دەسەڵاتی جەلعودی حوكمی هەرێم دەكات
Sunday, 05/08/2012, 12:00
لەفەرهەنگی تێگەیشتن و كاری سیایدا سیستمی ئۆلیگارشی یەكێكە لە بێسەروبەرترین سیستمەكانی حوكمڕانی و مرۆڤ بەدەم ستەم وبەدبەختییەوە دەچەمێنێت ، چونكە ئۆلیگارشی یان دەسەڵاتی ئۆلیگارشی بریتییە لەو دەسەڵاتەی كە بەشێكی كەم لە دەوڵەمەندان و دەستڕۆیشتوان حوكمی وڵات دەگرنەدەست و لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندا بەكاری دەهێنن ، ڕیشەی وشەكە یۆنانییەو (اولیغوس) واتە (كەم) و (ارغو) واتە (دەسەڵات دەكرێتەدەست و فەرمان دەكات) واتە چەند كەسێك یان هەندێكی كەم دەسەڵاتی وڵات بەرێوە دەبەن ، بە بەراورد لەگەڵ دەسەڵاتی كوردستاندا سیستمی ئۆلیگارشی بەو مانایەی سەرەوە ، خراپەی كەمترە لە چاو دەسەڵاتی كوردیدا ، چونكە ئەو سیستمە چەند كەسێك دەگرێتەخۆی كە دەوڵەمەندو دەستڕۆیشتو بوون كە دەسەڵات دەگرنەدەست و دوریش نییە هەریەك لەوكەسانە لەڕوی خزمایەتی و باری كۆمەڵایەتی و كەسییەتیەوە هیچ پەیوەنییەكیان بەیەكترەوە هەبێت ، جیاوازە لەم دەسەڵاتەی كە حوكمی ئەم نیشتیمانە دەكات ، چونكە ئەوانەی لێرە دەسەڵاتی نیشتیمانیان بەدەستە ، خۆیان دەوڵەمەندو دەست ڕۆیشت و نەبوون تا دەسەڵات لە ڕێگەی دەوڵەمەندییەوە بگرنە دەست و بۆخۆیانی بەكار بهێنن ، بەڵكو ئەمان لە هەژارترین چینەكانی ناو كوردەواری و كەسەكانی نیشتیمان بون ، لە هەژارییەوە گەشتنە دەسەڵات و لە پێناوی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندا بەكاری دەهێنن ، هەروەها دەسەڵاتداری ئۆلیگارشی مەرج نییە خزم و كەسی یەكتربن و بە سۆنگەی خزمایەتییەوە بگەنە یەكتری ، بەڵام لە هەرێمی كوردستان دا پیاوان و كوڕان و وەچەی خانەوادەیەكن یا با تۆزێك بازنەكەیان فراوانتر بكەین پیاوان و كوڕان و وەچەی بنەماڵەیەكن و خوێن و گۆشتیان یەكێكە ، هەربۆیە بەرژەوندیشیان زیاتردەبێت ، ئەوكاتە نوكی دەسەڵاتیان تیژتر دەچەقێننە ناو جەستەو فكری یەكاییەكی سەرنشینەكانی ئەم وڵاتە ، بۆیە ئەوی لێرە حوكم دەكات سیستمی (جەلعود) یە كە كورتكراوەی ناوی هەردوو سەرۆك بنەماڵەو خانەوادە (جەلال) و (مەسعود) ە ، لە سیما سەرەكییەكانی سیستمی جەلعودی :
1 ـــ دەسەڵاتی یاسا قۆرخ دەكەن و بەقازانجی خۆیان بەكاری دەهێنن ، یاسادەكەن بەگژ هاوڵاتیانی بێلایەندا ، تەنانەت هەندێك جاریش خۆیان ڕەخنە لە دەسەڵاتی یاسا دەگرن ، بۆنمونە لەدانیشتنی پەرلەمانی دوای وەستانی جەنگی كورد كوژیدا مسعود بارزانی پێی وایە گەر یاسایەكی عادیلانە هەبێت ئێمە بە بێتاوانترین مرۆڤ دەردەچین.
2 ـــ جەلعودی بەتەنگ وڵات و هاوڵاتییەوە نیەو لە هەڵپەی كۆكردنەوەی ساماندایەو سەرانی ژێر ئەو چەمكە لە وڵاتانی پێشكەوتوو دادەنیشن و سەرمایە گوزاری دەكەن
3 ـــ دراوی نیشتمانی پەكدەخەن و دراوەبەهادارەكانی جیهان بەكاردێنن
4 ـــ كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی نیشتیمانی دەمرێنن و هاوردەی دەرەكی لە پێناو بازرگانی كردنی خۆیاندا برەو پێدەدەن
5 ـــ وەك چارەسەری هەموو كێشەكان خۆی دەردەخات و نیشتیمان لە فەراغی ئەودا دەڕمێت
6 ـــ دوسەركردە و دودەسەڵات لە یەك هەرێمدا سیمای تایەتی جەلعودیە
7 ـــ بارەگا حزبیەكان دەكاتە شوێنی بەخشینی پارەو دەزگا بەناو دەوڵەتییەكانی ژێر سایەی جەلعودی بەدەست هەژاریەوە دەناڵێنن
8 ـــ لێ نەپرسینەوە لە پیاوانی ناو دەوڵەت و حیزب دیاردەیەكی باوە
9 ـــ دورست بونی دوچینی ، زۆردەوڵەمەند و جینی ژێر هێڵی هەژاری و بڵاو بونەوەو زۆربونی ڕیكلام سیمایەكی دیكەی دەسەڵاتی جەلعودییە
10 ـــ بڵاوبونەوەی ناڕەزایی ناوهاوڵاتیان و مانەوەی دەسەڵات وەك خۆی پەتای جەلعودیە
11 ـــ ون بونی مافی هاوڵاتی بون
12 ـــ مراندنی كەلتور و هونەر و ئەدەب و شانۆ
13 ـــ دەستبەسەراگرتنی ئەو كەرتانەی كە پێویستی هاوڵاتیانن
14 ـــ نزمبونەوەی ئاستی خوێندەواری و بەرزبونەوەی سیخوڕكاری ناو سەرانی دەسەڵات
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست