کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەركردەكانى كوردو دوالیزم لە بڕیارى سیاسیدا

Friday, 21/06/2013, 12:00






یەكێك لەو خەسڵەتانەى كە ڕابەرو سەركردەى بەرجەستەى پێیدەناسرێتەوە ، هەڵوێست و ئۆتۆریتە بوونە لە فەرمانەكانیدا ، ڕاشكاوانە و ڕاست گۆیى دوور لە دوالیزم لە بڕیارى سیاسیدا ، هەروەها سوور بوون و جەخت كردنەوە لە سەر پراكتیك كردنى میتودو بەرنامە و پەیامى سیاسى كە لەو گرێبەستە كۆمەڵایەتیەى كۆمەڵگا لە سەرى ڕێكەوتوون بە شێوەیەكى كردارى لە گۆڕەپانى سیاسیدا .
 دیسان چاودێرى كردنى زۆر ووردو درشت لە مەڕ پاراستنى مافى مرۆڤ و پانتایى ئازادیە مەدەنى و سیاسیەكانى هاو نیشتمانیان , ئەركێكى دیكەى زۆر هەستیار بۆ هەر سەركردەیەك بریتیە لە بە دواداچوون و هەڵ َسەنگاندنى پایەى ئابوورى و ئاستى ژیان و گوزەران و ڕەفاهیەت و ئاسودەیى كۆمەڵایەتى هاوڵاتیان لەو سەروەت و سامانەى وڵات كە لە بەر دەستدایە ، بە مەرجێك ژیان و تواناى گوزەرانیان هاوتا بێت لە گەڵ دۆخى نرخى بازاڕ بە پێى ڕۆژ ، هەروەها گونجاو و تەبا بێت بە شێوەیەك لە شێوەكان كە قورسایى نەخاتە سەر شانى هاوڵاتیان ، ڕەوشى ژیان بە چەشنێك بێت ببێتە فاكتەر و بارتەقاى بە دەست هێنانى دادوەرى كۆمەڵایەتى لە وڵاتدا , بەو مانایەى دۆخى ئابوورى و پلە بەندى ژیانى كۆمەڵایەتى جێوازى چینایەتى نەخوڵقێنێت لە نێوان چینەكانى كۆمەڵگاو پەشێوى و تەقینەوەى كۆمەڵایەتى بە دوای خۆیدا بێنێت و ، هێزە جێوازە كۆمەڵایەتیەكانى نیشتمان بەرەو ناكۆكى كۆمەڵایەتى و بەریەك كەوتن و وێرانە و پێكەوە نەگونجان ئاراستە بكات .
(فینۆمینۆى سەركردە) بەرپرسیاریەكى مۆراڵى مێژووى و ئینسانى زۆر گەورەیە ، لە گەڵ ئەوانەشدا خەسڵەتێكى جێواز ترى هەیە كە ڕۆشنبیرى و بوێری و جەسارەتە بە بێ دوو دڵى لە هەڵوێستى سیاسیدا لە بەرامبەر ئەو پیلان و نەخشە و بڕیارە سیاسیە دەرەكیانەى دژ بە ولاتەكەى و هاونیشتمانەكانى ئاراستە دەكرێن بۆ پووچەڵ كردنەوەو پرۆتستۆ كردنیان . لە كۆى ئەو پیناسانەى سەرەوە كە كردمانن بۆ ((سەرۆك و سەركردە سیاسیەكان)) ئەگەر سرنجێكى خێرا بدەینە مێژووى ژیانى سیاسى زۆربەى زۆرى سەركردەو مەكتەب سیاسیە كلاسیكیەكان و بە میراتى جێگرەوە نوێكانیان لە دنیاى سیاسى ئێمەدا ، مێژوویەك بووە پڕ لە شكست و سوڕانەوە لە نێو بازنەیەكى پووچدا ، هەنگاوو بڕیارەكانیان مەودایەكى زۆر دوور بووە لە لۆژیك و زانستى سیاسەت ، پتر چڕبوونەوە بووە لە نێو عەقڵى خێڵ و بە دیهێنانى خواست و بەرژەوەندیەكانى خێڵ ، بچووك بون و خۆ بە كەمزانین لە بەرامبەر ئەوانى ترى بێگانەو !!، ستەمكارو كۆلكە دكداتۆر لە ڕەفتارەكانیدا بەرامبەر وویست و ماف و ئازادیەكانى هاونیشتمانیان , دوگم بوون و تەسلیم بوون بە ترادیسیۆن و كولتورى ئێكس پایەرو، تێنەگەیشتن لە تاكتیك و ستراتیژ و عەقڵى پراكماتیكى لە سیاسەت كردندا ، دژایەتى كردنى چەمك و دەستەواژەى مۆدێرن و بیر كردنەوەى نوێ كە سەرچاوەى داهێنان و پێشكەوتنە لە دنیاى هاوچەرخدا ، ئەمانەو دەیان ڕەفتارى كۆنسێرفاتیزمى دیكەش هاو نشینى ژیانى سیاسى سەركردە كلاسیكەكانى كورد بووە بە جۆرێك ڕۆ چووەتە نێو ((هیمۆگلۆبینى خوێنیانەوەو)) بووەتە فاكتێك بۆ تەریك بوونەوە لە بە دەست هێنانى بەهاى زانیاریە نوێكان و ڕۆڵى كۆمیكایشن و پەیوەندى بە دنیاى هاو چەرخەوە ، لوت بەرزى و تاكڕەوى لە بڕیارو حوكم كردندا بۆتە هۆى بەرتەسك كردنەوەى پانتاى ئازادیەكان و دیمۆكراسى . ئەو ڕێچكەیەى كە بووەتە بەشێك لە مێژووى سیاسى سەركردەكان ، نەوە لە دواى نەوە ، قۆناغ لە دواى قۆناغ پاراستویانەو درێژەیان پێداوە بریتى بووە لە دوالیزمە بوونى مۆراڵى سیاسیان و ، كۆنسێرفاتیزم لە ڕەفتارو بیركردنەوەیاندا ، بەشێكى زۆرى ئەوانەش بۆتە پەتایەكى سەرەكى شكست و دواكەوتنەكان، لە ڕەوتى شارستانیەت و پرۆژەى سیاسى مۆددێرنە هاو شێوەى وڵاتانى دەورو بەرمان . لە گەڵ ئەوانەشدا دەستە بژێرێكى قەڵەم بە دەستیش هەبووە لە نێو گێڵگەى ڕۆشنبیرى و میدیاى حزبدا پیشەیان لە دەربارا پیاهەڵدان بووە ، دیسان بەهایان بەخشیوەتە گوتارى خێڵەكیانە و دوالیزمى سەرۆك و سەركردەكانى كورد ، كەسایەتى سەر كردە سیاسیەكانیان بە چەشنێك وێنا و پێناسە كردووە ، لە نوسینەكانیاندا پلەو پایەى موقەدەس و ئەفسانەو خوایەتیان بەوان بەخشیوە ، لە نێو هەواداران و لایەنگرانیان گوفتارو قسەكانیان وەكو تێكستێكى ئاینى نرخێنراوە ، ئەگەر چركەیەك واوەتر بڕۆین و لە یاداشت و گوتارەكانیان و ئەدەبیاتیان وورد ببینەوە جگە لە چەند تێزێكى خێڵەكیانە و ، گێڕانەوەى ڕیوایەت و ئەمجادى خۆیان لە ڕێگەى شەڕو شۆڕەكانیان وتەخوین كردن و چەپاندنى هاوڕێ و هاو سەنگەرەكانى خۆیان ، هیچ بەهایەكى زانستى و مەعریفى و سیاسى لە ئەدەبیاتیان و یاداشتەكانیان بە دیناكرێت . كارەساتى گەورەو نەهامەتى لەوەدایە ئەم پیاهەڵدان و نرخاندنەى گوتارى سیاسیەكان لە لایەن كەسان و نووسەرانى دەربارەوە دروست كردنى سەرەتاى مێژوویەكە لە كۆیلایەتى و چێ كردنى پانتایەكە بۆ ستەمكارى ، گڵاڵە كردنى كۆمەڵگایەكى یەك ڕەنگ و تاكێكى بێدەنگ و بێ پرسیارو بێ پرۆژە و بێ خەونە !!. ڕەنگە پرسیارى بونیادى و سۆسۆلۆژى لێرەدا ئەوە بێت ، ئایا سەركردەو ڕابەرانى بزووتنەوەى كوردایەتى لە ڕێى باگراوەندى ئەكادیمى سیاسى و ئەزموونى قووڵ و قاڵ بوونەوە لە نێو ڕەوتى ڕوداوەكان هاتۆتە نێو دنیاى سیاسی ئێمەوەو ، خۆى وەكو سەركردەیەكى سیاسى مانەڤێست كردووە ؟ یان لە ڕێى پایەى كۆمەڵایەتى خێڵەكیەوە پلەو پایەى سەركردەى سیاسى بە میراتى بۆ ماوەتەوە و ، بۆیە بەردەوامە لە گوتارو دوالیزمە سیاسیەكانیدا ؟ .
 دەبێت ئەو ڕاستیەش بزانین هەندێكیش لە قۆناغێك لە قۆناغەكانى مێژووى سیاسى كوردستان بە ڕێكەوت و لە ڕێى شەقاوەتى و چەقۆكێشى نێو كوچەو كۆڵانەكانەوە چوونەتە نێو مەكتەب سیاسى حیزبەكان و دواجاریش لە نێو دنیاى سیاسى ئێمەدا گیرساونەتەوەو خۆیان سەپاندووە بە ناوى سەركردەى سیاسیەوە . ماوەتەوە ئەوەى بڵێن مێژووى ژیانى سیاسى سەرۆكى حزبەكان بە ناوى كورد و سەركردەى كوردستانەوە بە ڕواڵەت خاوەنداریان لە پرس گەلێكى نیشتمانى و نەتەوایەتى و دیمۆكراسى كردووە ، بەڵام لە ناوەڕۆكدا زۆر ڕاڕاو لەرزۆك و دوالیزم بوون لە كردارى سیاسییاندا ، بوێرى ئەوەیان نەبووە لە بەرامبەر داگیركەران ڕاشكاوانە دیفاع لەو پرسانە بكەن كە داواكارى سەرەكى هاونیشتمانانە . هەمیشە پتر كوزارشتیان لە بەرژەوەندى حزبەكانیان كردووە وەكو ڕابەرى حزبێك ، حزبەكانیشیان بە موڵكى خێڵ زانیوەو ، لە نێو خێڵیشدا تاكە خێزانێكیان بە خاوەنى تەواوى كوردستان زانیوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە