کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەبرەهەو كەعبە ، گۆڤاری چرپەو خودا

Thursday, 10/05/2012, 12:00



كاتێك لایەنگرانی پارتی لە دەڤەری بادینان بارەگا پڕلە قورئانە كانی یەكگرتوو دەسوتێنن و دەیكەنە قەرەبروت ، یەكگرتوو لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكیەتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان ئەنجام دەدا ، لەوێ دەسوتێنران و لە ژێر دەسەڵاتی یەكییەتییەوە ناڕەزایەتییان دەردەبڕی ، بەڵام ئەمجارە لە دەرەوەی هەرێم سوكایەتی بەخوا و ئاین دەكرێت و لە گۆڤارێكی پاشكۆوە لە هەولێر بڵاو دەكرێتەوە وخۆپیشاندان بەرپا دەكرێت ، ئەمە پرسیارێكی سەنگینەو تائێستا هیچ وەڵامێكی نییە تا هاوڵاتیان لە حیكمەتی ئەم كارە تێبگەن .
ئەو كەسانەی كەلەم سەرزەمینەدا وێڵن و هیچ خزمەتكردنێكیان بەرامبەر مرۆڤایەتی پێناكرێت ناچارن بۆ دۆزینەوەی خۆیان ، كەسیان دەست نەكەوت دەپێچنە خوا و ئاین ، مرۆڤی بەهێز و بێباوەڕی خاوەن ئیرادە ، كاتێك كە ئیمانی بە خودا و هیچ ئاینێك نییە بازنەی كار و فیكری خۆی بەو شتەوە جەنجاڵ ناكات كە باوەڕی پێی نییە ، بەڵكو دەگەڕێت تا لە قوژبنێكی ئەم سەر زەمینەدا گۆشەیەكی فەعال بۆ خزمەتكردنی مرۆڤێك یان گیانەوەرێك یان بستێك ژینگەی ئەم سەرزەمینە بەیدابكات ، مرۆڤی بێئیرادەی شكستخوارد و كە خاڵییە لە هەموو بەهرەیەكی ژیانی ناو كۆمەڵگا و سروشت ، توشی خۆون كردن دەبێت و وەك شێت بەهۆی زەحمەتدانی دەوروبەرەوە دەیەوێت خۆی بدۆزێتەوە ، ئەم كەسە شكستخواردوە پێویستی بەوە هەیە نەخۆشییەكەی دیاری بكرێت و تیماربكرێت نەك دونیای لێبكرێتە چەرمە چۆلەكەو ، حەشاماتێك بە خۆیەوە سەرقاڵ بكات ، دڵنیام گەر بێت و ئەو خۆپیشاندانە لە بەرامبەر گۆڤاری چرپە و بەناو نوسەری بابەتەكە نەكرایە و لە ڕێگای یاساییەوە بوایە كەس نوسەرو گۆڤارەكەشی نەدەناسی ،(دوای ئەم ڕوداوە ناوی گۆڤاری چرپەم بیستووە) ،
نامەوێت پاساو بۆئەوە بهێنمەوە كە هەركەسێك هەركارێك بەرامبەر خواو ئاینەكان دەكات با بیكات ، بەڵام كاتێك ئەبرەهە دێتە سەر كەعبە و دەیەوێت بیڕوخێنێت ، كاردەگاتە ئەوەی ڕێگری بكرێت لە ڕوخاندنی كەعبە ، عبدولموتەلیب پیاوێكی بە هەیبەت و بەویقاری ئەوكاتەیە لەجیاتی بەرگریكردن لە ماڵی خودا دێت و داوای حوشترە گیراوەكانی لە ئەبرەهە دەكاتەوە ، ئەبرەهە پێی دەڵێت وامزانی ڕێگریم لێدەكەی تا كەعبە نەڕوخێنم بەڵام تۆ داوای شتەكانی خۆت دەكەیت ، ئەویش دەڵێت ئەوە ماڵو ملكی منە و داوای دەكەم ، كەعبەش ماڵی خوایە باخۆی دیفاعی لێبكات ، ئەوە بو خوای گەورە بە تەیرە ئەبابیل ئەبرەهە و سوپاكەی خاپوركرد ، قورئانیش كەلامی خوایە و خۆی فەرمویەتی (انا انزلنا الژكر وانا له لحافڤون) ،
خاڵی سەرەكی ئەوەنییە كە بێدەنگ بین لە بەرامبەر سوتاندنی قورئاندا یان سوكایەتی كردن بە ئایینەكان ، بەڵام نابێت ئەوەمان لە بیردا نەبێت كە ئەمە فێڵێكی دیكەی دەسەڵاتە لەم كاتەدا تا شەرمەزارییەكانی خۆی پێ بشارێتەوە ، داخەكەم ئاییندارەكان بەتایبەت موسڵمانەكان چۆن دەبێت مەسەلەیەكی گرنگتریان لەبیر بچێتەوە ، كە كوشتنی مرۆڤێكی بێتاوانە كە خودا دەفەرموێت (ومن یقتل مۆمنا متعمدا فجزاۆه جهنم خالدا فیها وغچب الله علیه ولعنه واعد له عژابا عڤیما) تا ئەو شوێنەی ئاگاداربم خودا بەم شێوەیە بە خەشم نییە لە سەر ئەو كەسانەی كە قورئان دەسوتێنن یان ڕەخنە لە ئایین دەگرن وەك ئەوەی لە مرۆڤ كوژەكان بەخەشمە ، كەچی ئێمە بێدەنگ بێدەنگێك دەكەوینە ناو فێلەكانی دەسەڵات و خوێنی ڕژاوی ڕۆژنامەنوسێكمان لا سارد دەبێتەوە .
هەر كاتێك پیاوەكانی خودا نە توانن دیفاع لە ڕۆحی ئینسانێك بكەن ، نەتوانن دەسەڵات ملكەچی پاراستنی ڕۆحی ئەو ئینسانانە بكەن كە بەردەوام لە گەڵیاندا دەژین ، چۆن دەتوانن ئیمانی ناو ڕۆحی ئینسانەكان دامەزرێنن تا كەسێكی دیكەیان نە توانێت سوكایەتی نەك بە قورئان و ئایین بەڵكو بە بیرو بۆچونی كەسانی دیكەش بكات ، دەسەڵاتی قاچاخ چیەكانی نیشتیمان بەردەوام لە بڵاوكردنەوەی دەهۆڵ كوتەك دایە تا ئێمەی هاوڵاتی ئەو دەهۆڵە بكوتین كە ئەو دەیەوێت ، وە هەركاتێكیش ویستی بەكوڵ بگریەین .



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە