کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


د. كه‌مال میراوده‌لی‌: ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم كه‌مده‌كه‌مه‌وه‌

Saturday, 20/06/2009, 12:00


ئارا ئیبراهیم
د. كه‌مال میراوده‌لی كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆك هه‌رێم رایگه‌یاند"ئه‌گه‌ر پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمم وه‌رگرت ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم كه‌مده‌كه‌مه‌وه‌"، داواشی له‌بارزانی كرد ده‌سه‌ڵاتی ته‌سلیم بكات، له‌كاتی سه‌ركه‌وتنیدا.

دكتۆر كه‌مال میراوده‌لی‌ له‌یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی‌ رۆژنامه‌نووسی‌ خۆیدا دوای‌ ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، رایگه‌یاند"ئومێد ده‌كه‌م كه‌هه‌موو هاوڵاتیانی‌ كوردستان به‌بێ‌ جیاوازی‌ بیروڕا ده‌نگم پێبده‌ن، باوه‌ڕیشموایه‌ كه‌هاوڵاتیانی‌ كوردستان هۆشیارن‌و له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ په‌یوه‌ندیم پێوه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ كوردستان كه‌مپینیان بۆ پشتگیریم ده‌ربڕیووه‌".

میراوده‌لی‌ وتیشی‌"هه‌ركاتێك ئه‌و پۆسته‌م وه‌رگرت ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم كه‌مده‌كه‌مه‌وه‌‌و ئه‌نجومه‌نێك دروستده‌كه‌م كه‌ له‌سه‌رو ده‌سه‌ڵاتی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ یه‌ك كه‌س بڕیار نه‌دات‌و كۆمه‌ڵێك له‌ناو ئه‌نجومه‌نێكدا هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ سیستمی‌ سه‌رۆك به‌ ڕێڕه‌وی‌ دیكتتۆریدا نه‌ڕوات".

ئه‌و كاندیدایه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌وه‌شی وت"من دژی‌ ئه‌وه‌م كه‌ئێستا باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ ده‌یانه‌وێت ده‌ستوور به‌ڕێبكه‌ن".

هه‌روه‌ها وتی‌"هه‌موو مه‌سه‌له‌ داراییه‌كان‌و كاری‌ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان ده‌بێت شه‌فاف بێت، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی‌ ئێستا هه‌یه‌ له‌هه‌موو بواره‌كاندا هیچی‌ شه‌فاف نییه‌، چونكه‌ گه‌نده‌ڵی‌ هه‌یه‌‌و هه‌ر كه‌سه‌‌و به‌ئاره‌زووی‌ خۆی‌ زه‌وی‌ داگیركردووه‌‌و بووه‌ به‌كه‌ڵه‌گاخانه‌".

له‌كۆتایی‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌نوسییه‌كه‌دا كه‌مال میراوده‌لی‌ وتی‌"هیوادارم مه‌سعود بارزانی‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و پۆسته‌م له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا برده‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی‌ دیموكراتی‌ ته‌سلیمم بكات، چونكه‌ خۆشی‌ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی‌ كردووه‌ كه‌هه‌موو لایه‌ك ڕێز له‌ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بگرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كات، ده‌چێته‌ بازنه‌ی‌ دیكتاتۆرییه‌وه‌".

د.كه‌مال میراوده‌لی‌ نووسه‌ر‌و مامۆستای زانكۆ، كاندیدی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمه‌‌و له‌لایه‌ن كۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ ژماره‌ (15) پێدراوه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە