ژیكاڵ مرد و ئێمەش زیندوو

Friday, 11/12/2009, 12:00


لەم مەملەكەتەی ئێمە هیچ شتێك نی یە دەروونمان بهەژێنێ ، تەنانەت مەرگی مرۆڤەكانیش زۆر بە سانایی و وەك بەسەرچوونی وادەی ژەمە نان خواردنێك تێئەپەڕێ بێ ئەوەی بیر لە قورسایی كارەساتەكە و هۆكانی بكەینەوە و بێ ئەوەی وانەیەكی لێوە فێربین بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە ...
چەند ڕۆژێك لەمەو بەر و زۆر بە بێ دەنگی (ژیكاڵ) ی تەمەن (13) ساڵ مرد و پێش ئەوەی لە هیچ مانایەكی ژیان گەشتبێت ژیانی كۆتایی هات و سەفەری یەكجارەیی بەرەو تاریكی گۆڕستان كرد ، جەستەی ناسك و سپی ئەم پەپوولەیە ئێستا لە تەڕ و تووشی گۆڕدا وەك هەر داروپەردوویەكی بێ گیان حەشار دراوە و بكوژەكانیشی زۆر بێ باكانە لەم دنیا ڕووناكەدا سەرمەستی پێكەنین و گاڵتەجاڕین ..
(ژیكاڵ) نە لە گۆڕەپانی شەڕدا و نە بە نەخۆشی كوشندە و نە لەبەر سەرەڕۆیی خۆی كوژرا ، بەڵكو لە شەقامێكی مۆدێرنی هەشت سایدی لە سلێمانی جەستەی لەلایەن كەسێكەوە تێك شكێنرا كە ئەتوانیت ناوی هەموو شتێكی لێ بنێیت مرۆڤ نەبێت ، كاتێك كە (ژیكاڵ) لە قوتابخانەكەی كە ئەكەوێتە ئەوبەری شەقامە مۆدێرنەكەوە ئەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە و ناچار ئەبێت كە بە چەقی شەقامە مۆدێرنەكەدا بپەڕێتەوە كە هیچ جێگەیەكی پەڕینەوەی تایبەتی لێ نی یە ، ئەكەوێت و دووجاریش تەكان ئەداتە خۆی كە هەستێتەوە بەڵام لەبەر گرانی جانتاكەی كۆڵی ناتوانێت و لەو ساتەدا جانەوەرێك كە لە سایەی سیستمێكی لەبەریەك هەڵوەشاودا بەوپەڕی خەم ساردیەوە و بێ ئەوەی مۆڵەتی شۆفێری هەبێت و تیژڕەو وەك ڕۆكێت ئەنیشێتە سەر هەناسەی سواری (ژیكاڵ) و جەستەی گەرمی لەگەڵ ئاسنی ساردی ڕۆكێتەكەی تێكەڵ بەیەك ئەكات.. (ژیكاڵ) لەگەڵ ئەوەی كە خۆی خونچەیەكی نەگەشاوە بوو بەڵام تەنها یارمەتیدەری باپیر و نەنكە پیرەكەشی بوو كە بۆ هەموو ئیش و كارێكیان پشتیان بەم بەستبوو .. لای ئێمە چەند ئاسانە كۆتایی هێنان بە ژیانی مرۆڤێك و لەبەر یەك هەڵوەشاندنی ژیانی چەند مرۆڤێكی تر !!!
ئەوەی بەسەر (ژیكاڵ) هات لە هەموو ساتێك و لەسەر هەر شەقامێكی كۆن یان مۆدێرن و لە هەر كوچەو كۆڵانێكدا ، لە ڕێ ی خۆشمان و جگەرگۆشەكانیشماندایە بۆیە هەقی خۆیەتی بپرسین كە كێ بەرپرسیارە لە مەرگی ژیكاڵەكان ؟ كێن ئەوانەی فەرمانی مەرگیان دەردەكەن؟ كێ ئەدرێت بە دادگا لەبەر كەمتەر خەمی؟ ئایا ئەو جانەوەرە دڕندانەن كە پارەیەكی نا شەرعی خستوونیەتە پشتی سوكانی تازەترین مۆدێلی ئۆتۆمبێلەكانەوە و بەشێوەیەك ڕێ دەكەن وەك ئەوەی شەقامەكان بە تایبەتی بۆ بنەماڵەی ئەوان دروست كرابن ؟ یان ئەو سیستمی هاتووچۆیەیە كە هەموو دڕندەكان ئەتوانن زۆر بێباكانە لەسایەیدا سەرپێچی بكەن و كەسیش نەوێرێت بڵێ بەری چاوتان كلی پێوەیە ؟ ئەو سیستمی پەروەردەیەیە كە ژیكاڵەكان بار ئەكات لە كتێب و دەفتەر بە شێوەیەك كە تووشی هەناسە بڕكێیان بكات و نەتوانن بە ئاسانی ڕێ بكەن؟ یان ئەو حكومەتەیە كە ناتوانێت لەهەموو گەرەِكێكدا قوتابخانە بۆ مناڵەكانی دابین بكات بۆ ئەوەی ناچار نەبن ڕێگەی هات و نەهات بگرنە بەر لە پەڕینەوەی شەقامەكاندا ؟ ئەو دەزگایەیە گە پلان بۆ دروستكردنی شەقامە مۆدێرنەكان دائەنێت بێ ئەوەی بیر لە سەلامەتی ژیانی ئەو كەسانە بكاتەوە كە بەكاری دەهێنن ؟ یان ئەو دەستەی سەرپەرشتیار و كۆمپانیایەیە كە هیچ تێبینیەكیان لا دروست نەبوو و سەرنجیان نەدا ئەم پرۆژەیە ناتەواوە و بیر لە شوێنی پەڕینەوەی تیادا نەكراوەتەوە ؟
بەڵێ ئەمانە هەموویان بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەرپرسیارن لە مەرگی (ژیكاڵ) و ئەبێت هەموویان بدرێنە دادگا و پشكی خۆیان لە سزا وەربگرن ئەگینا ئەم مەملەكەتە ئەبێتە دارستانێك و یاسای دارستان بەڕێوەی ئەبات كە كەس باكی ئەوانەی تری نابێت و هەر كەسەو بۆ خۆی و بە دەستووری خۆی ئەژی...
11/12/2009
سلێمانی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە