پشتیوانی له‌ که‌مپینی (سه‌رده‌شت عوسمان بۆ ئازادی ڕاده‌ربڕین) له‌ هه‌ولێر

Tuesday, 29/06/2010, 12:00


به‌ڕێزانی که‌مپینی (سه‌رده‌شت عوسمان بۆ ئازادی ڕاده‌ربڕین) له‌ هه‌ولێر
دوای سڵاو ڕێزو ده‌ست خۆشی بۆ ئه‌م کاره‌ گه‌وره‌ و گرنگه‌
ئێمه‌ له‌ (که‌مپینی به‌رگری له‌ ئازادی _ دانیمارک) به‌وپه‌ڕی توانامانه‌وه‌ پشتگیری و پشتیوانی له‌ که‌مپینی (سه‌رده‌شت عوسمان بۆ ئازادی ڕاده‌ربڕین) ده‌که‌ین له‌ هه‌ولێر ، وه‌ پێمانوایه‌ ئه‌م که‌مپینه‌ ده‌توانێت که‌لێنێکی گه‌وره‌ پڕبکاته‌وه‌ له‌ کوردستان بۆ به‌رگری له‌ ئازادی بیروڕاو ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری . ئێمه‌ش پێمانوایه‌ فراونکردنه‌وه‌و سه‌راسه‌ری کردنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌کان ده‌توانێت هێزو ئیراده‌یه‌کی زیندووتر ببه‌خشێته‌ کاره‌کانمان و له‌ پرش و بڵاوی دوورمان بخاته‌وه‌ ، که‌مپینی (سه‌رده‌شت عوسمان بۆ ئازادی ڕاده‌ربڕین) له‌ هه‌ولێر ده‌توانێت نه‌خشێکی گرنگ بگێڕێت بۆ پێکانی ئه‌و ئامانجانه‌ی که‌ به‌رزی کردۆته‌وه‌ . ئێمه‌ پێمانوایه‌ له‌م قۆناغه‌دا زۆر ئه‌رکی گرنگ ده‌که‌وێته‌ سه‌رشانمان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌رگری له‌ ئازادی بیروڕاده‌ربڕین بکه‌ین و ڕێگا نه‌ده‌ین زمانی ڕاستی ووتنمان ببه‌ستن ، کۆبه‌ندی کردنی کاره‌کانی ئه‌م قۆناغه‌مان له‌م سێ خاڵه‌دا ده‌توانێت وه‌ڵامێکی شیاوبێت بۆ به‌رگری له‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین و پاراستنی یه‌کێک له‌ مافه‌ سه‌ره‌تایه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان .
یه‌که‌م : هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی له‌لایه‌ن سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردوستان و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ پێکهێنراوه‌ ، چونکه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ سه‌ربه‌خۆنیه‌و هه‌ر له‌سه‌ره‌تای کاره‌کانیه‌وه‌ نیه‌تی خۆی پیشانی خه‌ڵکی کوردستاندا ، به‌تایبه‌ت ڕونکردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و بانگ کردنی ده‌زگاو بڵاوکراوه‌ ئازاده‌کان وه‌ک (هاوڵاتی ، ئاوێنه‌ ، لڤین ، ستاندار) بۆ لێکۆلینه‌وه‌ ئه‌م ڕاستایانه‌ ده‌سه‌لمێنێت . له‌بری ئه‌م لیژنه‌یه‌ ، لیژنه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ له‌ (ده‌زگاو ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان ، ڕێکخراوه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کان ، پارێزه‌ره‌ خۆبه‌خشه‌کانی که‌یسی سه‌رده‌شت عوسمان ، نوێنه‌ری خێزانی سه‌رده‌شت ، ته‌واوی ڕاگه‌یاندنه‌کان ، ڕۆشنبیر و که‌سایه‌تی سیاسی) پێک بێت، ئه‌م لیژنه‌یه‌ ده‌توانێت که‌یسی تیرۆرکردنی (سه‌رده‌شت عوسمان) به‌ ئامانجی خۆی بگه‌یه‌نێت . دووه‌م : کار کردن بۆ به‌فه‌رمی ناساندنی ئازادی بێقه‌یدوشه‌رتی سیاسی و بیروڕا ده‌ربڕین له‌ کوردستان ، ده‌رهێنانی ئازادی له‌ ژێر ده‌یان ته‌لبه‌ند و هێڵی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ بۆ سنوردار کردن . سێیه‌م : هاوئاهه‌نگ کردنی کاری سه‌رجه‌م که‌مپین و کۆمیته‌کانی ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی کوردستان ، ئه‌رکێکی ته‌واو گرنگ و هه‌ستیاره‌ ، به‌ تایبه‌ت که‌مپینی (بێده‌نگ نابین) و که‌مپینی (سه‌رده‌شت عوسمان بۆ ئازادی ڕاده‌ربڕین) و ته‌واوی چالاکیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات .
ئێمه‌ وه‌ک (وه‌ک که‌مپینی به‌رگری له‌ ئازادی _ دانیمارک) پشتیوانی له‌ کاره‌کانتان ده‌که‌ین و خۆمان به‌ شه‌ریک و ته‌واو که‌ری هه‌وڵه‌کانتان ده‌زانین .
[email protected]
که‌مپینی به‌رگری له‌ ئازادی _ دانیمارک
27/6 2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە