پایتەخت و هەڕاج كردن وتیرۆركردنی سەردەشت ڕەبی كچەكەت هەڵبگرن ،بۆپەنی شاران
Saturday, 03/07/2010, 12:00
ساقی بێ ژنت ،گشت شەوێ بۆ مەجلیسی یاران
خۆت وكوڕەكەت توند بكەنە مەحبەسی تاران
تا دەستت نەبێ جارێكی تر ،هەروەكو وجاران
(قانع)
مۆدێلی لەبیربردنەوەی ڕوداو و كارەساتەكان ئەو دەردەكوشندەیە كەلەژێرسایەی دەسەڵاتێكەوە بەرپادەبێت و بڵاو دەبێتەوە كەتادوێنی هاوخوانی ئەومناڵە هەژارانەی ئەو جوتیارو كرێكارانەبون كەڕۆژانە عارەقی شەكەتی بەجەستەیاندا ئاوەچۆڕی ئەكرد ،ئەمڕۆ هەرئەوانە لەسەر خاكی ئەم نیشتیمانە بونەتە گەورەسەرمایەدارو خاوەن كۆمپانیای زەبەلاح و ئەوئاپارتمان و ڤێلایانەی كەبەرەو عەرشی خوابەرزدەبنەوەو ئەوویژدانە مردوەی كە بەرەو زەلكاوەكان دەكشێن ،لەبیربردنەوە لەقاموسی دەسەڵاتداریەتی كوردیدا بەشێوازێك تاقوڵایەكانی دەرونی سەرنشینەكانی ئەم وڵاتە چوەتە خوارەوە بەسەدان نوسین و ئاگاداركردنەوە ئەم دەردە كوشندەیە ڕیشەكێش ناكرێت ،گوێ نەگرتن و وەڵام نەدانەوەی دەسەڵات بۆمافەكانی سەرنشینەكانی ئەم وڵاتە شێوازێكی دیكەیە لەماسۆری مەتەڵەكانی دەسەڵات ،بۆنمونەی ئەم باسە تێرۆر كردنی سەردەشت عوسمان نمونەیەكی دیكەی خۆكەڕكردنی دەسەڵاتە دوای چل ڕۆژلەدۆزینەوەی بكوژانی سەردەشت عوسمان و لەبیر بردنەوەیەتی لای خەڵكی ،ئەوەی لێرەدا وڵات دەخاتە مەترسیەكی سەنگین ،وڵات دەكاتە جێگای دڵەڕاوكێی سەرنشینەكانی و ترسێكی درێژخایەن ئەخولقێنێ ئەوەیە پایتەختی وڵات بوەتە مەزاد خانەیەكی گەورەو پیاوانی دەسەڵات دەڵاڵ باشى ئەو مەزاد خانە گەورەیەن ،ماوەكی زۆر لەمەوبەر لەپایتەخت وڵا ت خرایە مەزادو عەگاڵ لەسەرێكی بەعسی هەمو وڵاتی بەسێ ئەستێرە كڕی و جامانەكیشی بە باقی لێوەرگرتنەوە ،جارێكیش وەچەیەكی پارتڕەگڕەشی بكوژی زەردەشت پێغەمبەر كە لە سوپای توركی عوسمانلی بەجێمابو هێرشكردنێكی بۆسەر خاكی ئەم نیشتیمانە هەر لەپایتەختدابە هیچ و خۆڕایی لێكڕین وبەڵین نامەیشی لەگەڵدا مۆرنەكردن،جارێكش ئەمنی قومی هەراج كراو كڕیاریش نادیارە ،ئێستا لەپایتەخت رَۆژنامەنوس ،نوسەر ،ڕوناكبیر، هەراج دەكرێن بەو شەرتەی لەجێگایەكی دیكەدا خوێنیان بڕێژن چونكە زۆرێك لە دەڵاڵباشیەكان بەبینینی خوێن قەڵس و نیگەران دەبن .
یاران كاتێك پایتەخت بوبە مەزاد خانەیەكی گەورە ودەسەڵاتداریەتی بوبەدەڵاڵباشى فرۆشتن و هەراج كردنی ڕۆحی ئینسانەكان چ ئومێدێكی مرۆڤ دۆستی وخۆشگوزەرانی لەونیشتیمانە دەكەیت ،یاران لێرەوە كە خاترجەمم لەوەی كە خوای باڵادەست هەمو ڕوداوەكان باش باشێ دەبینێ و دەزانێ منیش بەتەلگرافێكی تۆزاوی وكۆن پێی دەڵێم :سەردارو گەورەى جەمیعی مەخلوقات پایتەخت بوەتە موحیتێكی ترسناك تكات لێدەكەم فریامان كەوە وەكو چۆن فریای موسی پێغەمبەر كەوتی .
یاران تاوەڵام وەردەگرینەوە مەڕۆنە پایتەخت چونكە دەڵاڵباشییەكان بازاڕی مەزادیان گەرمە خوا دەزانێ بە چ شێوازێك دەتان پێچنەوەو هەراجتان ئەكەن ،بەڵام ئەگەر گوێتان پێنەداو هەر چوون ئەوا بادەفتەر خدمەی سەربازی عبدالكریم قاسمتان پێبێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست