ئەدائى ئەنجومەنى دادوەرى و دادگاكان لە دەسەڵاتى جێبەجێكردن خراپترە
Wednesday, 08/02/2012, 12:00
هەست كردنى هاوڵاتیان لە وڵاتدا كە قانون سەروەر نیە، دەرگا لە بەردەم پشێوى و پەنا بردن بۆ تۆڵەسەندنەوەو بە دیان شتى ترى لەو جۆرە دەكاتەوە، لە باشوورى كوردستان ئەمرۆ زەمینە لەبارە دادوەرەكان و ئەندامانى داواكارى گشتى جورئەت بە خۆیان بدەن و حەقى كارەكانى خۆیان بدەن بە تایبەت موچەى خەیاڵى وەردەگرن و هەموو شتێكیان بۆ دابین كراوە، تا ئێستا كەم و كورتى زۆر لە ئەنجومەنى دادوەرى و دادگاكان هەیە لەوانە:
ـــ دەستێوەردانى حزبى و واسیتەكارى هەیە لە ئەنجومەنى دادوەرى لە دامەزراندنى دادوەرەوە بیگرە تا دامەزراندنى فەرمانبەرو گواستنەوەى فەرمانبەر لە فەرمانگەكانى ترەوە بۆ ئەنجومەنى دادوەرى، ئەمە جاران لە لایەن یەكێتى و پارتیەوە وەك و یەك بوو، بەڵام ئێستا پارتى زیاتر دەستێوەردان دەكات و واسیتەش لە رێگاى ئەو دادوەرانەوە دەكرێت كە نزیكن لە پارتى، بۆ نموونە لەم دوایەدا چەند دادوەرێك دامەزرێنران بەشەكەى پارتى زیاتر لە سەر واسیتەو واسیتەكارى و حزبایەتى بوو ، بەڵام بەشەكەى ژێر دەسەڵاتى یەكێتى كەمێك باشتر بوو.
ــ. تا ئێستا ئیعلان كردن و مونافەسە نییە بۆ دامەزراندن لە دادگاكان، هەروەها رەچاوى پێویستى دادگاكان ناكرێت بۆ دامەزراندن.
ـــ نا عەدالەتى زۆر هەیە لە نێوان موچەى پلە تایبەتەكان و ئەو دوایى فەرمانبەرانى ئەنجومەنى دادوەرى كە لە شەش ئەوەندەوە دەست پێدەكات بۆ پانزە ئەوەندە.
ـــ بێ سەلیقەى و بێ پلانى دەبینرێت لە ئیدارەى ئەنجومەنى دادوەرى، زۆربەى دادگاكان خزمەتگوزاریان خرپە، فەرمانبەر هەیە مێزى نیە لەسەرى دانشێت، كەچى ژوورى بریار بە دەستەكانى ئەم دەزگایە ئەو پەرى رازاوەتەوەو هەموو شتێكى بۆ دابین كراوە.
ـــ هەندێك لە دادگاكان پێویستى بە باخەوانە بۆ رازاندنەوەى حەوشەى دادگاكان كەچى باخەوانى نییە، دەكرێت بە موچەى یەك دادوەر كە پێنج ملیۆن دینارە، دە باخەوان بۆ دە دادگا دامەزرێنرێت و هەر باخەوانێك پێنج سەد هەزار دینارى پێ بدرێت.
ــ هەندێك لە دادگاكان لە خانووى خربدان كە بە كەڵكى دادگا نایەت.
ـــ هەندێك لە دادوەرەكان لە پلە جیاكاندا ئاستیان نزمە و زۆریانیش دەچنە ژێر گوشارى كەسانى سەر بە دەسەڵاتەوەو ئەتوانین بە خەڵكى ترسنۆك وەسفیان بكەین.
ــــ ئەما بە نسبەت داواكارى گشتییەوە ئەوە یەك رستە بەرانبەریان دەڵێن(كە هەبوون و نەبوونیان وەك و یەكە).
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست