Friday, 22/05/2009, 12:00
کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوه و دانیشتووانه‌که‌ی ڕووبه‌ڕووی خراپترین چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئابووریی و کۆلتوریی و سیاسیی ده‌بنه‌وه. تا پێت ده‌کرێت ده‌نگ مه‌ده! ده‌نگدانی تۆ وه‌کوو ئه‌ندامی نه‌ته‌وه‌یه‌کی داگیرکراو، له دۆخی ئێستای ئێران‌دا به مانای شه‌رعیه‌ت دان به نۆرم و نه‌زمی سه‌رکووت و چه‌وساندنه‌وه دێت، به‌مانای درێژه‌دان به داگیرکاریی و ئازاردان و ئه‌شکنجه‌کردنی رۆڵه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان و راگرتنی له کۆیلیه‌تی و هه‌ژاریدا دێت، که له ماوه‌ی سی ساڵه‌ی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتداری کۆماری ئیسلامی‌دا خراپتر بووه نه‌ک باشتر! به‌شداریی له هه‌ڵبژاردنی سهرۆککۆمارێکدا مه‌که، که خێر و خۆشیه‌کی تایبه‌تی بۆ دانیشتووانی کوردستانی تێدا نییه.
له ماوه‌ی سی ساڵه‌ی ته‌مه‌نی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا ده‌سته‌ڵاتدارانی ئێران پێ ده‌نێنه خولی ده‌هه‌مینی هه‌ڵبژاردنی خۆیانه‌وه. له‌به‌رئه‌وه‌ی بنکه‌یه‌کی شیعه مه‌زهه‌ب له ئێران‌دا و به تایبه‌تی له ده‌وری ناوه‌ندا هه‌یه ئه‌وا ده‌سته‌ڵاتدارانی ئه‌و کۆماره ده‌توانن جۆرێک له هه‌ڵبژاردن ساز بکه‌ن چونکه ده‌زانن که سه‌ره‌ڕای بایکۆتکردنی مهزههبگهل و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه بۆ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێک له ئێران ئه‌مان ده‌توانن به هۆی ده‌سته‌ڵاتی سیاسیانه‌وه جۆرێک له هه‌ڵبژاردن ساز بکه‌ن. له ناو ئه‌و گرووپه‌دا دیاره هه‌م لایه‌نێک به ناوی ڕیفۆرمیستهوه هه‌ن و هه‌م لایه‌نێکیش به ناوی توندگیر یان ئوسولگه‌را و لایه‌نێکیش که ده‌توانن کاندیدی سه‌ربه‌خۆ بن و که هه‌ر یه‌که‌یان دیدێکی تایبه‌تیان بۆ پرسی ئابووریی، سه‌ربازیی، کۆمه‌ڵایه‌تی و بواره‌کانی دیکه هه‌یه، له پێناو را‌گرتن و مانه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی‌دا.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه که هه‌موو ئه‌م لایه‌نانه به ناو فیلته‌ره جیاوازه‌کانی ده‌سته‌ڵاتی مه‌زهه‌بی شیعه‌دا، به تایبه‌تی به ناو شورای نیگاهبان، دا تێپه‌ڕبوون و تێپه‌ڕ ده‌بن و په‌سه‌ندکراون. ئه‌گه‌رچی هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئێران، به هی سه‌رۆککۆماریشه‌وه، تا ڕاده‌یه‌کی باڵا بهرسنوورداره به‌ڵام به شێوه‌یه‌ک جۆرێک له میکانیزمی دیموکراسیان بۆ هه‌ڵبژاردن له ناو خۆیاندا فه‌راهه‌م کردووه که دیاره سنوور و میچی له‌و بازنه‌ی شیعه‌ی که به وان وه‌فاداره تێپه‌ڕ نابێت. به‌و شێوه‌یه ده‌توانین بڵێین که له ناو شیعه مهزههبانی گشتیی‌دا جۆرێک له ناڕه‌زایی له‌لایه‌که‌وه دژ به خودی ده‌سته‌ڵاته‌که، و له لایه‌کی دیکه‌وه دژ به چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌کردنی ده‌سته‌ڵات له‌گه‌ڵ لایه‌نه جیاوازه‌کانی تایه‌فه‌ی شیعه‌دا هه‌یه. سه‌باره‌ت به خودی ئێرانی سه‌رانسه‌ریش گرووپه ئۆپۆزیسیۆنه جیاوازه‌کان به‌رنامه‌ی ته‌واو جیاوازیان له به‌رانبه‌ر ده‌سته‌ڵاتدا هه‌یه و له زۆر حاڵه‌تدا ته‌نانه‌ت دژ به هه‌بوونی ئه‌و دهستهڵاتهیشن.
نه‌ته‌وه‌گه‌لی وه‌کوو کورد و بلوچیی و ئازه‌ریی به شێوه‌ی جیاواز ده‌که‌ونه جۆرێک له ئۆپۆزیسیۆنی سیاسییه‌وه که پێشوه‌خت ده‌زانن که ده‌سته‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی، له‌و بازنه به‌رته‌سکه‌ی بناخه‌ی هه‌بوونیدا ناتوانێت نوێنه‌رایه‌تیان بکات.
هه‌ڵبژاردن چییه؟
هه‌ڵبژاردن ده‌توانێت گه‌لێک شێوه‌ی جیاوازی هه‌بێت و له ماناکه‌یدا دیاره که له هه‌بوونی کۆیه‌کدا مرۆڤ ده‌توانێت هه‌ڵبژێرێت. هه‌ر ئه‌و پێشمه‌رجه گرینگانه‌ی که وا ده‌که‌ن هه‌ڵبژاردنێک مانای دروستی خۆی بدات ئه‌وه‌یه که ئازادیی به‌یان، ئازادی خۆده‌ربڕین، ئازادی کۆبوونه‌وه و میتینگ، ئازادی خۆڕێکخستن بره‌ویان هه‌بێت و پاشان فره‌لایه‌نیی، واته پلورالیزمی سیاسیی، به‌رقه‌رار بێت وا که هه‌موو گرووپ و ڕێکخراوه و پارتێک، جا بچووک بن یان گه‌وره، بتوانن خۆیان بخه‌نه ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌وه. له پله‌ی دووهه‌مدا ده‌بێت میکانیزمی سیاسیی ڕه‌وا بۆ شێوه‌ی به‌شدارییکردنی ئه‌و لایه‌نانه هه‌بێت و ڕوون بکرێته‌وه که ئه‌و به‌شدارییکردنه کام له‌م مه‌رجانه ده‌یانگرێته‌وه و له‌به‌رچی ئه‌و مه‌رجانه هه‌ن.
تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی دانیشتووانی کوردستان
له ئێران‌دا بێجگه له‌و بازنه‌یه‌ی که به‌رانبه‌ر به خه‌تی ده‌سته‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وه‌فادارن، لایه‌نی دیکه‌ی جۆراوجۆر هه‌ن که به شێوه‌یه‌ک ئۆپۆزیسیۆنی ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ن. له‌وانه ١. هه‌موو ئه‌و فارسانه‌ی که شیعه‌مه‌زهه‌بن و ئێرانیستن به‌ڵام دژ به سیاسه‌ت و ته‌نانه‌ت به هه‌بوونی کۆماری ئیسلامیین، ٢. هه‌موو ئه‌و ئێرانیانه‌ی که شیعه‌مه‌زهه‌بن و به‌ڵام دژ به سیاسه‌ت و ته‌نانه‌ت به هه‌بوونی کۆماری ئیسلامیین، ٣. هه‌موو ئه‌و ئایینزایانه‌ی که شیعه نین، بۆ نموونه جۆره‌کانی سوننه و وه‌هابی، و هه‌ژمۆنی نوخبه‌یه‌کی شیعه‌گه‌ر و ده‌وڵه‌ت له شێوه‌ی وه‌کوو ئێستادا ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه، ٤. هه‌موو ئه‌و شیعهمهزههبانهی که به ڕه‌چه‌ڵه‌ک کوردن یان ئازه‌ریی و شێوه‌ی دیکه‌ن له نه‌ته‌وه‌ی دیکه، و هه‌ست به وه‌فاداریی مه‌زهه‌بی ناکه‌ن و خۆیان له بازنه‌ی نه‌ته‌وه‌ی خۆیاندا وه‌ک هێزی سیکولار ده‌بینن، ٥. هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی وه‌کوو کورد، ئازه‌ر و به‌لوچ که هیچ جۆره دژایه‌تیه‌کیان له‌گه‌ڵ مه‌زهه‌بی شیعه‌دا نییه، به‌ڵام دژ به ده‌سته‌ڵاتی کۆماری ئیسلامین و وه‌کوو داگیرکا‌ر یان شێوه‌ی دیکه‌ی سته‌مکار ده‌یبینن.
له ناو هه‌موو ئه‌و نه‌یار و دوژمنانه‌ی ده‌سته‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا دانیشتووانی کوردستان تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه. له کوردستاندا مه‌زهه‌بی ئایینی جیاواز هه‌ن و بزووتنه‌وه‌یه‌کی سیکولاریستی به‌هێز هه‌یه. ئه‌گه‌رچی له ناو کورددا به‌کرێگیراو و سیخوڕ هه‌ن و له هه‌مانکاتیشدا ئیسلاحته‌ڵه‌ب و لایه‌نگری ده‌سته‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌ن و له ناو شیعه‌ی کورددا لایه‌نگری مه‌زهه‌بیی ده‌سته‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه ته‌نیا دۆخێکی نائاساییه که له سه‌رئه‌نجامی داگیرکردنهکهوه دروست بووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا که هه‌وڵێکی زۆر ده‌درێت ڕووخسارێکی سیاسیی به ئیسڵاحتهڵهبهکانی کورد بدرێت، به‌ڵام له ڕاستییدا نمایشنامه‌یه‌کی ئاولێچۆڕاوه که ڕۆڵی سه‌ره‌کیی ئه‌کته‌ره‌کان زیاتر و زیاتر ده‌رده‌که‌وێت. هیچ بێنه‌وبه‌ره هه‌ڵناگرێت که له ئێستای کوردستاندا دانیشتووانی کوردستان دژ به ده‌سته‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن و وه‌ک داگیرکارێکی خۆداسهپێنهر له‌و ده‌سته‌ڵاته ده‌ڕووانن و هه‌میشه بهخێرنههێنراو بووه.
له دوای شه‌ڕی چالدێرانه‌وه، ساڵی ١٥١٤ له نێوان سه‌فه‌ویه‌کان و عوسمانیه‌کان، که کوردستان بۆ یه‌که‌م جار دابه‌ش کرا، هه‌میشه بزووتنه‌وه‌ی جۆراوجۆر دژ به ده‌سته‌ڵاتی داگیرکارانه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته هه‌بووه و ئێستایش به‌رده‌وامه. مرۆڤ ده‌توانێت پێدابگرێت که بزووتنه‌وه‌ی خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان، له‌گه‌ڵ هه‌موو ناتهباییهکیش که له ناو هێزه سیاسیه‌کانی کورددا هه‌یه، له باشترین و گه‌شه‌دارترین قۆناخی کوردستانیبوونی خۆیدا خۆی ده‌بینێته‌وه.
کۆمه‌ڵگای کوردستان، به پێی بۆچوونی ئێمه، وڵاتێکی داگیرکراوه که جۆری مه‌زهه‌ب و بیروڕای سیاسیی زۆر جیاوازی تێدایه و له‌به‌رئه‌وه جێگایه‌کی تایبه‌تیی له ئێران و له سیاسه‌تی ئێران‌دا هه‌یه. ئه‌م جێگا جیاوازه‌ی کورد و کوردستان له هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌سته‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشدا به‌رانبه‌ر به کورد و کوردستان ده‌رده‌که‌وێت.
له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه پارتێکی کوردستانیین، ئه‌وا له‌م ڕوونکردنه‌وه‌ی خۆماندا سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆماری ئێران ڕوومان له خه‌ڵکی کوردستانه و ده‌ڵێین، هیوادارین به به‌شدارینه‌کردنی خۆیان له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆماری ئێران‌دا ناشه‌رعیه‌تی ئه‌و ده‌سته‌ڵاته بخه‌نه ڕوو.
گرفته‌کانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه:
١. ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی که‌نار به‌شدارییش نه‌که‌ن هیچی تایبه‌تی ڕوو نادات و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆمار جێبه‌جێ ده‌بێت
له ئه‌ده‌بی سیاسیی خۆماندا ئێمه، پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستان (ڕۆژهه‌ڵات)، له ئێستای ئێران‌دا کوردستان و ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی دیکه که له ژێر ده‌سته‌ڵاتی سه‌ربازیی ده‌وڵه‌تی ئێراندان به که‌نار داده‌نێین. مه‌به‌ستمان له که‌نار ئه‌و پێوهندیییه که ناوه‌ند به چوارده‌وری خۆیه‌وه هه‌یه‌تی. ئێمه کوردستان و دانیشتووانی کوردستان به داگیرکراو ده‌زانین و پێمان وایه ناوه‌ند له تاران خودئاگا سیاسه‌تێکی داگیرکردن پێڕه‌و ده‌کات. ئه‌و سیاسه‌تی داگیرکردنه هه‌موو بوارێکی کۆمه‌ڵگای کوردستان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌گرێته‌وه و له ڕێگای زه‌بر و زه‌نگ و کوشتن و بڕین و زیندانیکردن و ترس و وه‌حشه‌ته‌وه ڕاگیراوه. له‌و پێوه‌ندی داگیرکا‌ر و داگیرکراوه‌دا دانیشتووانی کوردستان وا په‌راوێز کراون و له که‌نار هاوێژراون که ئه‌گه‌ر هه‌ر هیچ ده‌نگ بۆ هه‌ڵبژاردنی سهرۆککۆمارێکیش نه‌ده‌ن، به بێ گرفتێکی ئه‌وتۆ سه‌رۆککۆمار هه‌ر هه‌ڵده‌بژێردرێت، چونکه وه‌ک له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێی کرد بناخه‌یه‌کی پێویست له ده‌نگده‌ری شیعه‌مه‌زهه‌بی وه‌فادار به‌و خه‌ته‌ی ده‌وڵه‌ت هه‌ن که چالاکانه ده‌نگ ده‌ده‌ن. به‌شداربوونی خه‌ڵکی کوردستان له‌و ده‌نگدانه‌دا زیاتر له‌وه‌ی که ژماره‌ی ده‌نگده‌رانی به‌ڵێ بۆ یه‌کێک له نوێنه‌رانی ئه‌و بازنه شیعه‌مه‌زهه‌به ده‌سته‌ڵاتداره زیاتر ده‌کات، مانایه‌کی دیکه‌ی نییه.
له ئێرانی ئێستادا که ژماره‌ی دانیشتووانی حه‌فتا ملیۆن و نیوه نێزیکه‌ی ٤٦ ملیۆن که‌س بۆیان هه‌یه ده‌نگ بده‌ن. له‌و ژماره‌یه‌دا ڕێژه‌ی ده‌نگده‌ران له کوردستان نیزیکه‌ی ٧ بۆ ١٠ له سه‌ددی ئه‌و ژماره‌یه‌یه (تێبینی بکه‌ن که ئاماری دروست حیسابی به هۆی سیاسییه‌وه له کوردستان نییه یان ناخردرێته به‌رده‌ست). له هه‌ڵبژاردنی ١٧ و ٢٤ مانگی شه‌شی ساڵی ٢٠٠٥ دا ژماره‌ی ده‌نگده‌ران نێزیکه‌ی ٢٨ ملوێن بوو به پله‌ی یه‌ک ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد زیاتر له ١٧ ملوێنی برده‌وه و هاشمی ڕه‌فسنجانی ده ملوێنێک و باقی کهندیدادهکان که مه‌هدی که‌ڕووبی یه‌کێک بوو له‌وان که‌متر له نیو ملوێن ده‌نگ.
٢. نه‌بوونی کاندید له ئاستی به‌رفراوان
له دۆخی ئاسایی هه‌ڵبژاردنی دیموکراسیانه‌دا کاندیدگهلی جیاواز به پێی هه‌بوونی پلورالیزمی سیاسیی ده‌بێت بتوانن هه‌بن. له‌وه‌به‌ر میکانیزمگه‌لی به‌رفراوان زه‌مینه بۆ به‌شداریکردنی ئه‌و کاندیدانه خۆش و فه‌راهه‌م ده‌کات. هه‌ڵبژێرده‌ر ده‌توانێت به پێی تێگه‌یشتنی خۆی کاندیدێک هه‌ڵبژێرێت.
له دۆخی ئێستای ئێران‌دا خه‌ڵکی کوردستان ته‌نیا ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌یان (کاندیدایان) له‌به‌رده‌ستدایه که بکوژان و ئه‌شکه‌نجه‌ده‌رانی خۆیان، به‌و مانایه که به ده‌ستی خۆیان داگیرکارانی کوردستان هه‌ڵبژێرن. هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئێستا له بازنه‌ی ده‌سته‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا خۆده‌بیننه‌وه، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی که خودی ده‌سته‌ڵاته‌که پێک ده‌هێنن، به جۆرێک ده‌ستیان له درێژه‌دان به داگیرکردنی کوردستان هه‌یه، و راستوخۆ له هێشتنه‌وه‌ی کوردستان له دواکه‌وتوویی کۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابوورییدا له رێگه‌ی زیندان و ئه‌شکنجه، کوشتن و بڕین و ئازاردان و ترساندنی خه‌ڵکی کوردستاندا ده‌ستیان هه‌بووه و هه‌یه.
که‌سانی وه‌کوو مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، مـۆحسێن ره‌زایی، مه‌هدی که‌رووبی و حوسێن موسه‌وی له به‌پرسانی یه‌که‌مینی کۆماری ئیسلامی ئیرانن بوون و هه‌ن، که له سه‌رکوت و و دواکه‌توویی خه‌ڵکی کوردستان خزمه‌تی گه‌وره‌یان به کۆماره‌که‌یان کردووه و ده‌یکه‌ن، ئه‌وان دژایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستانیان کردووه، زه‌ره‌ی گه‌وره‌یان به‌م گه‌له گه‌یاندووه، داگیرکاری خاک و نیشتمانی کوردن، جگه له‌وه‌ی کردویانه، هیچ شێتکی تر نین!
ئێمه وه‌بیرتان ده‌هێنینه‌وه که زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی خۆیان کاندید کردبوو نه‌یانتوانی به فلته‌ره‌کانی شورای نیگاهباندا تێپه‌ڕ ببن. له کوردستان، ته‌نانه‌ت له ناو شیعهمهزههبانی کوردیش‌دا، هیچ که‌سێک زاتی ئه‌وه‌ی نییه خۆی بۆ پله‌ی سه‌رۆککۆماریی کاندید بکات، چونکه زه‌مینه‌یه‌کی وا سیاسیی ڕێگای پێ نادات. کورد هێنده به هه‌ند ناگیرێت که بتوانێت ئه‌و جۆره شه‌ره‌فه به خۆی بدات. ههڵاواردنهکه که لایه‌نێکی بچووکه له ڕهگزپهرستیهکی بێوێنه دژ به کورد، به ڕوونیی دیاره. ئه‌م روونییه هه‌روه‌ها له هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانیشدا ده‌رده‌که‌وێت که له کۆی ٢٩٠ کورسی ژماره‌یه‌کی زۆر که‌م به‌ر کوردی لای خۆیان هه‌ڵبژێردراو ده‌که‌وێت.
٣. پێوه‌ندی ناوه‌ند به کوردستانه‌وه
له کوردستاندا سهرکوبێکی سیاسیی قووڵ و دژوار هه‌یه. مرۆڤی کوردستانیی له پێوه‌ندی داگیرکراوی خۆیدا نه‌یتوانیووه پێشبکه‌وێت و خه‌باتی دیموکراسیی و مه‌ده‌نیی و سیاسیی خۆی پێش بخات. ڕێکخراوه و حیزب و پارته سیاسیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان له گۆڕه‌پانێکی ئازاد و دیموکرات‌دا نه‌یانتوانیووه بیر و بۆچوونگهل و رووانگه‌ی خۆیان به‌یان بکه‌ن.
دانیشتووانی کوردستان دووچاری ڕه‌گه‌زپه‌رستیی و هه‌ڵاواردنێکی بێوێنه بوونه‌وه‌ته‌وه که ناتوانن وه‌ک کۆمه‌ڵگایه‌کی سیاسیی ڕه‌فتار بکه‌ن. پێش قسه‌کردن له سه‌ر هه‌ڵبژاردن و خۆهه‌ڵبژاردن کوردان زۆر پێش ئه‌وه‌ی بگه‌نه حه‌سارێ ڕێگایان لێ ده‌گیرێت چ به‌وه‌ی له هۆده‌ی کۆبوونه‌وه‌دا به‌شدار بن.
٤. ده‌نگدان بۆ کورد هیچ که‌ڵکێکی نییه، به‌ڵام بۆ داگیرکه‌ر ئه‌و په‌ڕی به سووده
ئه‌گه‌ر دانیشتووانی کوردستان هه‌ر هیچ به‌شداریی ئه‌و هه‌ڵبژارنه نه‌که‌ن له ڕاستییدا هیچیان له کیس ناچێت. هیچ نیشانه‌یه‌ک نییه بۆ ئه‌وه‌ی که سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت به پێی به‌شداریی دانیشتووانی کوردستان بگۆڕدرێت، به‌تایبه‌تی که سه‌رۆککۆمار له ئێران‌دا به پێی ده‌ستوور ده‌سته‌ڵاتی بهرسنوورداره. به‌ڵام بۆ ده‌وڵه‌تی ئێران و بۆ ئه‌و بازنه حاکمه سه‌رده‌سته‌ی ئێستا قازانجی پروپاگه‌نده‌یی زۆری هه‌یه، چ ڕووه‌و ناوخۆ هه‌م له دژایه‌تیکردنی خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان و هه‌م له دژاتهتیکردنی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه بۆ ئازادیی نه‌ته‌وه‌یی، چ ڕووه‌و به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان که کورده‌کانی ئێران شادترین و ڕازیترین جۆری کوردن، و چ ڕووبه‌ڕووی جیهانی ده‌ره‌وه که گوایا له ئێران پرسێک به ناوی پرسی کورد نییه.
چوونی ئایه‌توڵا خامه‌نایی بۆ شاری سنه ده‌بێت له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ببینرێت. هاوکات قسه‌کانی ئه‌و، ڕاستی ترسی ئه‌وان به‌رانبه‌ر بیری کوردستانیبوون و سه‌ربه‌خۆییخوازیی به‌یان ده‌کات. هاتنی ئه‌و بۆ کوردستان و قسه‌کانی که‌ڕووبی زیاتر له هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و کهڵهکلێدانێکی دانیشتووانی کوردستان، هیچ مه‌به‌ستێکی دیکه‌ی بۆ کورد تێدا نییه که ئه‌رێنی بێت. ئه‌وان به چاوی مێژووییه‌وه له ئێستای کوردستان ده‌ڕووانن و پێیان وایه هه‌میشه ده‌کرێت که‌ڵه‌ک له کورد بدرێت. ئه‌وه به‌شێکه له‌و ڕهگهزپهرستیهی که سووکایه‌تیکردن به کورد و به سووک تێڕووانین له کورده.
ده‌نگدان مافه یان ئه‌رک یان هه‌ردووکیان؟
به پێی بۆچوونی سۆسیالدیموکراتیانهی ئێمه که تایبه‌تمه‌ندیه‌کی کوردستانیبوونی هه‌یه ده‌نگدان هه‌م مافه و هه‌م ئه‌رکیش. خه‌باتێکی بێووچان له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا له پێناو مافی ده‌نگداندا کراوه و ده‌کردرێت. سه‌د ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر ده‌نگدان مافێکی حاشاهه‌ڵنه‌گر نه‌بوو. بزووتنه‌وه‌ی کرێکاریی، بزووتنه‌وه‌ی لیبرالی ئازادیخواز و لایه‌نانی ئازادیخواز له بزووتنه‌وه‌ی کڵێسایی و ژنانی ئازادیخواز و یه‌کسانیخواز به خوێن و به ئاره‌قی نێوچاوان و به شه‌ونوخونی و به کاری زه‌حمه‌ت توانیان ورده ورده ئه‌و مافه بسێنن. ئێستایش له زۆر شوێنی دونیادا ئه‌و مافه نه‌ک هه‌ر مافێکی حاشاهه‌ڵنه‌گر نییه، به‌ڵکو مافێکه که ئازادیخوازان پاش خه‌باتی بێووچان خه‌ونی پێوه ده‌بینن. له‌به‌رئه‌وه له ڕووانگه‌ی ئێمه‌وه ده‌نگدان له دۆخ و فه‌زای ئاسایی ئازاد و دیموکرات‌دا، ئه‌رکه. ئه‌رکێک به مانای هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیاریی بۆ وه‌گه‌ڕخستنی سیاسه‌ت بۆ ئاستێکی جیددی. ئێمه وه‌کوو پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستان دانیشتووانی کوردستان هان ده‌ده‌ین که له پێناوی ده‌نگدان و مافی ده‌نگداندا تێ‌بکۆشن، و هاوکات بزانن که ده‌نگدانی ئێستا له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سهرۆککۆمارێکدا بۆ بازنه‌ی ده‌سته‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌نگدانه به پرۆسه‌یه‌ک که دژایه‌تی هه‌بوون و پێشکه‌وتن و گه‌شه‌ی ئه‌وان ده‌کات.
ده‌نگدان ههنگاوێکی تاکتیکیی، پرینسیپیی یان هه‌ردووکیان؟
به ڕای ئێمه نابێت ده‌نگدان پرۆسه‌یه‌کی تاکتیکیی بێت، به‌ڵکو ده‌بێت ستراتیژیی و پرینسیپیی بێت. له دۆخی ئێستای ئێران‌دا ده‌نگدانی دانیشتووانی کورد نه ده‌توانێت تاکتیکی بێت و نه پرینسیپیی. ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی که له‌و بازنه به‌رته‌سکه‌ی میکانیزمگه‌لێکی تایبه‌تیی هه‌ڵیده‌سووڕێنێت ده‌نگدانی خه‌ڵکی کوردستان ڕۆڵێک ده‌بینێت بۆ ئهگیتاسیۆنی سیاسیی که ته‌نیا ده‌سته‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سوودی لێوه‌رده‌گرن. دانیشتووانی کوردستان له ڕێگای ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌وه ناتوانن داواکاریی تایبه‌تیی تۆمار بکه‌ن.
قازانجه‌کان ئێستایین، ئایینده‌یین یان هه‌ردووکیان؟
له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئاسایی‌دا قازانجه‌کان ده‌توانن هه‌م ئێستایی بن و هه‌م ئاییندهییش. له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆمارێکی نوێ بۆ ئێران دانیشتووانی کوردستان قازانجێکی ئێستایی یان ئایینده‌یی ناکه‌ن، چونکه هه‌بوونی سه‌رۆککۆمارێکی نوێ ئه‌جێندای نوێ بۆ کوردستان ناهێنێته ئاراوه. ئه‌و هێزانه‌ی ڕاسته‌وخۆ له ئێران‌دا ڕۆڵی سه‌ره‌کی ده‌گێڕن دیدێکی تاتیبه‌ت و پلانبۆکراو و خودئاگایان له سه‌ر کوردستان هه‌یه و ئه‌م هه‌ڵبژاردنه کاریان لێ ناکات. قازانجی به‌شداریکردن له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆمارێکی نوێ‌دا قازانجی به‌رچاوی نییه.
ده‌نگدان چه‌ند له سه‌ر کورد ده‌که‌وێت؟
ده‌نگدان به سه‌رۆکێکی نوێ بۆ کۆماریی ئیسلامیی ئێران ده‌توانێت زیانی ڕاسته‌وخۆ به دانیشتووانی کوردستان بگه‌یه‌نێت و لانی که‌م له سێ مانادا خولاسه ده‌بێته‌وه: ١. ده‌نگدان به سه‌رۆککۆمارێک واتا ده‌نگدان به شه‌رعیه‌تی هه‌بوونی لایه‌نه‌کانی به‌شدار له هه‌ڵبژاردندا، ٢. ده‌نگدان به سه‌رۆککۆمارێک واتا ده‌نگدان به درێژه‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی که هه‌تا ئێشتا له کوردستان بره‌وی هه‌یه، ٣. ده‌نگدان به سه‌رۆککۆمارێک به مانای شه‌رعیه‌تدان به هه‌بوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران دێت.
مرۆڤی کورد بۆی هه‌یه ده‌نگ نه‌دات یان نا؟
ئێمه وه‌کوو پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستان (ڕۆژهه‌ڵات) ڕێگا به خۆمان ناده‌ین که به‌شدارییکردن له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا ته‌حریم بکه‌ین، چونکه پێمان وایه باوه‌ڕهێنان به دانیشتووانی کوردستان که به‌شداریی نه‌که‌ن پرۆسه‌یه‌کی سیاسییه، که حه‌تمه‌ن ده‌بێت کات و توانا و میکانیزمی جیاوازی بۆ دابین بکرێت. له دۆخێکی نادروست و نابه‌جێ و نائاساییدا دانیشتووانی کوردستان ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵبژاردنێکی له‌و جۆره ده‌کرێنه‌وه. به‌ڵام به توندیی ڕاده‌گه‌یه‌نین که تا ئه‌و کاته‌ی ده‌کرێت و ئیمکانی هه‌یه ده‌نگ به شهرعیهتکردنی داگیرکا‌ر و بکوژانی نه‌ته‌وه‌ی کورد و دانیشتووانی کوردستان نه‌درێت و خۆ به‌دوور بگیرێت.
ئێمه، پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستان (ڕۆژهه‌ڵات) پێمان وایه باوه‌ڕهێنان به دانیشتووانی کوردستان که به‌شداریی هه‌ڵبژارده‌نه‌کانی سه‌رۆککۆماری ئیران نه‌که‌ن پرۆسه‌یه‌کی سیاسییه، که پێویسته کات و توانا و میکانیزمی جیاوازی بۆ دابین بکرێت. له دۆخێکی نادروست و نابه‌جێ و نائاساییدا دانیشتووانی کوردستان ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵبژاردنێکی له‌و جۆره ده‌کرێنه‌وه. هاوکات به جێددی ڕاده‌گه‌یه‌نین که تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی ده‌کرێت و ئیمکانی هه‌یه ده‌نگ به شهرعیهتکردنی داگیرکا‌ر و بکوژانی نه‌ته‌وه‌ی کورد و دانیشتووانی کوردستان نه‌درێت و بایکۆتی بکه‌ن.
مرۆڤی کورد ده‌توانێت ده‌نگ بدات یان نا؟
له ئێستای ئێران‌دا ده‌سته‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆریان پێخۆشه که ڕێژه‌ی به‌شدارییکردنی کوردستانیان له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆماردا ئه‌وپه‌ڕی به‌ئه‌ژمار بێت، چونکه ١. ئه‌و به‌شدارییکردنه به مانای هه‌بوونی شه‌رعیه‌تی سیاسیی ئه‌وان له کوردستان دێت، ٢. هیچ خێر و قازانجێکی تایبه‌تیی یان ته‌نانه‌ت گشتیشیی بۆ کوردستان نییه و له ڕووی یاسایی و سیاسییه‌وه وه‌گیریان ناهێنێت.
سه‌رئه‌نجام
کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوه و دانیشتووانی کوردستان ڕووبه‌ڕووی خراپترین جۆری چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئابووریی و فه‌رهه‌نگیی و سیاسیی ده‌بنه‌وه. تا پێت ده‌کرێت ده‌نگ مه‌ده! ده‌نگدان له دۆخی ئێستای ئێران‌دا به مانای شه‌ریعه‌ت دان به نه‌زمێک دێت که ده‌ستی به خوێنی خه‌ڵکی ده‌وروبه‌رت سووره ، که له ماوه‌ی سی ساڵه‌ی ته‌مه‌نییدا خراپتر بووه نه‌ک باشتر.
ئیمه دووپاتی ده‌که‌ینه‌وه: کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوه و دانیشتووانه‌که‌ی ڕووبه‌ڕووی خراپترین چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئابووریی و کۆلتوریی و سیاسیی ده‌بنه‌وه. تا پێت ده‌کرێت ده‌نگ مه‌ده! ده‌نگدانی تۆ وه‌کوو ئه‌ندامی نه‌ته‌وه‌یه‌کی داگیرکراو، له دۆخی ئێستای ئێران‌دا به مانای شه‌رعیه‌ت دان به نۆرم و نه‌زمی سه‌رکووت و چه‌وساندنه‌وه دێت، به‌مانای درێژه‌دان به داگیرکاریی و ئازاردان و ئه‌شکنجه‌کردنی رۆڵه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان و راگرتنی له کۆیلیه‌تی و هه‌ژاریدا دێت، که له ماوه‌ی سی ساڵه‌ی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتداری کۆماری ئیسلامی‌دا خراپتر بووه نه‌ک باشتر! به‌شداریی له هه‌ڵبژاردنی سهرۆککۆمارێکدا مه‌که، که خێر و خۆشیه‌کی تایبه‌تی بۆ دانیشتووانی کوردستانی تێدا نییه.
٢٠ /٠٥/٢٠٠٩
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست