کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سه‌رۆک ده‌شڵه‌ژێت ناهێڵیت خوێنی کورد به‌ ده‌ستی کورد برژێت یان چیتان پێ بکرێت بۆ ته‌مێ کردنی ئه‌وانه‌ ده‌یکه‌ن؟! کامیان؟

Friday, 26/02/2010, 12:00


جیاوازی و گرنگی و حونه‌ریی سه‌رۆک له‌گه‌ڵ که‌سانی تردا له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌‌ که‌ له‌ ساتی شڵه‌ژانی بارودۆخی نائاسایی وڵاته‌که‌یدا که‌سایه‌تیه‌کی خۆ راگرترو به‌ حه‌وسه‌ڵه‌ترو سه‌نگین تر بێت و به‌ بیستنی هه‌واڵێک یان رودانی کاره‌ساتێک له‌ که‌سانی تر زیاتر نه‌شڵه‌ژێت و باری ده‌رونی نائارام و ته‌نگه‌تاوتر نه‌بێت، ئه‌مه‌ چ جای ئه‌وه‌ی هێشتا راستی روداوه‌که‌ به‌ وردی نه‌زانێت و وه‌کو چه‌واشه‌کارییه‌ک هه‌واڵه‌که‌یان بۆ هه‌ڵگێرابێته‌وه‌. هه‌مو ئه‌مانه‌ له‌ کاتێکدا ئه‌گه‌ر ئه‌و روداوه‌ زۆر نزیک و راست بێت جێی مشت و مڕه‌ و قسه‌ هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شڵه‌ژانی سه‌رۆک به‌هۆی چه‌واشه‌کاری له‌ هه‌واڵه‌که‌ یان هێزی لیسته‌ رکه‌به‌ره‌کانی دزه‌یان کردبێته‌ ناو کۆشکه‌که‌یه‌وه‌و درز له‌ پایه‌و عه‌رشی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی دروست بوبێت ئه‌مه‌ خۆی راستی دیوێکی شاراوه‌مان بۆ ده‌رده‌خات که‌ ئیماو جوڵه‌و چاوه‌کانی سه‌رۆک گه‌واهیان ده‌دا، له‌هه‌مان کاتدا له‌که‌داریه‌کی گه‌وره‌ ده‌بێت بۆ سه‌رۆک که‌ ته‌نگه‌تاوی و شڵه‌ژانی ده‌روونی پێوه‌ دیار بێت له‌ کاتێکدا ئه‌گه‌ر بروای وابێت 70% خه‌ڵکی کوردستان ده‌نگیان پێداوه‌.
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ جه‌نابیان که‌ خۆیان به‌ سه‌رۆک و داکۆکیکار له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی‌ کوردستان ده‌زانن ئه‌ی بۆ به‌قه‌ده‌ر چاره‌کێکی هاوشێوه‌ی ئه‌و پشتگیریه‌ به‌رگری له‌و هاوڵاتیانه‌ نه‌کرد که‌ هێزێکی حیزبی له‌ شه‌وێکی دره‌نگوه‌خت چوبونه سه‌ر نه‌خۆشخانه‌یه‌کو بێرێزیان به‌ نه‌خۆشخانه‌که‌و هاوڵاتیه‌ برینداره‌کان کردبوو راپێچی زیندانیان کردبون؟ خۆ جه‌نابیان سه‌رۆکی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ش بوون نه‌ک ته‌نها پێشمه‌رگه‌! ئه‌گه‌ر له‌بیری چوبێت به‌رگری بکات ئه‌ی پێشتر مێشکی به‌چیه‌وه‌ سه‌رقاڵ بووه‌ که‌ بیری لای هاوڵاتیانی وڵاته‌که‌ی نه‌بووه‌؟ خۆ ئه‌گه‌ر هاوڵاتیانیش چه‌ند پله‌یه‌ک له‌لای جه‌نابیان نزمتر بن و ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ خۆیان بێت که‌واته‌ ئه‌وان‌ خه‌باتیان له‌ پێناو خۆیاندا کردووه‌ و پێویست ناکا منه‌ت به‌سه‌ر که‌سدا بکه‌ن.
ته‌نها حه‌وت مانگ له‌مه‌و پێش سه‌رۆک وتی من هه‌رگیز ریگه‌ ناده‌م جارێکی تر خوێنی کورد به‌ ده‌ستی کورد برژێت به‌ڵام دوێنێ وتی ئه‌وه‌ی سوکایه‌تی به‌ پێشمه‌رگه‌ بکات چیمان پێ بکرێت بۆ ته‌مێ کردنی ئه‌وانه‌ ده‌یکه‌ین، به‌ڵام هیچ سزایه‌کی بۆ ئه‌و که‌سانه‌ دانه‌نا که‌ سوکایه‌تی به‌ خه‌ڵک ده‌که‌ن و به‌ برینداری له‌ نه‌خۆشخانه‌ به‌ره‌و زیندان راپێچیان ده‌که‌ن، من تێ ناگه‌م جیاوازی هاوڵاتیه‌ک و پێشمه‌رگه‌یه‌ک و سه‌رۆکێک له‌ چیدایه‌؟ که‌ ئه‌وان هێشتا نه‌یانتوانیوه‌ سود له‌ ئه‌زمونی وڵاتانی دونیا وه‌ربگرن و بزانن رێز و که‌سایه‌تی هاوڵاتیان چیه‌و هه‌مو که‌سێک خاوه‌ن ئیراده‌و که‌سایه‌تی خۆیه‌تی و شایه‌نی رێز لێگرتنه‌. وته‌کانی سه‌رۆک خۆی ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت که‌ له‌ وڵاتی ئێمه‌ جیاوازی زۆره‌و هێشتا لای سه‌رۆک هاوڵاتیان له‌ پله‌کانی زۆر خواره‌وه‌دان ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا ته‌نها حه‌وت مانگ به‌سه‌ر هه‌مو ئه‌و په‌نجه‌ مۆرانه‌ تێپه‌ر ده‌بێت که‌ هه‌ر ئه‌و هاوڵاتیانه‌ مۆریان کرد ببێته‌ سه‌رۆک به‌ڵام ئه‌مرۆ سه‌رۆک هیچ هه‌واڵێک و هیچ به‌هایه‌کی بۆ دانه‌نان، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێ سه‌رۆک یان به‌ ساخته‌ ده‌رچوبێت یان ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ی خۆی له‌ ده‌ڤه‌رێک بکاته‌وه‌؟!
سه‌رۆک له‌ کۆتایی وتاره‌که‌یدا شتێکی بیر چوو پێمان بڵێت که‌ چۆن ئه‌و که‌سانه‌ ته‌مێ ده‌کات که‌ به‌ وته‌ی ئه‌و سوکایه‌تیان به‌ پێشمه‌رگه‌ کردووه‌، ئه‌بێت چه‌ند که‌س ته‌مێ بکات و چۆن ته‌مێیان بکات؟! سه‌رجه‌می ده‌نگده‌رانی لیستێک زیندانی بکات یان ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان زیندانی بکات؟! ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ به‌رگریان له‌ خۆیان کرد و به‌ ئاسانی بارو دۆخه‌که‌یان قبوڵنه‌کرد خۆ ده‌بێ سه‌رۆک لێدوانێکی خۆی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌و خۆێن برێژێت یان ده‌بێت له‌ ته‌مێ کردنه‌که‌ی په‌شیمان بێته‌وه‌.
پرسیار لێره‌دایه‌‌ به‌ڵام ئه‌ی کێ ئه‌و که‌سانه‌ ته‌مێ بکات که‌ سوکایه‌تیان به‌و هاوڵاتیه‌ روت و ره‌جاڵانه‌ کردووه‌ که‌ هیچ پشت و په‌نایه‌کیان نییه‌ و یاسایه‌کیش نییه‌ ماف و که‌سایه‌تیان بپارێزێت؟ ئایا له‌ بنه‌ره‌تدا دروستکردنی وڵاتێکی ئاسوده‌ بۆ هه‌مو تاکه‌کانه‌ یان ته‌نها بۆ چین بنه‌ماڵه‌یه‌که‌ که‌ ته‌نها خۆیان ده‌سه‌ڵاتدار و ئاسوده‌ بن و هاوڵاتیانیش گه‌وجێنرابن؟! ئه‌و زه‌مه‌نه‌ رۆیشت......

[email protected]



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە