تێۆرزە كردنى ((ئەخلاق)) لاى ئەفلاتون
Tuesday, 06/08/2013, 12:00
پێش ئەوەى بڕۆمە سەر شرۆڤەى ((تێۆرى ئەخلاق)) لاى ئەفلاتون حەز ئەكەم پێناسەیەكى فەلسەفەى تێۆرى ئەخلاق بكەم ، ئەوجا دەچمە سەر بیردۆزەى ئەخلاق لاى ئەفلاتون چونكە پتر لە بەر پەرچدانەوەى بۆچوونەكانى سفستایەكان تیۆرزەى ئاكار دەكات ... تیۆرى ئاكار ((ئەخلاق)) لقێكى زۆر گرنگە لە فەلسەفەدا چونكە پشكنین و بەدواداچوون دەكات بۆ ڕەفتارو هەڵس و كەوت و شێوازى مامەڵە كردنى مرۆڤ لە گەڵ ئەو بەهایانەى كە بە پێى لێكدانەوە و تێگەیشتنى كۆمەڵگا پۆزەتیڤ و پەسەندە ، دیسان جێوازیەكانى ((چاكەو خراپە)) ى ڕەوشتى مرۆڤ دەپێوێت، ئاكار بەرئەنجامى هەڵس و كەوت و ڕەفتارى مرۆڤە بەپێى ئەو بەهایانەى كە كۆمەڵگا بۆ مرۆڤ دیارى دەكات . ئەو بەهایانەش بە درێژایى مێژوو كۆمەڵگا و تاك لە ڕێگاى پەیوەندى و هاو نشین بوون و چالاكى كردارى هاوبەش لە بێشكەوە تا مردن بە دەستیان هێناوە ، كە بریتیە لە كۆمەڵە پرێنسپێكى كۆمەڵایەتى كە تاكەكان لە سەرى ڕێك كەوتوون و بووەتە كولتورو داب و نەریت و دەبێت مرۆڤ پابەند بێت پێیەوە و ناوى نراوە((ئەخلاق)) ، گەر مرۆڤ پێچەوانەى ئەو بەهایانە ڕەفتارو هەلسوكەوت بكات بە لاى كۆمەڵگاوە دەر چوونە لە ((ئەخلاق)) بە كردارى نائەخلاقى ناو دەبرێت ..هەروەها مەعریفەى چاكەخوازى ئەخلاق ئاراستەیەكە بۆ فەزیلەت و چاكەش دەكریتە سێ بەشەوە : ــ
1 ــ ئەو شتەى كە تەنها بۆ خۆمەو ، نەك بۆ كەسانێكى تر واتە ((چاكەى ڕەها)) 2 ـــ ئەو شتەى كە بۆ خۆم دەوێت و بۆ ئەانیتریش وەكو ((چاكەى زانست)) 3 ــ ئەو شتەى كە دەمەوێت بۆ ئەوانى تر و نامەوێت بۆ خۆم وەكو ((تاڵى دەرمان)) بۆ چاك كردنەوەى نەخۆش ، چونكە ئەگەر مرۆڤ نەخۆش نەبێت دەرمانى تاڵ نانۆشێت .. بابەتى تیۆرەى ئاكار ((ئەخلاق)) فەزیلەت گەلێكى گرنگ دەگرێتەوە كە بریتین لە ((فەزیلەتى تیۆرى ، فەزیلەتى هزرى ، فەزیلەتى ئەخلاقى ، فەزیلەتى كار)) 1 ــ فەزیلەتى تیۆرى داواكارى زانینى باوەڕە سەرەتایەكانە بۆ زانینى شتەكان 2 ــ فەزیلەتى هزرى بریتیە لە زانینى زانستەكانى سیاسەت و ئابوورى و ئەو چالاكیە فكریەكانى دیكەش 3 ـ فەزیلەتى ئاكار ((ئەخلاق)) توێژینەوە لە مەڕ هەلسوكەوتى ئەخلاقى مرۆڤ دەكات 4 ــ فەزیلەتى كاریش فێر بوونى هونەرە كرداریە ناسراوەكانە ...... ئەمە تەنها دەروازەو پێناسەیكى كورت بوو بۆ ئەوە ى كار ئاسانیمان بۆ بكات بە ئاشنا بوون و تێگەیشتن لە تێۆرى ئەخلاق لاى ئەفلاتون و چۆنیەتى پێناسە كردنى بۆ ئەو چەمكە مەعنەویە كە ناوى ((ئەخلاقە)) ..
تێورزە كردنى ((ئەخلاق)) لاى ئەفلاتون خۆى لە بەرپەرچدانەوەو ڕەخنەگردنى بۆچوونەكانى سفستایەكان دەبینێتەوە .چونكە سفستایەكان پێیانوابوو ڕەوشت دەگۆڕێت بە گۆڕینى كات و بارودۆخ و سەر بە هیچ سەرچاوەیەكى ((خودایى)) الاهى نییە ، بەڵكو سەرچاوەكەشى بریتیە لە پەیمان و رێك كەوتنى نێوان خەڵك لە سەر بابەت گەلێكى مەعنەوى . دواجاریش ئەم ڕستەیە فۆرمەڵە كراوە بۆ لایەنى ((ئەخلاق)) و ئەم گوتەیەى لێ هەڵهێنجراوە ، ((ماف بۆ بە هێزەكانەو ، ژیانیش بە پێى سروشتە ، نەك بە پێى نەریت)) . چێژو چاكە یەك شتە لە لاى سفستایەكان .. بە دواداچوون و خولیاو داواكارى چاكە لە پێناوى چێژدایە ، نەك چێژ لە پێناوى چاكەدا . كەواتە ئەو كارەى چێژمان پێ دەبەخشێت چاكەیە ، بەڵام ئەوكارانەى ئازارمان پێ دەگەیەنێت كارگەلێكى خراپ و بەدە ،یان بە واتایەكى تر ژیان بە بێ چێژ لە ناوەڕۆكدا واتاى مردن دەگەیەنێت ، دیارە ئەوەش ڕوونە هەرگیز مردوەكان و بەردەكان بوونەوەرگەلێكى شادومان نیین . سفستایەكان بوونى جێوازى نێوان چێژى چاك و چێژى خراپیان ڕەفز كردووە ، لە بەر ئەوەى ئەوان پێیانوابووە هەر شتێك پێداویستى و ئارەزووەكانمانى تێر كرد باش و چاكەیە ..((ئەوەى دەیەوێت ژیانى خۆى بە پوختى بگوزرێنێت پێویستە جڵەوى ئارەزوەكانى بەرەڵاو ئازاد بكات ، پێویستە چالاكى و ئازایەتى بنوێنێت بۆ ڕازیكردنى ئارەزووەكانى . ئەوە ترۆپكى هێزە و ، هەروەها ئەوەش دادوەرى و ستاتیكاى سروشتە)) ، كەواتە ناكرێت و نابێت كەڵكەڵەى غەریزەكان لە لاى مرۆڤى پێگەیشتوو بچەپێنرێت بەو چەشنەى داب و نەریت داواى دەكات .. ئەمەیە پووختەى بۆچوونى سفستایەكان سەبارەت بە كەڵكەڵەى سروشت و داواكاریەكانى ناخى ئەو بوونەوەرەى كە پێى دەڵێن مرۆڤ . بەڵام ئەفلاتون پێچەوانەى ئەوان تێورزەى دەكات و دژیان دەوەستێت .ئەو بەرپەرچدانەوەیە دەكرێت نێوى چەمكى تیورزەى ((ئەخلاقیەت)) لێ بنێین لاى ئەفلاتون : ـ سەبارەت بە چەمكى چێژو سروشت و خۆشبەختى ژیان لە لاى ئەفلاتون هۆكار گەلێكە كە ئەنجامى گەندەڵى لێكەوتوەتەوە ، دیمۆكراسى هەڵگرى ئەم چەمكە قێزەونانەیە و هێناویەتى بۆ نێو كۆمەڵگاى ئەسینا و هەموو شتێكى شێواندووە ، پێویستە ئەم چەمكە قێزەونانە لە ژیان و عەقڵى مرۆڤەكانى دەرپەڕێنین ، بگەڕێینەوە بۆ چەمكە ڕاستە قینەكان و ئایدیاى ئەخلاقیەتى ڕەها ، پێویستە ژیانى تاكەكان و دەوڵەت لە سەر بنەماى ئەم ئایدیاو چەمكانە ڕێكبخرێت . ئەمە تیۆرزە كردنەكەى ئەفلاتونە ، سروشتى دادوەرى سفستایەكان ڕەد دەكاتەوە و ،،، پێوایە یاساكان ژمارەیەكى گەورەتر دروست دەكەن ، بە هێزەكان ژمارە گەورەكانە ، بەو مانایەى یاسا بە هێزەكانى دروست كردووە ، كەواتە بە هێزەكان چاكترن ، كەواتە یاسا چاكترە . یاسا پێیوایە دادوەرى و یەكسانى پێچەوانەى بۆچوونەكانى سروشتى دادوەرى سفستایەكانە كە بانگەشەیان بۆ دەكرت، دەبێت ئەوشتەشمان بیر نەچێت ئەفلاتون خۆى لە قەرەى یەكسانى نادات ، چونكە خۆى كەسێكى ئلیدۆلۆژیست و سەر بە چینى ئۆرۆستۆكراتەو زۆر ڕقى لە دیمۆكراسى بووە ،،ئەفلاتون بەرپەرچى ئەو بۆچوونانەى سفستایەكان دەداتەوە كە دەڵێن خۆشبەختى ژیان وا دەكات چێژ دەبێتە تاكە ئامانجى ژیانى مرۆڤ . ئەفلاتون پێیوایە ژیانى مام ناوەندى حەكیمانەو ڕێكخراو ترەو مرۆڤ دەتوانێت تێیدا بژێت ، نەك ژیانى توندڕەوانەى ڕوتكراوە !!!. داواكارى چێژ بۆ چاكەیە و ناكرێت هەردووكیان یەك شت بن ، چێژو ئازار لە یەك چركەساتدا هەردووكیان هەن لەو كاتەى تینویەك ئاو دەخواتەوە ، پیاو لە چركە ساتێكدا تینویەتى وەك ئازار نامێنێت و چێژى خواردنەوەش كۆتایى دێت ،، ناكرێت مرۆڤ لە یەك كاتدا شادمان و ناڕەحەت بێت ، ئەگەر چێژ چاكە بێت و ئازاریش خراپە ، مرۆڤ لە چركە ساتێكدا لە چاكەو خراپە دا دەبڕێت ، ئەمەش كارى نەكردەیە !!. لەو ڕوانگەوە ئەفلاتون دەكاتە دەرئەنجامێكى تیۆرى ئاكار كە بریتیە لە ((چێژ شادمانى نییە و ، ئازاریش خراپە نییە ، وە لەوشدا جێوازن كە چەندەیان چاكەى تێدا بێت)) . چاكەخوازەكان و شەڕخوازەكان بەردەوام تا ڕادەیەك بە پلەى یەكسانى ئازاریان پێدەگات ، بەڵام نەك بە پلەى یەكسانى لە خەیرو شەڕدا . هەندێك ئاراستە چاكەیەو هەندێكیش خراپە ، ئاراستەى چاكە سوودمەندەو ، ئاراستەى ئازاریش خراپەكار ، ئاراستەى سوودمەند چاكە دروست دەكات ، ئاراستەى ئازاریش خراپە دروست دەكات . چێژیش وەكو ئەو شتەكانى دیكە ، بەوە دەپێورێت تا چەندە بەشدارى لە چاكەدا دەكات و داواكارى لەو پێناوە لە سەرە . كەواتە بە لاى ئەفلاتونەوە تیۆرى ئەخلاق لاى سفستایەكان و تێگەیشتنیان بۆ ئاكار قێزەون و دوو ڕووییە جێوازى لە نێوان چێژى چاكەو خراپە ناكات . تەنها ئامانجى چێژەو بێ ئەوەى چاكەو خراپە لێكبداتەوە . كەواتە تێورزە كردنى ئەفلاتون بۆ ئاكار بریتیە لەوەى كە دەڵێت :ـ ((من جەخت لە سەر ئەوە دەكەمەوە بۆ ئەوانەى كەوا ژیانێكى بەختەوەریان دەوێت ، پێویستە لە سەریان ئارام بن و زۆر بە زووى بە هەموو توانایەكیەوە لە توند ڕەوى هەڵبێن بە هەردوو پایانەوە ، ئەمە ئەو ئامانجەیە كە مرۆڤەكان دەكاتە برا ، پێویستە هەموو تواناكان و، تواناكانى دەوڵەتیش بخرێتە گەڕ لەو پێناوەدا ، ئارام گرتن بەشێكە لە دادوەرى و لە هەمان كاتیشدا شادمانیە ، ناكرێت ئارزووەكان بەرەڵا بكرێت كە هەرگیز تێر نابێت و مرۆڤیش دەخاتە دۆخێكەوە كە ژیانى وەكو دزى لێدێت ، ئەم ئایدیاڵە هەرگیز نابێتە هاوڕێى مرۆڤ و خودا ، چونكە تواناى بەشدارى نییەو تواناى هاوڕێیەتى نییە)) فەزیلەتى ژیان بریتى نییە لە ژیانێكى چێژ بەخش كە خاڵى بێت لە حیكمەت ، یان ژیانێكى حیكمەت خاڵى بێت لە چێژ ، بەڵكو ژیان تێكەڵاوییەكە لە هەردووكیان ، یان بەمانایەكى تر ژیانى چێژو عەقڵ و حیكمەت . دەبیت دەروونى مرۆڤ ڕێكخرێت چونكە دەروونى ڕێكخراو هەرگیز براورد ناكرێت لە گەڵ دەروونێك كە سیستەم ناناسێت . ئەفلاتون پێیوایە چەپاندنى هەڵپەو كەڵكەڵەى ئارەزووەكانى دەروون خەیرترە لە پەڕگیرى و لە دەستدانى بەرزەفتى(چبگ) ، هەروەها دەروونێكى ڕێكخراو و چاكەخواز پاكە لە بەرامبەر خوداو ، دیسان دادوەریشە لە بەرامبەر خەڵك . ئەگەر بە ووردى بیرو ڕاكانى سفستایەكان تاوتوێ بكەین ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە بیر كردنەوەى ئەوان زیاتر كراوەو لەبار بووە بۆ گۆڕانكارى و وەرگردنى كایەى نوێ لە بوارە جیا جیاكانى ژیان و سیاسەت و بیرى نوێ ، بە هیچ شێوەیەك بەها كۆمەلایەتیەكانیان بە لاوە پیرۆزو گرنگ نەبووە زیاتر خولیاى پاكتاو كردنى ترادیسیۆن بوون ، پتر سەرقاڵى مەعریفەو خۆشى ژیان بوون و بۆیە گەنجانى ئەو كات پێیان سەرسام بوون و هزرى ئەوانیان بە هەند وەر دەگرد ، سفستایەكان زیاتر لە سیستەمى دیموكراسیەوە نزیك بوون تا ئۆرۆستۆكراتیەت، بۆیە ئەوان جێى مەترسى دەسەڵاتى ئۆرۆستۆكراتى ئەو كات بوون . سوڕانەوەى بیرۆكەى ئەفلاتون لە چوار چێوەى (ئەخلاق) و نرخاندنى نەریت و بەها كۆمەڵایەتیەكان مەبەستێكى تایبەتى لە پشتەوەیە ، لەمەدا ئەفلاتون ئامانجێكى هۆشیارانەى سیاسى هەیە كە بریتیە لە گەڕانەوەى چینى ئۆرۆستۆكراتى كلاسیك كە ئەو كات لە سەر شانۆى سیاسى ئەسینا سڕا بوونەوە . لەو بڕوایەدا بووە گواستنەوەى كاروبارى دەسەڵات بۆ ئەم چینە گرەوى ڕزگار بوونى كۆمەڵگاكان و نەوەكانى بەشەریەتە لە نەهامەتى و نەخۆشیەكان . تاكە بڕواى ئەفلاتون گەڕاندنەوەى ڕابردووە بە جۆرێك لە جۆرەكان كە ببێتە لەمپەرێك بۆ لە دایك بوونى ئێستا وەكو ئەوەى ڕابردووى ڕاستەقینە كردى . ئەو بنەمایانەى كە دەیكاتە كۆڵەكەو ڕێچكەى سەپاندنى بیرۆكەكانى زۆر لە سیستەمى میسریەوە نزیكە كە لە سەردەمى ئەودا بە رٍێوە دەچوو . چونكە ئەفلاتون زۆر بەوان سەرسام بوو لە نزیكیشەوە زانیارى ژیارى فیرعەونەكان بووەو سەردانیانى كردووە . میسریەكان پتر ئایدۆلۆژیستێكى دوگما بوون و تیدەكۆشان بۆ ئەوەى هیچ گۆڕانكاریەك ڕونەدات لە چوار چێوەى قەڵەمڕەوى دەسەڵاتیان ، بە توندى پاریزگاریان لە داب و نەریتى كۆن دەكرد بە تایبەتى پەروەردەو موسیقاو ڕەقس و گۆرانى . بەڵام ئەسینیاكان بە پێچەوانەوە زۆر تامەزرۆو خولیاى گۆڕان بوون و هەموو بوارێكى ژیانیان نوێ دەكردەوە و ، لە بەرامبەریشدا شتە كۆنەكانیان ڕەفز دەكرد . لەمەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە كۆى فەلسەفەى ئەفلاتونى هەوڵیداوە فەلسەفەى كۆن و زانستەكانى سەردەمەكەى پەراوێز بخات ، بۆ ئەوەى هەژموونى خۆى بسەپێنێت بە سەر گۆڕەپانى مەعریفەدا ،ئەوەش وەكو پێشەكیەك بۆ دەست گردن بە سەر گۆڕەپانى سیاسیشدا . ئەفلاتون ڕووبەڕووى تێكڕاى فەلسەفەو زانستەكان بووەتەوە چونكە بنەماكانى كەرەستەى ئایدۆلۆژى دیمۆكراسى بوون كە پێچەوانەى بیرۆكەى ئەفلاتونە . لەو بڕوایەدا بووە بەر بەرچدانەوەى ئەو بنەمایانە لە ڕووى تیۆریەوە ئەو كەرەستانە نابوت دەكات و ئەڵتەرناتیفى خۆى پێشكەش دەكات و ڕادەگەیەنرێت كە لە ((دادوەرى ڕاستەقینە)) پێكهاتووەو دەخرێتە خزمەتى ئامانجى سیاسیەوە . ئەفلاتون تۆمەتیان دەخاتە پاڵ و دەڵێت سفستایەكان ووتار بێژێكى موزەیەفن ، بانگەشەى حیكمەت دەكەن كە چى پێى نا ئاشنان ..
سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە
ـــــــــــــــــــــــــــــ
1 ـ جمهوریە افلاتون ــ حنا خباز ـ چاپى دووەم 1980 ـ ((بیروت ـ لبنان))
2 ـ الموسوعە الێغیرە ـ سلسلە (155) الفلسفە لكل الناس ـ ((د0 عادل البكرى))
3 ـ الفكرالیونانى (2 ـ افلاتون) ـ ((د0 حسین حرب)) دارالفارابى ـ بیروت 1980
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست