دەستور دەبێت مەرجى پاراستنى ماف و ئازادیەكانى هاو نیشتمانیان بێت
Tuesday, 04/06/2013, 12:00
دەستوور یەكێكە لەو گرێبەستە كۆمەڵایەتیە گرنگەى كە كۆمەڵگا لە سەرى ڕێك دەكەون بكرێتە سەرچاوەى یاساكان بۆ دامەزراوەى دادوەرى وەكو دەسەڵاتى سَیهەم ، دەستور دایكى یاساكانە بۆ گڵاڵە كردنى یاساكان و هەڵسوڕان و ڕایى كردنى كاروبارە یاسایەكانى ڕۆژانەى تاك و كۆمەڵگا . پرسى دەستوور وەكو پرۆتۆكۆڵێكى نووسراو فاكتەرێكى گرنگە بۆ پاراستنى ئارامى و ئاسایشى كۆمەڵایەتى و پێكەوە ژیان لە وڵات و پانتایەكى جوگرافى دیاریكراودا ، هاو نیشتمانیان و هێزە كۆمەڵایەتەكان لە ناكۆكى و پەشێوى و شەڕوشۆڕ دوور دەخاتەوە و ، ئەوەش بە مەرجێك بەندو خاڵەكانى ئەو دەستوورە لە سەر بنامەیەكى زانستى و لە ڕێى پسپۆران و شارەزایانى بوارى یاسایى داڕێژرابێت ، نەبوونى دەستوور دەبێتە فاكتەرێك كە دەسەڵاتدارەكان هەمیشە هەڵبژاردنەكان لە وادەو كاتى خۆیدا دوا بخەن بە بەهانەى جۆراو جۆرەوە ، پێویستە هاونیشتمانان ئاشنا بن بە بەندو خاڵەكانى ئەو دەستووەرو ڕاى گشتیش كۆك بێت لە سەرى . هەندێك جاریش ڕەنگە دەستوورو بەندەكانى دەستوور ببێتە سەرچاوەى نەهامەتى و ستەمكارى و چەوساندنەوەو سەپاندنى دەسەڵاتێكى سەرتاپاگیرو دكداتۆر بە سەر كۆمەڵگادا ، ئەویش لە دۆخێكدا گەر لە لایەن تەنها هێزو چینێكى دیاریكراوەوە ، یان گروپێكى سیاسى دیاریكراوى كۆمەڵگاوە بۆ بەرژەوەندى دەسەڵاتى خۆیان بەندەكانى داڕێژن . دەسەڵاتدارانى كوردستان ئەو كاتەى كە پرۆژەى دەستوریان خستە بەر دەستى هاو نیشتمانیان لە لایەن یاسا ناسان و پسپۆران و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامە نووسان و سیاسەتمەدارانەوە . هەڵسەنگاندنى پێویست و شرۆڤەى زۆرى بۆ كراو بەندو خاڵە لاوازەكانى زۆر بە ووردى تاوتوێ كراو، بەندەش ئەو كات یەكێك بووم لەوانەى كە نوسینێكم لە مەڕ سەرچاوەى ئەو دەستورەو خاڵە لاوازەكانى و ئەو بەندە نا پێویستانەش كە دەسەڵاتێكى ڕەهاى لێ بەرهەم دەهێندرێت نوسى ، ئەو بەندانەشى كە ڕەهەندى نەگەتیڤى هەبوو ، هەروەها دەسەڵاتى ڕەهاى دەبەخشیە سەرۆكى هەرێم بەیان كراو ، دیسان لایەنى پەیوەندیداریان لە مەترسى هەڵێنجاندنى سیستەمێكى سیاسى دكداتۆر لەو دەستورە ئاگادار كردەوەو، دواجاریش لە گەڵ هاونیشتمانیانى كوردستان داوا كرا ئەو دەستورە بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و هەموار بكرێتەوە ، بەڵام بە داخەوە وڵامى داواكاریەكانى جڤاتى كوردستان و ڕاى گشتى نەدرایەوە ، تا نزیك بوونەوەى وادەو پرسى هەڵبژرادن لە هەرێم . ئەگەر بە ووردى سرنجێك بدەینە خەبات و قوربانیدانى خەڵكى كوردستان لە پێناوى ئازادى و دیمۆكراسى ، گەشە كردنى ئاستى هۆشیارى و ڕۆشنبیرى و، هەروەها پێشكەوتنى خەڵكى كوردستان لە هەموو بوارە جیا جیاكانى ژیانى كۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابوورى پێشكەوتنى بەرچاوى گەورەى بە خۆوە بینیوە . خەڵكى كوردستان پێویستى بە دستورێكە كە لە ئاستى ئەو پێشكەوتنانە بێت و ئازادى و حورمەتى مرۆڤى تێدا پارێزراو بێت . گەر دەسەڵاتدارانى كوردستان جڤاتى كوردستان بچوێنن بە گەلانى ێۆمال و سودان ئەوە دووبارە خولانەوەیە لە نێو ئەو بازنە بەر تەسك و نا عەقڵانیەى كە گوزارشت لەتێگەیشنێكى فیوداڵانە دەكات ، هەروەها سەر چاوەى ئەو ناعەقڵانیەش جگە لە كورتە نەفەسى و قەبوڵ نەكردنى ئازادى و قەزەمى لە سیاسەتداو شەوارە بوون لە ناسینى هۆشیارى و مۆدێرزاسیۆنى جڤاكى كوردستان هیچ ناگەیەنێت ، گەر دۆخى سیاسى و كۆمەڵایەتى گەلى كوردستان بەو چەشنە بخوێننەوە هەڵەیەكى مێژوویى و لۆژیكى دەكەن . سەر بارى ئەوەى بەر پرس و دەسەڵاتدارانى كوردستان لە سەرەتاى تێپەڕاندنى پرۆژەى دەستور لە لایەن پەرمانى ماوە بە سەر چووى ئەوكات تا ئێستاشى لە گەلدا بێت قسەیان نەبووە لە سەرى ، لە پڕێكدا لە لایەن سەرۆكى هەرێمەوە كە خۆى سەرۆكى پارتى دیمۆكراتى كوردستانە و لە بۆنەیەكى حزبى و بە هەڵچوون و حەماسەتەوە ، پەیامێك دەدات دژ بە گەڕانەوەى دەستوور بۆ پەرلەمان و داوا دەكات بخرێتە ڕاپرسیەوە، ئەمە لە دۆخێكدا زۆربەى جەماوەرى كوردستان و هەموو هێزە سیاسیەكانى كوردستان بە یەكێتى نیشتمانى كوردستانیشەوە كە هاو پەیمانى ستراتیژی پارتیە داوا دەكات دەستور بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان . ئامانجى سەرۆكى هەرێم بریتیە لە سەپاندنى دەستور بەو بەندو خاڵایانەى ئێستایەوە بۆ ئەوەى بوارى بۆ بڕەخسێت خۆى كاندید بكاتەوە بۆ جارى سێهەم و ببێتەوە بە سەرۆكى هەرێم . بەڵام ئەوەى بیر چووە لە ماوەى دەسەلاتى سەرۆكى هەرێمدا ئەو ستەمكارى و نا دادوەریەى كە بە ڕێوە چووە مەگەر لە دەسەڵاتە دسپوتیزم و تۆتالیتارەكان وێنەى هەبوو بێت . ئەگەر سەرۆكى هەرێم تۆزێك بڕواى بە مافى ئینسان و دیمۆكراسى هەبوایەت ، لە پاش چاو دەر هێنانى ئەو نەخۆشانەى كە بە هەڵە دەرزى ئێكس پایەرو كوشندەیان لێ درا دەبوایە دەستى لە كار بكێشایەتەوە . تەنانەت یەك قسەیشى نەكرد لە سەر ئەو كەسانەى كە بینایان لە دەستدا ، ئەمە جگە لە لۆژیكى بێ بەها كردنى مافى ئینسان و بێ دەربەسى دەبێت چى بێت . هەر لە سەر دەمى دەسەڵاتى سەرۆكى هەرێم یاساى ئاسایشى نیشتمانى تێپەڕێندراو یاساى ئەنجومەنى ئاسایشى نیشتمانى لێ پێك هێنراو دەسەڵاتێكى فرەوان و بوودجەیەكى یەكجار زۆر بەخشرایە ئەو دامەزراوە هەواڵگریەو كوڕەكەى خۆشى كردە بەر پرسى یەكەمى كە نموونەى لە هیچ سیستەمێكى سیاسى دیمۆكراسیدا نییە ، مەگەر لە دەسەڵاتە دكداتۆرو ستەمكارەكاندا لەو چەشنە دامەزراوەیە هەبیت . ئەمانەو دەیان نموونەى دیكەش كە هەنگاو گەلێكى نا دیمۆكراسى بوون پێویست بە دووبارە كردنەوەى ناكات چونكە جڤاتى كوردستان پێى ئاشنان . ئاشكرایە خواست و ئامانجى سەرۆكى هەرێم لە ڕێى ئەو پرۆژە ەستورەوە كە هەندێك لە بەندەكانى دەسەڵاتێكى ڕەها دەبەخشێتە سەرۆكى هەرێم دەخوازێت دەسەڵاتێكى سیاسى بنەماڵەیى سەرتاپاگیرى ئۆرۆستۆكراتى لە سەر فۆرمى سیستەمى سیاسى لە سعودیە كە دەستیان گردووە بە سەر سامانى نەوتى نیشتماندا پێك بێنێت . گەر بێت و ئەو پرۆژە دەستوورە نەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و هەموار نەكرێتەوەو دەست كارى هەندێك لە بەندو خاڵەكانى نەكرێت مەترسیەكى گەورە لە سەر ماف و ئازادیەكانى خەڵكى كوردستان دروست دەكات ، دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین لە دۆخێكى لەو چەشنەدا تەنها ئیرادەى هێزێكى سیاسى لە كوردستان باڵا دەست دەبێت و ، وە لە نێو ئەو هێزەشدا كە پارتی دیمۆكراتى كوردستانە ئیرادەى مەكتەبى سیاسى ئەو حزبە خۆى دەسەپێنێت و ، دواجاریش ئیرادەى خێڵێك لە نێو مەكتەبى سیاسى ئەو حزبەو ، وە لە نێو ئەو خێڵەش ئیرادەى تاكە كەسێك خۆى دەسەپێنێت و دەبێتە كەسایەتیەكى دكداتۆرو سیستەمێكى سیاسى تۆتالیتار دا دەمەزرێنێت . ئەو كات نەك نەوەكانى ئێستا بگرە ئەو نەوانەش پاش ئێمە دێن دەبێت باجى ستەمكارى ئەوسیستەمە سیاسیە بدەن كە هیچ بەهاو ئازادیەك بۆ ئینسان ناهێڵێتەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست