دەسەڵات بۆ زۆربەى خەڵك دۆزەخ و بۆ نوخبەیەكیش ژیانى فیرعەونى !
Thursday, 29/08/2013, 12:00
لە دنیاى سیاسەتدا دەسەڵات پارادۆكسێكى ئەبەدیە ، یان كایەیەكى فۆرمەڵە كراوى مرۆڤە بۆ دسپلین كردنى ئەوانیتر، دەسەڵات لە نێو هەست و بیرو ئایدیاى مرۆڤەكاندا وەهمێكى نەگۆڕو هەژمونگەرا وێنا دەكات بۆ ئەبەد ، لە گەڵ ئەوانەشدا مەرجى گرنگ و بنەڕەتى بریتیە لە چۆنیەتى بە كار هێنانى ئەم پنتە بە چاك یان بە خراپ . بەڵام كۆى مێژووى مرۆڤایەتى حیكایەتى خراپ بە كار هێنانى پارادۆكسى ئۆتۆریتەى دسپلین دەكات تا فەزیلەتەكانى . زۆربەى جار دەسەڵات لە دیدگاى مرۆڤەكاندا دەبێتە حەقیقەتێكى ڕەهاو ئاڵۆز و مرۆڤ بە ئاقارى نامۆ بوون دەبات و ژیان لە باتى فەنتازیا و خەون دەكاتە دۆزەخ ، بۆیە مرۆڤەكان ناچارن بە دووى تروسكایەكى ڕزگاریدا بگەڕێن . هەندێك جاریش مرۆڤ دەستەپاچەیە لە بینینەوەى دەروازەیەك بۆ ڕزگارى لە بەڵاى ستەمكارى دەسەڵات . هەندێك جاریش دەبێتە بەڵایەكى كوشندە و ترسناك بە دەستى نوخبەیەكى سیاسى دیاریكراوەوە ، بۆیە نەبوونى پرسى ئازادى و دیمۆكراسى شۆڕش دەكاتە تاكە ئەڵتەرناتیف ، چێژو هەژمونگەرایى پنتى دەسەڵات بە لاى مرۆڤەوە وەك بوونەوەرێكى ژیرەكى بۆ پتر مۆنۆپۆڵ كردنى ئابوورى و سەروەت و سامانى وڵات ، وا لە نوخبەیەكى زۆر كەمى كۆمەڵگا دەكات كە تەنها دەسەڵاتى سیاسى بۆ خۆیان و خێڵەكەیان مۆنۆپۆڵ بكەن ، دواجاریش وەكو كەرەستەیەك بە كار دەهێندرێت بۆ دسپلین كردن و ڕام كردنى مرۆڤەكان و ، مل پێكەچ كردنیان لە ئاست خواست و ئەو بڕیارو داواكایانەى كە بەرژەوندیە ئابوورى و سیاسیەكانى چینى دەسەڵاتدار فەراهەم دەكات . بێمانایى و سامناك ترین دۆخى سایكۆلۆژى مرۆڤ بێدەنگى و حاڵەتى سكونە لە بەرامبەر ئۆتۆریتەیەَكى لەو چەشنەدا ، لەو سۆنگەوە بێدەگى وزەو توانا دەبەخشێتە دەسەڵاتى ستەمكارو تەمەنى سیاسیشى درێژتر دەكاتەوە . بێدەنگى و نەبوونى زمان لە لاى تاكەكانى كۆمەڵگا دەسەڵاتى دكتاتۆرى پایەدار تر دەكات . ئەو دەسەڵاتەى ئەمڕۆ لە كوردستاندا پایەدارەو حوكم دەكات نەیتوانیوە دیمەنێكى شیرین و جوان و نموونەیى پێشكەش بكات كە پڕ بیت لە كردارو ئایدیاڵى واقیعى بۆ پاراستنى ئازادى و دادوەرى كۆمەڵایەتى و دیمۆكراسى بە جۆرێك لە جۆرەكان كە هەموو تاكێك تێیدا شادو ئاسوودەو دڵنشین بیت و ئاسایشى ژیان و كارى پارێزراو بێت . ئەو ئایدیاڵەى كە ئەم دەسەڵاتە پێشكەشى كردووە و ، ئەو وێنایەى لەدەسەڵات كە لە بەرچاوەو ئێمە گەواهى ڕەفتارى دسپوتیسمانەى ئەوین هەڵگرى توخم و ڕەگەزێكى تۆتالیتارانەیە كە ڕۆژ بە ڕۆژ ئازادیەكانى خەڵك تێیدا بەرتەسك تر دەكەنەوە ، دەیانەوێت دەسەڵاتى چەند بنەماڵەو خێڵێكى تایبەتى بۆ هەتا هەتایى لە كوردستان بكەنە ئەمرى واقیع .. دەبێت دان بەو ڕاستیەدا بنێین ئەو دەسەڵاتەى ئەوڕۆ لە كوردستاندا بە ڕێوە دەچوات كۆمەڵێك بە ناو دام و دەزگاى مەدەنى و دامەزراوەى سیاسى بەرجەستە كردووە وەكو ((زانكۆو ئیدارەو پەرلەمان ....هتد)) بۆ نموونە زانكۆ نەیتوانیوە وەكو دامەزراوەیەكى زانستى دابڕانێكى ((ئەبستمى)) لە قۆناغى كۆمەڵایەتى و پەروەردەیى و سیاسى و سایكۆلۆژى بۆ تێگەیشتن لە دنیاو دەوروبەر بە فۆرمێكى نوێ وڕۆشنگەرانە لە ژیانى ئینسانەكان بەرپا بكات ، یان بە مانایەكى تر زانكۆ نەبۆتە سەنتێزێكى مەعریفى كە هەڵگرى خاوەن پەیامێكى زانستى مۆدێرن و هاوچەرخ بێت و بەشدارى كارا بكات لەو گۆڕانكاریانەى كە پێوستن بۆ گواستنەوە لە قۆناغێكى دواكەوتووەوە بۆ قۆناغێكى مرۆڤایەتى پێشكەوتوو گشت گیر تر كە هەموو بوارە جیاجیانى ژیانى ئینسانى دەگرێتەوە بە تایبەتى مەعریفە . زیاتر لە كەنیسەو پەرەستگایەكى لاهوتى دەچێت بۆ فۆرمەڵە كردنى كاهن و گۆش كردنیان بە مەعریفەى تێولۆژیا و كلاسیك و سەلەفیانە نەك زانستى هاوچەرخ و ئەپستمۆلۆژیا ، كارەساتەكە لەوە دایە زانكۆ زیاتر وەكو ئامێرێكى پیشەسازى خەریكى بەرهەم هێنانى كولتورى توند وتیژیە نەك چێ كردنى مەعریفەو عەقڵانیەت . دامەزراوەى پەرلەمانیش بە هەمان چەشن لە تەمەنى سیاسیى خۆیدا وەكو ئامێرێكى سیاسى لە خشتە بردن و دسپلین كردن بۆتە توحفەیەكى بێ ڕۆح و مردوو بە دەستى چەند حزبێكەوە بۆ داسەپاندنى بڕیار و پرۆژەكانى ئەو حزبانە و بە یاسا كردنیان بە سەر جڤاتى كوردستاندا ، لە هەموو خولەكانى پەرلەماندا ئەم دامەزراوەیە لە باتى دەر كردنى یاساگەلێكى شارستانیانە كە ژیانى سیاسى و كۆمەڵایەتى و ئابوورى و بژێوى تاكەكانى كۆمەڵگا بە شێوەیەكى مەدەنی و ئینسانى و هاوچەرخانە ڕێك بخات كە تێیدا هاو نیشتمانیان ئاسودەو بەختەوەر بن ، زیاتر سەرقاڵ بووە بۆ دەر كردنى چەند بڕیارێكى سیاسى ئەو حزبانە بە ناوى ((یاساوە)) كە فڕى بە یاساوە نییەو تەنها مەبەستى بۆ بە دیهێنانى خواست و ئامانجە گومان لێكراوەكانیان و ، بەرتەسك كردنەوەو لە ناو بردنى ئازادى و مافەكانى هاونیشتمانیان و قەمتەر كردن و لە قاڵبدانیان ، لە گەڵ ئەوانەشدا ئەم دامەزراوە بێ ڕۆحەى كە ناوى پەرلەمانە و بۆتە توحفەى دەستى حزبەكان چ لە دەسەڵات و چ لە ئۆپۆزسیۆن چوار ساڵ جارێك كۆمەڵێك كاراكتەرى سیاسى ((خەواڵ و شەڕانگێز)) كە هیچ بەرهەمێكیان بۆ ئەم كۆمەڵگایە نەبووەو نییە لە بەرامبەر ئەو ئەركەیان كە تەنها بریتیە لە ناو بردنى ((ئازادى و مافەكانى)) هاونیشتمانیان !! بە كۆڵێك پارەوە و لە سەر حیسابى بودجەى هاونیشتمانیان خانە نشین دەكرێن. بەو مانایەى كە بودجە بۆتە ئەو كەلاكەو كۆمەڵێك كەمتار سەریان تێ ئاژنیوە ، بۆیە هەر ئێستا لە نێو هەموو حزبەكان و هەوادارانیان مل ملانێكى توند و خێڵەكانیانەو دەستەگەرى كە لە پێناوى بە دەست هێنانى ئەو پۆستەدا بە ڕێوە دەچوات ، بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە و تەنانەت هەندێك شاعیرو ماعیرو ڕۆشنبیریش بەو خەونەوە تێوە گلاون بۆ ئەوەى كەڵپەیان لەو تیكە چەورە بەند بێت ، كۆى ئەو بڕە پارەیەى كە ئەندام پەرلەمان و وەزیرە خانە نشینەكان وەرى دەگرن لە بودجەى ئەم وڵاتە بڕێكى یەكجار زۆرە و كە لەوان كەم بكرێتەوە بە شێوەیەكى دادوەرانە بە كار بهێندریت بۆ وڵات ، پێموایە دەتوانرێت كۆمەڵێك پرۆژەى خزمەتگوزارى و ئاوەدان كردنەوەى گەورەى پێ ئەنجام دەدرێت ، بۆیە ئەم دەسەڵاتە دۆخێكى سیاسى دروست كردوە بۆ ژیانى ئینسانەكانى ئەم وڵاتە بۆ هەندێكیان بۆتە دۆزەخ و بۆ هەندێكیشیان ژیانى فیرعەونى دەگوزرێنن . گەر بە ووردى چاوێك بخشێنین بە ئەو دامەزراوە مەدەنى ئیداریەكانى كوردستان هەمان ڕەوش بە ڕێوە دەچوات . .......
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست