کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە 8 مارسدا ستەمكارى كۆمەڵایەتى دژ بە ژنان بەردەوامە!

Monday, 11/03/2013, 12:00







ئەوەى كە من زۆربەى كات دەیبینم و سرنجى دەدەمێ لەو ماوە دورو درێژەى دەسەڵاتى سیاسى لە كوردستان زۆربەى سیاسیەكان و كەسایەتیەكان و بەرپرسەكان كە باس لە ئازادى و مافەكانى ژن دەكرێت یەكسەر ڕستەیەكى باو هەیە لە زۆربەى بۆنەكاندا دووپاتى دەكەنەوە بە جۆرێك دەوترێتەوە ئەو ڕستەیە وەكو پەندێكى لێهاتووە ، هەمیشە پرسى ژنان و مافەكانى هاتە سەر مێزى بابەتى قسە كردن یەكسەر دەڵێن ((ژنان نیوەى كۆمەڵن)) .
 بەڵام ئیتر ئایا تا چ ڕادەیەك كۆك و هاوڕان لە گەڵ بە دیهێنانى ماف و ئازادیەكانى ژنان و بەهرەمەند بوون لەو مافانە بە هاوتاى پیاوان لە كۆمەڵگاى كوردستاندا ، كاتێك ئەوان دەدوێنیت یەكسەر ڕاستیەكانت بۆت ڕوون دەبێتەوە ؟؟ كە كەوتیتە دیالۆك و مشتومڕ كردن لە گەڵ ئەو كەسایەتیانە سەبارەت بە پرسى ژنان یەكسەر ئەو تێزەمان بۆ ئاشكرا دەبێت كە گوفتارو ڕەفتاریان بە قەد ئاسمان و ڕێسمان لە یەكەوە دوورە !! هەوڵدەدەن كەڵكەڵەى ئەنگیزەى پیاو سالارى خۆیان لە ڕێى بەهانەى كۆنسەرفاتیزمانەوە بسەپێنن و ئەو باوەڕە لە لاى مرۆڤ جێگیركەن كە هۆشیارى كۆمەڵگاى ئێمە لە ئاستى هۆشیارى كۆمەڵگا پێشكەوتوەكاندا نییە تا ژنان بەو مافانە شاد بێت !! یان دەڵێن كۆمەڵگاى ئێمە كۆمەڵگایەكى ئایینیە !! بیریان چووە ئایین كارێكى تایبەتى تاكەكانەو ئۆرپاش زۆر لە ئێمە ئایینى ترن و هەروەها ئایین بۆى نییە دەست بخاتە نێو ماف و ئازادیەكانى ژنانەوە ! یان دەڵێن هێشتا نەگەیوشینەتە قۆناغێكى دیمۆكراسى گرنگ تا ژنان مافەكانى بە تەواوى بە دەست بێنێت . هەندێك جاریش وەكو مەكرەمەیەكى سیاسى خۆیان دەیدەنەوە بە ڕوى ژناندا!! دەڵێن ژنانى ئێمە بە براورد لە گەڵ ژنانى دەرو دراوسێكانمان هەنگاوێكى گەورەیان بڕیوە لە بە دەست هێنانى ماف و ئازادیەكانى . بەڵام ئەوەیان بیر چووە ئەگەر ژنان هەنگاوێك ڕۆیشت بێتە پێشەوە مەكرەمەى ئەوانى پیاوسالارى نییە ، بەڵكو فشارى خەبات و ماندوو بوونى نەپساوەى بزووتنەوەى ژنان و فمینیزم و كەسایەتیە ئازادى خوازەكانى كۆمەڵگاكەمانە لە كوردستاندا كە ساڵەهاى ساڵە كۆششى بۆ دەكەن . لە گەڵ ئەوانەشدا شەرمەزاریەكى گەورەو نەنگیە!! ئەگەر ژنانى كوردستان براورد بكرێت لە گەڵ ژنانى ((ئێران و عێراق و سوریا)) چونكە لەو وڵاتانە لە ژێر هەژموونى یاساى ئایینیدا ژنان وەكو كاڵا مامەڵەى لە گەڵدا دەكرێت و ، دۆخى كۆمەڵایەتى ژنان لەو وڵاتانە گەڕاوەتەوە بۆ سەردەمى سەدەكانى ناوەڕاست كە ژن وەكو ((كەنیزەك)) سرنجى دەدرێتێ و لە هەموو بوارە جیاجیانى ژیاندا خراوەتە پەراوێزەوە . دەبێت ئەو لۆژیكەش بزانین پێشكەوتنى هەر كۆمەڵگایەك بەندە بە پێشكەوتنى ژنان و بەهرەمەند بوونیان لە ماف و ئازادیەكانى لە هەموو بوارە جیاجیاكانى ژیانى سیاسى و ئیدارى هۆشیارى و ڕۆشنبیرى و ئابوورى و .....هتد .
ئێمە ڕۆژانە لە میدیاكانەوە دەبینین ژنان ستەمێكى كۆمەڵایەتى لە ڕادەبەدەرى لێدەكرێت و بە دەیان و بگرە بە سەدان هەواڵ و داتا سەبارەت بە خۆكوشتن و سوتاندن و ستەمكارى دژ بە ژنان بڵاو دەكرێتەوە ، تا ئێستا نەتوانراوە ئەو یاسایانە بگۆڕدریت كە ژنان وەكو هاوڵاتى پلە دوو لە دادگاو دامەزراوەى دادوەرى مامەڵەى لە گەڵدا دەكرێت ، چونكە یاساكان ئاوێتەن بە تێكستى ئایینى . تا ئێستا نەتوانراوە یاسایەكى سیكۆلارانە بۆ پاراستنى مافەكانى ژنان پیادە بكرێت و ئەو كەسانەى ستەمكارى دژ بە ژنان دەكەن بە توند ترین شێوە سزا بدرێت . تا ئێستا بە شێوەیەكى ڕاستەقینە بوار بۆ ژنان نەڕەخساوە لە دامودەزگا هەستیاریەكانى ئیدارى و دادوەرى دەست بەكار بن . ئەوەیشى كرابێت تەنها پەیامى حزب و ئامۆژگاریەكانى عەقڵى سیاسیەكانى پیاو سالارى پیادە دەكات ، وەكو ژنێك ناجوڵێت لە ئەركەكانیدا ! بەڵكو كوپى ڕەفتارو پەیامى پیاوانە دەنەخشێنێت . كەواتە تا ئێستا ستەمكارى كۆمەڵایەتى دژ بە ژنان بە ڕێوە دەڕوات و ، كە لە عەقڵێكى پتریاركى نێر سالارانەوە سەرچاوە دەگرێت ، ئەو ڕستەیەش بە درۆ دەخاتەوە كە هەمیشە بۆتە شعرى سەر زارەكى هەندێك سیاسى و كەسایەتى بەرپرسى وڵات و بە بەردەوامى دەیڵێنەوە ((ژنان نیوەى كۆمەڵن)) لە ڕاستیدا ئەم تێزەیان وەكو بوونەوەرێكى بەرهەمهێنەر پێ قبووڵە ، بەڵام كە بێنە سەر ماف و ئازادیەكانیان كۆنسەرفاتیسمانە مامەڵەى لە گەڵدا دەكەن و دەیان بەهانەى بۆ دێننەوە !!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە