهێنییه‌كه‌م بزانێت پێم شه‌رمه‌، چونكه‌ زۆربه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ لێم ده‌پرسن بۆ خێزان پێكه‌وه‌ نانێیت، ده‌ڵێم باری‌ ئابو‌وریم خراپه‌، پێم شه‌رمه‌ نهێنییه‌كه‌ باس بكه‌م.
جه‌ختی‌ له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ به‌هۆی‌ ئه‌و هۆكارانه‌وه‌، جگه‌ له‌خێزانه‌كه‌ی‌‌و خاڵێكی‌‌و چه‌ند هاوڕێیه‌كی‌ زۆر نزیكی‌، نه‌یهێشتووه‌ كه‌س به‌نهێنییه‌كه‌ بزانێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە