ئا ئەمانەن ئەو دادوەرانەى كە بورهانى رەشەى گوڵە داواى خانوویان بۆ دەكات!.
Friday, 03/06/2011, 12:00
كاتێك گوێم لە گفتوگۆكانى بوجەى هەرێمى كوردستان دەگرت، زۆر بێ ئومێد بووم بەوەى كە ئەم هەرێمەى ئێمە كە ناوى باشوورى كوردستانە كەسانێك دەیبەن بە ڕێوە كە عەقڵى حزبایەتى تەسك زاڵە بە سەریاندا چى كاربەدەستانى دەسەڵات چى كەسانى سەر بە ئۆپۆزسیۆن، گفتوگۆكان ئەوەندە موزایەدە بوون ئەوەندە غەمى سیستەمێكى تۆكمەو پتەو نەبوون بۆ داهاتووى ئەم هەرێمە، بە هەر حاڵ ئەوەى سەرنجى منى راكێشا داواكارى بورهانى رەشەى گوڵە بوو بۆ ئەوەى خانوو بۆ دادوەر بكرێت و وتى لە هەموو دونیادا دادوەر خزمەتى وا دەكرێت و واى بۆ دەكرێت، بۆیە من ئەم پرسیارەانە ئاراستەى بورهان و لیستەكەشى دەكەم:
1 ـ ـ لەو دونیایەى كە بورهان باسى دەكات گوایە دادوەر خزمەت دەكرێت ئا لەو جێگایانە خەڵك بەخیلى بە خانەنشین و كەم ئەندام دابات، كە لەم وڵاتەى ئێمە خەڵكى لەو جۆرانە بە ئەوپەرى رسواى دەژین، بۆ دەبێت لەم وڵاتەى ئێمەدا كۆمەڵێك بە زۆر لە خەڵكى دیكە جیا بكرێنەوە.
ـ ئایا بورهان دەزانێت ئەو دادوەرانەى(بە ئەندامانى داواكارى گشتیشەوە) كە ئەو داواى خانوویان بۆ دەكات هەق وایە هەندێكیان بدرێنە دادگا لەبەر ئەم خاڵانە:
ـ ئیستغلالى رەوشەكەیان كردووە هەر یەكەو یەك دوو خزمێكى بە ناوى پاسەوانەوە لە ماڵەوە تەرك كردووە بێ دەوام كردن، لەولاشەوە داوا لە بنكەكانى پۆلیس دەكەن پاسەوانى دیكەیان بۆ دابین بكات، بێ گومان خزمەكانى خۆیان كە تەركن لەماڵەوە شەریكى كاسبكارى قوربەسەرى بازار بوونەتەوە و هەر یەكەو كارێك بۆ خۆى دەكات و سەرى مانگیش موچەكەى مسۆگەرە.
ـ زۆربەى ئەو دادوەرانە دوو جار سودمەند بوون كە ئەوەش پێچەوانەى یاسایە، زۆربەیان جگە لەوەى حكومەت خانووى بۆیان كردووە ، زەویشیان وەرگرتووە كە هەندێكیان شەش سەد مەتر زەوى وەرگرتووە.
ـ زۆربەى دادوەرەكان بە واسیتەو بێ مونافەسە دامەزراون، هەروەها تێیاندا هەیە بە ناقانونى دامەزراوە ، هەشیانە بەڵگەنامەى تەزویرى داوەتە حكومەت كاتى دامەزراندنى.
ـ لە باشوورى كوردستان هیچ دادوەرێك موچەى لە پێنج ملیۆن دینار كەمتر نییەو زۆربەشیان سەیارەى گرانبەهایان لە حكومەت وەرگرتووە, ئیتر ماویانە كاولى بكەن.
دەى ئێستا یرسیارى ئەوە دەكرێت، ئایا شتێك هەیە بە ناوى دادگاو دادوەر لە كوردستان؟.
ئایا شتێك هەیە بە ناوى داواكارى گشتى لە كوردستان؟.
وەڵامەكە ئەوەیە تا ئەو رادەیە یاسا لە كوردستاندا هەیە كە هەردوو بنەماڵە دەیانەوێت.
ئێمە چاوەروانى ئەوە بووین لە برایانى گۆران هەموو هەوڵێك بدەن بۆ كەمكردنەوەى جیاوازى جینایەتى لە باشوورى كوردستان كە ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە دروستى كردووە كەچى ئەوان دەیانەوێت ئەو تەچروبە سەقەتەى لە بەغداد هەیە بیهێننە هەرێمى كوردستان، بەڵام ئەوەى لەوان چاوەروان دەكرا بووترێت (سەلام بەروارى) بە یەك رستە ئامانجەكەى پێكا كاتێك وتى(دەبێ لاى ئێمە سیستەمێكى نوێ ى موچە دابنرێت كە جیاوازى زۆرى تێدا نەبێت).
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست