داهێنان و یاخى بوون
Sunday, 30/06/2013, 12:00
نوال السعداوى
و . لە عەرەبیەوە ((یاسین لەتیف))
جەستەمان لە دۆخى ئارم گردندا ناگۆڕێت بۆ دۆخى بزاوتن و جوڵە، تەنها ئەو كاتە نەبێت كە ((هزرێكى نوێ)) بە خانەكانى مێشكدا تێدەپەڕێت بۆ ئەنجامدانى كارێك . بۆ نموونە كڕینى نانێك ، یان بەشدارى كردن لە شۆڕشدا بۆ گۆڕینى سیستەمى حوكمڕانى ؟ . توێژینەوە گەلێك لە مەڕ ((مێشك)) ئەنجامدراوە بۆ چۆنیەتى بەرهەم هێنانى هزرو گەڕاندنەوەى یادەوەریەكان ، ئەنجامەكان وا دەرچوون كە هزرى نوێ یان ئەوەى پێى دەوترێت ((داهێنان)) لە ئاسمانەوە لە ڕێى وەحى ئیلاهیەوە ناهێنرێتە خوارەوە یان گردنێكى شەیتانى نییە ، یان لە عەقڵى ناوەوەى نەستەوە هەڵ ناقوڵێت ، یان شێتیەك نییە لە عەقڵەوە دەرچێت . داهێنان بریتیە لە ترۆپكى باڵایى عەقڵ و درك كردن كە ئەو كاتەى نەست دەگۆڕێت بۆ هۆشیارى ، خەیاڵ دەگۆڕێت بۆ حەقیقەت . خانەكانى مێشك لە توانایدا هەیە ((خەیاڵى)) ئەو شتانە بكات كە نیین ، لە یاد كردنەوەى خەونەكانى منداڵیەوە هەڵ دەقوڵێت و دەبەسرێتەوە بە ئازارەكانى ئێستاو پرسەكانى پاشەڕۆژەوە . كردارى داهێنان لە مێشكدا پشت بەم ((گرێدانە)) دەبەستێت لە نێوان كات و شوێن . لە نێوان خەیاڵ و حەقیقەت ، یان لە نێوان ڕۆح و هەست . داهێنان هەڵدەستێت بە خەیاڵ و یادكردنەوە ، بەستنەوەى نێوان ئەو شتانەى كە پێكەوە پەیوەست نیین ، لە توانایدا هەیە ئەو پەرژینە دروست كراوانە بسڕێتەوە كە لە نێوان زەوى وئاسماندا هەیە ، ژیان و مردن ، ڕۆح و جەستە ، خواو شەیتان ، نێرو مێ ، زانست و هونەر، گەنج و منداڵ ، بە ساڵاچوو پیرەكان و ئەوانیتر . بیرۆكەى یاخى بوون بە خەیاڵێكى ساناى سروشتى تێدەپەڕێت ، منداڵە كچ و كوڕەكان ئەزموونى دەكەن ، وەكو چۆن بە هەوا نەفەس دەدەن و تیشكى خۆر دەبینن . بەڵام سیستەمى پەروەردە بەشدارە دژ بە سروشتى زگماكى ، ووشەى یاخى بوون لە خەیاڵدا دەبەستێتەوە بە ئەشكەنجەو سوتاندن لە نێو ئاگردا . نەك بەو چێژەى كە لە مەعریفەوە هەڵدەهێنجرێت . چیرۆكى گوناحەكەى حەوا لە لاى منداڵان دەپارێزێت كە چۆن لە خودا هەڵدەگەڕێتەوەو بەرى مەعریفە دەكاتەوە . لە تەمەنى دە ساڵاندا مفكرە((تێنووسینە)) نهێنیەكەم لە ترسى ئاگردا شاردەوە، نامەیەكم تێیدا نوسیبوو بۆ خودا و داوام لێكرد بوو لایەنگرى براكەم نەكات تەنها لە بەر ئەوەى ئەوى بە كوڕ دروست كردوەو منیشى بە كچ دروست كردووە . براكەم هەمیشە دوو بەرابەر جەژنانەى قروشى بە نسیب دەبوو ، سەربارى ئەوەى هەمیشە لە قوتابخانە دەر نەدەچوو ، منیش سەربارى ئەوەى بە نمرەى بەرز دەر دەچووم هەمیشە بەشم دووبەرابەر گسكدان و پاك كردنەوەى ئاو دەسەكە بوو . كەڕەتێكیان مامۆستاى ئایین بە ڕاستە لە پەنجەى دەسەكانمیدا گوتى ئەوەى نامە بۆ خودا بنوسێت لە ئاگرى جهەنمدا دەسوتێنرێت . حەفتا ساڵ تێپەڕى و بێ ئەوەى بزانم ، هەروەها كاتیش وێرانە دەبێت ئەو كاتەى كە چاوم ئەبڵەق دەبیت كە چى هەر نییم . تا ئێستاش ئەوەى لە تێنووسى سەردەمى منداڵیم نووسیومە بڵاوم نەكردۆتەوە ، نەك لە ترسى ئاگر ، چونكە باوك و دایكم لە ترس ئازادیان كردم و توانیم ڕووبەڕووى جیهان ببمەوە بە ڕوخسارێكى شۆراوو بێ مكیاژو حیجابەوە . بەڵام تێنووسەكەى منداڵیم تا ئەمڕۆ لە تەقینەوەى نەوەوى و زەڕە ترسناك ترە . توێژینەوەكان سەلماندویانە عەقڵى منداڵان((پێش ئەوەى ملیان كەچ پێ بكرێت بۆ یاساكان لە ماڵ و قوتابخانە)) پتر داهێنەرانەیە لە عەقڵى باوكان . لە هەندێك وڵاتانى جیهان هەوڵێكى نوێ دەستى پێكردووە كە مافى هەڵبژاردن لە ساڵى دەیەمەوە ببەخشرێتە منداڵان . لە سەرەتاى یونایرى 1993 خوێندنى زانستى داهێنان و یاخى بوون لە زانكۆى دیوك لە شارى دیرهام لە ویلایەتى نورس كارولینا لە ئەمریكاى باكور دەستى پێ كرد . من دەهەژام ئەو كاتەى دەمبیست خوێندكارانى كچ و كوڕ بانگیان دەكردم بە ((پرۆفیسۆر ساداوى)) ئەو ناوە بە كەسێكی تر تێدەگەیشتم ، زاكیرەم كۆ دەكردەوەو دووبارە ڕێكم دەخستەوە دركم بەوە دەكرد من لە كوێم . بە بیرمدا دێتەوە حكومەتى میسر پاسەوانى چەكدارى سەپاند بوو بە سەر ماڵەكەمدا لە جیزەو((بودى جارد)) بۆ پاراستنى ژیانم كە مەترسى كوشتنم لە سەر بوو بە هۆى چیرۆكێكى كورتەوە كە لە خەیاڵەوە نوسی بووم . ئەو كات میسر لە دۆخێكدا دەژیا ناویان لێ نابوو سەردەمى ((ارهاب)) شتێكى تەمومژاوى بوو وەكو ئاگرى ئەو دنیا ، هەواڵ گەلێك تێدەپەڕین لە سەر لیستەكانى تیرۆر و مردنى بیرمەندان و ئەدیبەكان . ناوى خۆمم نەبینیەوە وەكو((بیرمەندێك یان ئەدیبێك)) تەنها لە لیستى مردندا نەبێت . دواجار دەستم كرد بە وانە گوتنەوەى زانستێكى نوێ ناوم لێنا ((داهێنان و یاخى بوون)) . زانگۆ گەلێك لە دەرەوەى میسر بانگ هێشتیان كردم بۆ وانە ووتنەوەى خوێندكارانى خوێندنى باڵا لە ماوەى بیست ساڵى ڕابردودا ، هەندێك جاریش تاسەى میسر پاڵم پێوە دەنێت و دەگەڕێمەوە ، بەڵام ئەو كاتەى دەگەڕێمەوە بیر لە گەڕانەوەش دەكەم ، من بە سروشت خۆشم لە پیشەى وانە ووتنەوە نایەت ، لە یەكەم پێگەیشتنم لە گەڵ خوێندكارانى كچ و كوڕ پێیان دەڵێم : ـ ناتوانرێت داهێنان و یاخى بوون بوترێتەوە ، من هیچم نییە تەنها هەوڵێك نەبێت بۆ كەمێك ئازاد كردنتان لە ئەوەى كە مامۆستایان لە عەقڵتاندا جێگیرى كردووە . گوێیان دەنگێكى نوێ دەبیستێت ، سەریان بەرز دەكەنەوە بۆ ڕوخسارێكى بە خۆر سوتاو و ، سەرێك بە ڕەنگى ترۆپكى بەفر ، ڕەونەقێك لە سەرەخۆ دەكشێت بۆ چاوانیان وەكو تیشكى خۆر ئاواو ڕا ڕاو دو دڵ . هاتوون بۆ زانكۆ بڕوانامە بە دەست بێنن و دواجاریش پەیوەندى بكەن بە كۆیلەكانى كار لە بازاڕ . لە ژێر پەراسویاندا ئازارو بێزاریان هەڵگردووە ، هەر لە سەرەتاى منداڵیەوە هیوایان لە وەرزدا وون بووە . پێیان دەڵێم سیستەمى پەروەردە كە لە سەر بنەماى دوالیزم و دوانەیى و دژایەتى بەندە ، بنەماكانى پەروەردە لە سەر دەمى كۆیلایەتیەوە نەگۆڕاوە ، تەنها بواریداوە بە پتر كردنى چڵێسى و زەوت كردنى مافى ئەوانیتر ، هەروەها كەڵەكە كردنى قازانج لە بازاڕداو ، گەشەپێدانى چەكى داگیر كردن و وێران كردنى گشتى . خوێندكارێك دەپرسێت ئایا سیستەمى پەروەردە لە ئەمریكا جێوازە لە گەڵ میسردا ، خوێندكارێكى كچ وڵام دەداتەوە : ـ سیستەمى پەروەردە لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكى تر جێوازە ، بەڵام بنەماكان یەكن ، لە گەڵ ئەوەى لە بوارى زانستى گەردوندا پێشكەوتوین ، تا ئێستاش بڕوامان بە((تیۆرى خەلقە)) كە لە پەرتوكى پیرۆزدا هاتووە . پێكەنینێكى شاراوەت دەبینى ، خوێندكارەكە دەوەستێت و دەڵێت : ــ من بە تەواوى لەم بیرۆكەیەى لاهوتیەتە ئازاد بووم و هەموو شتێك دەگەڕێنمەوە بۆ عەقڵم . خوێندكارە كچەكە بەر پەرچى دەداتەوە: ـ بەڵام عەقڵت هێشتا نێرانەیە ، داگیر كردنەكانیشت ژنانەیە ؟ . لە پۆلدا پێكەنینێكى نزم دەبینى ، ڕوخسارى خوێندكارە كوڕەكە سوور هەڵدەگەڕێت و بە بێ دەنگى دادەنیشێت و تا دوا هەست . بەتەواوى ئازادى دیالكتیك و گفتوگۆ لە بارە ، پتر لە من قسە دەكەن ((ڕێگایەكى باشترە بۆ پەروەردە)) تێدەكۆشم بۆ وروژاندنى خەیاڵیان بە پرسیارێك : ـ ئایا سەرمایەدارى باوكایەتى لە پاشەڕۆژدا لە ناو دەچێت وەكو دایناسۆرەكان ؟ دنیا چۆن دەبێت بە بێ ئایین ؟
نوال السعداوى ــ الحوار المتمدن ـــ ژمارە((4107)) لە 29/ 5/ 2013
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست